براین تاماناها
و/ شەفیقی حاجی خدر
لیبڕالیزم لە ڕۆژگاری بەر لە مۆدێرنە، لە ئاخروئۆخری سەدەی حەڤدەهەم و سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە پەیدا بوو. وەک هەر ڕامانەیەکی (تیۆرییەکی) سیاسی، لیبڕالیزم لەنێو خۆیدا شەقڵی کێبڕکێکاری هەیە، هەر لە لیبڕالیزمی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی جۆن ڕاولز John Rawls، تا لیبڕالیزمی لیبەرتاریی ڕۆبەرت نۆزیک Robert Nozick ، تا لیبڕالیزمی کۆنسەرڤاتیڤی فریدریک هایک Friedrich Hayek، تا لیبڕالیزمی فرەیی ئیسحاق بەرلین Isaiah Berlin تا دەگاتە لیبڕالیزمی هاوشانی/یەکسانی ئامی گوتمان Amy Gutman خۆی وێنەکە لەمەش ئاڵۆزترە، چونکە لیبڕالیزم هەر بەتەنیا بریتی نییە لە ڕامانەی (تیۆریی) سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی، بەڵکووو بریتییە لە کولتوور، ڕامانەی ئابووری، دەروونناسی، ڕامانەی ئاکار و ڕامانەی زانین.١ لەگەڵ ئەو هەموو فرەیی و ئاڵۆزییەشدا، لە هەر شەقڵێکی لیبڕالیزمدا پێگەیەکی چارەنووسساز بۆ دەوڵەتی قانوون هەیە. تێگەیشتنی دەوڵەتی قانوونی ئەمڕۆش هەر لە ڕوانگەی لیبڕالیزمەوەیە.
جارێ لەسەرووی هەموو شتێكەوە، لێبرالیزم جەخت لەسەر ئازادیی تاک دەکاتتەوە.٢ بە دەستەواژەی کلاسیکی جۆن ستیوارت John Stuart Mill میلەوە: "تاکە ئازادی کە شایستەی ناوەکەی بێت، هەوڵ و تێکۆشانمانە بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانیی خۆمان بە شێوازی تایبەتمەندانەی خۆمان، بە مەرجێک هەوڵ نەدەین خۆشگوزەرانیی ئەوانی دیکە زەوت بکەین، یان ڕێگەیان لێ بگرین تا ئەوانیش بە هی خۆیان بگەن."٣
دابی پەیمانی کۆمەڵایەتییانەی لیبڕالیزم، ئەو فۆڕمە هەرە کاریگەرەیە، کە جۆن لوک John Locke دایڕشتتوە ، بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی قانوون لە بە زاراوای نموونەیی خۆیەوە ڕادەگەیەنێت. ژیان بەبێ قانوون (لە دۆخی سروشتیدا) ناسەلامەت و پڕ لە ئاریشەیە؛ پاراستنی ئاسایش پێویستی بە قانوون و پەیڕەوکار و دادوەرانی بێلایەن هەیە. تاکە سەربەخۆکان هەر بەخۆیان پەیمانێکی پابەندکەرانەی دووقۆڵی لەگەڵ دەسەڵاتی حکوومەت هەڵدەبژێرن تا کۆمەڵە قانوونێک بۆ پاراستنی سیستەم دابڕێژن و پەیڕەوی لێ بکەن، ئیدی بەم شێوەیە ژیانی سروشتییانەی خۆیان بگۆڕنەوە بە ژیان لەژێر سایەی سیستەمێکی قانوونی، بەشێوەیەک ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانیان پارێزراو بێت. ئەوەی ڕەوایەتیش دەداتە ڕێساکان قایلنامەیانە. قایلنامەکەش سەربەخۆیی تاکەکان بەڕێزلێگرتووی دەهێڵێتەوە، تەنانەت کە خۆشیان ڕاستەوخۆ ملکەچی قانوونەکە دەبن.
لەنێو لیبڕالیزمدا یەکسانییش هاوشانی ئازادییە، ئەمەش بە گوێرەی هاوشانی ئاکارییە (ڕەوشتی) تاکەکانە، بەوەی بوونەوەرێکی سەربەخۆی خاوەن مافن. پێویستە هەموو کەسێک بەیەکسانیی ڕێز و شکۆمەندییەوە ڕەفتاریان لەگەڵدا بکرێتت، بەپێی ئەوەی بوونێکی مرۆیی توانامەندی ئاوەز و ڕێرەوشتە. یەکسانی لە لیبڕالیزمدا دەخوازێ کە هاووڵاتییان خاوەنی مافی سیاسیی وەک یەک بن و هەروەها لەبەردەم قانوونیشدا هەر یەکسان بن. ئازادی و یەکسانی وەها دەخوازێ، کە حکوومەت سەبارەت بە پرسی چاکە بێلایەن بمێنێتەوە: "بەگوێرەی ئەوەی هاووڵاتییان لە دید و بۆچوونیان جیاوازن، کەواتە حکوومەت بەیەکسانی ڕەفتاریان لەگەڵدا ناکات ئەگەر ڕوانینێک پێش ئەوی دیکە بخا، ئەمەش لەبەر ئەوەی گوایە کاربەدەستان لەو باوەڕەدان، کە ئەم ڕوانینە لەخۆوە باڵادەستە، یان ڕوانینێکی زۆرینەیە یاخود ڕوانینی گرووپێکی بەهێزە."٤
ئەم بەندە پێشەکییەکە بۆ تەوەرە سەرەکییەکانی لیبڕالیزم تا پاشخانێک بۆ گەنگەشەکردنی ڕامانە (تیۆرییە) مێژوویی و هاوچەرخەکانی دەوڵەتی قانوون لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەتی قانووندا پێشکەش بکات. لێرەدا گرنگە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە وردەکاتری و تیشکۆی زیاتر لەسەر لیبڕالیزم پێویستە: چونکە سیستەمی لیبڕالیزم بەبێ دەوڵەتی قانوون پەیدا نەدەبوو (هەروەک ڕوون دەکرێتتەوە)، لەکاتێکدا دەوڵەتی قانوون بەبێ سیستەمی لیبڕالیزم پەیدا دەبوو. هیچ لەو باسوخواسی گەنگەشەکردنی هەردوو بەندی پێشوو -گریک، ڕۆمان و سەدەکاتنی ناوەڕاست- پەیوەندییان بە سیستەمی لیبڕالیزمەوە نەبوو. ئاراستەی لیبڕالیزم بۆ دەوڵەتی قانوون بە شێوەیەکی بەرچاو لە قۆناغی بەر لە سەرچاوەکانی لیبڕالیزم جیاوازە. لە لیبڕالیزمدا جەخت لەسەر پاراستنی ئازادیی تاکەکەسی دەکرێتتەوە. دەوڵەتی قانوون نە لە تێگەیشتنی گریک و نە لە هی سەدەکاتنی ناوەڕاستدا ئاماژەی بە ئازادیی تاکەکەسی نەکردووە. چەمکی یۆنانی بۆ ئازادی واتای خۆبەڕێوەبردنی بەکۆمەڵ بوو، سەروەرییش بۆیە بۆ قانوون بوو، چونکە لەلایەن هاووڵاتییان خۆیانەوە پەەیڕەو دەکرا و ڕەنگدانەوەی ئاکار و دابی کۆمەڵ بوو، دەراوی هێزی جێبەجێکردنیش بوو. هەرچی لێتێگەیشتنی سەدەکاتنی ناوەڕاستیش بوو بۆ دەوڵەتی قانوون، بۆ جڵەوکردنی دەسەڵاتی پاشا چاوچنۆکەکان بوو، هەروەها جەخت لەوە دەکرایەوە کە قانوون پێویستە بۆ جڤاکەکە باش بێت نەوەک بۆ تاکەکانی. لەنێو کۆمەڵدا کە بەرەو ئاراستەی کۆمەڵبوون دەڕۆیشت، یان لەنێو کۆمەڵی خاوەن هێزی قوچەکی جێگیردا، جڵەوکردنی ستەمکاریی حکوومەت بۆ ئەوە نەبوو تا بازنەی ئازادیی تاکەکەسی بەرفراوان بکات یان ئەوەی تاک بیەوێت بیکات. قەیدوبەندی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری کە دەورەیان دابووین ئەو جۆرە ئازادییانەیان فەرامۆش کردبوو ، بەڵکووو هەر بیریشیان لێ نەدەکردەوە. "هەستی تایبەتمەندی بەخۆی، لە مەودای پەیوەندییەکانی کەسییەوە وەک پیرۆزیەک لە ئازادییەوە سەرچاوی گرتبوو، هەرچەندە ئەمەش ڕەگوڕیشەیەکی دینی هەبوو، بەڵام لە سەرپێ وەستانی ئەم هەستە بەزەحمەت لە دوورتر سەردەمی ڕێنیساس یان چاکسازی دەبینرێ."٥ خۆی ئەو پێداگرتنە لەسەر تاکایەتی و ماکی دنەدەری هزری لیبڕالیش لە ترسەوەیە، ترس لە شت سەپاندنی ئەوانی دیکە و نەخاسمە ترس لە دەوڵەت.
چوار تەوەری ئازادی
چیرۆکە ناسراوەکەی ئازادی وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، تاکەکانی خستە هەڵوێستێک کە هی ئیرەیی پێبردن نەبوو: ئاخر دیاربوو ئەوەی داخواز بوو کە ئازادی لەپێناوی بەرژەوەندیی ئاسایشی کەسی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بکاتتە قوربانی. ئینجا لەدوای هەموو شتێکیش، لەنەبوونی قانووندا تاک سەربەستییە ڕەهاییەکەی خۆی وەردەگرێتەوە. خۆ ئەگەر ئەنجامەکە ملکەچکردنی چەوساندنەوەی قانوونی بێت، ئەوا دەستبەرداربوون لە ئازادی بۆ خۆهێشتنەوە دەبێتتە ئاڵوگۆڕییەکی گوماناوی؛ شتەکە وەک ئەوە وایە بەپێی خۆت بچیتە زیندان لەبەرئەوەی لەپشت شیشەکانی زیندانەوە ئاسایشت پارێزراوە. لیبڕالەکان وای دادەنێن، خۆ ئەگەر هەموو کەسێك بەشێوەیەکی ڕەها سەربەست بێت، لەڕاستیدا ئازادی لەگۆڕێدا نییە، ئەوەش لەبەر ئەو گەفوهەڕەشانەی بەخۆمان لە یەکدی دەیکەین. تەنانەت خۆ ئەگەر وەهاش بێ – کە بەهیچ شێوەیەک وەها نییە- ئەوا کاتێ بە کەسێک دەگوترێ دوای ئەوەی تۆ ملکەچی قانوون بیت ئازادی، ئیدی لێرەدا گومان دەورووژێ. ئەرێ ڕاشکاوانەتر نییە دان بەوەدا بنێین کە مرۆڤ لەژێر سایەی قانووندا ئازاد نابێت، بەڵام سوود و کەڵکەکەی شایستەی ئەوەیە؟ دێموکراسیی لیبڕالییەتی نوێ وەڵامێکی چوارسەرەی بۆ ئەم پرسیارە هەیە.
یەکەم؛ تاکی هاووڵاتی سەربەستە تا ئەوکاتەی قانوونەکان بەشێوەیەکی دێموکراسی دادەڕێژرێن. ئاخر هاوڵاتییان خۆیان بەوە قایلن کە ڕێساگەلێک بۆ پەیڕەوکردن دانراوە، بەڵکووو هەر خۆشیان دایان ناون. لەیەک کاتدا، تاکی هاوڵاتی هەم فەرمانڕەوایە و هەم فەرمانبەسەرداکراو. بەم جۆرە، تاکەکان فەرمانڕەوایی بەسەر خۆیاندا دەکەن. " ژان ژاک ڕۆسۆ"ش ڕایگەیاندوە: "ملکەچکردنی قانوونێک کە مرۆڤ بەخۆی بۆ خۆی دابنێ، سەربەستییە."٦ گەل کاتێک ملکەچی قانوون دەبێت، پێویستە خۆی داڕێژەری بێت"٧ سەرباری ئەمەش خۆی مەزندەکە وایە، هاووڵاتییان لە سایەی دێموکراسیدا قانوونێک دەرناکەن بیانچەوسێنێتەوە؛ بۆیە هێزی ئەوان بۆ دانانی قانوون باشترین شتە بۆ پاراستنی خۆیان. خۆبەڕێوبردن "ئازادی سیاسییانەیە". لە ڕۆژئاوادا نوێنەرایەتیی دێموکراسی نمایشێکی نوێگەرییانەی خۆبەڕیوەبردنە. ئەمەش نزیکایەتییەکی لەگەڵ لێتێگەیشتنی کلاسیکی یۆنانی بۆ ئازادی هەیە، هەرچەندە جیاوازییە گرنگەکەیان ئەوەیە دێموکراسیی گریکەکان ڕاستەوخۆ بوو نەوەک نوێنەرایەتی. لە جیهانی هاوچەرخیشماندا، ئەم شتە لە زۆر نمونەدا بەرجەستە دەبێت، هەروەک پەرۆشی دنەدانی بۆ سەربەخۆبوون لە دەستی بێگانە یان لەدەستی حوکمی زۆرینە، ئەوەی مۆرکێکی فەرهەنگی و دینی جیاوازی پێوەیە. دەستەبەرکردنی ئازادیی سیاسی ئەوە دەخوازێ کە دەرفەتی بەشدارییەکی ڕاستەقینەی بڕیاردانی بەکۆمەڵ پەیوەست بە فەرمانڕەوایی سیاسی و بونیادێکی قانوونییەوە هەبێت، هەروەها ئەمە ئەوە لەخۆ دەگرێ، کە مافی دەنگدان و توانستی ڕایکردنی سیاسی و پاراستنی ئازادیی قسەکردن و کۆمەڵبوون و نەقابە مەیسەر ببێت.
دووەم؛ تاک سەربەستە تا ئەو ڕاددەیەی لە کاربەدەستانی میری دەخوازرێت بەگوێرەی قانوونی هەبوو بجوڵێتەوە. ئەم مەرجەش ئازادی پشتڕاست دەکاتتەوە بەوەی تاکەکان توانستی وادەی پێشبینیکردنی ملکەچکردنیان لەلایەن دامەزراوەی قانوونی دەوڵەتەوە هەبێتت، ئەمەش دەرفەتی ئەوەیان پێدەدا دوورکەونەوە لە هەر دەستوەردانێکی قانوونی لە کاروباریان بەوەی سەرپێچی قانوونەکە نەکرێ. هاووڵاتییان تەنیا ملکەچی قانوونن، نەوەک ملکەچی خواستێکی گۆترەکاری یان حوکمی کەسێکی دیکە، کە بەدڕەفتارانە هێزی میری بەکار بهێنێ و بیقۆزێتەوە. ئەمەش وا پێویست دەکات قانوونەکان بەڕوونی ڕاگەیەنرابن و بۆ خەڵک ئاشکرا کرابن، بەیەکسانییش لەسەر هەمووان پەیڕە بکرێتن و، هەروەها بە گوێرەی متمانەوە ڕاڤە و جێبەجێ بکرێتن. نموونەی هەرە زەقیش قەدەغەکردنی هەر سزایەکی تاوانە بێ هەبوونی قانوونێکی پێشوەختە. ئەمەش "ئازادی قانوونییە" و، مۆنتسکۆ بە باشترین شێوە دایڕشتووە: "ئازادی مافی کردنی هەموو شتێکە، ئەوەی قانوون ڕێگەی پێدابێت."٨ سەربەستی، کردنی هەر شتێکە، کە قانوون ڕاشکاوانە قەدەغەی نەکردبێ. هەروەک دواتر وردەکاترییەکەی دێتە گۆڕێ، ئازادی قانوونییانە لە دێموکراسیی لیبڕالیی نوێدا لێکتێگەیشتنی تیۆریکی (ڕامانەیی) باوە بۆ دەوڵەتی قانوون.
سێیەم؛ تاک ئازادە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی حکوومەت بە سنوورداری دەمێنێتەوە و ناپەڕێتەوە بازنەی تایبەتی مافەکانی کەسی، کە هی دەستکاریکردن نین. زۆر جاریش بە بازنەی پاراستنی مافە مەدەنییەکان یان ئازادییەکانی تاک دەناسرێت و ئەمانەش خراونەتە نێو بڕوانامەی ماف و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤەوە. ئەم سنووردارییەش شتێكی زۆر چارەنووسسازە [لێبڕاوانە لە حکوومەت قەدەغەیە ئەم چوارچێوە پارێزراوە ببەزێنێ)، یان هەر شتێکی ڕێکارییانەیە (حکوومەت دەبێت بچێتە ژێر بارێکی قوڕسەوە بەوەی دەبێت بەدوای هۆکارێکی زۆر پێویست و ناچاردا بگەڕێ بەر لەوەی پێ بنێتە نێو ئەو بازنە پارێزراوە کەسییەوە). ئەمەش "ئازادیی کەسی"یە]. ئازادیی کەسییش ڕادەی هەرە کەمی سەربەخۆیی تاکە، کە تەنانەت کاتێک بە ملکەچبوونی قانوونیش قایل دەبێت، پێویستە ئەو مافانەی هەربمێنێ و بپارێزرێ. ئەمەش بریتییە لە پارێزگارییەکی پێویست بۆ ئەوەی ئامانجەکەی جۆن ستیوارت میل بێتە دی: "سەربەستی، بەدواداچوونی شایستەیی خۆمانە بە ڕێبازی خۆمان." ئەوەش لە دەوڵەتی لیبڕال قەدەغە دەکات کە لیستێکی تایبەت بەخۆی بە باشی و شایستەییەتی بەسەر هیچ کەسێک لە هاووڵاتییانیدا بسەپێنێ. کاتێکیش دان بە ئازادیی تاکدا دەنرێ، ئەوا لەبارەی مەودا و فرەیی ناواخنی ناڕوونی هەیە. جار لەسەرجاریش ناکۆکی لەبارەی چوارچێوە پارێزراوەکە هەیە، هەروەک چۆن جیاوازی لەبارەی ئەوە هەیە چۆن ناواخنەکەی چوارچێوەکە سنووردار بکرێت. ئاساییانە ئەمەش بریتییە لە ئازادیی دین و ویژدان، ئازادیی قسەکردن و بیروبڕوای سیاسی، ئازادیی لە ئەشکەنجەدان و سزای قورس؛ هەروەها ئازادی شێوازی ژیان و بەهاکانی خۆت دیاری بکەیت. شەقڵی بەهێزی ئەم بازنەیەش بە دەستەواژە و هەلومەرجی فراوانکردنی بازنەی تایبەتمەندی و شکۆمەندییەکانەوە دەسەلمێنرێ. دادگای باڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش وەهای دەربڕیوە: "ئازادی وەها دەخەمڵێنرێ، کە سەربەخۆیی تاکە بەوەی ئازادیی بیرکردنەوە، بیروباوەڕ، دەربڕین، ڕێڕەوشتێکی خۆیی دیاریکراو بگرێتەوە."٩ ئەم هزرە بنەڕەتییە ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵاتیان بەسەر سەرتاپای جەستە و ئاوەزی خۆیاندا بشکێ بەبێ هیچ دەستوەردانێکی حکوومەت. ئەم بیرۆکەیە "ڕوانینێکی پێوەرئاسایە (ستانداردە) بۆ ئازادی لەنێو بۆتەی دابی لیبڕالیزمدا."١٠
لە کۆتاییشدا، ئازادی زیاتر دەچەسپێ کاتێک دەسەڵاتەکانی فەرمانڕەوایی دابەش ببێتە سەر توخمە پێکهێنەرەکانی -هەروەک باوە دەسەڵاتی قانووندانان، جێبەجێکردن و دادوەری (دابەشکارییە ئاسۆییەکە)، هەروەها هەندێک جاریش شارەوانی، ویلایەت و هەرێمەکان (دابەشکاری شاقووڵی)- بەوەی متمانەی پیادەکردنی قانوونیش بە دادوەرییەکی سەربەخۆ بسپێردرێ. ئەم دابەشکردنە ئازادییەکان دەسەلمێنێ بەوەی دەسەڵاتەکان لە تەنیا یەک دامەزراوەدا کۆ نابێتەوە، ئاخر جۆرێک لە جۆرەکانی کێبڕکێ لەنێو دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا دێتە گۆڕێ. جیاکردنەوەی دامەزراوەی دادپەروەری لە دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتدا بایەخێکی تایبەتی خۆی هەیە. ڕاسپاردنی دادوەرەییەکی سەربەخۆ بە جێبەجێکردنی قانوون هەبوونی دامەزراوەیەکی قانوون مسۆگەر دەکات تا چاودێریی ڕەوایەتیی کردەوەکانی حکوومەت (میری) بکاتت. خۆی ئەمەش "پاراستنی دامەزراوەیی ئازادی" یە. ئەمەش وەها دەخوازێ دامەزراوەیەکی دەستووری و ڕیکارگەلێک بۆ سەلماندنی ئازادیی هاووڵاتییان لەڕێگەی دابەشکردنی هێز و دەسەڵاتەکانی حکوومەتدا بێنێتە کایە. چۆنایەتیی ئەم تەوەرەش لە سێ تەوەرە ناوبراوەکانی دیکەدا جیاوازە، چونکە خۆی ڕێکخستنێکی بونیادییە بۆ سەلماندنی ئازادی لەوەی شێوەیەک لە شێوەکانی ئازادی خۆی بێت.
هەر سێک تەوەری پێشوو، هەروەها هەر یەکەشیان بە شێوەی خۆی، دەربەستی شێوە جیاجیای خۆبڕیاردانی چارەنووسە. ئازادیی سیاسی ڕێگە بە تاکەکان دەدا (بە کۆمەڵ) بڕیار لەسەر ڕێساگەلێک بدەن لەژێر سایەیەوە دەژین. ئازادیی قانوونی ڕێگە بە تاکەکان دەدا هەرچییەکیان بوێ بۆ زانینی ڕێساگەل و گونجانیان. ئازادیی کەسی لایەنی هەرە کەمی سەربەخۆییان مسۆگەر دەکات بۆ ئەوەی بیانەوێت کێ بن. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کام لەم ئازادییانە ڕەها نین. یەکەمیان پێویست دەکات ئەوانی دیکە هاوکار و بەشدار بن؛ سنوورەکانی دووەمیشیان بە ڕێنماییەکانی قانوون دیاری دەکرێتت؛ مەودای ئەو سەربەخۆییەی خاڵی سێهەمیش دەستنیشانی دەکات لەگەڵ سەربەخۆیی هاوشانی تاکەکانی دیکە و لەگەڵ پێویستییەکانی دەوڵەت هاوسنوورە. خۆی کۆمەڵێک سنووریش بەسەر کەسەکاندا سەپێنراون، چونکە توانستی خۆبڕیاردانی چارەنووسیان نییە، هەروەک منداڵ، کەسی ئاوەزناتەواو و تاوانبار، لە ڕۆژگاری ڕابردووشدا هەر یەک لە ژن، کۆیلە و ڕەعیەتی وڵاتی داگیرکراو هەبوون. بۆ ئەوەی ئازادیی بڕیاردانی چارەنووس وەک مافێک پیادە بکەی، ئەوا پێویستە مرۆڤ توانستی خۆبڕیاردانی هەبێتت. ئیدی لەبەر ئەم هۆکارە دەکرێت ڕێکارگەلێکی وەک خوێندنی تەوزیمی بەسەر گەنجاندا بسەپێندرێ، بەڵام بێ ئەوەی ئازادییەکە لەکەدار بکرێت.
دێموکراسییە لیبڕالە مۆدێرنەکان بە ئاوێتەکردنی تێکەڵەی هەر چوار تەوەرە باسکراوەکە وەڵامی ئەو پرسیارە گوماناوییە دەدەنەوە کە پێشتر ورووژێنرا: گەلۆ چۆن تاک لەسایەی قانووندا ئازادە؟ هاووڵاتییان لە کەشی دێموکراسیدا ئەو قانوونانە دادەڕێژن، کە لەسایەیدا دەژین (ئازادیی سیاسی)؛ کاربەدەستانی حکوومەت بە گوێرەی قانوونەکان لەگەڵ هاووڵاتییان دەجووڵێنەوە (ئازادیی قانوونی). لە دۆخی یەکەمدا خۆیان فەرمانڕەوای خۆیانن؛ لە هی دووەمیشدا هیچ کاتێک ناکەویتە بەر حوکمی ڕیسای تاکێکی دیکە. سەرباری ئەمەش، هاووڵاتییان مەودایەکی تایبەتی پارێزراوی سەربەخۆیی تاکێتییان هەیە، کە قانوون سنوورداری دەکات (ئازادیی کەسی). زۆر جاریش دێموکراسە لیبڕالەکان ئەم تێکەڵە ئاوێتەییە لە چوارچێوەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە بەرجەستە دەکەن، بەتایبەتیش بە هەبوونی دادوەرییەکی سەربەخۆ (ئازادیپارێزیی دەستووری). تاڕادەیەکی زۆر و بێ هەڵاواردن (کە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا بەشە ڕیزپەرە زەقەکەیە) ئەم ڕێخستنەیەیان لەنێو دەستوورێکی نووسراودا دەقڕێژ کردووە، کە بۆ کاربەدەستانی حکوومەت و هاووڵاتییان فەرمانبەردارە و دادگای سەربەخۆش جێبەجێی دەکاتت. ئاشکراشە ئەم بونیادی لیبڕالییە بەتەواوی قانوونییە. قانوون ئەو پەیکەرەیە کە سیستەمی لیبڕالیی قیت ڕاگرتووە و شێوە و سەقامگیریی پێداوە.
گرژیی نێو ئازادییەکان
هەرچەندە زۆر جار ئەم چوار وەڵامە بەیەکەوە دەستدەکەون، بەڵام خۆ شتەکە نە پێویستە و نە ئاسانیشە. دەکرێت هەرسێ ئازادییەکە؛ ئازادیی قانوونی، ئازادیی کەسیی و ئازادیپارێزیی دەستووری بەبێ ئازادیی سیاسی بەیەکەوە هەڵبکەن؛ هەر بۆ نموونە، لەو سیستەمەی قانوونەکان لەلایەن دەستەبژێرێکی نادێموکراسی (فەلەسەفی یان زانایی) داڕێژرابن، هەروەک فەیلەسوفە سیاسییە تۆباوییەکان خەونیان پێوە دەبینی. هەر بەڕاستیش بەڵگەوبەندەکاتن ڕێیان تێدەچێ، کە سیستەمێکی داڕێژراوی دەستی دەستەبژێر لەوانەیە لە سیستەمی دێمکراسی زیاتر بازنەی ئازادیی قانوونی و ئازادییە کەسییەکان فراوان بکاتت. ئەو نیگەرانییەش ئەم پێشبینییە دەیهێنێتە گۆڕێ -تەنانەت ئەگەر بەهەر چەشنێک بێت بەسەر گەندەڵیی دەستەبژێرە پاسەوانەکشدا زاڵ ببین- ئەوا نمایشەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بە ئازادیی سیاسییەوە پەیوەستە. خۆی بەشیوەیەکی بەرفراوان خۆبەڕێوەبردن خۆشەویتر و لەپێشترە تەنانەت ئەگەر بەخراپیش فەرمانڕەوایی بکرێت.
زۆر جاران ڕامانەزانە (تیۆرییەزانە) قانوونییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە دەکرێت ئازادیی قانوونی (وەک دەوڵەتی قانوون) بەبێ ئازادیی سیاسییش (دێموکراسی) بێتەدی. " هەر بەتەنیا پابەندبوونی گشتی و سەربەخۆیی لە قانوون و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قانوونداڕێژ و بەڕیوەبردن و دادوەری بایەخێکی جەوهەریی دێموکراسیی نین."١١ "لەڕووی بنەماوە دەکرێت سیستەمێکی قانوونیی نادێموکرات... باشتر لە گەڵ داخوازییەکانی دەوڵەتی قانوون بێتەوە بە بەراورد لەگەڵ سیستەمێکی قانوونیی هەرە ڕۆشنگەری دێموکراسیی خۆرئاوا."١٢ هەندێ لە ڕامانەناسان (تیۆریناسان) زیاتر لەسەری ڕۆیشتن، بەگوێرەی جەختکردنەوەی زێدەتری دادوەران بێ، "دەوڵەتی قانوون وەک پشکنەرێکی ڕوونە بەسەر باندۆری کردەیی و کشانی دێموکراسیی مەحکەم (پتەو).١٣ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی قانوون و دێموکراسی ناهاوسەنگە: دەکرێت دەوڵەتی قانوون بەبێ هەبوونی دێموکراسی بێتە ئارا، بەڵام دێموکراسی پێویستی بە دەوڵەتی قانوونە، چونکە دەکرێت ئەو قانوونانەی بەڕێگەی دێموکراسییەوە داڕێژراون لە پەیڕەوکردندا لە ناواخنەکەیان دابماڵدرێن.
دەکرێت ئازادیی قانوونیش بەبێ ئازادیی سیاسی بێتە کایەوە. هیچ ڕژێمێکی نالیبڕالیش کە دەوڵەتی قانوونی هەیە، ئەمەی نمایش نەکردووە. ئەوەی دەگوترێ هاووڵاتی لە بۆتەی مەودای ڕێگەپێدراوی قانووندا ئازادە، واتای ئەوە ناگەیەنێ ئاخۆ بەربەرینیی (یان بەرتەسکیی) ئەو مەودا کراوەیە چەندە. ئازادیی قانوونی بە بازنەی تەسکراوی تاکەکانەوە بەند نییە، چونکە ئەو ئەوەی داخوازە کە کاروکردەوەی حکوومەت لە چوارچێوەی قانوونێکی پێشوەختە ڕاگەیەنراودا بێت، بێ ئەوەی هیچ کۆتوبەندێک لەسەر ناواخنی قانوونەکە دابنێت. دوو سەدە لەمەوبەر بێنیامێن کۆنستانت Benjamin Constant سەرنجی داوە و ئاماژەی بە کورتهێنییەکەی پێناسەی مۆنتسکیۆ بۆ ئازادی کردووە: "گومانی تێدا نییە، هیچ ئازادییەک لە گۆڕیدا نییە ئەگەر هاتوو خەڵکەکە نەتوانن هەموو ئەو شتانە بکەن کە قانوون ڕێگەی پێداون، بەڵام خۆ دەکرێت قانوون ئەوەندە شتە قەدەغە بکات کە بەتەواوی ئازادی لە بەین بەرێ."١٤ دەکرێت ڕژێمێک کە قانوونی چەوسێنەرانە بسەپێنێ، بەرگی ئازادیی قانوونیش بپۆشێ، بەوەی بڵێ ئەوەی لە چوارچێوەی قانوونەکەدا ڕێپێدراوە ئازادییە. لەو جۆرە ڕژێمانەدا هەرچەند ڕێز لە ئازادیی قانوونی بگیرێ، ئەوەندە بەدڕەفتارییە بۆ سەر ئازادیی کەسی. کەواتە دیسان پەیوەندییەکە ناهاوسەنگە: ئازادیی کەسی بەبێ هەبوونی دەوڵەتی قانوون نابێ، هەرهیچ نەبێ کاتێک ئەو ئازادییانە بەگوێرەی قانوون دەسەپێنرێن.
دەکرێت گرفتە هەرە پێشچاوەکەی بەیەکەوە گرێدانی ئازادییەکان ئەگەری ناکۆکی نێوان ئازادیی کەسی و ئازادیی سیاسی بێت. هەروەک ئیسحاق بەرلینیش سەرنجی داوە: "پەیوەندییەکی پێویست لەنێوان ئازادیی تاک و فەرمانڕەوایی دێموکراسیدا نییە. وەڵامی ئەم پرسیارە؛ 'کێ حوکمڕانیم بەسەردا دەکات؟' لەڕووی لۆژیکەوە جیاوازە لەو پرسیارەی؛ 'تۆ بڵێی تاچەند حکوومەت دەست لە کاروبارم وەربدا؟"١٥ ئامانج لە ئازادیی کەسی بەربەستکردنی دەسەڵاتی حکوومەتە لەبەرانبەر تاکەکاندا، هەرچی ئامانجی ئازادیی سیاسییشە دەسەڵات گرتنەدەستە تا دەسەڵاتدارییەکە جێبەجێ بکات."١٦ یەکەمیان نیگەرانە لە ستەمکاریی بەرانبەر بە تاک، کە هیچی لەو ستەمکارییە کەمتر نییە کە بەرهەمی دێموکراسی بێت. نیگەرانیی دووهەمیان لەوەدایە ئاخۆ کێ لەڕێی بڕیاری قانوونییەوە شێوەی کۆمەڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات، ئەو ئامانجەی بەهۆی سنوورەکانی سەر ئازادیی کەسی ڕێگری لێ دەکرێت. خۆ ئەگەر ئەم ناکۆکییە بە قسەی توند دابڕێژرێت، ئەوا دەبێتە شەڕی نێوان ئایدیۆلۆژیا ڕکابەرەکان: خۆبەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ لەپێناو کۆمەڵدا لەبەرانبەر ویست و ئارەزووی تاکەکان بۆ دەستبەرداربوون لێی.
" وەنەبێت ئەمە دوو ڕاڤەی جیاواز بۆ یەک چەمک بێت، بەڵکوو دوو هەڵوێستی لێکدوورن، کاتێکیش هەڵوێستەکە بە ئامانجی ژیانەوە پەیوەست بێت، ئەوا لەگەڵ یەک ناسازێن. ناشکرێ بەتەواوی ئەو هەموو داخوازییانە دابین بکرێتن."١٩
لیبڕالەکانیش بەشێوەیەکی نەریتی هەر کاتێک ئازادییەکانی تاک لەگەڵ دێموکراسی تێک بگیرێن، ئەوا بەلای ئازادییەکاندا دەیشکێننەوە. زۆر لە لیبڕالە بەراییەکان دژی دێموکراسی میللی بوون -ئەوەی تا سەدەی بیستەم بەشێوەیەکی بەرفراوان دانەمەزرا- ئەو شتەی بە چاوی ترسەوە سەیریان دەکرد، چونکە فەرمانڕەییەکە لەلایان نەزانانەوە هەڵدەسوڕێنرێ، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر سەروسامانی دەستەبژێر و مایەی هەراو پاشاگەردانیشە. تەنانەت هەستوزۆری لایەنگرانەی دێموکراسی، کە هەندێ لە لیبڕالەکان دەریانبڕێ، هەروەک پێداگرتنی ئەمانۆئیل کانت لەسەر ئەوەی کە هاووڵاتی "مافێکی قانوونی ڕەوای هەیە ملکەچی هیچ قانوونێکی دیکە نەبێ بەدەر لەوەی خۆی پەسەندی کردووە." دیارە ئەم بەڵگەوبەندانەش وەک دیارن بەخشندە نین؛ ئاخر کانت سەرجەم هاووڵاتییە "ناکاران/پاسیڤەکان"ی لە پرۆسەی دەنگدان هاوێشتۆتە دەرەوە، لە نێویاندا ڕاهێنراوان، خزمەتکاران (نۆکەران)، سەرجەم ژنان، جووتیارانی کرێگرتە و بەشێوەیەکی گشتیش هەر 'کەسێک' لەبن فەرمانی یان پارێزبەندیی تاکەکانی دیکەدا بێت."١٨ هەندێ لە ڕامانەناسە لیبڕالە مۆدێرنەکانیش مشتومڕیان لەسەر ئەوەیە کە کوشندەترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی کەسیی لە سیستەمی نوێنەرایەتیی دێموکراسییەوە دێت.١٩ "بەقەدەر ئەوەی کە هەمیشە و لە هەموو شوێنێک ژمارەی هەژاران لە هی دەوڵەمەندان زۆر پترە، کەواتە لەڕووی ڕامانەییەوە (تیۆرییەوە) سنوورێکی دیاریکراوی دەسەڵاتی دەوڵەتی دێموکراسی بۆ پێشێلکردنی سامانیی تایبەتی کەسییەوە نییە."٢٠ لێرەدا سەیر نییە لە ڕوانگەی ئەم ترسەوە ڕامانەداڕێژانی (تیۆریستانی) لیبڕالیزم (هەروەک کانت) سوور بن لەسەر ئەوەی قانوون بە پەسەندنامەوە ببەستنەوە، ئەوەی ئەوان زۆرجاریش مەبەستیانە پەسەندنامەی گریمانەیی نییە، بەڵکوو شەقڵێکە لە پەسەندنامە کاتێک مرۆڤ ئاوەزی گونجاوی خۆی بەکار بهێنێ.٢١
ئەم گرژییەی نێوان هەر چوار تەوەرەکەی لیبڕالیەت نادیدە ناگیرێن، بەڵام هی ئەوەش نییە چارەسەری نەبێت. هەر دێموکراسییەکی لیبڕال بە شێوازی جیا جیا ڕەفتاری خۆی لەبەرانبەر چوار تەوەرەکەدا دەنوێنێت. خۆی گرژییەکی جەوهەریی دیکە لەنێوان ئازادی و یەکسانیدا هەیە. کاتێک دابەشکارییەکی یەکسانیی نایەکسان بۆ موڵکایەتی (بە سامان و بەهرەشەوە) بێتە گۆڕێ، ئەوا دەبێت ئازادییەکە بۆ دەستەبەرکردنی ڕادەیەک لە یەکسانی سەردابنەوێنێت. لە بەندەکاتنی داهاتوودا باسی سازانێک لەنێوان گرژیی ئەو دوو بەها لیبڕالەدا دەهێنینە گۆڕێ، ئەوەی بارە هەرە قورسەکەی سەر شانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی لیبڕالە، کە خۆی لە دابەزینی دەوڵەتی قانوونیی خۆرئاواییدا دەبینێتەوە.
بەرڕەوتی کۆمەڵایەتی-کولتووری لیبڕالیزم
ئەگەر مرۆڤ ئەو بیرۆکانەی لەسەدەی هەژدەم دەوروخولی ڕۆشنگەرییان دابوو بەهەند وەرنەگرێت، ئەوا ناتوانێت بەتەواوی لە لیبڕالیزم تێبگات و هەرسی بکات.٢٢ جارێ لە پێشەوە ئەو بڕوا سەرەکییەی ڕۆشنگەری لەسەری بوو، پیادەکردنی ئاوەز و زانست و دوورخستنەوەی نەفامی و خورافات بوو.٢٣ فیزیای ئیسحاق نیوتن، ئەوەی چەندین قانوونی دۆزییەوە کە بەهۆیەوە دەکرا شوێن و جووڵەی هەر ماددەیەک لەسەر زەوی یان لە ئاسمانەوە دیاری بکرێتت، بەمە هێزی بێسنووری زانستی لە پەردەهەڵدانەوە لەسەر مەتەڵ و تەڵیسمی سروشت دەرخست. لەدوای ئەم دەستکەوتە مەزنە، وا بڕوا دەکرا هیچ شتێک لە تێگەیشتنی مرۆڤ بەدەر نییە. پشکبەندیی فەیلەسوفە ناوازەکانی ڕۆشنگەری ئەوەندە بەرفراوان بوو، سەری بۆ ڕێڕەوی ئاوەز و زانست بۆ ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، قانوونی، ئابووری و ئاکاریش کێشا. ئەوان لەو بڕوایەدا بوون، دەکرێت زانستی مرۆڤ ئەوەندە پێشبکەوێت بەهۆیەوە بتوانێت حکوومەت و کۆمەڵگەکان سیستەمێکی دادوەری و ئاوەزدارتریش بهێننە کایە. بۆ کەسە مجێزبەرز و گەشبینەکان دوائامانج کەمتر نەبوو لە هێنانەکایەی کۆمەڵەیەکی تەواوعەیار. ئیدی هەرچی عورف، دابونەریت و ڕێنماییەکانی کڵێسا هەبوون، ئەوانەی تا ئەو کات سەرچاوەی بەخشینی ڕەوایەتی بوون بۆ دەسەڵات، لەدوای ئەوە کەوتنە بەر چەکوشی ڕەخنەی وردەوە. حکوومەت و قانوون و هەر دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبوایە لەڕووی ئاوەزەوە ڕەوایەتی وەربگرتایە یان لێی دەربازبوونایە. پەسەندنامەی بەرجەستەی بەرژەوەندییەکانی تاک و کۆمەڵ لەو کاتەوە بووە چەقی بازنە و هەرچی بەڵێن و پاداشتی خواوەندانەش بوو بۆ ژیانی ئەودیو هەڵگیرا.
ئەو شەڕ و دەمەقاڵیانەی لە سەدەی شازدەهەمینەوە بەهۆی چاکەخوازان (ڕیفۆڕمیستەکان)ـەوە پەیدا بوون، ڕێگەیان بۆ هاتنی ڕۆشنگەری و لیبڕالیزم خۆشکرد. ئیدی بە ڕاشکاویی داڕسانە کڵێسای ئەرسەدۆکسی، ئەوەی هەزار ساڵ بوو هەژموونەکەی باڵکێش بوو. پرۆتستانتیزمیش پەرەی بەشێوەیەکی تاکگەرایی دا، بەوەی جەختی لەسەر پەیوەندیی کەسیی تاک لەگەڵ خودای خۆیدا کردەوە، بێ ئەوەی کڵێسا دەستی تێوەربدات. ململانێ و بەیەکدادانەکانی نێوان پرۆتستانت و کاسۆلیکەکان کوشتارگە و داهێزرانی هێزی هەر دوو لای لێ کەوتەوە، تا لەدواییدا ناچار بوون ئاگربەستێک لەسەر بنەمای لێبوردەیی ڕابگەیەنن.٢٤ ڕاستی و ماکی خودی ململانێکە سەلمێنەری ئەوە بوو کە چیدی بنەما دینییەکان بۆ زانست بێوەی و سەلامەت نین. لە ڕوانگەی ئەوەی کریستیانێتیی سەدەکانی ناوەڕاست دیدێکی سەرتاپایی جیهانی هەبوو، کە سیاسەت، قانوون، ئاکار و ئابووری دەگرتەوە، هەروەک چۆن دیاردە سروشتییەکانیشی دەگرتەوە. پاشان ئەو گومانانەی سەبارەت بە ڕێنماییەکانی کڵێسا پەیدا بوون، ڕێگەیان لەوە نەگرت بۆ بوارەکانی دیکەی ژیانیش گشتگیر بکرێتن و ئەوانیش بگرێتەوە.
زیانمەندی هەرە گەورەی ئەو لێپرسینەوەیە گشتییە ئەو میراتە وێرانکەرەیە بوو کە تا ئێستاش ماوەتەوە، ئەویش تێکشکاندنی یەقینە ئاکارییەکە بوو. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەکرا مافی ئاکاری و مافی سروشتی بەگوێرەی سروشی تەوجیلیەوە (هەر وەک کڵێسا ڕاڤەی دەکرد)، یان لەڕێی بەکارهێنانی ئاوەز، کە خودا بەمرۆڤی بەخشیوە، لە یەک جیا بکرێتتەوە. هەرچی فەیلەسوفانی ڕۆشنگەریش بوون بەوە متمانەدار بوون کە زەمینەی نوێی سێکولاری بۆ مافی ئاکاری و قانوونی سروشتی دەکرێت لە پەیڕەوکردنی ئاوەزەوە بۆ توێژینەوە لە سروشتی مرۆڤەوە بدۆزرێتەوە، بڕواشیان وابوو ئەمە شتێکی گەردوونییە. ئەم هەوڵ و تەقەلایەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار شکستی هێنا.
دۆزینەوەی جیهانی غەیرەڕۆژئاوایی هاوزەمان لەگەڵ ڕۆشنگەری، پەردەی لەسەر چەندین سیستەمی عورفی و ئاکاریی جیاواز و چاوەڕواننەکراو هەڵدایەوە. خۆ ئەگەر کورتهێنانیش لە خاسییەتی هاوبەشیاندا هەبووبێت، بەڵام خۆ هەندێک لە بەها و دابەکان هەر دەبوو ڕاست بن و هەندێکیشیان هەڵە بن، کەچی بەڵگەیەکی پێوانەیی نەبوو تا حوکمێکی وەها بدرێت، کە سیستەمێکی ئاکاری لە ئەوی دیکە باڵاترە. زۆرێک لە فەیلەسوفان گریمانەی ئەوەیان کرد گوایە شارستانییەتی ڕۆژئاوا باڵاترە، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە پێیان وابوو سیستەمە "سەرەتاییەکان" ئەوانەی ون بوونە، پاکتر لەگەڵ بوونی مرۆڤدا دەهاتنەوە. هەندێک سوور بوون لەسەر ئەوەی، کە چەقێکی هاوبەشی بیروباوەڕی ئاکاری لەژێر ئەو جیاوازی و فرە کولتوورە هەبوواندا هەیە. هەرچی بەڵگەوبەندە فەلسەفییە مەزنەکەی دایڤید هیومیشە، داڕشتەی هەیە is و پێویستە هەبێت ought لە یەک جیا دەکاتتەوە – باندۆر و لێکەوتەی پێشبینییە پێوەرییەکان جۆرێکی جیاوازترن لە پێشبینییە چەندایەتییەکان و ناشکرێت دەرەنجامەکەی لە پێشبینییە وەەسفییەکانفدا هەڵبهێنجێنرێت- بەمەش ئەو هەوڵ و کۆششەی داتەپاند، کە پێیان وابوو پێوەرە ئاکارییەکان لەسەر بنەمای داب و ئاکاری هاوبەش ڕۆنراون. ئەو ڕاستییەی هەیە کەوا پێوەرێکی ئاکاری بەوپەڕی فراوانییەوە بڵاوبووەتەوە، هەر بەخۆی ئەوە ناگەیەنێت کە پێویستە لەسەری بڕۆین. دەکرێت ڕوانینە کردەییەکەی ئەم خاڵە فەلسەفییە لەو ڕاستییە باوەدا ببینینەوە کە وا کۆیلایەتی کردەیەکی باوی هاوبەشی کولتوورەکان بووە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، چەوساندنەوەی ژنان هەر بەربڵاوە. سەرباری ئەمەش، وا پێدەچێت بەڵگەوبەندەکەی هیوم ئەوە بەدوور بگرێت کە هیچ سیستەمێکی ئاکار بەشێوەیەکی تایبەت لەسەر سروشتی مرۆڤەوە دانرابێت، چونکە ئەمە لەسەر ئەوەی "هەیە" دانراوە، هەروەها لەسەر ئەو پێشبینی و پێشنیارە وەسفییانەی ئاخۆ ئێمە وەک مرۆڤ کێین، تا ئەوە بگوترێت لەسەر ئێمە پێویستە چۆن بجوڵێینەوە. ئاریشەیەکی پێشچاوی دیکەش ئەوە بوو، مرۆڤ (پێدەچێت هەر بە سروشتی خۆی) زۆر ئەهریمەن بێت، بۆیە هەر بەتەنیا پشکنینێکی سروشتی مرۆڤ نابێتە مایەی ئەوەی ڕەفتارێکی ئاکاری گونجاوی لەسەر دابنرێت. لایەنی هەرە کەمی قانوونێکی سروشتی، کە لە سایەیدا بارودۆخێکی پێویستی ژیان و مانەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی بهێنێتە کایە، ئەوا پێدەچێت ستراتیژییەکی پەسەندکراو بێت، بەڵام خۆی ئەمە لەبارەی مجێزبەزری و دنەدانی زیاتر زۆر کورتهێنە، زۆر بە زەحمەت دەکرێت بە شتێکی ئاکاری وێنا بکرێتت. قانوونی سروشتیی مجێزبەرز ئەوەیە کە تیشکی خۆی بخاتە سەر گەشەی مرۆڤ، بەوەی یەکەم جار دەبێت بزانێت ئاخۆ گەشەی مرۆڤ واتای چی دەگەیەنێت، هەروەها پێویستە شێوازێک لە ئەگەرە جێگرەوەکانی بەردەست لێ هەڵبژێرێت و پۆلێنبەندیی بکات، بە جۆرێک بوار بۆ هیچ وەڵامێکی دژبەیەک سەبارەت بە بژاردەکەی نەهێڵێتەوە.
ڕۆمانسییەکان زەبرێکی کوشندەیان سرەواندە پڕۆژەی تۆباوی (خەیاڵپڵاوی) ڕۆشنگەری، بەوەی بەرەنگاری یەکانگیری و ئارەزوومەندیی گەردوونی و (بەیارمەتی دایڤید هیومیش) چوارچێوەی ئاوەز بوونەوە، داکۆکیان لەسەر پێگەی خۆیان بۆ پرسی تایبەتمەندی و خواست و داهێنان و هەست و سۆز کردەوە. ئەوان کولتوورەکانیان بە شتێکی نەمر و بەرز زانی بەوەی هەرخۆیان یەکەیەکی گشتین، هەر یەکەیان بوونێکی بێوێنەی خۆی و جیهانی ژیان و بەهای بێنموونەیی خۆیەوە. "لێ ئەگەر ئەو ژمارە زۆرە لە چەشنەکانی تەواوعەیاریمان بەگوێرەی جۆرەکان کولتوورە لەیەک جیاکانمان هەبێت، هەر یەکەشیان نموونەی تایبەتی خۆی بە خێر و چاکە هەبێت، کەواتە لێرەدا بیرۆکەی ئەگەری هەبوونی تاکە کۆمەڵێکی تەواوعەیار شتێکە لەگەڵ لۆژیک نایەتەوە."٢٥
لەگەڵ شکستهێنانی هەوڵ و کۆششی ڕۆشنگەری بۆ ڕۆنانی پرینسپگەلێکی ڕەها یان گەردوونی بۆ ئاکار، ئەوە بوو زۆر لە فەیلەسوفان وازیان لە ڕێگەی بەدواداچوونی کلاسیک هێنا بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی باشە، ئەو ڕوانینەیان ڕەت کردەوە کە دەگوترا ئەم شتە تاکە باشەی هەبووە یان بەلای کەمییەوە دەکرێت بە یەقینێکی تەواوە پێناسە بکرێت کە وایە. یەکێک لە دەرچەکانی ئەم لۆژیکە داننان بوو بە فرەیی (پلورالیزمی) ئاکار، ئەوەی سەری کێشا بۆ ئەوپەڕی گومانی ئاکاری (ئەو زێدەڕۆییەی بیرمەندانی ڕۆشنگەری بێزراندیان).٢٦ کاردانەوەیەکی دیکەی ئەم لۆژیکە سەرهەڵدانی ڕامانەی (تیۆریی) سوودگەرایی ئاکاری سەدەی نۆزدەهەم بوو، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەبوو، کە بیرۆکەی باش ئەوەیە کە بە ئارەزووی خەڵک بێت یان پێی دڵخۆش بن؛ بەگوێرەی ئەم ڕێبازە، دامەزرانی کۆمەڵ و دامەزراوەکانیشی بۆ ئەوە نەخشەیان بۆکێشراوە تا ئەوپەڕی ڕادە چێژ(کەمترین ئازار) بە تاکەکانی نێو کۆمەڵ ببەخشێت. کاردانەوەیەکی دیکەش هەبوو کە هەموو تیشکی خۆی خستبووە سەر جەختکردنەوەی ڕێکارگەل: لەبەر ئەوەی ناوەڕۆکی پرنسیپە ئاکارییەکان دوورن لە یەقین، بۆیە باشترە ڕوو لە جێگرەوەکەی بکرێت، ئەویش ڕێککەوتنە لەسەر کۆمەڵێک ڕێکار تا بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانە بگیرێتەبەر، ئەوانەی کاریگەرییان بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە. ئیدی وەک لە بەندەکانی داهاتووی ئەم کتێبەدا دەردەکەوێت، لیبڕالیزم لە جەوهەری خۆیدا ڕێکارانەیە.
ئێستاش دەکرێت باشتر لە ئازادی تێبگەین کە چەقی بازنەی لیبڕالیزمە. هەروەک ئاماژەی بۆ کرا، کەواتە ئازادی بەدواداچوونی شێوازی تایبەتیی مرۆڤە بۆ خێر و چاکە. هەرچۆنێک ئێستا لەم شتە تێبگەین بەوەی باشترین ڕێگە بۆ بەرزڕاگرتنی سەرتاپای چێژە، یان هەڵوێستێکی گریمانەیی بێت لە ئەنجامی نوشوستیی پێناسەکردنی پرینسیپگەلی ئاکاریی جیهانی بەسەرماندا چەسپێنرابێت، یاخود هەڵوێستێکی ڕاستودروست بێت، کە لەبەرئەنجامی ئەو گوتەیە گیرابێتە بەر، کە دەڵێت کۆمەڵێک شێوەی خێر و چاکەی جێگرەوە پەیوەستن بە کولتوور و شێوەی جیاجیای ژیان، ئەوا هەرچۆنێک بێت ئەنجامەکە یەک ئەنجامە، ئەویش: لیبڕالیزم لەڕێگای لەباوەشگرتنی فرەیی ئاکارییەوە ڕۆنراوە.٢٨
فرەییی ئاکاری لەنێو لیبڕالیزمدا بە دوو شێوازی جێگرەوە کارایە، کە دەکرێت بەیەکەوەش هەڵبکەن. شێوازی سەرەکیی ڕۆژئاوایی بریتییە لە ڕوانینی تاکەکان لەنێو بۆتەی کولتوور[ێکی تاکگەرایی] بۆ فرەییی ئاکار؛ شێوازە لاوەکییەکەش ئەوەیە کاتێک زیاتر لە کۆمەڵگە و کولتوورێکی جیاواز (لیبڕال یان نالیبڕال) بەیەکەوە لە بۆتەی یەک تاکە سیستەمدا دەژین. لە هەردوو دۆخیشدا دەوڵەتی فیدراڵ خۆی وەها دادەنێت لەبەرانبەر هەر شێوازەڕوانینێکی جێگرەوە بۆ چاکە و خێر بێلایەنە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە دەوڵەت ڕوانینێک لە یەکێکی دیکە سەرووتر بگرێت یان بە شان و باڵی دینێکدا هەڵبدات و بیکاتە هی دەوڵەت و بەسەر ئەوی دیکەیدا زاڵی بکات، بەڵام خۆ لێرەدا شتێکی گرنگی دیکەش هەیە، هەر دەوڵەتەکە خۆی ڕێکاری قەدەغەکردن یان سزا بەرانبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر، ئەوانەی توندوتیژی لە دژی بەرانبەرەکەیان بەکاردەهێنن و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی دەوڵەتە لیبڕالەکە. شێوازە کێبڕکێکارەکان لەسەر خێر و چاکە – بۆ سەرهەڵدان و گەشە و گۆڕان یان پووکانەوە – بۆ بازاڕی هزرە کولتوورییەکان وازی لێ دەهێنرێت. لێرەدا بنەماکانی لیبڕالیزم هەراسان ناکرێتن، بەلای کەمی لای زۆرینەی داڕشتەکانی لیبڕالیزم کاتێک دەوڵەت پشتگیریی ماددی یان هاندان بۆ پەروەردە و فێربوونی ئامانجە دیاریکراوەکانی کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەک پشتگیریی هونەر و مۆسیقا، یان برەودان بە چالاکییەک بۆ سەلماندن یان چاندنی بەهاکانی لیبڕالی وەک لێبوردن و سەربەخۆیی تاکگەرایی لەنێو گەنجاندا، بەڵام نابێت دەوڵەت لە جیاتی هەر کۆمەڵە و تاقمێکی تایبەت ئەو بەهایانە بسەپێنێت.
ئەم هەڵوێستە بێلایەنییە تایبەتییە واتای ئەوە ناگەیەنێت سیستەمە لیبڕالییەکە بەتەواوی بێلایەن بێت، خۆی لەدوو ڕوانینی گرنگدا وەها نییە. ڕژێمە لیبڕالە ڕۆژئاواییەکان لەسەر ئەو هەڵوێستەن، کەوا بێلایەنی پرینسێپێکی ڕاستودروستە تا حکوومەت و سیستەمی قانوونەییەکەی لەسەر ڕۆبنرێت.٢٩ ناکرێت لەلایەن ئەوانەی لە حکوومەتدا باڵادەستن ئەم بێلایەنییە هەڵبوەشێنرێتەوە. خۆئەگەر وەها نەبێت، ئەوا لیبڕالیزم ناتوانێت لەبەرهەمهێنانەوەی خۆی سەرکەوتوو بێت، ئاخر خۆ ئەوە ڕوو دەدا کاتێک دژەلیبڕالەکان یان گرووپێکی دژەلێبوردەیی لەڕێی دێموکراسییەوە دەسەڵات بگرنەدەست و بەرەو بنیاتنانی ڕژێمێکی نالیبڕالی هەنگاو بنێن. سیستەمە لیبڕالەکان لەوەدا بێلایەن نین کە پێشنۆرەییان داوەتە مافەکانی تاک بەوەی سنوورێک بۆ کۆمەڵ دابنرێت. لەبەر ئەم هۆکارانەش، کۆمەڵ و جڤاتە لاوەکییە نالیبڕالەکانی نێو بونیادی سیستەمی لیبڕال هەست دەکەن لەگەڵ سیستەمی باوی لیبڕالیدا لە ململانێدان، هەروەها لەوەش دەترسن کە بەهاکانیان لەو بۆتە گشتییەدا دابشۆرێت.
تکایە ئەم دەقە هەڵەچنی کراوەیە:
پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە بێلایەنیی لیبڕاڵی، وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵانەیە لەبەرانبەر ڕوانینی پێشتر بۆ دەوڵەت و بۆ قانوون. لە سایەی ڕوانینە کلاسیکییەکانی یۆناندا، دەوڵەت و قانوون ئاراستەکەر بوون بۆ برەودان بە چاکە و ژیانی کۆمەڵایەتی (هی ئەرستۆکرات و جەنگاوەران)؛ لە سایەی سەدەکانی ناوەڕاستیشدا وایان دەبینی کە ڕۆڵیان داهێنان و درێژەپێدانی ژیان و کۆمەڵی کریستیانییە لەسەر زەوی. لە هەردوو دۆخەکەدا، قانوون وەک ڕەنگدانەوەیەکی جەوهەری شێوازێکی چاکە و خێر و ژیانێکی هاوبەشی ئامانج هاوبەش بووە.
بەگوێرەی ڕوانینی لیبڕاڵیش، پێویست بە بوونی ڕێگەیەکی هاوبەشی ژیان ناکات کە باز بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا بدات کە بەهۆیەوە بۆ تاکەکان باشتر بێت ئەگەر لێیان بگەڕێن خۆیان و خواست و ئارەزووی خۆیان بن. ئیتر لەبری ئەوەی کۆمەڵێکی یەکگرتوو بێت کە بەهای هاوبەشی هەبێت، ئەوا کۆبوونەوەی تاکەکانە پێکەوە بەشێوەیەک کە بڕوانامەی دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتریان لە نێواندا بێت.
بەراوردکردنی کۆمەڵگەرایی بە لیبڕالیزم
ڕیگەیەکی دیکە بۆ تێگەیشتن لە لیبڕالیزم لەبەریەکڕانانیەتی لەگەڵ کۆمەڵگەرایی- لێرە بەدەستەواژەی سادە ڕوون دەکرێتتەوە-، ئەوەی بەشێوەیەکی باو لە ڕامانەی سیاسیدا بە دژەکەی دەناسرێتەوە.٣٠ خاڵی دەستپێکی کۆمەڵگەرایی کۆمەڵ/جڤاکە، نەوەک تاک. کۆمەڵ بەر لە بوون و مردنی تاکەکان پەیدابووە. کۆمەڵ خاوەنی بوون و قەوارەی خۆیەتی و لەوە زیاترە هەر بەتەنیا کۆمەڵبوونی تاکەکان بێت. کۆمەڵ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بۆ مانەوە هەیە، زۆریش لەوە جیاوازترە کە کۆمەڵبوونی بەرژەوەندیی تاکەکان بێت. کولتوور، زمان و مێژووی کۆمەڵ لانکەی سەرهەڵدان و پەروەردەی تاکە. ناسنامەی تاکەکان بە پێگەیان لەنێو کۆمەڵدا شێوە و بڕیاری خۆی وەردەگرێت. هزری باش و چاکەش هەر لە کۆمەڵەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە ڕێبازی ژیان. واتای ژیان بۆ تاک ڕۆڵی خۆیانە لەنێو کۆمەڵ و بەشداریی کارایانە لە ژیانی کۆمەڵدا، نەوەک بەدیهێنانی خۆییەتی و سەربەخۆیی تاکایەتی خۆیان. هەر بەڕاستیش تاکەکان ناتوانن نە سەربەخۆ بن و نە بڕیاریش لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەڵکوو ئەوان بوونەوەری کۆمەڵن کە دەیانهێنێتە بوون، خۆراکیان دەداتێ و دەیانخاتە سەر ڕێڕەوی ژیان لەنێو کۆمەڵدا. ئەو بژاردانەی لە دەستی تاکەکاندایە، ئەو جێگرەوە کۆمەڵایەتییانەن کە هەر کۆمەڵێک بەهای پێداوە. بەم جۆرە چەمک و لێتێگەیشتنی کۆمەڵگەڕایی بە چەندین شێوە پێشەنگایەتی دەداتە کۆمەڵبوونەکە نەوەک تاکەکان خۆیان.
قانوون لە سیستەمی کۆمەڵگەرادا ڕەنگدانەوەی بەها و بەرژەوەندییە کۆمەڵە. قانووندانایش پرسی دۆزینەوە یان ڕاگەیاندنی بەها و بەرژەوەندیی ژیان و کولتووری کۆمەڵە.٣١ قانوونیش بەهیچ شێوەیەک بێلایەن نییە، بەڵکوو پاڵپشت و سەلمێنەری ڕێگەی ژیان و بەرژەوەندیی کۆمەڵەکەیە. ئیدی لەگەڵ هەبوونی بەهای هاوبەشی بەربڵاو و قانوونی عورفیدا، پێویست ناکا قانووندانان باڵکێش یان قەبە بێت. ئاخر چارەسەرکردنی کێشەکان پشت بە ڕێساگەل نابەستێت بەقەدەر ئەوەی پشت بە سەلماندنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ دەبەستێت. لێرەدا ئەوەی شایانی سەرنجە؛ بەپێچەوانەی ئەو ترس و مشوورخۆرییەی لای لیبڕالەکان هەیە، لەوەی حکوومەت بەرەو ستەمکاری هەنگاو بنێت، ئەوا لە سیستەمی کۆمەڵگەرادا پێویست ناکا سنوور بۆ دەسەڵاتی حکوومەتدا دابنرێ. ئاخر خۆ دەوڵەت لەدژی تاکەکان نییە، بەڵکوو لەبری ئەوە درێژەپێدەری کۆمەڵە، بۆیە پێویست ناکات بۆ گەیشتن بە چاکەی گشتی دەستکەوتە گشتییەکەی سنووردار بکرێت.
لیبڕالیزم و سەرمایەداری (کاپیتالیزم)
لەبەر هۆکارگەلێک سەبارەت بە بنەچە و ناوەڕۆکی لیبڕالیزم، ناوی تیۆریکی (ڕامانەیی) سیاسی بۆرژووازی لێ نرا. ئەم دەربڕینەش لەسەر زاری جۆن لوکەوە هات کە هاوزەمان بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی نوێی چینی بازرگانان لە شار و ئاواییەکانی ئینگلستانی.٣٢ هەروەک لە بەندی پیشوو ڕوون کرایەوە، بۆرژوازی کەوتە خەباتێکی دوورودرێژ لەدژی زێدەمافەکانی خانەدانێتی، دژی قانوونەکان وەستانەوە، ئەو قانوونانەی ڕێگەی کار و چالاکییەکانیان لێ گرتبوون، هەروەها پێگەیەکی قانوونیشیان نەدابوونێ. ڕامانەیەکی (تیۆرییەکی) سیاسی تاکگەرایی کە داکۆکی لە ئازادی و مافەکان دەکات، نەخاسمە مافەکانی گرێبەست و موڵکدارێتی بە مافی فرۆشتنی کاری تایبەتیشەوە، هەروەک چۆن ڕامانەکەی (تیۆرییەکەی) جۆن لۆک وەهای کرد، ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژووازی بوو.٣٣ مافی موڵکایەتی بووە مایەی پاراستن و کەڵەکەبوونی سەرمایە؛ مافی کاریش بەرانبەر مزوکرێ سەری ئەو کۆتوبەندانەی خوارد کە سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕێگر بوو بۆ دەستەبەرکردنی دەستی کار؛ ئازادیی گرێبەستیش ڕێگر بوو لەوەی حکوومەت دەست وەربداتە کاروباری گرێبەستی نێوان بازرگان و کرێکاران، هەروەها بازرگانەکان خۆبەخۆ؛ جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیش بۆ ئاڵوگۆڕییەکان بووە پارێزبەندی.٣٤ سەرباری ئەمەش، بارزگانان پێویستیان بە پێشبینیی متمانە هەبوو بۆ پاراستن و درێژەدان بە گرێبەستەکان و مافی خاوەندارێتی بۆ ئەوەی ببێتە داردەستێک بۆ هەژمارکردنی سوودی چاوەڕێکراو لە سەودای بازرگانی و مسۆگەرکردنی بەرهەمی پڕۆژکانیان.٣٥
لەلایەن ئادەم سمیسیشەوە پشتگیری ئابووریی لیبڕالیزم کرا، ئەو کەسەی بە پێداگرییەوە دەیگوت ئەو تاکانەی لە بازاڕدا بەدوای بەرژەوەندییەکانیان دەکەون، ئەو بازاڕەی ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی ئازاد و کێبڕکێ لەسەر نرخی کاڵاکان و کرێوە دەدا ئەوا (هەروەک ئەوەی دەستێکی نادیاری لەپشت بێت) دۆخێکی سوودمەند بۆ هەمووان دێنێتە ئارا. تاکەکانیش بۆیە سوودمەند دەبن، چونکە سەرقاڵی کار و بەرهەم و چالاکییەکی کێبڕکاری وەهان، کە بەگوێرەی خواست و ئارەزوو و تواناکانیانە. کۆمەڵیش سوودمەند دەبێت چونکە سامان قەبە و زیاد دەبێت: هەر ئەو کاڵایانە بەرهەم دێن کە سودیان بەدوایەوە و بڕی بەرهەمیش لەسەر خواستە و هاوڕێکییەکیش لەنێوان تێچوون و نرخ و چۆنایەتییەکی کاڵاکان هەیە، دابەشکارییەکەش بۆ ئەوانەیە بایەخی دەزانن (ئەو پێوەرەش بە خواستی کڕینەوە دەستنیشان دەکرێت). هەر شتێکیش پێ بەپێی سنووردارکردنەکانەوە نەیەتەوە، ئەوا ڕێڕەوی سزای ڕاستکردنەوەی سروشتی وەک شکستییەک بەدواوەیە. ئەم سیستەمی "ئازادی سروشتی"یە زۆر باڵادەستتر دەبێت لە نەخشە و پلانی حکوومەت، ئەو نەخشە و پلانەی ناکارایە ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، ئاخر ئەوکات دەست بۆ مافی سروشتی خاوەندارێتی و گرێبەستی تاکەکان دەبات.٣٦
خەوشی سەرەکیی نەخشە و پلانی حکوومەت ئەوەیە کە لە توانایی و خواست و مەیلی دوولایەنی تاکەکان نازانێت؛ لە کاتێکدا بازاڕەکان لە ڕێی ئاڵوگۆڕی خۆبەخشانەی بێ سنووری تاکەکان وەک میکانیزمێک بۆ قەیدکردنی خواست و ئارەزووەکان دەکەوێتە گەڕ. بەم جۆرە پێویستە حکوومەت چوارچێوەیەک لە قانوونبۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی و گرێبەست دابنێت، هەروەها پێویستە سیستەمێکی نەختینەی دراوی ڕێکوپێک دابنێت تا کێبڕکێ و بازاڕی ئازاد بپارێزێت، لە باقی دەستوەردانەکانی دیکەش خۆی بەدوور بگرێت. بانگەوازی ئەم بیروبڕوایە کە ئاراستەی نەوەکەی خۆی کرد، هی مشتومڕکردن لەسەر نەبوو. ئەم بڕوایە بە ئەربابکاترانی گوت ئەو چاکەبەخشێکی میللیە، هەروەها بەپێداگرییەوە پێی گوت، کە چەند کەمتر سنوور بۆ هەوڵدان بۆ سەروسامانی لەپێش دابنرێت، ئەوەندە خۆی و هاوڕێکانی سوودمەندرتر دەبن.٣٧ بەڵگەوبەندە ئابوورییەکانیش ڕێگایەکی دیکەی هاندەرانە بوون بۆ ئەوەی تاک بەدوای خێر و چاکەی خۆیدا بگەڕێت، ئێستاش بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بۆ بنیاتی حکوومەت و یاساکانە ئەم پەیڕەوکارییە ئاسان بکەن.
هەروەک وەسف کراوە، پەیوەندیی نێوان لیبڕالیزم و سەرمایەداری پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و گەرموگوڕە. لیبڕالیزم لەبارەی ئازادییەوەیە؛ هەرچی سەرمایەداریشە سیستەمێکی ئابوورییە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی ئازادانەی ئابوورییەوە دامەزراوە. ئەو ئازادییەی لیبڕالیزمی سیاسی بانگی بۆ دەدات ئازادییەکی دەستنیشانکراو نییە، بەڵام ئاستێکی باڵای لیبڕالیزمی ئابووری لەخۆ دەگرێت. هەڵبەتە تاکەکان لەنێو کۆمەڵدا سەرقاڵی کار و چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانن، کە ناکرێت بە یەکجاری لە یەکیان جیا بکەیتەوە. داهێنان، بەرهەمهێنان، کڕین و فرۆشتن، کەڵەکەکردن، بەکارهێنان لەنێو ئەو شتانەن کە خەڵک لە جڤاکە سەرمایەدارەکاندا و لە ڕێڕەو و ڕۆیشتنیان لەگەڵ ئازادییەکاندا هەڵوەدای بەدەستهێنانیانن. ئیتر ئەو ئازادییەی کە لیبڕالیزم هەڵمەتی بۆ دەکات بە شێوەیەکی سەرەکی خۆی لە مەیدانی ئابووریدا دەبینێتەوە. ڕەوایە ئەو ئەنجامە بگوترێت، لیبڕالیزم دەربڕی "ئەو ڕوانینە سیاسییەیە لەلایەن کاروکردەوەی بازاڕی سەرمایەداری داوا دەکرێت و ڕەوایەتیشی پێ دەدرێت."٣٨
هەر بۆ دوورکەوتنەوە لە بەدحاڵبوونێکی باو، لیبڕالیزمی سیاسی وەک پێویست پێ لەسەر ڕوانینی دەستوەرنەدانی حکوومەت داناگرێت.٣٩ هایک، یەکێک لە داکۆکیکارە هەرە سەرسەختەکانی لیبڕالیزمی کلاسیک لە سەدەی بیستەمدا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە: "دیارە هیچ شتێک ئەوەندەی هەندێ لە بیستانڕنە لیبڕالەکان زیانیان بە پرسی لیبڕالیزم نەگەیاندووە، ئەوندەی زۆر بەتوندی دەستیان بە پرەنسیپی دەستوەرنەدانی حکوومەتدا گرتووە."٤٠ مشتومڕی هایک لەسەر ئەوەیە، وێڕای چەسپاندنی چوارچێوەیەکی قانوونی بۆ بازاڕ، ئەوا بەشداریی حکوومەت و ڕێکخستنی کاروباری بازاڕ شتێکی پێویستە نەخاسمە کاتێک ئامرازەکانی کێبڕکێ و نرخ بۆ دابیکردنی کاڵای گشتی و ژێرخان هەروەک دروستکردنی ڕێگاوبان و کاردانەوە بەرانبەر دارستان و پرسی پیسبوونی ژینگە دەرەقەت نایەن.٤١ ئەو پێداگرە لەسەر ئەوەی، "گومانی تێدا نییە لایەنی کەمیی خۆراک ، هەنوان و جلوبەرگی پێویست بۆ باری لەشساغی و توانستی کار دەکرێت بۆ هەمووان مسۆگەر بکرێت."٤٢ ئەو بۆ هێنانەکایەی سیستەمێکی دەوڵەتی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی تاکەکان لەدژی کارەساتەکان داکۆکیکار بوو.٤٣ کۆنسەرڤاتیڤە هاوچەرخەکان، ئەوانەی داوای کەمتر یان هەر نەهێشتنی ڕێخستنی قانوونی دەکەن، ئەو لێتێگەیشتنەی هایکیان لەبیر چووەتەوە، بەوەی دەوڵەتی لیبڕال ڕۆڵی جەوهەریی دەوڵەتی قانوون دەپارێزێت.
هۆشدارییەکی کۆتایی
لەوانەیە کابرای لیبڕاڵ، ئەو کەسەی ئازادی بە بەنرخترین بەها دابنێت، لەو وێناکردنە لیبڕاڵییە هەراسان بێت کە قانوونبە پارێزەری گەورەی ئازادی دادەنێت. لیبڕاڵەکان وای دەبینن کە قانوونبە شێوەیەکی بەرفراوان بەسەر ئازادییەوە خۆسەپێنەرە. جیرمی بانتام - خۆی لیبڕال نەبوو، بەڵام داکۆکیکارێکی سەرسەختی ڕوانینی ئاشکرا و ڕوونی قانوون بوو- سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئازادی "شتێک نییە قانوون بەرهەمی بهێنێت. ئازادی بەبێ قانوون هەیە و لەڕێی قانوونیشەوە پەیدا نابێت."٤٤ لیبڕالەکان بڕوایان وایە، کە قانوون دەبێت لایەنی کەمی مەرجی پێویست بۆ تەکوزیی کۆمەڵایەتی دابنێت، هەر ئەمەش لە ئانارشیستەکان جیایان دەکاتەوە. لەوە زیاتر شتێکی دیکە نییە. لەو کاتە ئازادی هەیە کە قانوون بێدەنگ بێت.٤٥ قانوون کەمتر، ئازادی پتر. لەم ڕوانگەیەوە، قانووندانان بەچاوپۆشین لە بناغە دێموکراسییەکە بە هەڕەشە دادەنێت، دەوڵەتی قانوونیش خزمەتی قانووندانان دەکات؛ هەروەها مافەکانی تاکیش ئەوەندە کەمن ناپارێزرێن.
ڕامانەداڕێژانی (تیۆریستانی) کۆمەڵناسیی مۆدێرن ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە "ڕەوایەتیدان" لە جڤاکە لیبڕالەکان هەڕمێنی پەیدا کردووە، ئەمەش لەڕێی قانوونەکانی دەوڵەتەوە پێشهاتێکی بێپێشینەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، کە تا دێت بەرەو کاروباری تاکەکانیش دەکشێت.٤٦ خۆ ئەگەر بەڕاستی ئەمە بێتە دی، ئیتر ئازادی لە کۆمەڵە لیبڕاڵەکاندا بە چاوپۆشین لە هەبوونی ئەوەی پێی دەگوترێت پارێزبەندی یاسایی لەچاو زۆر لە ڕژێمە ڕەهاکانی پێشوو کەمترە، ئەوانەی ژمارەی یاساکانیان کەمتر و دامودەزگاکانیش لاوازتر بوو. لێ خۆ بە لایەنی کەمەوە دەکرێت ئەم خەتابارکردنە ڕەت بکرێتەوە، ئەمەش کاتێک دان بەوەدا بنرێت کە گونجاو نییە کۆمەڵی سەرمایەداریی نوێ لەگەڵ بارودۆخی ژیانی سادەی سەردەمی بەرێدا بەراورد بکرێت، بەڵام خۆ ئەم خاڵە شایستەی هەڵوەستەلەسەرکردنێکی جدییە. سەرباری ئەمەش، هۆشدارییەک لەبنەوە هەیە: بە گێڕانەوەی ئەو ڕامانە (تیۆرییە) ڕەوایانە دەستخەرۆ مەبە، کە بیر و زەینت بەلاڕێدا ببەن لەوەی دۆخەکە نموونەییانەتر و واقیعییانەتر تێبگەیت.
سەرچاوە و پەراوێزەکانی نووسەر:
. 3. John Stuart Mill, On Liberty and Other Writings (Cambridge: Cambridge Univ. Press 1989) p. 16.
. 6. Jean-Jacques Rousseau, The Social Contract (Middlesex: Penguin 1968) p. 65.
تێبینی: سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە بەندی سێیەمی ئەم کتێبەیە:
Brian Z. Tamanaha, On the Rule of Law, History, Politics, Theory, Cambridge university Press, 2004.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved