12/07/2026
مەحاڵبوونی ڕێنێسانس لێرە و لە ئێستادا


سکۆڵەری بواری فەلسەفە

 

ڕێنێسانس (Renaissance) چەترەچەمکێکە کە لەژێر سایەیدا چەندین چەمک و زاراوەی دیکە دەشێ ببینرێنەوە یا جێبکرێنەوە، لەچەشنی (Revival    - ژیانەوە)، (Rebirth  - لەدایکبوونەوە بۆ جارێکی دیکە) و (Renewal  –  نوێکردنەوە)، هۆڕێزان، ڕاپەڕین، زیندووکردنەوە، جارێکی دیکە بەبەرداکردنەوەی گیان یا ژیان، چوست و چالاکبوونەوەیەکی سەرلەنوێ، گۆڕینی مۆدێل یان پارادایمی باو بە نیاز و مەبەستی هێنانەکایەوەی دید و تێڕوانین و هەڵسوکەوتی نوێ و پێشتر نەبوو، هەروەها بووژاندنەوەی هزر و دنیابینییەکی پێشتر گەشاوە و باڵادەست.

ڕێنێسانس وەک کات (زەمەن یا سەردەم) بریتییە لە قۆناغێکی تایبەتی لەناو ترادیسیۆنی ئەورووپیدا کە لە ناوەڕاستی سەدەی چواردەهەمەوە دەست پێدەکات تاکوو سەرەتاکانی سەدەی هەڤدەهەم، کە لەو ماوەیەدا وزەیەکی نوێ و چڕوپڕییەکی دیاری ئایدیا و بیرۆکەکان و دنیابینییە فەلسەفی و هونەری و ئەدەبییەکان خۆیان نومایش کرد، لەپاڵ سەرهەڵدانی کەڵکەڵەی نوێ و گریمانەی نوێ و پڕۆژەی نوێ و بیرکردنەوەی نوێ لە شێوازی هەم بیرکردنەوە و هەم ژین و ژیان، شێواز و تەرزێکی نوێ بە چاوبڕین لە (Classical Antiquity)  کولتوور و زەمەنی دێرین یان کلاسیک. مەبەست لە کلاسیک بریتییە لە شارستانێتیی یۆنان و ڕۆم لە شەش سەدەی پێش زایینەوە تاکوو کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆرییەتیی ڕۆم  (Roman Empire)؛ (بەشە خۆرئاواییەکەی لە ساڵی ٤٧٦ ز. کۆتایی هات، بەشە خۆرهەڵاتییەکەی لە ساڵی ١٤٥٣ ز. کۆتایی هات).

ئەو قۆناغە، واتا ڕێنێسانس، قۆناغی داهێنانی نوێ بوو لە کولتوور و هونەر و پەروەردە و فێربووندا کە لە ئیتاڵیاوە دەستی پێکرد و دواجار کیشوەری ئەورووپای گرتەوە.
بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت-شارەکانی ئیتاڵیا جوگرافیا و سەکۆکانی ئەو گۆڕینانە بوون. هەرچەندە ئیمپراتۆرییەتیی ڕۆمانی (خۆرئاوایی) ٤٧٦ ز. کەوت، بەڵام شارە مەزنەکانی ئیتاڵیا گیانی سالمیان دەرکرد. ئەوەی گرنگە لەو شارانەدا چینێکی پیشەوەری سەربەخۆ و بازرگانە سەربەخۆکان هەبوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی میرەکان، کە ئەمە بووە مایەی هاتنەکایەوەی هەلومەرجێکی نوێی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
تاکوو سەرەتای سەدەی سیازدە، زۆربەی شارەکانی ئیتاڵیا لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ بوون لە میرەکان (Lords) و هەژموونیان بەسەر بەندەر و زەوییە دوور لە ڕووبارەکاندا پەیدا کرد.

لەم هەلومەرجەدا، دەسەڵات لەو شارانەدا کەوتە دەست ئەوانەی ناوزەد دەکران بە (Popoli Grossi)؛ خەڵکی قەڵەو، کە ئاماژەیە بە کەسانی خاوەن سەروەت و سامان و دەستەبژێرێک بازرگان کە دەستیان بەسەر سیاسەتدا گرتبوو لە قۆناغی دەرەبەگایەتی و ڕێنێسانسدا لە دەوڵەت-شارەکانی ئیتاڵیادا، لەبەرانبەر (Popoli Minuto) خەڵکی بچووک و گرگن. کولتووری خەڵکی قەڵەو زۆرتر تێیاندا ڕووپامایی باو بوو، سیاسەتکردن بە هەمان شێوە. لەبەرئەوەی ناونیشان و نازناوی "جوامێر" یا "میر" زۆر شوێنی گرنگیپێدان نەبوون، ناو و ناوبانگی خێزان و پەیوەندییە خێزانییەکان زیاتر شوێنی سەرنجدان بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا سەبارەت بە دەستەبژێری کۆمەڵایەتی، ڕێز یان شەرەف (Honor) زۆر شوێنی بایەخدان بوو، لێرەوە کەمترین تانەلێدان لە ناو و ناوبانگی خێزانێک بەس بوو بۆ بەریەککەوتنی دوو خێزان. وێڕای ئەوەش، یەکێک لە ڕەهەندەکانی ناسنامەی ئەم چینە "خەڵکی قەڵەو" بریتییە لە ڕێکخستنێکی ئاشتییانەی سیاسی لەسەر ئاستێکی باڵا تاکوو بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت. لەبەرئەوە خۆیان دەپاراست لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەویەخە و جەختیان زیاتر لەسەر پەروەردە و کولتوور و ئەدەب و هونەر و زانست و بەخششی خوێندن (Scholarship)  بوو. گەر لە شوێنەکانی دیکە جوامێرەکان دەرگیری جەنگ و هونەری جەنگ دەبوون، ئەم چینە لەم دەوڵەت-شارانە سەرقاڵی ئەوە بوون کە سەروەری نیشان بدەن لە هونەر و لە بیرکردنەوەدا، لەپاڵ نیشاندانی زەوق و سەلیقەیەکی تەواو نوێ. بۆ نموونە، شارێکی وەکوو فلۆرانس، کە سیستەمەکەی کۆماری بوو و خاوەنی شێوازێکی حوکمڕانیی مەدەنی بوو (Civic) کە تێیدا هاوشارییەکان دەنگیان لەسەر یاساکان دەدا و خۆشیان لە پۆستە سیاسی و ئیداری و مەدەنییەکاندا بەشدار دەبوون، خزمەتیان دەکرد بۆ کاتێکی دیاریکراو. تاوەکوو ساڵی ١٤٥٣ ز. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی خێزانێکدا بوو بە ناوی (Medici Family) کە خێزانێک بوون لە سێکتەری بانکدا باڵادەست بوون، لەژێر دەسەڵاتی "کۆسیمۆ دی میدیچی" و کوڕەزاکەی "لۆرێنزۆ"ی قەشەنگ  (Magnificent).

گریمانەیەکی بنەڕەتیی ڕێنێسانس وەک کۆیەک بریتییە لەو تێڕوانینەی کە قۆناغی کلاسیک (یۆنان-ڕۆم) سەرچاوەیەکی بەهاداری ناوازەیی بوو، کە قۆناغی داڕزیوی سەدەکانی یازدە و دوازدە -کە بەشێک بوون لەو ناونانەی دواییتر کە هاتنە سەر زاران بەناوی سەدەکانی ناوەڕاست، یاخود سەردەمی چەقبەستن، یا سەدەکانی سەرەولێژبوونەوە، یا سەردەمی پەککەوتنەکان- کە خودی ئەو جووڵانەوەیە، نوێبوونەوەیە، لەدایکبوونەوەیە، چاوی لە جێهێشتنی بڕیبوو، نەک بە مانای گەڕانەوە بۆ یۆنان بەڵکوو بە مانای چاوبڕین لە ئایندە، بە وەرگرتنی وزە و زاد لە مۆدێلی کلاسیکەوە. ئەوەش زەمینەسازییەکی گەورەی بۆ وەرچەرخانێکی گەورە دروست کرد، بەتایبەتی بۆ گۆڕین و وەرچەرخانی کولتووری و فیکری و فەلسەفی و زانست، بگرە زەمینەسازی بۆ شۆڕشە زانستییەکانی سەدەکانی دوایی کرد. هەروەها لە بواری لێکۆڵینەوەی کولتووری و زمانەوانی و ئەدەبیدا جووڵە و بزاوتێکی بەرفراوانی خستە ناو لێکۆڵینەوە یان خوێندنەوەی تێکستە دێرینەکان (Ancient texts) و ڕاڤەکردنیان.
یەکێک لە نیشانە و ئاماژە گرنگەکانی فەلسەفە لە قۆناغی ڕێنێسانسدا بریتی بوو لە زیندووڕاگرتنی خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی دەقە فەلسەفییە بنچینەییەکانی فەلسەفە؛ ئەفڵاتوون و هیومانیزم و فەلسەفەی هێلینیستی و فەلسەفەی سروشتی، دیارە لەپاڵ ئەوانەشدا بیرکردنەوە و خوێندنەوەیەکی نوێی ئەرستۆ.

بۆ گرنگیی فەلسەفە لەو قۆناغەدا بڕوانە ئەم سەرچاوە بەنرخە:
The Cambridge Companion to Renaissance Philosophy
Edited by James Hankins 2007

فەیلەسوف و بیرمەندان و هونەرمەندانی ڕێنێسانس ئاگایانە ئەو بانگەشەیەیان ڕادەگەیاند کە ئەوان چاو لە زیندووکردنەوە و (Reviving) و وزەبەخشینەوەن بە ترادیسیۆنێکی بزر بوو، یان خامۆش بوو، یان لەبیرکراو و فەرامۆشکراوی ترادیسیۆنی یۆنان و ڕۆم کە هەمەچەشن بوو، پێکهاتووە لە فەلسەفە و شیعر و داستان و ڕەخنە و فەلسەفەی سروشتی و دراما و هونەرە جوانەکان.

لە سەرەتاوە ڕێنێسانس وەک هەوڵێک بۆ چاولێکردن یا زیندووکردنەوەی زانست و فەرهەنگ و فیکر و سکۆلەرشیپ  (Scholarship)ی گریک و ڕۆمانی بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە دەوڵەمەندبوونی بزاوتەکە و پڕۆژەکە، بیرمەندان و هونەرمەندانی ڕێنێسانس کەوتنە سەر ڕێچکەی خۆیان و چاویان لەوە بڕی کە ببنە داهێنەرانێکی سەربەخۆ (یان) لەسەر ڕێگا و مۆدێلی خۆیان، کە مانای ڕێنێسانسیش لەم بەشەیدا فۆرمیلە بوو. ڕێنێسانس تەنیا مانای بووژانەوە و زیندووکردنەوە و لەدایکبوونەوە ناگەیەنێت، بەڵکوو چاوبڕین لە مۆدێلێکی ڕابردوو و داهێنانی داهاتوو یا مۆدێل یا پارادایمێکی نوێی بیرکردنەوە و شێوازی ژیان. لەنێوان سەرباسە جیاواز و هەمەچەشنەییەکانی بیرکردنەوەی ڕێنێسانسدا ڕەنگە هیومانیزم (Humanism -  مرۆڤپەروەری و مرۆڤدۆستی) کە ڕەوتێک بوو لە هونەر و ئەدەب و فیکر لە قۆناغی ڕێنێسانسدا بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپووری کلاسیک لە چاخی ڕاپەڕیندا، دوای ئەوەیش لە سەدەی هەژدەهەمدا لەسەر بونیادی جەختکردنەوە لەسەر بەهای هزری مرۆڤدا جارێکی دی پەیدابووەوە، گرنگترین پارادایمی ئاوەزمەندی بووبێت کە تێیدا جەخت لەسەر جوانی و مەرکەزیبوونی مرۆڤایەتی و پێداگری لەسەر مرۆڤبوون لە گەردووندا گرتبێت. مرۆڤدۆستەکان (هیومانیستەکان) پێداگرییان دەکرد لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ خۆڕسکانە ئاوەزمەندە  (Rational)، قەشەنگە، جوامێرە، لەجیاتی ئەوەی کە لاواز بێت یا شەڕانگێز. لەم گۆشەنیگایەوە چاویان لە جوانیی جەستە بڕی لەناو هونەردا، عەقڵی مرۆڤ و دەستکەوتەکانی مرۆڤ لە کایە جیاوازەکانی مەعریفە و هونەر و ئەدەبدا. 

"مرۆڤدۆستیی ڕێنێسانس دواجار بووە ڕەگوڕیشەی چەمکەکانی تاک و تاکگەرایی، پەروەردە بە نیازی پەروەردەکردنی تاکێکی باش پەروەردەبوو، تاکێکی سەربەخۆی جوامێر کە ڕیشەکەی دەگەڕایەوە بۆ پایدیای یۆنانی، پەروەردەی لیبڕاڵی کلاسیک".

ئەوەی تا ئێستا ئاماژەمان پێدا، ئەو ڕەوتە یا بەستێنە ئەورووپییەکەی ڕێنێسانسە کە ئێمە وەک توێژەرەکان لێوەی دەست بەکاربین و ڕۆبچینە گشت باس و خواسەکانی پەیوەندیدار بە ڕێنێسانسەوە. بەڵام ئێمە لێرەدا و لەم باسەماندا نیگەرانیی دیکەمان هەیە، سەرقاڵی دەغدەغەی دیکەی زۆر تایبەتین بە جڤاتی کوردییەوە؛ بە مانایەکی دیکە، ئێمە لێرەدا دەمانەوێت لە بەستێنێکی زۆر تایبەت بە جڤاتی کوردییەوە لە ڕێنێسانس بدوێین، شەنوکەوی بکەین. دیارە لەبەرئەوەی کە شتێک نییە بە ناوی ڕێنێسانسەوە لەم ناوچەیە و بەتایبەتیتر لەناو نووسین و جڤاتە کوردییەکاندا، کەواتە ناڵێین ڕێنێسانس چییە، بەڵکوو دەڵێین گەر هەبێت دەشێ و دەبێت چۆن بێت؟ یان بە مانایەکی دیکە، ڕەوایە خەون بە ڕێنێسانسێک لەنێو پاشاگەردانیی ئەم کولتوورە و لەناو ئاژاوەی نووسینی کوردیدا -کە خاوەن خەسڵەتی ئاوەزمەندی نییە- ڕەوایە چاو لە سەرڕێگاخستنی ڕێنێسانسێک ببڕین؟ کەوایە ئەگەر ڕێنێسانسێکی کوردییانە، کوردانە، سەر بە جڤاتی کوردی سەرڕێگا بخەین، چۆن دەبێت؟ مەراقی من وەک توێژەرێک لێرەدا مرۆڤی کوردە، بگرە موسڵمانیش یا ئیسلامیش نییە، چونکە من تێگەیشتووم لە ئیسلامدا نە ڕیفۆرم، نە چاکسازیی ئایینی دەکرێت و نە ڕێنێسانسێک لە ئیسلامدا سەرهەڵدەدات وەک پارادایمێک، بگرە ئیسلام شوێنی خەفەکردنی هەر هەوڵێکی عەقڵییە، هەر خەونێک بە ڕێنێسانسەوە، چونکە وەک دنیابینی و لەڕاستیدا وەک ئایدۆلۆژیا دژە لۆگۆسە، واتا دژە ئاوەز و دژە ئازادییە، دژە مرۆڤە، دژە ژیانە، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر دژە ئایینە؛ واتا ئیسلام ئایین نییە بەڵکوو کەڵتێکی سیاسیی مەرگپەرستییە. هەروەها لە یادمان بێت ئیسلام دژە ئەخلاقە (واتا دژە ئاکارە)، بەو مانایەی کە هیچ پرەنسیپێکی ئاکاری-ئەخلاقی لەناو ئەم کەڵتەدا نابینیتەوە، بەڵام بەئاسانی لە شەریعەتدا هەموو ڕەزیلەت و بۆچوونە نا-ئەخلاقییەکان دەبینیتەوە.

ئەم وێناکردنە و ئەم ڕایەی کە لە چەند دێڕێکدا تەعبیرمان لێکرد، کرۆکی کێشەکەیە. ئاریشە و کێشەی نەک غیابی ڕێنێسانس، بەڵکوو مەحاڵبوونی ڕێنێسانس لە هەر شوێنێک کە بە چەند گرێیەکەوە بە ترادیسیۆنی ئیسلامییەوە پەیوەست کرابێت، یا پەیوەندییەکی ئایینی و کولتووری و ئیمانیی هەبێت. بە ڕاست و ڕەوان و بەڕاشکاوی لەسەر ئەو قەناعەتە زانستی و فەلسەفییەم پێداگری دەکەم کە ئایین لێرەدا، واتا ئایینی ئیسلام، کۆسپ و تەگەرە گەورەکەی بەردەم ڕێنێسانس و نوێبوونەوە و بزاوتی ڕۆشنگەرییە و تەنیا دەریچەیەک بۆ ڕزگاری ئابڵوقەدانی ئایینە، وەرنەگرتنی ئایینە وەک لایەکی هیچ هاوکێشەیەک؛ نە هاوکێشەی فیکری، نە مەعریفی، نە ئەخلاقی، نە قانونی، نە سیاسی، نە ژیاری، نە فیقهی و نە فەرهەنگی. بەڵکوو کۆکردنەوەی ئایین -لەم کەیسەدا ئایینی ئیسلام- تەنیا و تەنیا لە ئازادیی ئاییندا، واتا ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ئایینە وەک ئازادییەکی تاکەکەسی بتوانن باوەڕیان پێ بێت، بتوانن مومارەسەی بکەن، بەڵام لە دەرەوەی مومارەسەی قانونی، سیاسی و فەرهەنگی؛ بە مانایەکی دیکە لەناو جوگرافیا و بەستێنی فەزا و دونیای تاکەکەسدا و لە دەرەوەی فەزای گشتی و بوارە گشتییەکان. هەمیشە ئەو ڕاستییە مەعریفییە و ئەو ڕاستییە ئەخلاقییە تۆخ بکرێتەوە کە چۆن پێداگری دەکەین لەسەر ئازادیی ئایین، بە هەمان تۆن و بە هەمان شێواز و بە هەمان سەنگینی لەسەر ئازادییەکەی دیکە -کە زادەی بزاوتی ڕۆشنگەری و فەلسەفە و شۆڕشە زانستییەکەمانە- ئەویش ئازادبوونە لە ئایین. چۆن کەسێکی خاوەن باوەڕ ئازادە لەوەی باوەڕی ئایینیی تاکەکەسیانەی هەبێت، مرۆڤەکانی دیکەش دەبێت ئازاد بن لەوەی کە ئایینیان نەبێت؛ واتا بژین لە دەرەوەی جوغز و فەزاکان و پراکتیکەکان و سرووتەکانی هەر ئایینێک. هەروەها سیاسەت یا ئەتەکێتی (Political Correctness)، واتا لیاقەی سیاسی، ڕاستبوونی سیاسییان بەسەردا نەسەپێنرێت.
(Political Correctness) واتا (Conformity)؛ هاوڕێڕەوی، واتا کردار و گونجاندن (نواندن) بەگوێرەی ڕێکەوتنێکی ئایدۆلۆژی. 

ڕاستبوون یا دروستبوونی سیاسی واتا باڵادەستی و هەژموونی بۆچوونێکی ڕادیکاڵ بۆ دوورەپەرێزیکردن لە هەر کردار و تەعبیرێک کە ببێتە مایەی پەراوێزخستن یا ئیهانەکردنی کەسان و گرووپی دیکەی ناو جڤاتەکە، واتا غیابی  (offend)؛ بریندارکردنی هەستی بەرانبەر. هەروەها ڕاستبوون یان دروستبوونی سیاسییانە زاراوەیەکە بەکاردێت لەناو گوتارە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیاییەکاندا بۆ وەسفکردنی زمان، پۆڵەسییەکان (سیاسەتەکان)، یاخود یا هەروەها ئەو پێوانە و ڕێگا و شوێنانەی کە دەگیرێنە بەر بۆ بریندارنەکردنی هەستی ئەوانی دیکە. گەر ئەوە وەسفی ئەو زاراوەیە بێت، بەڵام لە واقعدا (Political Correctness) واتا گونجاندن، لەبنەڕەتدا بریتییە لە ئامرازێکی فاشیستیانەی لیبڕاڵەکان، یاخود ئەو قۆناغەی کە تێیدا لیبڕالیزم بەتەواوی بۆگەن دەکات و هەموو ئەگەرە ئەخلاقی و عەقڵی و جوانناسی و زمانەوانییەکان بەرەو کەوتنێکی شەرمئاوەرانە گلۆر دەبنەوە. گونجاندن لێرەدا واتا بیرنەکردنەوە، بەتەواوی پێچەوانەی ڕێنێسانسە. ڕێنێسانس بریتی بوو، هەروەها بریتییە لە بزێویی فیکری و مەعریفی، ڕێنێسانس بریتییە لە چەندین فۆرمی گومانگەرایی؛ "مەعریفی-فەلسەفی"، گومانگەرایی ئەخلاقی کە هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ڕووشاندن و بریندارکردنی دۆگماکان و بیروڕا چەقبەستووەکان و هەستە لەرزۆکەکان.

تا سنووری مەحاڵبوون ڕێنێسانس لە بەستێنی کوردی یا جڤاتی کوردیدا مەحاڵە، ئەوەش لەبەر ئەو هەموو ئاستەنگە مەعریفی و سیاسی و فیکری و ئەخلاقی و ژیارییانەی کە ئامادەییەکی مێژوویی و کردارەکییان هەیە، ئەمە لەپاڵ غیابی پاڵنەرە پێویستە ژیاری و مەعریفی و ئەخلاقی و ئاوەزمەندییەکان کە بە ناچاری ئاماژەیان پێ دەدەین.
دیارە وەک سەرەتا ئەوە بڵێین کە ڕێنێسانسێک کە لە بیرکردنەوەماندایە یا شوێنی بیرکردنەوەمانە و ناچارییەکی عەقڵی و ئەخلاقییە، کۆپییەکەی ئەزموونی خۆرئاوا نییە، بەڵکوو بگرە جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەها و وەزیفەگەلێکی کایە جیاوازەکان کە بە ناچاری هەم لەو مۆدێلە خۆرئاواییەدا هەبوون، هەم دەبێت لە هەر مۆدێلێکدا هەبێت کە بتوانێت ببێتە هەڵگری ناوی ڕێنێسانس یا ژیانەوە، بووژانەوە، لەدایکبوونەوە، یا ڕاپەڕینی عەقڵی.

با سەرەتا قسە لەسەر ئاستەنگە مەعریفی و تیۆری و ژیارییەکان بکەین لەبەردەم ڕێنێسانسێکدا، ژیانەوەیەکدا، نوێبوونەوەیەکدا، ڕاپەڕینێکی فیکری و مەعریفی و ژیاریدا لەناو جڤاتی کوردی و لەنێو نێوەند و فەزای ڕۆشنبیری و سیاسی و فیکریی کوردیدا. یەکەم هەڵدێر، یەکەم بەربەست بریتییە لە بزربوونی کانوونێکی فەرهەنگی کە وەک مۆدێلێک یان پارادایمێک لەوێ بوونی هەبێت بۆ چاولێبڕین، بۆ وەرگرتنی ماهیەت و ئیحا و وەحی و ئیلهام بۆ ڕەفتارنواندن، کارکردن، نەک بە لاساییکردنەوە وەک ئەوەی کە لە مۆدێلەکەی ڕێنێسانسەکەی ئیتاڵیا یاخود خۆرئاوا یا ئەورووپادا ڕووی دا، ئەویش چاوبڕین لە کانوونی فەرهەنگیی کلاسیک (یۆنان و ڕۆم وەک کۆیەک، وەک ترادیسیۆنێک، وەک کانوونێکی فەرهەنگیی خاوەن دنیابینی و هونەر).

هەبوونی میراتێک و سەیرکردنی وەک مۆدێلێک بۆ چاولێکردن خۆی لەخۆیدا کافی نییە، ئەوەی گرنگە لەو مۆدێلەدا دەبێت بوونی هەبێت داینامیکیەتی هەم لۆگۆس و هەم ئیرۆسە، غیابی عەقڵ و عەشق ئەو ترادیسیۆنە دەکاتە میراتێکی مردوو، بێڕۆح، بێگیان. گەر میراتێک هەبێت بێڕۆح، بێ داینامیکیەتی عەقڵ، بێ گەرموگوڕیی مشتومڕی عەقڵی و فیکری و بێ هەبوونی فەزایەکی ئازاد بۆ گفتوگۆکردن و دیالێکتیک و هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە.

لە بەستێنە عەرەبی-ئیسلامی-فارسییەکەدا هاوکێشەیەکی مردوو، هاوکێشەیەکی لەکارکەوتوو، هاوکێشەیەکی کارنەکردووی مەعریفی-مێژوویی-کوولتووری هەیە کە "بوون بە هێز" (وجود بالقوة) بووەتە ڕێگر و ئاستەنگ لەبەردەم بیرکردنەوە و گۆڕانکاریدا، ئەویش هاوکێشەی میرات (کەلەپوور) لەبەرانبەر هاوچەرخێتیدا (تراث - معاصرة). ئەم هاوکێشە موزەیەفە، درۆزنە، ڕۆژگارێکی زۆر وێردی سەر زمانی ڕۆشنبیران بوو بەبێ ئەوەی یەکێکیان پەی بە درۆ و ساختەچێتیی خودی هاوکێشەکە و تەڵزگەکە بکەن و هۆشیار ببنەوە یان ئاگادار ببنەوە لە مەوداکانی هەموو درۆ و ساختەچێتییە فیکری و مەعریفییەکانی کە ئەم تەڵزگەیە، ئەم هاوکێشە درۆزنانە لەخۆی دەگرێت یا دەیەوێت گوایا نیشانی بدات، کە هیچ نییە جگە لە زەیفێکی مەعریفی.

هاوکێشەی میرات (کەلەپوور) - هاوچەرخێتی هاوکێشەیەکی ساختەیە و دوورە لە خستنەڕووی پرسیارە سەرەکییە وجوودی و ژیارییەکانی جڤاتێکی دیاریکراو.
بۆ نموونە، کاتێک کە عەرەب یا موسڵمانە عەرەبەکان ئەم پرسیارە -ئەم هاوکێشەیە- دەخەنە ڕوو، بزانن یا نەزانن، مەبەستیان بێت یان نا، گیروگرفتێکی مەعریفی-فیکری-ژیاری دروست دەکەن. لەبەرئەوەی لەلایەکەوە ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن کەلەپوور -توراس- یا ترادیسیۆنی فیقهی-ئیسلامی، بارستەیەکە-قەبارەیەکە لە بێڕۆحی، جمود، مردووێتی، بیرنەکردنەوە، کەڵەکەبوونی دید و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نائاوەزمەندی و نازانستی، بگرە دژە زانستی و دژی لانی کەمی ئاوەزمەندی.

بە هەڵاواردنی قۆناغێکی زۆر زوو تێپەڕبوو کە قۆناغی بەیۆنانیکردنی ئەو ترادیسیۆنە بوو، کە دواجار بەتەواوی ڕەت کراوەتەوە، ڕمووزەکان، کەسەکان ڕسوا کراون؛ وەک فارابی، ئیبن سینا، ئیبن ڕوشد، یان تیرۆر کراون. کەواتە چەقبەستوویی بیر و ڕا و دۆگما ناتوانێت لایەکی هیچ هاوکێشەیەک پێکبهێنێت. هەموو گەڕانەوەیەکیش بۆ ئەو میراتە چەقبەستووە، گەڕانەوەیە بۆ ئەو تراژیدیای مەرگ و تیرۆرکردنەی عەقڵ کە ناوی ئیسلامی لێنراوە؛ کۆتاییهێنانە بە هەر خەونێک، هەر هەوڵێک بۆ نوێکردنەوە یان هەوڵێک بۆ دەربازبوون لە تەڵزگەکانی کە ئەو ئایینە داخراوە بەدوور لە بیرکردنەوەیە خستوویەتییە ڕوو، دیارە وەک کۆسپ و تەگەرەیەکی هەم مەعریفی هەم ژیاری خستوویەتییە ڕوو کە دەربازبوون لێی تا سنووری مەحاڵ دەڕوات. 

کەواتە کەلەپوور-توراس نابێت لایەکی هیچ هاوکێشەیەک بێت، ئەوە جگە لەوەی بیرۆکەی گەڕانەوە بۆی، خۆی دروستکەری ئەو مەرگەساتەیە -ئەو کارەساتە ژیارییەیە- کە مرۆڤی موسڵمانی تێدا دەژی، یا ڕاستترە بڵێین تێیدا ڕۆژانە دەمرێت. توراسی ئیسلامی-ترادیسیۆنی ئیسلامی بۆ ئەوە ناشێت بخوێنرێتەوە، دیالۆگی لەگەڵ بکرێت، لەتەکیدا لە ڕووی مەعریفییەوە لەتەکیدا دەرگیر بیت گەرچی بەنیازی ڕەخنەکردنی بێت، یەک مامەڵە، یەک هەڵوێست بەرانبەری لە ڕووی ئاوەزمەندی و ئەخلاقی و ژیارییەوە مانادارە، ئەویش ڕەتکردنەوەی بە مانای وشەی ڕەتکردنەوە، ئابڵوقەدانی و کۆکردنەوەی لە بوخچەیەکی ئاسنیندا و لەبەرچاو لابردنی تا ئەو شوێنەی شیاوە. غیابی لایەکەی هاوکێشەکە کارێک دەکات کە ڕێنێسانس لێرە و لە ئێستادا مەحاڵ بێت. بڕوانە ڕێنێسانسی ئەورووپی کە بریتی بوو لە زیندووبوونەوە و ژیانەوە و گەڕانەوە بۆ میراتێکی دەوڵەمەندی ژیاری-فەلسەفی-هونەری، بە مەبەست و بە ڕاز و نیازی گەڕانەوە نا بۆ ڕابردوو بەڵکوو بە چاوبڕین لە پرۆسەی لەدایکبوونەوەیەکی نوێ، سەرڕێگاخستن یا چوونەوە سەر ڕێگای ئایندەیەکی پرشنگدارتر. ئەو شتە یاخود ئەو مۆتەکەیەی کە ماوەی سەد و پەنجا ساڵە ڕۆشنبیرانی عەرەب و موسڵمانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە ئەم هاوکێشە ساختە، ئەم هاوکێشە ناڕەسەنەیە؛ کەلەپوور و هاوچەرخێتی، بووەتە مایەی لەباربردنی هەموو یا هەر پڕۆژەیەکی مەعریفی-ژیاری-سیاسی و فەرهەنگی، بگرە لەباربردنی مەدەنییەت، لەباربردنی پڕۆژە گەورەکە: خوڵقاندنی مرۆڤی سەربەست و ئازاد.

لەو شتەی پێی دەگوترێت "نەهزەی عەرەبی" لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەو گیروگرفتە بەتەواوی بەرجەستە ببوو. ئەو کەسانە یا بە قەولی ڕۆشنبیرانی عەرەب-موسڵمان ئەو مونەزیرانە دەمیان لەم هاوکێشەیە دەکوتی "توراس - حەداثە"، واتا لەلایەکەوە دەرگیری خوێندنەوەی کەلەپوور و میرات و ترادیسیۆنی ئیسلامی بوون بە چاوبڕین لە تازەگەری و هاوچەرخێتی.

بە سەیرکردنێک و وردبوونەوەیەکی زۆر سادە دەردەکەوێت کە کۆکی پرۆسەکە درۆیەکی گەورە بوو، نە لە دوور و نە لە نزیک پەیوەندییەکی بە ڕێنێسانسەوە نەبوو. بگرە کێشەی وجودی گەورەتریان لەپاڵ کێشە مەعریفییەکان کە هەبوون هێنایە ئاراوە، بۆ نموونە، داتاشینی دوژمن لە ترادیسیۆنێکی دیکە کە ترادیسیۆنی خۆرئاوایە، لەسەر دەستی ئەواندا بوو کە دژایەتیکردنی خۆرئاوا یا ئەوی دیکەی ئەورووپا، کە ئەورووپای مەسیحییە، سەری هەڵدا. بە موفارەقەیەکی گەورەتر لەسەر دەستی ئەواندا بوو بۆ نموونە، پیاوێکی دژە-ئەورووپی، دژە-مەسیحی، دژە-زانست و دژە-عەقڵ وەک (جەمالەددین ئەفغانی) دێت و زانست و بەتایبەتیتر داروین و تیۆرییەکەی مەسخەرە دەکات. (جەمالەددین ئەفغانی) لە ڕووی زانستییەوە گەمژەیەک بوو لەو گۆڕەی، نە باگراوندی زانستی هەبوو، نە باگراوندی لۆژیک و فەلسەفە، هەیبوو نەیبوو "هەستەکانی هەبوو" واتا هەستکردن بە دواکەوتوویی هاوئیمانەکانی، بەڵام ئەو هەستە هیچ پەیوەندی بە عەقڵەوە نەبوو، واتا بە عەقڵ و ئاوەزدا گوزەری نەکردبوو. ئاخر چۆن ڕێنێسانس شایانی بیرلێکردنەوەیە لەکاتێکدا تۆ گرووپەکەت، کولتوورەکەت، دەستەبژێرەکەت دژی زانستەکان و شۆڕشە زانستییەکانە؟ جەمالەددین لە وتارێکدا بە تیۆری گەشەسەندن و بە خودی زانای گەورە داروین ڕادەبوێرێت و مەسخەرە دەکات، نەک لە ڕووی زانستییەوە تیۆرەکە هەڵبسەنگێنێت -کە ئەمە ڕەوایە- بەڵکوو لە دیدی شەریعە و فیقهی ئیسلامەوە تیۆرییەک مەسخەرە دەکات کە هیچی لێ نازانێت و بگرە هەر تێنەگەیشتووە کە ئەو تیۆرییە باسی چی دەکات و چۆن داڕێژراوە و بونیادی تیۆرییەکە و بەڵگەکانی چین. ئەو لە بۆچوونێکی ئایینی بوغرای نازانستیی نالۆژیکیی نەخۆشەوە -کە زادەی ترادیسیۆنێکی بێکەڵکی دەرەوەی مەعریفەیە، هی قۆناغەکانی منداڵیی سەدەکانی تەنانەت پێش یۆنان و ڕۆم- لەو دیدگا بێسەروبەرەیەی عەرەبەوە بە ڕاقیترین تیۆریی زانستی گەمە دەکات، کە خۆی لەڕاستیدا ئەوە ترادیسیۆنەکەی ئەوە، ترادیسیۆنی ئیسلامی کە بە خۆی گەمە دەکات و بە ئەم بووکەڵەیە کە جەمالی ناوە، بەم سەرلێشێواوییە کە ناوی نەهزەی عەرەبە ڕادەبوێرێت... نوقتە.

ئەوەی پێی دەڵێن "نەهزەی عەرەبی" درۆ و فێڵێک و ساختەکارییەکی کولتووری و فیکری بوو کە زاتێکی بیمار، زاتێکی فووتێکراو، زاتێکی نەرجسی، مرۆڤکوژی قاتیڵ کە زاتی ئیسلامییە هاتووە و دەدوێ بەڵام بێ ئەوەی سەرەتاکانی هونەری قسەکردن و بیرکردنەوە و تێڕامان فێر بووبێت، دێت و هەر وەک قەسابخانەکانی کە لە مێژوودا سەرڕێی خستوون بە خوێن لە جیاتی لۆگۆس "ئاوەز" قسان دەکات. هەر بۆیەشە تا ئەمڕۆ شتێک بە ناوی ڕێنێسانس لەو نێوەندەدا بوونی نییە.

ڕێنێسانسێک کە دەشێ شوێنی چاولێبڕین و بیرکردنەوە بێت، بە ناچاری دەبێت بە پلەی یەک و لە سەروو هەموو لێکدانەوەکان و لەبەرچاوگرتنەکاندا دەبێت زانست و بیرکردنەوەی زانستی لە سەری سەرەوەی بیرکردنەوەکان و لەبەرچاوگرتنەکاندا دابنرێت. بە مانایەک لە ماناکان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕێنێسانس یەکێک لە ڕەهەندە مەعریفییە گرنگەکانی بریتییە لە زانستپەروەری، بریتییە لە برەودان بە بیرکردنەوەی زانستی و میتۆدی زانستە دەقیقەکان، زانستە سروشتییەکان؛ واتا پێداگری لەسەر جیاکردنەوەی زانست لە زڕەزانست، پێداگری لەسەر زانستیبوون بە خۆی و میتۆدەکانی و کرایتریاکانی و شێوازەکانی شیکردنەوەی زانستییەوە و جیاکردنەوەی لە خورافیاتی ئایینی و خورافیاتی کولتووری و بگرە جیاکردنەوەی بە دەقیقی لە زڕەزانستەکان، واتا زانستە بەناو کۆمەڵایەتییەکان کە لەژێر ئەم چەترە موزەیەفەدا چەندین زانستی موزەیەف خۆ مەڵاس دەدەن، حەشار دەدەن، کۆمەڵناسی و زانستی سیاسیی مۆدێرن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مارکسیزمی بەناو زانستی و مارکسیزمی کولتووری و... هتد.

لە بەستێنە کوردییەکەدا ئەوڕۆ موفارەقەیەکی سەیر لە ئارادایە، لەلایەکەوە لە ماوەی سێ دەیەدا زیاد لە سی و چوار زانکۆ و کۆلێژ لە کوردستانی باشوور و چەندین زانکۆ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دامەزراون، کەچی لە هەمان کاتدا ئەو دژایەتییە و ڕەتکردنەوەی زانست کە ئەمڕۆ لەناو ئەم جڤاتەدا دەبینرێتەوە هەم بێوێنەیە و هەم کۆمیدییە؛ ئەویش بەهۆی باڵادەستی فاشیزمی ئیسلامی بە خۆی و بازاڕە گەرمەکەی خورافیاتەکانییەوە، پشت بەستنەکانییەوە بە ناڕاستی و چەواشەکاریی زانستی و فیکری کە هەموو سنوورەکانی بێمانایی بڕیوە. کۆمیدی نییە کەسێک دکتۆرای لە فیزیادا هەبێت بێت بە هەموو عەقڵییەوە داکۆکی لە ڕوودانی ئیسرا و میعراج بکات؟

ئایا ئەمە ئاساییە؟ بێ گومان نەء (نەخێر). دەیەها بانگخواز ئەمڕۆ لە کوردستاندا بانگەشە بۆ جەهلی موقەدەس دەکەن، بانگەشە بۆ خورافیات و دژایەتیکردنی ئاوەز و دژایەتیکردنی زانست، زۆربەی ئەو بانگخوازانەش کارمەندی وەزارەتی ئەوقافن و بە فەرمی لە مزگەوتەکان و لە خوتبەکانیانەوە کە هەزاران هەزار کەس گوێیان لێ دەگرن دژایەتیی زانست دەکەن و داکۆکی لەم خورافیاتە و لەو ئەفسانە و لەو بێماناییەی ناو ئەو میراتە دەکەن؛ بۆ نموونە، ئەوەی گوایە زەوی تەختە، ئەوەی کە تیۆریی گەشەسەندن، تیۆرییەکەی داروین، درۆیە و جیهان لە شەش ڕۆژدا دروست کراوە، بە دروستکردنی مرۆڤیشەوە پێش دە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

مەلاکان و بانگخوازەکان شێلگیرانە دژایەتی زانست و فەلسەفە دەکەن، هەر هەمووشیان کارمەندن لە وەزارەتێک لە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمدا، واتا بەخستنەبری دەسەڵاتێکت هەیە لەوێ دژایەتی ئاوەز و زانست و فەلسەفە دەکات، یاخود بوێری ئەوەی نییە ئەم گاڵتەجاڕییە ڕابگرێت و ئەو بانگخواز و مەلایانە بنێرێتەوە ماڵەوە. ئەوەش بڵێین تەنیا مەلا و بانگخوازی ئیسلامی نییە کە دژایەتی زانست و فەلسەفە دەکەن، بگرە ژمارەیەک نووسەری سەرلێشێواو دژایەتی ئاوەز دەکەن، یا دژایەتی زانست، جارێک بە ناوی پۆست-مۆدێرنەوە، جارێکی دیکە -لەمە سەیر و سەمەرەتر- بەناوی بوونخوازیی "وجوودییەت"ەوە. یارۆ  PHDی هەیە و دەڵێت "قسەکەی هایدیگەر سەدبارە دەکاتەوە کە زانست بیرناکاتەوە"؛ ئەی تۆ چۆن دکتۆرات هێنا؟ دکتۆرا واتا:
(Doctor Of Philosophy)  کە لەقەبێکی زانستییە، یاخود تۆ پەخشانت لەسەر بەهار نووسیوە؟

ڕێنێسانس لە بەستێنە ئەورووپییەکەیدا بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ یۆنان و ڕۆم، بریتی بوو لە سەرلەنوێ بووژاندنەوە و نوێبوونەوە و تەکاندنی تەپوتۆزی ئیمانی کوێرانە و گەڕان بە دوای لۆگۆس "ئاوەز"، بە پشتبەستن بە ئیرۆس، عیشقێک بۆ زانین و عیشقێک بۆ گەشەکردنی ڕۆحی و گەشەکردنی مەعریفی و هونەری و ئەخلاقی، لە هەمان کاتدا چاوبڕین لە خوڵقاندنی داهاتوویەکی پرشنگدار، پرشنگدار لە ڕووی مەعریفی و ئەخلاقی و جوانناسییەوە. لە بەستێنە کوردییەکەیدا وەک ئاماژەمان پێ دا، ئێمە میراتێکی پرشنگداری ژیاریمان نییە، ئێمە کۆمەڵە خەڵکانێکین ماڵمان داگیرکراوە، ماڵمان دابەش کراوە، لە ماڵی خۆماندا نامۆین و خاوەن ماڵ نین، ئێمە خەڵکێکی داگیرکراوین، یەکەم داگیرکارییش کە ڕووبەڕووی بووینەوە داگیرکردنی زەین و ڕۆح و ئاوەزمان بوو لەلایەن عەرەب و لەلایەن ئایینی ئیسلامەوە کە بە پلەی ئیمتیاز ئایینێکی عەرەبییە و بواری هیچ دیدێکی ناعەرەبی نادات لەتەکیدا هەڵبکات، ئەو کە دێت یەک بژاردە زیاترت ناداتێ، یا مەسخ دەبیت یا مەسخ دەبیت؛ یا دەبیتە عەرەب و موسڵمان -کە ئەمەش مەسخبوونە- یاخود لەناوت دەبات. لە بەرزەخدا، لە شوێنێکدا ڕاتدەگرێت کە ماڵی تۆ نییە، ناتوانی خۆت بیت، یاخود وەک فارس مەسخ دەبیت بەو شێوەیەی کە مەزهەبێک سەرڕێگا دەخەیت و دەست دەکەیتە شین و شەپۆڕ بۆ ئالوبەیت، کە ئەمەش هەموو سنوورەکانی مەسخبوونی تێپەڕاندووە، کە نووسەرێکی گەورەی وەک سادق هیدایەت بە جوانی و قەشەنگی تابلۆی مەسخەرەبوونی فارسی ژیرانە و هونەرمەندانە کێشاوە.

پرسیارە ئیپستمۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژییەکە لێرەدا ئەوەیە کاتێک کە لایەکی هاوکێشەکە لە تێزی ڕێنێسانسدا بزرە، ئەویش چاوبڕین لە مۆدێلێک -کە مۆدێلێکی قەشەنگی ئاوەزمەند و پڕی چاکە بۆ پەیڕەوی لێکردن و ئیلهام وەرگرتن و سەیرکردنی وەک پێشەنگ- بزر دەبێت، یا هەر بوونی نابێت، لە حاڵەتی ئیسلامی و عەرەبی و ئینجا لە حاڵەتی بەستێنە کوردییەکەدا، ئەوسا قسەکردن لەسەر لەدایکبوونەوە، ژیانەوە، ڕاپەڕین، زیندووبوونەوە، زیندووکردنەوە، داهێنانەوە دەبێتە دروشمێکی بەتاڵ و حەتاڵ. تەنیا لایەکی هاوکێشەکە دەمێنێتەوە، ئەویش چاوبڕینە لە داهاتوو، لە مۆدێلێک کە هیچی لەبارەوە نازانین، ئەمە جگە لەوەی نازانین کە پشت بە چ میتۆد و ئامرازگەلێک ببەستین، چاو لە کامە پرەنسیپ و پرەنسیپگەلێک و سیستەمی بەهاکان ببڕین و بەرمەبنای چ پێودانگگەلێک؟

لەڕاستیدا، هەر ئەوەشە تەڵزگەکە، بەتایبەت لە بەستێنە کوردییەکەدا. ئێمە وەک جڤاتی کوردی شێوێنراوین، زەینمان داگیرکراوە، کراوینەتە عەرەب، بەڵام لە هەمان کاتدا نەبووینەتە هەڵگر یا پەیڕەوانی ئەو میراتەی عەرەب، کە هەرچەندە هەموو جووڵانەوە و بزاوتە ئیسلامییەکان و مەلاکان، لە ماوەی دوو سەدەدا ویستوویانە بمانکەنە عەرەب و هەڵگری پەیڕەوانی فیقه و مەزاهیبی ئیسلامی کە بە ڕۆحی کورد نامۆن، ئێمە لە بەرزەخدا تا ئێستا ماوین، لە جوگرافیایەکداین کە جوگرافیای بوونێکی نامۆیە، لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە ئێمە نازانین چۆن هەین و چ جۆرە بوونێک هەین، بوونمان چ مانایەکی هەیە، کە ئێمە سەروەری ماڵی خۆمان نەبین، کە ئێمە ماڵمان نەبێت ئەی سەروەری کوێین؟ کە سەروەر نەبووین چۆن هەین؟ چۆن بڕیاردەری بوون و ژیانی خۆمانین؟

بۆ ئەوەی بیر لە ڕێنێسانس بکەینەوە یاخود خەیاڵی ڕێنێسانسێک بکەینە خولیا و غەمی قووڵی ژیانی سیاسی و فیکری و کولتووریمان، تاکە ڕێگایەک لەبەردەمماندا کە دەشێت تەیی بکەین، کە دەشێ خۆمانی لە قەرە بدەین، تەنیا و تەنیا بریتییە لە هەڵپەساردنی ئیسلام یا هەڵواسین تا تەعلیقکردن یا پەراوێزخستنی ئیسلام.

مەبەست چییە لەم پرۆسە هەرە گرنگە ژیارییە؟ مەبەست لەوەیە نەهێڵین وەک کورد، ئەو کارەساتەی کە بەسەر ڕۆشنبیرانی عەرەب و فارسدا هاتووە بەسەر ئێمەدا بێت. دیارە چەند لاساییکەرەوەیەکی محەمەدی بن جابری هەن لە کورددا کە ستووننووسن و لەم ئیشکالیەتە فیکرییە ناگەن و بوونەتە لاساییکەرەوەیەکی عەرەب. ئێستا ئێمە دەبێت ئەو هەلومەرجە بەجێ بهێڵین، ئێمە گشت ئەو هاوکێشە و ئەو تێزانە وەلا بنێین، هەڵیانپەسێرین و خۆیان لە قەرە نەدەین؛ توراس و تازەگەری و هەموو ئەو کێشانەی کە هاوپەیوەستن بەم هاوکێشە موزەیەفە -بەم تێزە زڕەوە- ئەم نا-هیچەوە، لەمە گرنگتر ئیدی ئێمە کاتی ئەوەیە کە عەرەب نەخوێنینەوە.

کەواتە خستنی ئیسلام بە خۆی، توراس و ترادیسیۆنییەوە بۆ ناو دوو کەوانە یان جووتکەوانە " " بە مانای ئەوەی کە شوێنی ئیشکالیەتە و لێرە و لە ئێستادا ئێمە کارمان پێی نییە، نوقتە. گەر ئیسلام نەخەینە ناو جووتکەوانەوە و وەزیفە بەناو فیکرییەکەی ڕانەگرین، هەرگیز و هەرگیز ناتوانین بیر لە ڕێنێسانس بکەینەوە، ڕێنێسانس تەنیا و تەنیا لە دەرەوەی ئیسلام و بە بازدان بەسەر ئەو میراتە ساردبووە و مردووەدا تێدەپەڕێت. ئیسلام بە خۆی و گشت نەهامەتییە فیکری و ئەخلاقییەکانییەوە کۆسپ و تەگەرەیەکی گەورەیە لەبەردەم نەک ڕێنێسانسدا بەڵکوو لەبەردەم مرۆڤبوون و لەبەردەم هەر خەونێک بە ئازادی و بە ئاوەزمەندییەوە، هەر خەونێک بە شارستانیبوون و بە لانی کەمی شەرافەتمەندانەی مرۆڤانەوە، بڕوانە پەنجا و شەش وڵاتی ئیسلامی تا ببینیت ئیسلام چۆن بێڕێزی بە مرۆڤ و بە ژیان دەکات!

گەر لە هاوکێشەی توراس-هاوچەرخێتیدا ئێمە دەستبەرداری ئەو میراتە مردووەی ئیسلام بووین، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە: ئەی چاو لە چ مۆدێلێک ببڕین؟ چ مۆدێلێک وەک پێشەنگی ئاوەزمەندی و ئەخلاقی و جوانناسی و ژیارییانە وەک پێشەنگ چاو لێ بکەین و بیکەینە سەرمەشقی ژیان و بیرکردنەوەکانمان؟ مادامێک ڕێنێسانس بە سروشتی چاوبڕینە لە مۆدێلێک یا پێشەنگایەتییەکی ژیاری و ئەخلاقی و کردارەکی، ئەمەش زۆر زۆر دوورە لە میراتی ئیسلامەوە، کەواتە لە بەستێنە کوردییەکەی خەون بینین بە ڕێنێسانسەوە بە ناچاری ئێمە دەبێت، ئێمەی کورد خۆ لە عەرەب و تورک و فارس و میراتی ڕەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگار بکەین و لەودیو موهاتەراتەکانی فارس و تورک و عەرەب و ئیسلامەوە بە ئاقاری ڕابردوو چاو لە میراتی یۆنانی و ڕۆمانی ببڕین، بە ئاقاری ئایندەش چاو لە ترادیسیۆنی کانوونی فەرهەنگیی خۆرئاوا لەدوای ڕێنێسانس و بەتایبەتیتر قۆناغی ڕۆشنگەری ببڕین، بەتایبەتیتر جەختمان لەسەر شۆڕشە زانستییەکان بێت چونکە لێرە کوژراوی جەهلی موقەدەسین، کە ئایین بەشێکی سەرەکیی ئەو جەهلەیە.

پرسیارە وجوودییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئێمە وەک کۆمەڵە خەڵکانێک سەر بەم نەفرەتخانەیین کە ناوی خۆرهەڵاتە، چۆن دەتوانین میراتێکی خۆرئاوایی بکەینە مەرجەع، بکەینە کانی و ئاو بۆ ئیلهاموەرگرتن و چاولێبڕین؟ ئەم پرسیارە پرسیارێکی ئۆنتۆلۆژی و ئیپستمۆلۆژی و ئاکارییە لە هەمان کاتدا. کردنی کارێکی لەو جۆرە ئەرکێکی گەورەی ژیارییە، لە هەمان کاتدا پێویستی بە دیدێکی فەلسەفیی تەواو ئاوەزمەند هەیە لەبواری پایدیادا "پەروەردەدا"، واتا گەر سیاسەت و فەرهەنگ و لۆگۆس لەسەر خوانێک کۆببنەوە -کە ئەم کۆبوونەوەیە زۆر ئەستەم نییە- ئەوسا بەرئەنجامی ئەو خوانە، ئەو دیدارە بریتی دەبێت لە سەرڕێگاخستنی خودی ئەو پڕۆژەیە. گەر تێبینی بکەین گشت ئەو پڕۆژە ژیارییانەی دووهەزار و پێنجسەد ساڵی ڕابردوو لەنێو کانوونە فەرهەنگییە جیاوازەکاندا بریتییە لە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی سیاسەت و فەرهەنگ و لۆگۆس و ئیرۆس لەسەر خوانێک بە چاوبڕین لەسەر چەند بەها و پرەنسیپگەلێک، کە بەرئەنجامەکەی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا جوانی و چاکە و ڕاستی بووە کە خودی ماهییەت و پڕۆژەی فەلسەفەیە وەک پڕۆژەیەکی شارستانی.

بۆ ئەوەی ڕێنێسانس سەرڕێگا بخەین، پێویستە و دەبێت (ئەرکە) کە چاو لە مۆدێلی خۆرئاوا، وەک کانوونێکی فەرهەنگی ببڕین. بەڵام ئەم کانوونە فەرهەنگییە چییە؟ تاکوو سەرهەڵدانی نازیزم و فاشیزم و کۆمۆنیزم وەک سێ ئایدۆلۆژیای ترسناکی تۆتالیتاریزم، خۆرئاوا پێناسە دەکرا وەک کانوونێکی فەرهەنگیی ئاوەزمەند کە پشت بە ئاوەز و پرەنسیپی عەقڵی و ئەخلاقی دەبەستێت، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لۆگۆسی یۆنانی، واتا ترادیسیۆنی یۆنانی و دواجار ئیزافەکردنی ترادیسیۆنی ڕۆمانی بەهۆی بەشداریکردنە گرنگەکەی ڕۆمانییەکانەوە لەبواری فەلسەفەی قانوندا و ئەو داهێنانە گەورانەی ئەوان لەبواری حوکمڕانیدا لە ئیمپراتۆرییەکەدا.

دواجار لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا کانوونی خۆرئاوایی ڕەهەندێکی دیکەی بۆ زیاد کرا بەتایبەتی دوای جینۆسایدکردنی جووەکان، هەوڵێکی مەعریفی درا بۆ زیادکردنی ڕەهەندێکی دیکە بۆ سەر ئەو کانوونە، ئەو میراتە، ئەویش یەهوودی یان جووبوونەکەیەتی، بە مانای ئەوەی ترادیسیۆنی خۆرئاوایی یان کانوونی فەرهەنگیی خۆرئاوایی، مەسیحی-یەهوودییە.

ڕستە بەناوبانگەکەی لیۆ شتراوس یا بۆچوونە فەلسەفییە بەناوبانگەکەی ئەو بووە دروشم؛ ئەسینا و جورسەلیم بوونە تەعبیرکەری شارستانێتیی خۆرئاوا، واتا لەلایەکەوە لۆگۆس کە ئەسینا نوێنەرایەتی دەکرد و دەکات، لەلایەکەوە جۆرسەلیم کە نوێنەری ئیمان و وەحییە (سرووش)؛ هەردووک بنەمان بۆ شارستانێتیی خۆرئاوا.تا ئەمڕۆ کە باس لە خۆرئاوا دەکرێت لە مەحافلە ئەکادیمی و فیکری و ڕۆشنبیرییەکاندا قسە لە خۆرئاوا دەکرێت وەک هاوکێشەی ئەسینا (عەقڵ) و جۆرسەلیم (ئیمان) وەک بنەمایەک، زەمینەیەک بۆ ئەو شارستانێتییە. دیارە بۆچوونی دیکە هەن، هەر بۆ نموونە ئێمە لەو باوەڕەداین کە تەنیا خودی ئەسینا واتا لۆگۆس، واتا فەلسەفە، بنەما سەرەکییەکەی شارستانێتیی خۆرئاوایە. ئەمڕۆش دوای ئەو هەموو بەرزی و نزمی و شکست و قەیرانانە باوەڕی تەواومان بەوە هەیە کە بنەمای سەرەکیی شارستانێتیی خۆرئاوایی خودی لۆگۆسە، خودی ئاوەزە، خودی میراتی یۆنان و ڕۆمە لە دەرەوەی مەسیحیەت، نوقتە.

ئەمڕۆ ئێمە وەک کورد، وەک جڤاتی کوردی دەتوانین میرات و توراسی ئیسلامی بەجێبهێڵین و وەک نەبوو، وەک عەدەم، وەک لا شيئ "هیچ نەبوو" سەیری بکەین، ئەوەی ڕاستی بێت ئێمەی کورد هەرگیز و هەرگیز ناتوانین ببین بە نەتەوە مەگەر ئەو کاتەی ئەو میراتە ئیسلامییە هەزار و چوارسەد ساڵە تووڕ هەڵبدەینە دەرەوە و لە دەرەوەی ئەو میراتە ژیان بەسەر ببەین و بیر لە خۆ بکەینەوە، هەر بیرکردنەوەیەک لەناو ئیسلام بۆ کورد هیچ نییە جگە لە مەرگی کورد وەک بوون، وەک مەرگی کوردبوون. کەواتە کوردبوون بریتییە لە بوون لە دەرەوەی موسڵمانبوون و لە دەرەوەی جوغزی ئیسلام و ترادیسیۆنی ئیسلامی. تۆ ناتوانیت کورد بیت بە هەموو ڕەهەندەکانی کوردبوونتەوە، ڕەهەندە ئەخلاقی و جوانناسی و مەعریفی و وجوودییەکانەوە و موسڵمانیش بیت. واتا یا تۆ کوردیت یا موسڵمانیت؟ ئەوە پرسیارە وجوودییەکەیە.

٢٠/١/٢٠٢٦

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X