توێژەری ئایینی یارسان
سەرەتای باس
بە پشکنینی ئەو سەرچاوانەی کە تا ئێستا لەسەر ئایینی یاری و یارسان بڵاوکراونەتەوە، یان لە ناویاندا وشەیەک لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئێمە تووشی کۆمەڵێک نووسینی جیاواز دەبین کە لەڕووی هەڵسەنگاندنەوە، لەگەڵ سەرچاوە سەرەکییەکانی یاری، جیاوازییەکانیان بەرچاون. چونکە ئەو سەرچاوانەی باسیان دەکەین لەسەر دوو شێوازی لێکۆڵینەوە دامەزراون، واتە پشکنینی دەقە ئایینییەکان و توێژینەوەی مەیدانی. پێدەچێت باشترین ڕێگە کە بتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لە لێکۆڵینەوەیەکی بنەڕەتیدا سەبارەت بەم ڕێوڕەسمە و ڕێگەیەکمان بۆ بکاتەوە، پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانە، هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە دەقە ئایینییە ڕەسەنەکان، واتە کەلامە ڕەسەنەکانی یارسان. لێکۆڵینەوەیەکی لەم جۆرە پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە دەستنووسە ڕەسەنەکان و ئاشنابوون بە زمانی کوردیی گۆرانییە. بەداخەوە زۆربەی ئەو توێژەرانەی تا ئێستا لەم بوارەدا نووسیویانە، کەمتر ئەو توانایانەیان بووە. هەروەها ئەو کەسانەش کە لەم دواییانەدا دەستیان بەو دەقانە گەیشتووە، ڕووبەڕووی چەند دەیان هەزار خشتی کەلام بوونەتەوە و بەداخەوە بەهۆی فراوانیی کارەکەوە، هەوڵی پێویستیان نەداوە و لێکۆڵینەوەکەیان بە ناتەواو و نەزۆک بەجێهێشتووە و تەنیا بە پرسیار و وەڵامی ناوخۆیی لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکدا ڕازی بوون.
ئەو سەختییانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، هانمان دەدات کە پێگەی ئەو لێکۆڵینەوە و کتێبانەی لەم بوارەدا نووسراون، پێناسە و هاوسەنگ بکەین و هەریەک لەو سەرچاوانە لە تەرازووی باوەڕپێکراویدا هەڵسەنگێنین؛ چونکە بەهۆی هەمەچەشنی و فرەیی توێژینەوەکان کە پێگەیان لەسەر بناغەی ناڕەسەنن، توێژینەوە لەم بوارەدا بە لاڕێدا ڕۆیشتووە و تەنانەت بۆ توێژەرانی پسپۆڕیشی کردووەتە گێژاوێکی سەرلێشێواو.
بەم جۆرە، وادیارە پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا بەگشتی توێژینەوەکان پۆلێن بکرێن و دابەش بکرێن بەسەر شێوازی جیاوازدا بۆ دیاریکردنی بەهای توێژینەوەکانیان؛ چونکە زۆرێکیان تەنیا کۆکردنەوەی توێژینەوەکانی پێشوون و دەرئەنجامی چەندین ئاڵوگۆڕی زانیارین لە یەک یان چەند توێژینەوەی سەرەکی. لەم بژارکردنەدا بە ئاسانی دەتوانین بەشێک لەو کۆکراوانە بەجێبهێڵین و بە دیاریکردنی توێژینەوە سەرەکییەکان، هەروەها دابەشکردنی ئەو توێژینەوانە بەسەر لقە لاوەکییە جیاوازەکاندا، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەڕووی بەهای زانستییەوە بپشکنین. ئەگەر ئەوان توانای زانستییان هەبێت و سەرچاوە سەرەکی و فەرمییەکانی یارییان لەبەردەستدا بووبێت کە لەلایەن ناوەندە سەرەکییەکانی یارسانەوە پەسەندکراون، توێژینەوە ڕاستەقینە و ڕەسەنەکان لە پێوەندیدا لەگەڵ ئەو دەقانەدا پێوانە دەکرێن و هەروەها تێگەیشتن و تێڕوانینەکانی ئەو توێژەرانە لەڕووی گونجان لەگەڵ سەرچاوە ئایینییەکان بە شێوەیەکی زانستی تاقی دەکرێنەوە.
هەوڵمان داوە کۆکراوەی توێژینەوەکان بەسەر دوو بواردا دابەش بکەین: کاری توێژەرانی ئێرانی و غەیرەئێرانی. پاشان بە دابەشکردنی ئەم بەرهەمانە بەسەر لقە لاوەکییە وردترەکاندا وەک لێکۆڵینەوەی بەڵگەنامەیی، توێژینەوە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنی مەیدانی، یان توێژینەوەی کتێبخانەیی، هەوڵ دەدەین تێگەیشتنێکی زیاترمان لەسەر ئەم دۆزینەوانە هەبێت تا بتوانین بە ئاسانی لەگەڵ سەرچاوە ئەسڵییەکانی ئەم ئایینە بەراوردیان بکەین.
بەگشتی ئەو بەرهەمانەی لەسەر یارسان نووسراون دەتوانرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن
١. توێژەرە سەرەتاییەکان کە تەنیا لە وتووێژ و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە بواری بایۆجۆگرافیای ئەهلیحەق و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی یارسان لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیاندا کەڵکیان وەرگرتووە.
لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا و لەگەڵ هاتنی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەمین نووسینەکان سەبارەت بە یارسان لە بەرهەمەکانی ئەو توێژەرانەدا دەرکەوتن و لە شێوەی کتێب یان وتارێکی سەربەخۆ، یان هەندێک جار بابەتی سەفەرنامە یان مێژووی ئێران یان کوردستان بڵاو بوونەوە. ئەم نووسەرانە تەنیا داتای مەیدانییان کۆکردبووەوە و کەموکوڕی کارەکانیان لەوەدایە کە هەرگیز ڕوونووسێک لە "کەلام"یان لەبەردەستدا نەبووە، یان ئەگەر هەبووبێتی، لە نووسینەکانیاندا بەکاریان نەهێناوە. شتێکی تر ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵە لێکۆڵەرە زۆرجار لە پێگەی بەرپرسی سەربازی، دیپلۆمات یان گەشتیار لە ئێراندا ئامادە بوون و ئەگەر لەسەر بابەتی یارسان نووسیبێتیان، تەنیا بە ڕوانگەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی قسەیان لەسەر کردووە. تەنیا مەبەستیان نووسینی سەفەرنامەیەک یان ڕاپۆرتێک بووە، یان لە باشترین حاڵەتدا، وەک ژۆزێف ئارتور دوگۆبینۆ، بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییەوە سەیری کۆمەڵگەی یارسانیان کردووە. بێ گومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە ئەم بەرهەمانەمان بە بێ نرخ زانیوە یان لێیان تێپەڕیوین، بەڵکو بە مانای سەیرکردنێکی جیاواز و هەندێک جار تێڕوانینی شارەزایانە بەو ئایینە دێت کە چەندین خاڵی تاریکی بۆ ئێمە ڕۆشن کردووەتەوە و گەورەکانیان لە شوێنی خۆی باس و شیکاری دەکەین. بەڵام مەبەست ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵە بەرهەمە لە بواری دینناسی و ئیلاهیاتی یارساندا مافێکیان بەدی نەهێناوە و ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی شایستەی سەرنجی توێژەری ئیلاهیات هەژمار بکرێن.
٢. ئەو توێژەرانەی کە تەنیا داتاکانی کتێبخانە و دەق و بەڵگەنامەکان کە لەلایەن توێژەرانی دیکەوە پێشکەش کراون، بەکار دەهێنن.
تایبەتمەندی بەرچاوی ئەم توێژەرانە، شارەزاییان لە سەر زانستە کۆمەڵایەتیی و ئایینەکانە. بۆیە بەرهەمەکانیان ئەگەر لەسەر بنەمای ڕاستەقینە و بەنرخ بن سەرنجڕاکێش و تایبەتمەندن.
٣. ئەو توێژەرانەی کە جگە لە خوێندنی کتێبخانەیی و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە دەق و بەڵگەنامەکان کە لەلایەن توێژەرانی دیکەوە دابینکراون، توێژینەوەی مەیدانیشیان کردووە.
لەم بوارەدا بەرهەمەکانی "ڤان برۆینسن" تازەترن و بە شێوەیەکی تایبەتمەندتر لەگەڵ ئەهلی حەقدا مامەڵەی کردووە. ئەم شارەزایانە سەرەڕای لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانیان، لە سەرچاوەگەلێک کەڵکیان وەرگرتووە کە هەمان سەرچاوە ناوبراوانەن کە لە فارسی وەرگێڕدراون و خراونەتەڕوو بە زمانەکانی ئینگلیزی، ڕووسی، فەرەنسی و ئەڵمانی (وەک وەرگێڕانی شانامەی حەقیقەت و سەرەنجامی مینۆرسکی). بەڵام داتاکانیان لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و تێبینییەکان لەگەڵ داتاکانی سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکاندا ناتەبان. بە واتایەکی تر، لە نووسین و وتووێژەکانیاندا حەقیقەتەکانی یارییان لە ڕوانگەی شارەزایی لە بابەتەکانی ئیلاهییات وەرگرتووە و نووسیویانە، بەڵام لە بەشی ئاماژەکانی بەرهەمەکانیاندا بە ناچاری ئاماژەیان بە سەرچاوە ناڕەسەنەکان کردووە کە تاکە سەرچاوەی بەردەست بوون، وەک ئاماژەکانی برۆینسن بۆ بەرهەمەکانی جەیهون ئابادی لە "ڕێزگرتن لە شەیتان لەنێو ئەهلی حەقەکانی ناوچەی گۆران" – یان ئەوەی کە لە زۆر حاڵەتدا گیرۆدەی سەرلێشێواوی و دەرئەنجامێکی هەڵە بوون. هەروەها ئەم توێژەرانە خۆیان بەگشتی دان بەوەدا دەنێن کە بابەت و ڕاستییە مێژوویی و ڕێوڕەسمی و ئیلاهیاتییەکان و هاوشێوەکانیان ناتوانرێت لەگەڵ داتاکانی سەرچاوە بەردەستەکاندا هاوتەریب بکرێن (ئیڤانۆڤ، ٥٩:١٤٠٠) و جۆرێک لە نایەکسانی لە هەموو لێکۆڵینەوەکانیاندا دەبینرێت. بێ گومان لە هەندێک حاڵەتدا ئەو توێژەرە، هێز و ئیرادەی نەبووە کە ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە بۆ کارەکەی وەربگرێت و بە پەلە بابەتەکانی داخستووە و جێی هێشتووە.
٤. توێژەرانێک کە جگە لە سوودوەرگرتن لە هەموو ئەو بابەتە پێشووانە، دەستیان کردووە بە پێشاندانی دەق و بەڵگەنامە ئایینییەکانی ئەهلی حەق و هەوڵیان داوە بە بڵاوکردنەوە و سەرچاوەدانانی ئەوانە، یاری بپشکنن.
ئیوانۆف و مینۆرسکی لەم توێژەرانەدان. ئەوان شڕۆڤەیکی نیوەچڵ لە بەشێک لە دیوان گەورە (سەر بە یەکێک لە بنەماڵە یارسانەکان، کە لەنێوانیاندا تەنها چەند خشت لە دەقی کەلامی گۆرانی و تورکی وەک شایەت بەکارهێنراون) دۆزییانەوە و لەم ڕێگەیەوە لە بەرهەمەکانیاندا، بە شێوەیەکی پسپۆڕانە سەرنجیان بە ڕێبازە تیۆلۆژییەکانی ئەهلی حەق داوە و شیکارییەکی قووڵیان بڵاوکردووەتەوە.
ئیوانۆف بەرهەمەکەی لە ژێر ناوی "ئەهلی حەقی کوردستان" لە "لیدن" و مینۆرسکی لە ژێر ناوی "کەیسێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تەریقەتی عەلی ئەللاهی" لە مۆسکۆ بڵاو کردەوە. کارەکەی ئیڤانۆڤ لە ڕاستیدا شرۆڤە و وەرگرتنێک بوو لە دەقێک بە ناوی "تەزکەرەتۆل ئەعلا" کە لە ساڵی ١٢٩١ی کۆچی لەلایەن نووسەرێکی نەناسراوەوە لە نێو ئەهلی حەقەکانی دانیشتووی وەرامین دۆزرایەوە. ئەم دەقە لە ڕاستیدا وەسف و تەفسیرێکە بە زمانی فارسی لەسەر دیوانە گەورە (یەکێک لە دەقە سەرەکییەکانی ئایینی یاری) بە پێی گێڕانەوەی یەکێک لە خانەدانەکانی ئەهلی حەق. بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سەرچاوە ڕەسەنە، دیوانە گەورە، لە ماوەی چەند سەد ساڵێک لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر سینگ بە سینگ گواستراوەتەوە تا گەیشتووەتە ناوچەکانی یارسان کە لە نیشتمان دوورن، وەک تاران و وەرامین و شیراز و شێوازی جیاوازی وەرگرتووە. تەنانەت وەک ئەوە وایە نووسەر نەیتوانیبێت دەقی گۆرانییەکە بخوێنێتەوە. ئەوانەشی کە ڕوونووسێک بە زمانی گۆرانی و فارسی (ڕوونووسە فارسییەکە لە وتارەکەی "پاژی عەلیوڵڵاهی" چاپکراوە) لە شیراز دایان بە ئیڤانۆڤ، نەیانتوانیوە شیعرە گۆرانییەکانی بخوێننەوە (ئیڤانۆڤ، ٥٨،٥٩:١٤٠٠). هەروەها دەقی مینۆرسکییش بێ کێشە نییە. ئەم دەقە وەک تەزکەرەیەک وایە و بەشێک لە دیوانەگەورە لەخۆ دەگرێت لەگەڵ وەرگێڕانی بەشێکی و کۆمەڵێک شیعری تورکی.
هەردوو توێژەر بە پێی دەقە ئاماژەپێکراوەکان وەک بەڵگەنامە و هەروەها بەکارهێنانی خاڵە بەهێزەکانی ئەو سێ بەرهەمەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە، باسیان لە ئەهلی حەق کردووە. دەکرێ بڵێین ئەو بەڵگەنامانەی خراونەتەڕوو، داتای ناتەواو و هەندێکجار دژ بەیەک و لێکدانەوەی سەلیقەیییان تێدابووە کە لە کۆتاییدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دەرئەنجامەکانی دوو توێژەرەکە لە بنەما تیۆری و ڕێوڕەسمەکانی یاری هەبووە. هەندێک جار ناتەبایی بنەڕەتی لە نێوان داتا و تێبینییەکانیان و بەڵگەکانیان لە واقیعدا دەبینرێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نووسەران ناوبانگ و متمانەیەکی بەرزیان هەبووە، هەروەها لەبەر ئەوەی بەرهەمەکانیان یەکەم بەرهەمی چاپکراو بوون کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هەندێک لە دەقە پلە یەک و ڕەسەنەکانی ئایینی یارییان پێشکەش کردووە، و جگە لەوەش دەقە فەرمییەکانی یاری تا چەند ساڵێک لەمەوبەر لەبەردەستی توێژەران نەبوون، زۆربەی توێژەران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم ئایینە ئاماژەیان بەم کارانە کردووە. هۆکارێکی گرنگتری سەرنجڕاکێشانی بڵاوکەرەوەکان و ئەوانی دیکە بۆ ئەم بەڵگەنامە و وەشانانە ئەوە بوو کە بەشێکی زۆریان بە زمانی فارسی بوون، لەم دوو بەرهەمەدا بەشێکی بچووکیان بە زمانی گۆرانی و تورکی بوون و زۆربەی ڕوونووسکەرەکانی یارسانی فارسی زمان یان تورک زمان، بەبێ ئەوەی بە تەواوی لە چەمکەکە تێبگەن، تەنیا ڕەسمیان کردووە و لە لێکدانەوە فارسییەکاندا بە شێوەیەکی دیکۆراتی بەکارهێنراون. بوونی شیعری کەلامی گۆرانی بە زمانی فارسی لەم بەرهەمانەدا، لە خوێندنەوەی دەقەکەدا هەستێکی ڕەسەنایەتی بە خوێنەرێک بەخشی کە زمانەکەی گۆرانی نەبوو. لە هەمان کاتدا، خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئەم کەلامەی بۆ خاوەن و خوێنەری کارەکە سادە و دڵگیر کرد.
ئەو پرۆسەیەی کە دەتوانرێت لەم ڕوونووس و لێکدانەوەی دەقە ڕەسەنانە لە سەدەی ١٣ و ١٤ی هەتاویدا پەیڕەو بکرێت، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە یارسانەکان کە لە ناوەندە سەرەکییەکەی خۆیان دوور بوون، پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندی سەرەکیی ئایینەکەیان لەدەستدابوو و ئەمەش هەندێک جار بووە هۆی ئەو دیاردەیەی کە لەم بوارانەدا ڕێوڕەسمێکی سەربەخۆیان دروست کردبێت.
٥- ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بابەتی ئەهلی حەق گفتوگۆی سەرەکییان نەبووە، بەڵام بەکورتی باسێک لە بەشێکیان یان پێناسە گشتییەکەی کردووە:
لەم بەرهەمانەدا، زیاتر لە یەک یان چەند پەرەگراف، باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئەهلی حەق دەکرێت، بۆ نموونە بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی، یان ئایینەکەی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە بەراورد دەکرێت، یان لە کۆمەڵە پێداچوونەوەیەکدا کە زۆرێک لە بابەتەکانی لەخۆگرتووە، یاری یان کۆمەڵگای یاری وەک بەشێک لە باسەکە ئاماژەی پێدراوە.
II . بەرهەمی نووسەران و توێژەرانی ئێرانی
١.سەرجەمی بەرهەمەکانی نەعمەتوڵڵا جەیهوون ئابادی
بەشی دووەمی سەرچاوەکان سەبارەت بە یاری، نووسینە سەرەتاییەکانی پەیڕەوانی ئەم ئایینە یان توێژەرانی بیانییە کە بە زمانی فارسین و تەمەنی ئەم بەرهەمانە دەگاتە کەمێک زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر. یەکەمین کتێب، بەرهەمی حاج نەعمەتوڵڵا جەیهوون ئابادییە (١٢٩٨-١٢٥٠ی هەتاوی) بە ناوی "شانامەی حەقیقەت". ئەم کتێبە وەسف و ڕوونکردنەوەی ئایینی یارسانە کە هەندێک جار بە هەڵە وەک بەشێک لە دەقە پیرۆزەکانی یارسان دادەنرێت. بەو پێیەی کە ئەم بەرهەمە یەکەم بەرهەم بوو کە لەسەر یاری بە زمانی فارسی نووسراوە، وە هەمەلایەنەیەکی بەرچاوی هەیە، سەرنجی زۆری لێکۆڵەرانی وەرگرتووە. ئەم بەرهەمە دەتوانرێت وەک خاڵێکی سەرەتایی و تێڕوانینێکی نوێ بۆ دەستکەوتەکانی یاری لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا هەژمار بکرێت، بەرهەمێک کە بە تەواوی بیرۆکە نوێیەکانی یاری پیشان دەدات. ئەم بیرۆکانە دەرئەنجامی تێکەڵکردنی بیروباوەڕی ڕەسەنی یاری لەگەڵ بڕواکانی ئایینی شیعە و سۆفیگەریی شیعەیە.
"شانامەی حەقیقەت" بە پێی هەستەکانی پێشوو لە کۆمەڵگاکانی یارسانی دوور لە ناوەند، خاڵێکی بەرچاو بۆ خولانەوەی بیروباوەڕە مێژووییەکان، لە بیرۆکەکانی ئایینی یارییە، کە بە کۆکردنەوەی هەموو بوارەکانی بەردەست و هەستەکانی پێش خۆی، و بە ڕەچاوگرتنی دۆخی ڕووحی، زیرەکی، بەرژەوەندی و تواناکانی بێ وێنەی نووسەرەکەی، بە فەرمی دەستی بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی مێژوویی بەشێکی کۆمەڵگای دوور لە ناوەندی یارسان کردووە و جێبەجێی کردووە و تا ئێستا ڕابەری دەکات.
شایانی باسە جەیهون ئابادی نووسەری بڕێک بەرهەم بە زمانی گۆرانییە، کە خۆی بە کەلام لە قەڵەم دەدات. شیعرەکانی گۆرانیی جەیهون ئابادی کە لەم دواییانەدا لە عێراق چاپ کراون، دەربڕینی بیروباوەڕ و هەمان سیستمی ئایینی نوێ و هێتێرۆدۆکسی شانامەی حەقیقەتن. "شانامەی حەقیقەت" بەم شێوەیە وەک بەرهەمی سەرەکی و پردێک لە نێوان یاری ڕەسەن و یاری، لە بەرهەمەکانی توێژەرانی دوای جەیهون ئابادیدا ناسێندراون. وە ڕوانگە و تێڕوانینەکانی دوای خۆی بە ڕامبەر یارسان جیاواز کردووەتەوە و سێبەری قورسی خۆی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەم ڕێوڕەسمە داخستووە.
٢. ئەو بەرهەمانەی کە لەژێر ناوی کۆکردنەوەی کەلام یارسان، کۆمەڵە کەلامی یارسانیان پێشکەش کردووە.
ئەم بەرهەمانە کە زۆربەیان تەمەنیان لە پەنجا ساڵ کەمترە، دەرئەنجامی بەرهەمی گروپێک یارسانی و غەیرە یارسانییە، کە لە ژێر ناوی کەلامی ئایینی یارسان بە مەبەست و ئامانجی جیاواز کۆکراونەتەوە و چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
بەشێک لەم کۆمەڵەیە، بەرهەمی ئەو نووسەرانەن کە لە شیعرەکانی گۆرانیی جەیهون ئابادییان کەڵکیان وەرگرتووە و وەک دەقەکانی کەلام لە بەرهەمەکانیاندا بەکاریان هێناوە، یان بە چەمکە دەستکردەکەی ئەو لە "شانامەی حەقیقەت"دا شیعرێکیان وەک کەلام دروست کردووە و لە جێگەی کەلام هێناویانەتە نێو خشتەی کەلامەکان.
تایبەتترینی ئەم بەرهەمانە بریتین لە سەرجەمی بەرهەمەکانی سدیق سەفیزادە بە ناوەکانی: نامەی سەرئەنجام (کەلام خەزانە)، یەکێک لە دەقە کۆنەکانی یارسان (١٣٧٥)، نووسینە پەرش و بڵاوەکان دەربارەی یارسان (١٣٦١)؛ سەردەمی بەهلوول (١٣٦٣)، سەردەمی هەفتەوانە، بەشێک لە نامەی مینۆی سەرئەنجام (١٣٦١)، کۆمەڵێک لە کەلاماتی سەرئەنجام (تاران، ١٣٧٥)، ئینسایکلۆپیدیای ناودارانی یارسان (١٣٧٦)، بەرهەمێکی ماشاڵڵا سووری بەناوی سروودەکانی ئایینی یارسان (١٣٤٤).
٣. ئەو توێژەرانەی کە توێژینەوەی کتێبخانەییان کردووە و بە کەڵکوەرگرتن لەو دەق و بەڵگەنامانەی کە لەلایەن توێژەرانی دیکەوە دابینکراون، کارەکانیان پێشخستووە.
ئەم بەشە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و توێژەران لەخۆ دەگرێت کە لە بەرهەمەکانیاندا، چ کتێب بێت یان وتار، بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیاندا بووە، لەبارەی یاری پشکنینیان کردووە؛ بۆیە بەرهەمەکانیان لەسەر بنەمای بەرهەم و داتای توێژەرانی دیکەیە.
٤٤. ئەو توێژەرانەی کە لە گفتوگۆ و توێژینەوەی مەیدانی بایۆجۆگرافیای ئەهلی حەق، لە توێژینەوەی کتێبخانەیی، هەروەها دەق و بەڵگەنامە کە لەلایەن توێژەرانی ترەوە دابین کراون، کەڵکیان وەرگرتووە.
دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمە ئاماژەپێکراوەکانی جەیهوون ئابادی، بەرهەمێکی زۆر بە زمانی فارسی لە بواری لێکۆڵینەوەی ئایینی یاریدا چاپ کراون، هەریەکەیان هەوڵی خۆیان بۆ پشکنینی یاری و یارسان تەرخان کردووە. ئەم نووسەرانە، جگە لە کەڵکوەرگرتن لە لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و بیانییەکان و هەروەها وتووێژی مەیدانی، هەموویان بە هۆی فارسی بوونی کتێبی "شانامەی حەقیقەت" و گونجانی تەوەرەکانی لەگەڵ مەزاجی شارنشینی مۆدێرن، لەم بەرهەمە ئیلهامیان وەرگرتووە و بەکاریان هێناوە. زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوانە لە ژێر کاریگەریی ئەدەب و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی جەیهوون ئابادیدان. دیسان سەرچاوەیەکی گرنگی دیکە کە زۆرێکیان سوودیان لێ وەرگرتووە، کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤە لە بواری ئەهلی حەقدایە.
٥. شرۆڤەی نووسراوەکان لەسەر کەلام (سێ دەستنووس)
ئەوجۆرە کەدیارە تا سەردەمی سەید براکەێ گۆران نووسینی کەلام زۆر باو نەبووبێت و فرەتر کەلامەکان سینگ بە سینگ و پشت بە پشت لە شێوەی نەریتی زارەکیدا دەگوازرێنەوە. بۆیە نووسینی شرۆڤەیەک کەمتر لەسەریان بیری لێ دەکرێتەوە. هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی نووسینی کەلام لە سەردەمی سەید براکەدا، نووسینی لێکدانەوە و ڕاڤە لەسەر کەلامیش دەستی پێکرد و پێدەچێت مەبەستی شرۆڤەکاران ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگاکانی دوور لە ناوەندی ئەهلی حەق بووە.
هەرچۆنێک بێت ئێستا ئێمە سێ بەرهەمی شرۆڤە و لێکدانەوەی کەلاممان لەبەردەستدایە. یەکەم، ناسراو بە سەرئەنجامی مینۆرسکی کە لە ساڵی ١٢٥٩ی کۆچی نووسراوە. دووەمیش، بەرهەمی "تەزکەرتۆلئەعلای" ئیڤانۆڤە کە لە ساڵی ١٢٩١ی کۆچی نووسراوە. سێیەمیان، ناسراوە بە دەسنووسەکەی کا بەشیر کە لە ساڵی ١٣١٣ی کۆچی لەلایەن بەشری بزەهویی نووسراوە.
٦. ئەو پشکنینانەی کە بابەتی سەرەکییان بوارەکانی ئەهلی حەق نییە، بەڵام بەکورتی لە باسەکانیاندا پێناسەیەکی گشتییان خستووەتە ڕوو.
داڕشتنی کێشەی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە
ئێستا تووشی ئەو کێشەیە بووینەوە کە ئایا ئەم بەرهەمانە و ناوەڕۆکە بەرهەمهێنراوەکان لەلایەن ناوەندەکانی یارسانەوە پەسەندکراون یان نا؟ وە ئایا داتاکانیان لەگەڵ سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی یاری دەگونجێت یان نا؟
پێداچوونەوەکانی ئێمە ئەوە دەردەخەن کە ڕەچەڵەکی هەموو ئەو لێکۆڵینەوانە دەگەڕێتەوە بۆ سێ سەرچاوەی سەرەکی، کە بریتین لە: بەرهەمەکانی جەیهوون ئابادی، بەرهەمەکانی مینۆرسکی و بەرهەمەکانی ئیڤانۆڤ. وا دیارە بەرهەم و هزرەکانی نەعمەتوڵڵا جەیهوون ئابادی بەگشتی بەشێکی گەورەی ئەو هەموو بەرهەمە بیانی و ناوخۆییانە پێکدەهێنن. لە نێو بەرهەمە بیانییەکاندا بەرهەمە بەنرخەکانی دوو زانای ڕووسی بە ناوەکانی ڤلادیمێر مینۆرسکی و ڤلادیمێر ئیڤانۆڤ دیارن. ئەم دووانە بە دەرخستنی بەڵگەنامەکان و داخستنی بابەتەکانی تیۆری و هەڵسەنگاندنی ئایینەکان، باسیان لە ئیلاهیات و گەردوونناسی و ڕێوڕەسمی یاری کردووە. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین داتاکانی جەیهوون ئابادی جگە لەوەی سەرچاوەی ڕاستەوخۆی مینۆرسکییە، لە هەندێک جاردا سەرچاوەی ناڕاستەوخۆی ئەو و ئیڤانۆڤە لە بەڵگەنامە فارسییەکانیاندا. بۆیە ئەم بیرکردنەوە و کار و شیکاریی دەستی یەکەم لە بەرهەمەکانیاندا زۆرترین پێگەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەهلی حەق پێک دێنن.
بەم شێوەیە وا دیارە دووبارە خوێندنەوەی بەرهەمی بەناوبانگی جەیهوون ئابادی بە ناوی "شانامەی حەقیقەت" و بەرهەمەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤ لە بواری ئەهلی حەقدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هاوسەنگکردن و هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە بواری شیکردنەوەی ئەهلی حەق نووسراون، چونکە "شانامەی حەقیقەت" هەر لە سەرەتای نووسینەوە، بنەڕەتیترین سەرچاوە لەسەر یاری و یارسان بۆ نووسەرانی فارس بووە. بەرهەمەکانی مینۆرسکی و ئیڤانۆڤیش نەک هەر لە دەرەوەی ئێران وەک تاکە و کۆنترین بەرهەم کە بەڵگەنامەی کەلام پێشکەش دەکەن، ناسراون و ئاماژەیان پێدەدرێت، بەڵکو لەلایەن نووسەرانی ئێرانیشەوە بە توندی بەکارهێنراون.
کەواتە، بابەتی ئاماژەپێکراومان فۆرمێکی نوێ وەردەگرێت و بە وردی ئەو پرسیارە دێتە بەر چاو کە ئایا بەرهەمەکانی ئەم سێ توێژەرەوە کە سەرەکین بۆ لێکۆڵینەوەکانی تر، لەگەڵ دەقە ڕەسەنەکانی یاری دەگونجێن کە لەلایەن ناوەندەکانی یارسانەوە پەسەندکراون یان نا؟
ئەم ڕەخنەیە کاتێک بایەخدارە کە لەسەر بنەمای دەقە ڕەسەنەکانی یاری بێت کە سەرچاوەی سەرەکیی هەموو بناغە تیۆری و ئایینی و ڕێوڕەسمەکانییەتی، بەو شێوەیەی بتوانین سەرچاوەبوون و ڕەسەنایەتییان لە لایەنی ناوەندە ڕێوڕەسمییە ڕەسەنەکانی یاریدا پشتڕاست بکرێتەوە. لەم توێژینەوەدا کاری ئێمە جگە لە پەیڕەوکردنی ئەم ڕەوتە هیچی تر نییە. بۆیە لەم کتێبەدا بە ناساندنی دەقە سەرەکییەکانی یاری و سەلماندنی ڕەسەنایەتییان، هەوڵ دەدەین ئەو سێ بەرهەمەی کە ئاماژەیان پێکراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو دەقانەدا بگونجێنین و ڕاستبوون یان نەبوونیان لە بابەتە جیاجیاکاندا بپێوین.
وەک پێشتر گوتمان لەو بەرهەمانەدا کە باس لە یاری و یارسان دەکەن؛ دوو کێشەی گەورە هەن. یەکەم: بەکارنەهێنانی دەقی ڕەسەن یان دەست نەگەیشتن بەو دەقانە و دووەمیش: نەتوانینی شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی دەقە گۆرانییەکان بە هۆی هۆکارەکانی وەک ئاشنا نەبوون بە زمانی دەقەکان و فراوانی و ئاڵۆزیی چەمک و ناوەڕۆکەکانیان. وا دیارە هیچ کام لە بەرهەمە هەبووەکان نەیانتوانیبێت بە پێی دەقە ڕەسەنەکان بناغە تیۆری و ئایینی و ڕێوڕەسمە ڕاستەقینەکانی یارسان دەرببڕن.
بەو پێیەی کە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن بەبێ بناغە نابێت و ناتوانرێت ڕەخنە لە بۆشاییدا ئەنجام بدرێت، بەداخەوە تا ئێستا هیچ بەرهەمێک لەسەر بنەمای کەلامی ڕەسەنی یاری بە زمانی فارسی دروست نەکراوە. پێویستە بۆ ئەوەی بچینە ناو ژێرخانی سەرەکیی ئەم بەرهەمەوە، سەرەتا لەسەر بنەمای سەرچاوە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی یارسان، وەک "دیوانە گەورە"، خاڵ بە خاڵ بەپێی ئەو بابەتانەی کە لە بەرهەمە ڕەخنەکراوەکاندا هاتوونەتە ژوورەوە [لێکۆڵینەوە بکەین یان شیکاری بکەین - لێرەدا دەبێت کردارەکە تەواو بکرێت]، بچینە ناو باسی کتێبەکانی کەلام یاری و بنەما تیۆرییەکان و ڕێوڕەسمەکانی یاری لە سەر بنچینەی کەلام ڕوون بکەینەوە . ئەم بابەتە لە بەشی دووهەمدا بەدی دێت و لە بەشی سێهەم و چوارەمدا بە ڕیز سەرنجی سەرچاوە و دەرئەنجامەکانی نووسەرانی ئاماژەپیکراو دەدەین و یەکسانی یان ناکۆکی لە تەک دەقی ڕەسەنی " کەلام" لەبەر چاو دەگرین.
شێوازی ئەم توێژینەوە
لەم توێژینەوەیەدا چەندین شێوازی پشکاندنمان بەجیا بەکارهێناوە و لە بەشە جیاوازەکاندا جێبەجێمان کردووە. بە واتایەکی تر، ئێمە ڕێکارێکی تێکەڵاومان بەکارهێناوە. لە پاژی یەکەمدا، واتە لە بەکگراوندی توێژینەوەکەدا، شێوازی کۆکردنەوە و ڕاپۆرتی وەسفکاریمان بەکارهێناوە. لە بەشی یەکەمی پەرەگرافی دووەمدا، هەوڵمان داوە وشە باوە سەرەکی و تایبەتییەکانی ئەم ئایینە بە بەڵگە و بە وردی ڕوون بکەینەوە. وە لە بەشی دووەمی پەرەگرافی دووەمدا کەم تا زۆر میتۆدی هێرمێنۆتیکمان بەکارهێناوە، بەجۆرێک کە بە لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە دەقە ڕەسەنەکانی کەلام، ئەم ئایینە لەسەر دوو ئاستی بناغەی تیۆری و ڕێوڕەسمی پراکتیکی و ئایینی بناسێنین. هەڵبژاردنی میتۆدی هێرمێنۆتیک بۆ ئەم بەشەی کارەکەمان دیکۆراتی یان سەلیقەیی نییە، بەڵکو بنەمایەکی هەیە کە لە زانستی هێرمێنۆتیکی نوێدا باس دەکرێت؛ بە واتایەکی تر لە تێگەیشتن لە هەر دەقێکدا، ئێمە پەیڕەوی لە "پێکهاتە وەک ئۆبژە" دەکەین و لە "دەق" وەک "ئۆبژە" تێدەگەین و شرۆڤەی دەکەین، واتە لە هەموو شیعرەکانی کەلام ئەو بەشە ڕەچاو دەگرین کە لە پەرەگرافەکانی دواتر دەبنە بنەمای ڕەخنەکانمان. لە بەشی سێیەم و چوارەمدا، جگە لە شێوازی هێرمێنۆتیک و هەڵسەنگاندن، شێوازی زمانناسی بەکار دەهێنین و نموونەی دەقە لێکۆڵینەوەکراوەکانمان لەڕووی پێکهاتەکانی زمانی و هەڵەبوونیان لەگەڵ دەقە ڕەسەنەکان بەراورد کردووە و لە کۆتاییدا ڕاستکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان کردووە.
ئەم کارە، لە پلەی یەکەمدا ڕەخنەیەکە لە بەرهەمە هەبووەکان – واتە شیکاری و بەراوردکاری و ڕەخنەیەک بۆ ئەو کۆمەڵە بەرهەمەی کە لەبەردەستدان – و لە هەنگاوی داهاتوودا، لەگەڵ ئەنجامی ئەم ئامانجە، بەراوردێک لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە باسی لێوە دەکرێت لەگەڵ دەقە ڕەسەنەکان، و نیشان دەدەین کە پەیوەندییەکە چییە یان چ ناکۆکییەکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە. پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە کاتێک ئێمە دەقی سەرچاوەی توێژەر دەپشکنین، و بۆ نموونە ئەو دەقەی "تەزکەرتۆلئەعەلا" وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئیڤانۆڤ لە لێکۆڵینەوەکانی ئەهلی حەقدا، ڕێزبەندی توێژینەوەکانمان پەیڕەو کردووە و بۆچوونی ئیڤانۆڤمان سەبارەت بەو بابەتە لە سەرەتای کارەکەدا لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو سەرەتا بە ڕێبازی پشکنین، بەپێی ناوەڕۆکی دەقە ڕەسەنەکان شیکاریمان بۆ کردووە. لە دواییدا لە پەرەگرافی چوارەم کە گەرەکمان بووە بەرهەمی توێژەری ئاماژەپێکراو بپشکنین، تێبینیمان کرد کە نووسەر لە کاتی خوێندنی تەزکەرە، کە فۆرمێکی شێواوی دەقە ڕەسەنەکانە، بێ ئاگاداری لە سەرچاوە ڕەسەنەکە، زانیارییەکانی دوور لە ڕاستی بووە و هەندێکجار بێ دیتنی دەقی ڕەسەنی کەلام، بە دەرئەنجامێکی باش و سەرنجڕاکێش سەبارەت بە لاوازی و ناتەبایی دەقەکانی تەزکەرە گەیشتووە. لە ڕاستیدا ئێمە سەرنجمان داوە بە تێگەیشتنەکانی توێژەران و پێشانمان داوە کە ئەگەر تێگەیشتنیان لە دەقە ڕەسەنەکان بە شێوەیەکی تر بووایە، لێکۆڵینەوەکەیان بە چ ڕێگەیەکی دیکە دەڕۆیشت و چۆن دەیانتوانی لە سەرچاوەکانی بەردەستیان سوود وەربگرن.
سەرچاوەکان:
Ivanow, v(1948), An Ali- ilahi Fragment, Retrieved from http://www.ismaili.net/Source/0723/07234a.html
Ivanow, w(1948), Vol. I. Satpanth (Indian Ismailism), Some specimens of Satpanth literature, The Holy Shikshapatri, An Alì-Ilahi fragment, by W. Ivanow, Kitâbu'r-Rushd, Leiden: E. J. Brill.
Ivanow, w(1953), The Truth Worshippers of Kurdistan, SERIES: Ismaili Society Series A, VOLUME: 7; leiden: E.J. brill
Minorsky, V(1943), The guran, BSOAS,vol XI, pp 73-103.
ایوانف، و. ا (1400)، اهلحق کردستان (ترجمه س. کسری حیدری)، تهران: حکمت کلمه
جیحونآبادی مکری (1345)، نعمتالله، شاهنامۀ حقیقت (مصحح محمد مکری)، تهران: قسمت ایرانشناسی انستیتو ایران و فرانسه
حیدری، سیّد عبداله (1383)، شجرهنامۀ خانوادۀ حیدری، کرماشان: ناشر مؤلف
شرفکندی، عبدالرحمن (1369)، فرهنگ کردی-فارسی/ ههژار، تهران: سروش
عزاوی، عباس(۱۳۲۸)، الکاکائیه فی التاریخ، بغداد: شرکه التجاره و الطباعه المحدوده
کاکهیی، ههردهویل (1990)، شاعیر و ناودارانی کاکهیی، بغداد: الثغافه و الشباب
مکری، محمد (1963)، تحقیق دربارۀ یکی از بنچاقهای تاریخی کردستان از قرن دهم هجری، مجلّۀ آسیایی پاریس، صص 229- 256
مینورسکی، ولادیمیر (13؟؟)، تاریخ تبریز، مترجم: عبدالعلی کارنگ
مینورسکی، ولادیمیر (1379)، کُرد، مترجم: عبدالله تابانی، تهران: گستره
نسخۀ خطّی، دفتر دیوان گوره (پردیوری)، رونوشت 1313، تکیۀ حیدری
ئاماژە: ئەم بابەتە بەشێکە لە پڕۆژەی توێژینەوەیەکی سەید کەسرا حەیدەری بە زمانی فارسی کە لەلایەن کاوە حەیدەری-یەوە کراوە بە کوردی و بەم زووانە وەک کتێبێکی سەربەخۆ چاپ دەکرێت.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved