فەرهاد ئەمینپوور
توێژەر و نووسەر
دوای هێرشی ژێرمەن و بەربەرەکان و شکست و داڕووخانی ئیمپراتۆریی ڕۆمیی ڕۆژئاوایی لە ساڵی ٤٧٦ی زایینیدا، چاخی ناوەڕاست دەستی پێکرد کە بووە هۆی دەسەڵاتی هەزار ساڵەی کڵێسا و سەرهەڵدانی فیۆدالیزم، کە زۆربەی دەستکەوتە فەرهەنگی و فەلسەفی و هونەرییەکانی یۆنان و ڕۆمی کۆنی لەناو برد. لەگەڵ کەوتنی قوستەنتەنییە لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣ی زایینی و ڕووخانی ئیمپراتۆریی ڕۆمیی ڕۆژهەڵاتی، دیسان قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئورووپییەکاندا هاتە ئاراوە کە نزیک بە ٤٠٠ ساڵی ڕەبەقی خایاند. ئەم قۆناغە گەڕانەوە بوو بۆ میراتی فەلسەفی و سیاسیی یۆنانی کۆن و هەروەها میراتی هونەری و بیناسازیی ئیمپراتۆرییە ڕووخاوەکەی ڕۆم. قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی ئورووپییەکان کە کاریگەری لەسەر چارەنووسی کۆی مرۆڤایەتی دانا. بۆ یەکەم جار "جۆرجۆ ڤازاری" نیگارکێشی ئیتالی لە ساڵی ١٥٥٠ی زایینیدا باسی لەدایکبوونەوەی (rinascita) هونەریی کرد لە ئیتالیا و دوای ئەویش "ژۆل میشێلە" مێژوونووسی فەرانسی لە ساڵی ١٨٥٥دا بە شێوەیەکی وردتر و بابەتیتر ئەم قۆناغەی بە ڕێنێسانس ناوزەد کرد. وشەی فەرانسی ڕێنێسانس ریشەی لاتینی هەیە، Re بەواتای دووبارە و nasci بەواتای لەدایکبوونە.
ئەگەر وردتر لە پێکهاتەی ئەم چەمکە بڕوانین، تێدەگەین کە کولتووری ئورووپایی بە فیکر و فەلسەفەی یۆنان و بە هونەر و بیناسازیی ڕۆمەوە جارێک لەدایک ببوو، بەڵام چاخی ناوەڕاست بەری بەم ڕەوتە گرت. ئورووپا دوای ئەم تاریکییە دوور و درێژە، گەڕایەوە بۆ سەرچاوەکانی پێشووی خۆی و بە خوێندنەوەی دووبارەی ئەم میراتە و موتوربەکردنی لە پێداویستییەکانی سەردەم، توانی جارێکی تر لەدایک ببێتەوە. واتە سەرەتا لەدایکبوونێک هەیە، ئەمجار مەودایەک وەک کۆما، سڕبوون، پچڕان یان دژڕابوون (امتناع) و لەدواییدا لەدایکبوونەوەیەکی تر. یەکەم پرسیار کە لێرەوە سەرهەڵدەدات ئەمەیە: ئەگەر بە ڕوانگەیەکی ڕەچەڵەکناسانەوە سەیری وشەی "ڕێنێسانس" بکەین و سروشتی ڕەوتە مێژووییەکەی لەبەرچاو بگرین، ئێمەی کورد دەمانەوێ بۆ کام میراتی فیکری و فەلسەفی و هونەریی مێژووی خۆمان بگەڕێینەوە؟ ئەو ژیارە شکۆمەندە و ئەو میراتە گەورە کامەیە کە شەڕ یان فەرامۆشی کردوویە بە ژێر داروپردووی ڕابردووەوە و ئێستە دەبێ بۆی بگەڕێینەوە و خاک و خۆڵی لەسەر هەڵدەینەوە و بە خوێندنەوەی دووبارەی، جارێکی تر لەدایک ببینەوە؟ ئایا هەر ڕێنێسانسێک پێویستی بە گەڕانەوە بۆ میراتی زێڕینیی پێشوو هەیە؟
بابەتێکی تر کە پرسیاری دووهەم دەورووژێنێ ئەوەیە کە دیاردە مێژووییە کاریگەرەکانی وەک ڕێنێسانس، ڕۆشنگەری و مودێرنیتە کە ژیانی هەموو مرۆڤیان ژێروژوور کرد، دیاردەگەلێکی بەرنامەداڕێژراو و وشیارانە نەبوون. واتە لە سەرەتاوە هیچ وێنەیەکی ڕوون سەبارەت بە داهاتوو یان ئەنجامەکانی ئەم ڕەوت و بزاڤانە لە ئارادا نەبووە و چەند دەیە یان چەند سەدە دوای دەستپێکردنیان و بەپێی دەرکەوتە و دەرەنجامەکانیان ناوزەد کراون. بێ گومان کەسانێک وەک دانتە، پێترارک، داوینچی، کۆپەرنیک، گالیلە، ماکیاولی و... نەیاندەزانی خەریکی دەسپێکردنی سەردەم یان قۆناغێکی نوێن لەژێر ناوی ڕێنێسانسدا. ئەوان زیاتر گیرۆدەی چارەسەرکردنی کێشەکانی سەردەمی خۆیان بوون، وەک: گەندەڵیی کڵێسا، نەخوێندەواریی خەڵک، سانسۆر و نەزانیی زانستی. واتە ڕەوتی ڕووداوەکان لە پێڤاژۆیەکی چەند سەد ساڵە و لە چەند وڵاتی جیاوازی ئورووپایی، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەربڵاو و قووڵی لێکەوتەوە کە تانوپۆی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و لەدواییدا هەموو جیهانی هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ دایڕشتەوە.
لێرەوە پرسیاری دووهەم دێتە ئاراوە: ئایا بێئاگابوون یان نەبوونی وێنەیەکی ڕوون بەرانبەر بە داهاتوو، پێشمەرجی دەستپێکردن و بەئەنجامگەیشتنی گۆڕانکارییە مێژووییەکانە؟ ئایا هەبوونی ئاگایی لە کۆی ڕووداوێکی مێژوویی وەک ڕێنێسانس بۆ ئێمەی کورد، دەتوانێت بەربەست بێت یان دەرفەت؟ ئایا ناسینی ئەم گۆڕانە بنەڕەتییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەرهەڵدان و لەدایکبوونێک بۆ کورد؟ بەگشتی ئایا ئەم ئەزموونانە دەتوانن لە دۆخگەلی بەرنامەداڕێژراودا دووپات ببنەوە؟
پرسیاری سێهەم، کە لە دوو پرسیارەکەی پێشوو گرنگترە، پێوەندی بە دەوری دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە لە بەڕێوەبردن و سەقامگیرکردن و بەڕێکخراوەییکردنی گۆڕانکاری و دەستکەوتەکاندا. ڕێنێسانسی ئورووپایی سەرهەڵدانێکی فیکریی خۆڕسک نەبوو، بەڵکوو دەوڵەت-شارەکانی وەک فلۆرانس و وێنیز، دەرباری پاشاکان و ڕێکخراوەکانی کڵێسا و سیستەمە یاسایی و ماڵییە تاڕادەیەک سەقامگرتووەکان، ئەو ئەگەرەیان ڕەخساند کە ئایدیاکان دیسان بەرهەم بێنەوە و سەقام بگرن. لە غیابی ئەم ڕێکخراوانەدا، ڕەنگە ڕێنێسانس لە چوارچێوەی بازنە بەرتەسکە ڕووناکبیرییەکاندا بمایەتەوە. واتە دەبێ بپرسین ئایا ڕێنێسانس دەتوانێ بەبێ دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسیش دەستپێبکات؟ ئایا گۆڕانکارییەکان لە غیابی ڕێکخراوەی سیاسیی سەقامگرتوودا کاریگەرییان دەبێت؟ ئایا بوونی دەوڵەت پێشمەرجی ڕەهایە بۆ سەرهەڵدانی ڕێنێسانس یان نا؟
بەگشتی، ئەم وتارە سەرەتا هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم سێ پرسیارە بداتەوە:
١. ئایا لە غیابی نەریتێکی دەوڵەمەندی فیکری و فەلسەفیدا، ئەگەری ڕێنێسانس و هەستانەوە هەیە؟
٢. ئایا ڕێنێسانس بە ئاگایی و بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو دروست دەبێت؟
٣. ئایا لە غیابی دەوڵەتدا دەتوانین هیوادار بین کە زەرفییەتەکانی دروستبوونی ڕێنێسانسمان لەبەردەستدایە؟
هەروەها لە درێژەی بابەتەکەدا باس لەو ئەگەر و زەرفییەتانە دەکرێت کە دەتوانن وەک سامانی مێژوویی و فەرهەنگیی سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ بۆ کورد لەبەرچاو بگیرێن. لەدواییشدا، ئەو ئاراستانەی پێویستن بگیرێنە بەر بۆ وردکردنەوە و ئوبژێکتیڤکردنی ئەم سامانە، دەکەونە بەر باس.
(١)
سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، دوو ڕوانگەی گشتی هەیە:
١. ڕوانگەی "تایبەتخوازانە" کە پێی وایە ئەم ئەزموونە تەنیا لە ڕۆژئاوا و لە بارودۆخێکی تایبەتیی کۆتاییەکانی چاخی ناوەڕاست ڕووی دا کە بیزانس کەوت، دژایەتی لەگەڵ کڵێسا دەستی پێکرد، دەقە یۆنانییە کۆنەکان گەڕانەوە، دنیایەکی نوێ دۆزرایەوە و سەرمایەداری و بورژوازی سەریان هەڵدا.
٢. ڕوانگەی دووهەم کە ڕوانگەی "سەرچەشنتەوەر"ە، ڕێنێسانس بە سەرچەشنێکی گۆڕانکاریی مێژوویی دەزانێ کە دەتوانێ لە بارودۆخی هاوشێوە و لە کۆمەڵگەی دیکەدا دووپات ببێتەوە. واتە دەتوانین وەک مۆدێلێکی چەمکی لە ڕێنێسانس کەڵک وەربگرین، نە وەک قۆناغێکی مێژوویی تایبەت.
بەم پێیە، ئەگەرچی ڕێنێسانس لە مانا مێژووییەکەی خۆیدا ئەزموونێکی تایبەت بە ڕۆژئاوایە، بەڵام واتایەکی گشتیتر و بەربڵاوتریشی هەیە کە لە سنووری ڕووداوێکی مێژوویی تایبەت دەرباز دەبێت و لە ڕەوتە مێژووییەکەی دەردەهاوێژرێت و وەک خوازە یان تایپێک بەکار دەهێنرێت. لێرەوە ڕێنێسانس ئاماژەیە بۆ هەستانەوە و گۆڕانکاریی ئاگاهانە و بونیادی لە خودئاگایی فەرهەنگی، زمانی، سیاسی و مێژوویی یەک نەتەوەدا. دیارە لەم ڕوانگەوە، هەبوونی ڕابردوویەکی زێڕین و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕابردووە پێشمەرج نییە و ڕێنێسانس دەبێتە گۆڕانێک لە شێوەی بیرکردنەوەدا. بۆیە غیابی نەریتێکی فەلسەفی و هونەری وەک یۆنان و ڕۆم، بە واتای بەربەست نییە لەبەرانبەر لەدایکبوونێکی نوێدا. بەم واتایە هەموو ئەو نەتەوانەی ئەزموونی ڕێنێسانس یان سەرهەڵدانەوەیان بووە، پاڵپشتێکی نەریتیی کۆنیان نەبووە.
بۆ نموونە:
١. ڕێنێسانسی جوولەکە لە سەدەی ١٩ کە بووژانەوەی فەرهەنگیی جوولەکە بوو بە کەڵکوەرگرتن لە مودێرنیتە، ئەویش بەبێ لەئارادابوونی ئیمپراتۆری یان دەزگایەکی فەلسەفیی کۆن وەک یۆنان و ڕۆم.
٢. ڕێنێسانسی عەرەبی: بزووتنەوەیەک لە سەدەی ١٩ و کۆتایی عوسمانیدا بۆ بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی عەرەبی و ڕیفۆرمی فیکری و دروستکردنی مودێرنیتەی ئیسلامی کە لەسەر نەریتی ئیمپراتۆریی عەباسی ڕووی نەدا، بەڵکو لە چوارچێوەی دروستکردنی ناسنامەێکی هاوچەرخدا بوو.
٣. ڕێنێسانسی فەنلاندی، لیتوانی، ئەرمەنی، گورجی، ئاڵبانی کە هەموویان لە غیابی ژیارێکی کۆن و تەنیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی مودێرنی نەتەوەسازیدا سەریان هەڵدا و گەشەیان کرد.
هەروەها دەتوانین ئاماژە بە وڵاتە ئیسکاندیناوییەکانی وەک سوید، نەرویژ و دانیمارک و لەلایەکی تریشەوە کۆریای باشوور بکەین کە لە غیابی نەریتێکی فیکری و فەلسەفیی دەوڵەمەنددا، توانییان ڕەوتی ژیان و بیرکردنەوەیان بگۆڕن و ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانن.
(٢)
لە وەڵامی پرسیاری دووهەمدا کە ئایا ئەم ئەزموونانە دەتوانن لە دۆخگەلی وشیارانە و بەرنامەداڕێژراودا دووپات ببنەوە یان نا؟ دەتوانین بڵێین ڕێنێسانس بە شێوەیەکی ئوبژێکتیڤ دووپات نابێتەوە، بەڵام وەک پێڤاژۆیەکی زیندوو و خۆماڵیکراو دەتوانێت ڕێڕەوی ژیانی کۆمەڵگەکان بگۆڕێت. هەروەها، ئاگاداربوون لە مێژوو و نموونەکانی پێشووتر ئامرازێکی بەهێزە، بەڵام ئەگەر هاوکات واقیعبینی و داهێنان و هێمنی لە هەناوی خۆیدا هەڵنەگرتبێت، واتە:
١. ئاگاییەکی ڕووکەشی و لاساییکەرەوە بێت نەک قووڵ و ڕیشەیی؛
٢. ببێتە هۆی چاوەڕوانییەکی ناواقیعی و خەیاڵی؛
٣. ببێتە هۆی بێهیوایی و شکستی خێرا؛
٤. لە چوارچێوە مێژووییەکانی بێگانەدا بمانبەستێتەوە و چاوەڕوانیی ئەوە بکەین گۆڕانکارییەکان ڕێک وەک نموونە مێژووییەکان دووپات ببنەوە، ئەوە دەبێتە بەربەست لە بەرانبەر گۆڕانی بنەڕەتیدا.
بەڵام ئەگەر وشیارانە و مەعریفی بێت:
١. ڕەوتی گۆڕانکاری ئامانجدار و خێرا دەکات؛
٢. سەرچاوە فەرهەنگی و مرۆییەکان ڕێک دەخات؛
٣. دەبێتە هۆکاری متمانەبەخۆبوون؛
٤. دەبێتە بەستێنی داڕشتنی بەرنامەی ئیستراتێژیک بۆ گەشەی فەرهەنگی، زمانی، سیاسی و پەروەردەیی.
(٣)
وەڵامی پرسیاری سێیەم تاڕادەیەک بەربڵاوترە و لە هەڵسەنگاندنی پێوەندییەکانی سێگۆشەی "دەوڵەت"، "یادگەی مێژوویی" و "ناسنامەی نەتەوەیی"دا ڕوون دەبێتەوە.
پرسیار لەسەر ئەوەی چ شتێک مێژووی نەتەوەیەک دروست دەکات و یادگەی مێژوویی سەقامگیر دەکات، لە یەکبڕ (تقاطع)ی نێوان مێژوونووسی و کۆمەڵناسی و تیۆری ناسیۆنالیستی (ملیت)دا خۆی دەبینێتەوە. زۆربەی بیرمەندانی مودێرن پێیان وایە دەوڵەت وەک ڕێکخراوەیەکی سیاسی، دەورێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە ڕێکخستن و دامەزراندنی یادگەی مێژووییدا، بەڵام ئەم ڕوانگەیە پێویستی بە توێژینەوەی ورد و ڕەخنەیی هەیە. پرسیار ئەمەیە: ئایا دەوڵەت بەرهەمهێنەری مێژووە یان تەنیا ڕێکی دەخات؟ لە غیابی دەوڵەتدا چ چەشنە یادگەیەک بۆ نەتەوە دروست دەبێت؟
مێژوو، گێڕانەوەی فەرمیی ڕووداوەکانی ڕابردووە کە زیاتر لەڕێگەی شوێنەوارە مێژووییەکان، بەڵگەکان و کتێبەکان و گوتارە ڕێکخراوەییەکانەوە پێناسە دەکرێت. یادگەی مێژوویی، بیرهێنانەوە و بەرهەمهێنانەوەی ڕابردووە لە یادی (ذهن) کۆی کەسەکان و گرووپەکاندا. ناسنامەی نەتەوەیی کۆمەڵە بڕواکان، بایەخەکان و هەستی ئینتمایە (احساس تعلق) کە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک یەکگرتوو دەکات.
لە نەریتی کۆمەڵناسیدا، یادگەی مێژوویی لەوپەڕی ڕووداوەکانەوەیە و بریتییە لە واتاکان، سیمبولەکان و ئەو گێڕانەوانەی کە ڕابردوو واتادار دەکەن و زەمینە دەڕەخسێنن بۆ یەکگرتنی بەکۆمەڵ. پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە ئایا دەوڵەت داهێنەری یادگەی مێژووییە یان تەنیا ئەم یادگەیە بەهێز دەکات؟
"هابسباوم" لە کتێبی "داهێنانی نەریت"دا دەڵێت، ڕێکخراوەکانی دەوڵەت لەڕێگەی پەروەردەی فەرمی، سیمبولە نەتەوەییەکان، ڕۆژژمێر و بۆنەکان و مۆزەخانەکانەوە، ڕابردوو ڕێک دەخەن و لە یادگەی مێژووییدا دایدەمەزرێنن. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەوڵەت بە هەڵبژاردنی بابەتەکان و چەشنی گێڕانەوە و دیاریکردنی کاتی نواندنەوەیان، "مێژووی فەرمی" بەرهەم دەهێنێت. "بندیکت ئەندرسۆن"یش لە کتێبی "نەتەوە وێناکراوەکان"دا دەیسەلمێنێت نەتەوە مودێرنەکان نەک بەپێی زمان یان ڕەچەڵەک، بەڵکوو لەڕێگەی "وێنای هاوبەشەوە" دروست دەبن. لەم ڕوانگەیەوە، دەوڵەتەکان ئامرازەکانی پێوەندی و پەروەردە بەکار دەهێنن تا ڕابردوویەکی هاوبەش و وێناهەڵگر بۆ خەڵکی خۆیان بەرهەم بهێنن.
لێرەوە دەوڵەت وەک ئەکتەری سەرەکیی بەرهەمهێنانی یادگەی مێژوویی دەردەکەوێت، چون ئامرازی ڕێکخراوەیی لەبەردەستدایە و دەتوانێت گێڕانەوە شپرزە و پچڕاوەکانی ڕابردوو بکات بە زنجیرە گێڕانەوەیەکی یەکپارچە. کەسانێک وەک "پیێر نۆرا" و "میشێل فۆکۆ" ڕەخنە لەم ڕوانگەیە دەگرن و پێیان وایە دەوڵەت تەنیا یەکێکە لە ئەکتەرەکانی ئەم پێڤاژۆیە. ئەوان گێڕانەوە فەرمییەکانی مێژوو بەردەوام گرێ دەدەن بە پێوەندییەکانی دەسەڵاتەوە و دەڵێن کە دەوڵەت بەشێک لە گێڕانەوەکان سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات تاکەدەنگ هەر خۆی بێت. بەڵام نابێت ئەم ڕاستییە لەبیر بکەین کە یەکێک لە کاردانەوە گرنگەکانی مێژووی فەرمی، بەدیهێنانی هەستی یەکگرتوویی لە نێو تاکەکاندایە کە وەک گێڕانەوەی مێژووی هاوبەش، هەستی گرێدراوێتی بە یەک نەتەوەوە وێنا دەکات.
لە غیابی دەوڵەتدا، یادگەی مێژوویی بە شێوەیەکی نافەرمی و پرشوبڵاو و فرەدەنگ دەردەکەوێت و زانیاری مێژوویی لەڕێگەی نەریتی زارەکی، ئوستوورە، دابونەریت، ئەدەب، مۆسیقا و بۆنە نافەرمییەکانەوە دەگوازرێتەوە. ئەگەرچی ئەم یادگەیە بزۆز و نەرمە و دەتوانێت بەرانبەر بە سەرکوت بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت سەقامنەگرتوو و هەڤدژیش بێت. بۆ نموونە، ئەگەرچی کوردەکان خاوەنی زمان و کولتوور و ئوستوورە و گێڕانەوەی مێژوویی هاوبەشن، بەڵام لە غیابی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، ناتوانن یادگەی مێژوویی خۆیان بە شێوەی فەرمی و ڕێکخراوەیی بەرهەم بهێننەوە، هەر بۆیە یادگەی مێژووییان چەندپارچە و پرشوبڵاوە و بەردەوام لە مەترسی فەرامۆشی یان دیسانخوێندنەوە و لێکدانەوەی ناتەبا و هەڤدژدایە.
لێرەوە ناچار دەبین بۆ وەڵامی وردتر بەم پرسیارە پەنا ببەینە بەر پێناسەی دەوڵەت. ئەگەر دەوڵەت بە واتای کلاسیکی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ پێناسە بکەین، دەبێ بڵێین لە غیابی ئەم دەوڵەتەدا ناتوانین چاوەڕێی هیچ ڕێنێسانسێک بکەین. بەڵام نموونەکانی وەک ڕێنێسانسی جوولەکە پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕاییل، سەرهەڵدانەوەی فەرهەنگیی کاتالانەکان لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆدا و ڕێنێسانسی عەرەبی لە سەدەی ١٩ بەبێ بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو، زەروورەتی هەبوونی ئەم پێشمەرجە ڕەت دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت بە واتایەکی بەربڵاوتری وەک ڕێکخراوەی خاوەن شەرعییەتی هێز، بوروکراسی، فێرکاریی فەرمی، میدیا، یاسا و یادگەی بەکۆمەڵ پێناسە بکەین، وەڵامی پرسیارەکە دەگۆڕدرێت. بەم پێیە دەتوانین بڵێین: ڕێنێسانس لە غیابی دەوڵەتی ڕەق یان دەوڵەت بە پێناسە کلاسیکەکەی، توانایی و ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە، بەڵام لە غیابی "ڕێکخراوەی سیاسی"دا، ئەم ئەگەرە لاواز دەبێت.
دۆخی تایبەتی کورد پێمان دەڵێ کە کێشەکە تەنیا غیابی دەوڵەتی ڕەق نییە، بەڵکوو بڵاوبوونەوە لەنێو چوار سیستەمی سیاسیی جیاوازدایە کە پڕۆژەی یەکسانکردن، گوشاری زمانی و فەرهەنگی و سەرکوتکردنی سیاسی لە هەموویاندا هاوبەش بووە. ئەم دۆخە سێ دەرەنجامی لێ کەوتووەتەوە:
١. دابڕانی ڕێکخراوەیی کە نەیهێشتووە ئەندێشە و فەرهەنگی کوردی بە شێوەی مێژوویی کەڵەکە بێت؛
٢. دەستکەوتەکان ناسەقامگیرن و هەر پێشکەوتنێکی فەرهەنگی و سیاسی تورتە و، بەردەوام ڕووبەڕووی خەسار دەبێتەوە؛
٣. فەرهەنگ بووە بە پرسێکی هەڕەشاوی نەک سامانێکی گشتی.
ئاڵۆزیی ژیانی کورد و بوونی لەناو دۆخە سیاسی و ناسنامەییە هەڤدژ و یەکبڕەکاندا، ڕەنج و ئازارێکی گەورەی سەپاندووە، بەڵام هاوکات دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی بیر و ئەندێشەی کوردی بەتایبەت لە باری سیاسی و فەرهەنگییەوە. بۆ نموونە، کەسێکی خەڵکی تاران یان ناوەندی ئێران یان ئانکارا، کێشەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە ئەنجامدا کورت دەبێتەوە بۆ کێشەی سیاسی (دیموکراسی) و ئابووری (دابەشکردنی سامانی گشتی). بەڵام کورد لەم وڵاتانەدا جیا لەم کێشانە، دەیان کێشەی بنەڕەتی تری هەیە کە زیاتر لە تەوەری ناسنامە و زمان و مێژوو و دەسەڵات و فەرهەنگدا خۆیان دەبیننەوە. هەروەها کوردەکان بە هۆی دابڕانی جوگرافی و ژیان لە چەند وڵاتی جیاوازدا، دەیان کێشەی ناوخۆییشیان هەیە کە هاوکات لەگەڵ گرفتە دەرەکییەکاندا، ژیانیان ئاڵۆزتر دەکات.
ئەم دۆخە جۆرێک خەون و ڕوئیای پارچەپارچە و یەکبڕی بەرهەم هێناوە کە کوردەکان لە زۆر بڕگەی مێژووییدا دەوری ئەویدیی یەکتریان گێڕاوە و پێکدادان و خوێنڕشتنیشی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام هاوکات لە ڕەهەندی لێکدانەوەی تیۆریی دیاردەکانی وەک "ژین لە سنوورەکان" و "چەندپارچەبوونی ناسنامە" و "هێزی پرشوبڵاو"ەوە، ناڕاستەوخۆ هەندێ دەسکەوتی فیکری و فەرهەنگی و سیاسی بە دوای خۆیدا هێناوە. نەبوونی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ و یەکپارچە، بووەتە هۆی ئەوەی ناسنامەی کوردی، پێش لە دەوڵەت-تەوەر بوون، زیاتر سروشتێکی "فەرهەنگی- زمانی- گێڕانەوەیی" ببێت. واتە لە سەرەوە دانەمەزراوە، بەڵکوو لە ئەدەب و مۆسیقا و بەرخۆدان و یادگەی گشتیدا بەرهەم هاتووەتەوە. ئەم دۆخە جۆرێک ناسنامەی نەرم و فرەتوێی دروست کردووە کە دەتوانێت لە بارودۆخی جیاوازدا خۆی پێناسە بکاتەوە و ببێتە هۆی بزۆزی و لەدایکبوونی بەردەوامیی واتاکان.
بەپێی بیرۆکەی "وشیاریی دووانە"ی "دوبۆوا"، دەتوانین بڵێین کوردەکان بە هۆی کوردبوون لەلایەکەوە و ژیان لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکاندا لەلایەکی ترەوە، توانایی خوێندنەوەی هاوکاتی چەند نەزمی سیاسی و فەرهەنگیی جیاوازیان ببێت و، ڕووناکبیرانی کورد ڕوانینێکی ڕەخنەییتریان بەرانبەر بە "نەتەوەخوازی کلاسیک" و "ناوەندخوازی" و "دەوڵەتی پاوانخواز"ەوە هەیە و ئاستی وشیاریی ڕەخنەییان بەرزترە. ئەگەرچی ڕوانگە و گوتاری سیاسیی جیاوازی کوردەکان و هەوڵ بۆ دروستکردنی سیستەمی سیاسیی جیاواز لە چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا، ئاستەنگی دروست کردووە لە بەردەم یەکگرتوویی ئیستراتژیکی ئەواندا، بەڵام لە باری فیکرییەوە چەشنێک تاقیگەی سیاسیی ناوازەی بەرهەم هێناوە کە کەمتر نەتەوەیەک ئەم دۆخەی ئەزموون کردووە. هەروەها دیاسپۆرا یەکێکی تر لەو دیاردانەیە کە هێزی نەرمی بۆ کورد دروست کردووە و لەڕێگەی بەرهەمهێنانی زانیاری و دەوری میدیا و هونەر و لۆبییەوە و هەروەها بەستنەوەی پرسی کورد بە گوتارە جیهانییەکانی وەک مافی مرۆڤ و فیمینیزم و دیموکراسییەوە، یارمەتی گەیاندووە بە جیهانیکردنی ئەم پرسە. بێ گومان ئەم دەستکەوتانە بەبێ ئەزموونی مێژوویی چەندپارچەیی و دابڕان و کۆچەوە بوونیان نەبوو.
لێرەوە ڕێنێسانس ناتوانێت چاوەڕێی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی کلاسیک بێت، هەربۆیە ئەگەر بە پێڤاژۆیەکی شێنەیی و چەندتوێیی پێناسەی بکەین، دەبێ ڕێگەی جێگرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە کە بریتییە لە:
١. دروستکردنی ڕێکخراوە لە غیابی دەوڵەتدا، واتە زانکۆکان و تۆڕەکانی فێرکاریی نافەرمی، میدیاکان، وەشاندنی سەربەخۆ، ئیستانداردکردنی زیاتری زمان و بەرهەمهێنانی مەعریفەی خۆماڵی؛
٢. دروستکردنی سامانی فیکری و فەرهەنگی لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕەخنەیی مێژووی کورد، بەرهەمهێنانی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ و پتەو و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی دژکردەوەیی ڕووت و هەروەها پێوەندیسازکردن لەنێوان نەریت و چەمکە مودێرنەکانی وەک دیموکراسی، مافەکان، جێندەر و...؛
٣. بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی شێوازەکانی جێگرەوەی سیستەمی حوکمڕانی.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەرچی کوردەکان دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ و کلاسیکیان نییە، بەڵام هەم خاوەنی شەرعییەتی هێز و یادگەی بەکۆمەڵ و میدیان و هەم لە چوارچێوەی کیانێکی نیوەسەربەخۆی وەک هەرێمی کوردستان و لەم دواییەشدا ڕۆژئاوای کوردستان، جۆرێک بوروکراسی و فێرکاریی فەرمی و ڕێکخراوەی فەرهەنگییان بەرهەم هێناوە کە دەورێکی بەرچاوی بووە لە ڕێکخستنی پەروەردەی فەرمی، پەرەدان بە زمانی کوردی و میدیاکان، زیندووکردنەوەی سیمبولە نەتەوەییەکان، بەکارهێنانی ڕۆژژمێر و بۆنەکان و...، واتە بە چەشنێک ڕابردووی ڕێک خستووەتەوە و تاڕادەیەکی زۆر لە یادگەی مێژوویی کوردەکاندا سەقامگیری کردووە.
دامەزراندنی یەکەمین دەسەڵاتی فەرمی و یاسایی سیاسی و بوروکراسیی کوردی واتە هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی قووڵ و بەربڵاوی لە زمانی کوردی و زەرفییەتەکانی ئەم زمانە و لە بەستێنی نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردیدا دروست کردووە، بزووتنەوەیەکی بەهێز لە وەرگێڕان و بەرهەمهێنانی دەقی فیکری و ئەدەبیدا سەری هەڵداوە، زمانی کوردی لە کوردستان و عێراق بە فەرمی ناسراوە و خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان بۆ یەکەمجار بەم زمانە بووە، دەیان کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و سەدان ماڵپەڕی ئینتەرنێتی بە زمانی کوردی دامەزراوە، چەمگەلی وەک مێژوو، نەتەوە، ناسیۆنالیزم، ناسنامە، سیاسەت، دەسەڵات، کوردبوون، دەوڵەت، ڕۆشنبیر، دیموکراسی و... کەوتوونەتە بەر خوێندنەوەی نوێ و ڕەخنەیی، پێوەندیی بەربڵاوی فەرهەنگی و سیاسی لەنێوان بەشە جیاکانی کوردستاندا دروست بووە و حکوومەتەکان لە کۆنترۆڵکردنی ئەم پێوەندییانەدا شکستیان هێناوە و بەگشتی، سوبژێکتیڤیتەی کوردی لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و بیری گشتی و ئەمری نەتەوەییدا سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە. ئەم گۆڕانکارییانە تاڕادەیەک بۆشایی دەوڵەت-نەتەوە کلاسیکەکەی لەم بوارەدا پڕ کردووەتەوە. واتە لەڕێگەی کاریگەرییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی ئەم نیوەدەوڵەتەوە، ئاستی وشیاریی نەتەوەیی لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەرزتر بووەتەوە و ناسنامەیەکی نەتەوەیی قووڵتر و بەربڵاوتر لە پێشوو بیچمی گرتووە کە بووەتە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەک هەوڵ لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە مێژووییە داسەپاوە. ڕۆژئاوای کوردستان ئەڵقەی دووهەمی ئەم زنجیرەیە کە ڕەوتەکەی خێراتر و ڕوئیای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی بەهێزتر کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕێنێسانس دەتوانێت بانگهێشتکردنی دەوڵەت بێت، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت جێگەی ڕێنێسانس پڕ بکاتەوە. بە وتەی فارووق ڕەفیق: "گۆڕانی ستراکچەری کۆمەڵایەتی، هەندێک جار گۆڕانی سیاسیش لەخۆ دەگرێت، بەڵام مەرج نییە گۆڕانی سیاسی هەمیشە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بونیادی بەدوای خۆیدا بهێنێت."
ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی ڕەنج و بەرخۆدان و خەباتی فەرهەنگی و سیاسیی سەدان ساڵەی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان. لە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران و نالی و حاجی قادر و مەحوی تا بەدرخانەکان و پیرەمێرد و هتد. ئەگەرچی سەرهەڵدانە کاتییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠، وەک شێخ عوبەیدوڵڵا، سمکۆ، شێخ مەحموود، شێخ سەعید، بارزانی و...، بەر لەوەی سەرهەڵدانی مودێرن بن، لەسەر ئەساسی ئایینی-عەشیرەیی دروست بوون، بەڵام لە هەناوی خۆیاندا تایبەتمەندیی نەتەوەیی و بەرگری لە ناسنامەی کوردیشیان لەگەڵ بووە. ئەم سەرهەڵدانانە لە درێژەی خۆیاندا سروشتە ئایینی و عەشیرەییەکەیان گۆڕدراوە بۆ سروشتێکی نەتەوەیی.
دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، یەکەمین خاڵی بیچمگرتنی بونیادێکی سیاسی-ئیداریی کوردی بوو لەسەر بنەمای زمان و ناسنامەی کوردی. کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغداد کە ساڵی ١٩٧٠ دامەزرا، نیشانەیەکی دیاری دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی زانستی-زمانناسییە وەک بووژانەوەی زمان، هاوشێوەی دیکەی ڕێنێسانسە نەتەوەییەکانی وەک عیبری، فەنلاندی، چێکی و... .
هەروەها لە دەیەکانی پێشوودا ئەدەب، ئەندێشە، مۆسیقا و سینەمای کوردی گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بە ڕوانگەی مودێرنەوە هەوڵی داوە پەرە بستێنێت کە لە دەرکەوتەکانی سەرهەڵدانێکی فەرهەنگییە. بزووتنەوە مودێرنە کوردییەکان کە هەڵگری بابەتگەلی وەک: مافی مرۆڤ، دادپەروەری، دیموکراسی، دادپەروەریی ڕەگەزی، ژینگەپارێزی، خۆسەری و... کە لە بنەما سەرەکییەکانی لەدایکبوونەوەی یەک نەتەوەن لە دنیای ئەمڕۆدا. هەروەها شەڕی مێژوویی کورد لەگەڵ داعش یەکێکی تر لەو بابەتانە بوو کە هەم بۆ دونیا گرنگ بوو، هەمیش ناسنامەی نەتەوەیی کوردی یەکپارچەتر و بەهێزتر کرد.
بەڵام نابێ کەموکوڕی و ئالنگارییەکان لەبیر بکەین کە بەگشتی بریتین لە:
١. غیابی ناوەندی فیکری و سیاسیی یەکگرتوو: بەپێچەوانەی ڕێنێسانسە ئورووپییەکان یان تەنانەت نەتەوەگەریی عیبری و عەرەبی، بزووتنەوەی کوردی تووشی پرشوبڵاوی و سەرلێشێواوییەکی جوگرافی (ئێران، عێراق، تورکیا، سووریا)، زمانی (سۆرانی، کرمانجی، زازایی و...) و سیاسی (حیزب و گوتاری زۆر) و بەربڵاوە.
٢. غیابی زمانێکی پێوەر و قبووڵکراو: هێشتا زمانێکی پێوەری کوردی کە لە هەموو جوگرافیای کوردستاندا بە شێوەی فەرمی زاڵ بێت و بخوێندرێت، بوونی نییە.
٣. شەڕ و سەرکوتکردنی سیستەماتیک: لە ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا بزووتنەوەی کوردی بەردەوام سەرکوت کراوە و ئەگەری ڕێکخراوەسازیی مەدەنی و فیکریی بەردەوامی نەبووە.
٤. ئایدیۆلۆژیگەری و نیزامیگەری: بەشێک لە بزووتنەوەی کوردی بە جێگەی جەختکردن لەسەر فەرهەنگ، پەروەردە، زانست و زمان، زیاتر گیرۆدەی ئایدیۆلۆژییەکان و شەڕی چەکداری بووە کە بووەتە هۆی ئەوەی سیمای فەرهەنگی-ژیاریی بزووتنەوەکە بەتەواوی گەشە نەکات یان بکەوێتە پەراوێزەوە.
٥. نەبوونی پێوەندییەکی پتەو لە ناو نوخبە کوردەکاندا لە جوگرافیای جیاوازدا: نوخبە کوردەکان زیاتر لە ناو سنوورە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خۆیاندا بیر دەکەنەوە و گرێدراوەتییەکی فیکری و فەرهەنگیی لاوازیان هەیە.
(٤)
ئایا شکست و ڕەنجی مێژوویی دەتوانێ ببێت بە بەستێنێک بۆ گۆڕان و دیسانخوێندنەوەی دۆخی یەک نەتەوە یان خەڵکێکی لێکدابڕاو؟
ئەزموونە مێژووییە تاڵەکانی وەک بندەستی، شکستی سەربازی، ژینۆساید، ئاوارەبوون و کۆچ، بەردەوام لە یادگەی مێژوویی نەتەوەکاندا دەمێننەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم ئەزموونە پڕ لە ئازارانە دەتوانن ببن بە سەرچاوەی خوێندنەوە و پێداچوونەوە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی؟ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە سەرەتا دەبێت پێوەندیی نێوان شکست و یادگەی مێژوویی و لەدواییدا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی بەکۆمەڵ لێک بدرێتەوە. دیاردەگەلێک وەک شکستی سەربازی، لەدەستدانی شەرعییەت یان خاکی وڵات یان دەسەڵاتی سیاسی، بە پێوەری کۆ هەڵدەسەنگێندرێن. هەروەها ڕەنج و ئازاری مێژوویی، ئەزموونە کۆییەکانی ژینۆساید و ئاوارەبوون و هەڵاواردن و لەدەستدانن، کە لەڕێگەی یادگەی مێژووییەوە دەگوازرێنەوە. ئەم دوو چەمکە تەنیا ڕووداوگەلی عەینیی ڕووت نین، بەڵکوو نواندنەوەی سیمبولیک لە یادگەی مێژووییدان کە دەتوانن لە دیسانخوێندنەوە و وێناکردنەوەی ناسنامەدا دەور بگێڕن.
بە وتەی پۆل ڕیکۆر، ڕەنج و ئازارە مێژووییەکان کاتێک دەبن بە زەرفییەت یان ئەگەری گۆڕان، کە کۆمەڵگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕابردوو و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی چالاکانەی ئەم ڕابردووە ئامادە بێت. ئەم هەوڵە بەبێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لە غیابی وتووێژێکی گشتی لەسەر واتاکان و دەرکەوتەکانی ڕابردوو مسۆگەر نابێت. هانا ئارێنت پێی وایە تێگەیشتن لە ڕابردوو و بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە ڕابردوو، دەتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ کردەوەی ئەخلاقی و سیاسیی بەکۆمەڵ. ئارێنت لەسەر "ڕوانینی ڕەخنەیی بەرانبەر بە ڕابردوو" داکۆکی دەکات و دەڵێت: ڕەنج و ئازاری مێژوویی لە کاتێکدا دەتوانێت ببێت بە بزوێنەرێک بۆ گۆڕانی بنەڕەتی کە سووژەی بەکۆمەڵ بەرانبەر بە ڕابردوو وشیار ببێتەوە. لێرەوە بەپێی تێگەیشتنی مێژوویی، کردەوەی بەکۆمەڵ دروست دەبێت.
ئایا ئەزموونە مێژووییەکانی کوردی دەتوانێت ببێت بە بنەمای سەرهەڵدان بۆ دیسانخوێندنەوەی بەکۆمەڵ؟
کوردەکان لە مێژووی هاوچەرخدا لەگەڵ دەیان کارەساتی وەک پارچەپارچەبوونی خاک، شەڕ، سەرکوتکردنی سیاسی و فەرهەنگی، ژینۆساید، ئاوارەبوون و... ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەم ئەزموونانە ڕەنجێکی مێژوویی قورس و تراژیکیان لەگەڵ خۆیان هێناوە کە جیا لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی، لە یادگەی مێژوویی ئەم نەتەوەشدا بنەنیشتە بوون و خۆیان تەنیوەتەوە.
بەپێچەوانەی نموونەگەلی ئاڵمان و ژاپۆنی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، کوردەکان ئەزموونی خوێندنەوە و پێداچوونەوەی فەرمیی ڕابردوویان لە ئاستی دەوڵەتدا نەبووە، بەڵام بیرەوەرییە ئازاربەخشەکان لە ئەدەب و مۆسیقا و ڕێوڕەسم و گوتاری سیاسیدا بوونی هەیە و بەردەوام ئامادەیە و وەک یادگەی ڕەنجی مێژوویی بۆ بەرەکانی دواتر دەگوازرێتەوە. ئەم یادگەیە دەتوانێت ببێت بە بنەمای جۆرێک وشیاریی گشتیی ڕەخنەیی. لە ڕوانگەی ڕیکۆرەوە، نواندنەوەی چالاکانەی ئازار و شکستەکان، نەک سەرکوتکردن یان فەرامۆشکردنیان، دەتوانێت تێگەیشتن و دیسانخوێندنەوەی سیاسیی لێ بکەوێتەوە. ئەم دۆخە پێویستی بە هەندێک بەستێنی فیکری و کۆمەڵایەتی هەیە کە بریتییە لە:
١. وتووێژی بەکۆمەڵ سەبارەت بە ڕابردوو: لە غیابی وتووێژێکی کراوە و ڕەخنەیی لەسەر ئەزموونە ئازاربەخشەکان، یادگەی مێژوویی دەتوانێت قووڵبوونەوەی هەستی قوربانیبوون یان دووجەمسەریی ناسنامەی لێ بکەوێتەوە. بۆیە نواندنەوەی ئەزموونەکان، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و مێژوویی و وتووێژی ڕەخنەیی لەسەر واتا و دەرکەوتەکان پێویستە. ئایا کورد سەبارەت بە ئازارەکانی ڕابردووی خۆی ئەم هەوڵەی داوە؟ مەریوان وریا قانع لەسەر دەرئەنجامە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەنفال دەڵێت: "هەموو ڕاگەیاندنی کوردی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لەو کەسە کوردانە تێدا نییە کە بەشداریی پەلامارەکانی ئەنفالیان کردووە. تا ئێستا یەک حیکایەتمان لەبەردەستدا نییە کە تێوەگلانی یەکێک لە بەشداربووەکانمان بەوردی بۆ بگێڕێتەوە. بە بۆچوونی من، ئەو گوناهە گەورەیەی بەرانبەر بە قوربانییەکان و کۆمەڵگەی ئێمە کراوە، ئەوەیە کە لێبوردنی سیاسی و لێبوردنی ئەخلاقی بە یەکدی یەکسان کراون و بەم کارەش، ڕێگە لە دروستبوونی ویژدانێکی ئەخلاقی ڕەخنەیی و ئینساندۆست گیراوە کە هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت پارێزگاریی لانیکەمی ئینسانییەتی خۆی بکات، پێویستی پێیەتی."
٢. ڕێکخراوەی فەرهەنگی و فێرکاری: ڕێکخراوە فەرهەنگی و مەدەنییەکان، میدیاکان و زانکۆکان دەتوانن دەورێکی گرنگیان لەم پێداچوونەوەدا ببێت و گێڕانەوە فرەدەنگەکان بەهێز بکەن، فەزای وتووێژ-تەوەر بەرهەم بێنن و ئەزموونە ئازاربەخشەکان بکەن بە چەمکگەلێک بۆ توێژینەوە و لێکدانەوە.
٣. پێناسەکردنەوەی ناسنامەی بەکۆمەڵ: پێناسەی دووبارەی ناسنامەی بەکۆمەڵ دەتوانێت یەکێک لە دەرئەنجامەکانی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی شکست و ڕەنجە مێژووییەکان بێت و ناسنامەی قەتیسماو لە ناو ڕەنج و پەسیڤبووندا بکات بە ناسنامەیەکی چالاک و وشیار بەرانبەر بە ڕابردوو. ئەم ناسنامەیە بەر لەوەی واتای خۆی لە ڕەتکردنەوەی ئەویدی وەربگرێت، لەسەر بنەمای فامکردنی دۆخی مێژوویی و هەڵبژاردنی داهاتوو دادەمەزرێت. ئایدیۆلۆژی، مەترسیدارترین ئاستەنگە بەرانبەر بە سەرهەڵدانی ئەم چەشنە لە ناسنامە. ئایدیۆلۆژی دەروازەکانی بیرکردنەوەی ئازاد و ڕەخنە لە خود و ڕابردوو دادەخات و هەڵە و لاوازییەکانی ڕابردوو بەهێز و جوان وێنا دەکاتەوە. ئایدیۆلۆژی، دیواری دژڕابوونە بەرانبەر بە بیر و ئەندێشەی ئازاد. فارووق ڕەفیق وتەنی: "ئایدیۆلۆژیاکان دەبنە مایەی پەسیڤبوونی عەقڵی و سیاسی، چونکە لە جەوهەردا ئەوان کۆششێکی نائومێدانەن بۆ ڕاکردن لە لێپرسراوێتی، خۆیان دەشارنەوە لە پاڵ ئیدیعای زانستیبوونیاندا و کەشفکردنی یاسا زانستییەکانی مێژوو یان کۆمەڵگە. لێرەوە ئایدیۆلۆژیا داوامان لێ دەکات کە سەر دانەوێنین بۆ ئەو شتەی کە حەتمییە، تا ببینە موسافرێکی ئەو شەمەندەفەرەی مێژوو، پرسیار نەکەین بۆ و چۆن، چونکە حەقیقەتەکان لەلایەن ئایدیۆلۆژیاوە کەشف کراون، ئیدی ئەوەی لەسەر ئێمەیە ملکەچکردن و ڕازیبوونە."
پێناسە و شیکاریی پێڤاژۆی ژیانەوە لە کۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت لەسەر ئەم چەند تەوەرە بێت:
(١)
تەوەرەی مێژوویی: یادگە و گێڕانەوەی مێژوویی کە بە بووژانەوەی یادگەی مێژوویی لەڕێگەی دووبارە خوێندنەوەی شۆڕشەکان، زمان، شیعر، ئەدەب و ئوستوورەکانەوە و دروستکردنی گێڕانەوەیەکی یەکگرتوو و جێگەی شانازی دەستەبەر دەبێت. بەرهەمهێنانی مێژوونووسیی سەربەخۆی کوردی بە جێگەی گێڕانەوە دەوڵەت-تەوەرە ناوچەییەکان و هەروەها لەقاودانی ساختەکاریی ناسنامە لە مێژوونووسیی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا، یان ڕەخنە لە مێژووی فەرمی و هەڵسازراو، یەکێکی تر لەو کارانەیە دەبێت جیدیتر بە گژیدا بچینەوە.
(٢)
تەوەری زمان: کە وەک ستوونی سەرەکیی بووژانەوە و هەڵگری فەرهەنگ و ناسنامە، بنەماییترین توخمی ناو ئەم هاوکێشە مێژووییەیە و دەتوانێت لەڕێگەی بەهێزکردنی بەردەوامیی زمانی دایکی، دروستکردنی زمانی پێوەر بەتایبەت لە ناو سۆرانی و کرمانجی و بەرهەمهێنانی زانیاری و زانست و ئەدەب بەم زمانە، دەورێکی گرنگ و تەنانەت یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
(٣)
تەوەری فیکری و فەرهەنگی: واتە بیچمدان بە سیستەمێکی مودێرنی بیر و ئەندێشەی کوردی لەسەر ڕیشە فەرهەنگییەکانی خۆی و موتوربەکردنی لە دەستکەوت و گۆڕانکارییە جیهانییەکان، خاڵێکی تری ئەم ڕەوتە بەردەوامەیە کە لەڕێگەی پێناسەی دووبارەی کوردبوون لە بەستێنی جیهانیبوون و چەندفەرهەنگیدا، خوێندنەوەی دووبارەی سامانە فەرهەنگییەکانی وەک حەماسەکان، چیرۆکەکان، شیعرەکان، مۆسیقا و... کە قووڵاییەکی فەرهەنگیی بەرچاویان هەیە بۆ بەهێزترکردن و سەقامگیرترکردنی یادگەی مێژوویی، هاوردەکردنی ئایدیا نوێکان بۆ دنیای کورد و بەپێچەوانەوە، بەرهەمهێنانی گێڕانەوەی نوێ لە خود و لە جیهان لەلایەن نوخبە و ڕۆشنبیر و ئاکادیمیی کوردەوە، گوتارسازی لە ئاستی میدیا ناوچەیی و جیهانییەکاندا و کەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسیی میدیایی جێبەجێ دەبێت. کەڵکوەرگرتنی وشیارانە و بەربڵاو لە تەکنۆلۆژیا نوێکانی وەک ئینتەرنێت، تۆڕی پەروەردەی ئۆنلاین و ژیریی دەستکرد، وەک ئەو دەورە کاریگەرەی کە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە سەردەمی ڕێنێسانس گێڕای. هەروەها کۆکردنەوە و گرێدانەوەی ئەو میراتە فەرهەنگییە دابڕاو و پەڕاکەندەی پێش ئیسلام و سەردەمی ئیسلام و سەردەمی ئێستا، کە بە شێوەی نەریتێکی ژیاریی یەکپارچە و یەکگرتوو دانەڕێژراوەتەوە و لە یادگەیەکی مێژووییماندا بنەنیشتە نەبووە.
(٤)
تەوەری سیاسی و مافی چارەی خۆنووسین: کە بە پێوەندیدروستکردن لەنێوان بووژانەوەی فەرهەنگی و پڕۆژە سیاسی و یاساییەکاندا بۆ دابینکردنی مافەکان، بەزاندنی بازنەی پەراوێزنشینی و پەراوێزخراوی، بەکارهێنانی مودێلە جیاوازەکانی داخوازی، وتووێژ و بەرخۆدان، کەڵکوەرگرتن لە زەرفییەتە نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ و دیموکراسی بۆ شەرعییەتدان بە داخوازییەکان دەستەبەر دەبێت. هەروەها بەرهەمهێنانی فەزای وتووێژی فیکری لەگەڵ یەکتر لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە کە خۆی لە بازنەی بەرتەسکی وتووێژی تاکڕەهەند لەگەڵ سیاسییەکان یان سیستەمەکانی دەسەڵات دەرباز بکات و بابەتگەلی وەک مافی مرۆڤ، دادپەروەری، دیموکراسی، دادپەروەریی ڕەگەزی، ژینگەپارێزی، خۆسەری و... بکات بە چەقی باس و بابەتەکانی خۆی.
(٥)
دەرئەنجام:
ئەگەرچی هاتنی دیاردەگەلێک وەک بەجیهانیبوونی ئابووری و سیاسەت، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژیریی دەستکرد، هاوکێشەی گۆڕانکارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیان لەگەڵ ئاڵۆزییەکی سەیردا ڕووبەڕوو کردووەتەوە و جۆرێک گرێدراوێتی و تێکەڵاوییان لەنێوان کۆمەڵگە و فەرهەنگە جیاوازەکاندا دروست کردووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە ئەمئەوەکییەدا، دەتوانین چاوەڕێی چەشنگەلێک لە گۆڕان و ژیانەوە بین لە دونیای ئێستادا کە بۆ بەدیهێنانی خۆی، کەڵک لەم دیاردە نوێیانەش وەربگرێت.
کوردەکان میراتێکی فیکری و فەلسەفیی دەوڵەمەند و بەهێزیان نییە، بەڵام خاوەنی سوننەتێکی فەرهەنگی و سیاسیی پرشوبڵاو و دابڕاو لە مێژوودان کە بە شیعر و مۆسیقا و دابونەریت و بەرخۆدانەوە دەناسرێتەوە و دەکرێت بە دیسانخوێندنەوە و کۆکردنەوە و یەکپارچەکردنی و هەروەها موتوربەکردنی لە دیاردە و زەروورەتەکانی دونیای نوێ، ببن بە بەشێک لە یادگەی مێژوویی ئەم نەتەوەیە. وشیاری بەرانبەر بە ڕابردوو و ئاگاداری لە نموونە مێژووییەکانی سەرهەڵدانەوە و ژیانەوە، دەتوانێت ببێت بە دەرفەتێک بۆ کورد تا بە کەڵکوەرگرتن لە ناسنامە و فەرهەنگی خۆیان و هەروەها توانایی تایبەتییان بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی دیاردەکان، ڕێگەیەک بۆ بەرینکردنەوە و قووڵترکردنەوەی ڕەوتی ئەو گۆڕانکارییانە بدۆزنەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە و لە سەردەمی ئێستادا خێراییەکی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە.
ئەگەرچی غیابی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی و درز و کەلێنە جوگرافی و فەرهەنگی و سیاسییەکان، دامەزراندن و سەقامگیرکردنی ئەم گۆڕانکارییانە و کردنی بە بەشێک لە یادگەی مێژوویی و ناسنامەی نەتەوەییی کوردی دژوار کردووە، بەڵام دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی نەرم و زەرفییەتە یاسایی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها بەکارهێنانی ئامرازە مودێرنەکان لە بوارەکانی پێوەندیی و سیاسەت و فەرهەنگدا، بەشێکی بەرچاو لەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە و زەمینە خۆش بکەن بۆ بانگهێشتکردنی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی. بەگشتی کوردەکان دەتوانن بە ئاوڕدانەوە لە فەرهەنگی بەرخۆدان کە بەشێکی بەرچاو لە سامانی ناسنامە و بوونی ئەوانی لە درێژەی مێژوودا پێکهێناوە، بەرەوپیری دونیای نوێ بچن و بە دوورکەوتنەوە لە ئایدیۆلۆژی، لە کاراکتەری قوربانییەوە ببن بە سووژەی داهێنەر و لە وەهمی گۆڕانەوە بچنە قۆناغی دیالێکتیکی ڕەنج و ژیانەوە.
سەرچاوەکان
١. وێستگەیەک لە گەشتێکی فەلسەفی، فارووق ڕەفیق، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی ٢٠١١، چاپی یەکەم، ل ٢١٥.
٢. بەختەوەریی و بێدەنگی، مەریوان وریا قانع، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی ٢٠١٧، چاپی سێیەم، ل ٣٤.
٣. ستەمکاری: مەملەکەتی ترس و لەمرۆڤخستنی مرۆڤ و تێرۆرکردنی عەقڵ، فارووق ڕەفیق، لە بڵاوکراوەکانی خانەی حیکمەت بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفی، چاپی دووەم، ٢٠١٢. ل ٣٣٨.
٤. رنسانس: دوران شکوفایی هنر در اروپا، آلیسون کول، مترجم سارا برزگر، انتشارات سبزان، چاپ هشتم، تهران ١٤٠٣.
٥. تاریخ رنسانس، سدنی دارک، ترجمه احمد فرامرزی، به کوشش حسن فرامرزی، انتشارات دستان، تهران ١٣٧٣.
٦. ملتها و ناسیونالیسم پس از ١٧٨٠، اریک هابسبام، مترجم مهدی صابری، ویراستار حسن مرتضوی، انتشارات چرخ، چاپ سوم، تهران ١٤٠٢.
٧. ابداع سنت، اریک هابسبام، مترجم محمد نبوی، ویراستار الهام آقاباباگلی، نشر بیگاه، چاپ اول، تهران ١٤٠٣.
٨. جماعتهای تصوری، بندیکت آندرسون، مترجم محمد محمدی، انتشارات رخداد نو، چاپ اول، تهران ١٣٩٣.
٩. بازاندیشی تاریخ، کیت جنکینز، مترجم حسینعلی نوذری، نشر آگه، چاپ دوم، تهران ١٣٩٣.
١٠. میان گذشته و آینده، هانا آرنت، مترجم سعید مقدم، انتشارات اختران، چاپ ششم، تهران ١٤٠٢.
١١. مدرنیته و مدرنیسم: سیاست، فرهنگ و نظریه اجتماعی، مجموعه نویسندگان، تدوین و ترجمه حسینعلی نوذری، انتشارات نقش جهان، چاپ چهارم، تهران ١٤٠٢.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved