12/07/2026
ڕێنێسانسی کوردی لە قەیرانەکانەوە بۆ دەرفەتەکان؛ ڕۆڵی حاکمان و ڕۆشنبیران لە چالاکییە کولتووری و مێژووییەکان و یەکگرتوویی پان-کوردی لە هەرێمی کوردستان

دکتۆر کەیومەرس عەزیمی

توێژەر و ئەکادیمی

 

پوختەی بابەت

بووژانەوەی کولتووری کوردی یان ڕێنێسانسی کوردی، پێڤاژۆیەکی (پرۆسەیەکی) ستراتیژی و بنەڕەتییە بۆ نوێکردنەوەی زمانەوانی، ئەدەبی، هونەری، کولتووری و ناسنامەیی کورد لە هەرێمی کوردستان، کە لە سێبەری قەیرانە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکاندا دەرفەتی گەورەی بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی مۆدێرن و بەردەوام، بەتایبەتی لەڕێگای یەکگرتوویی لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی هەرێم پێشکەش کردووە. ئەم قەیرانانە، لە ناکۆکییەکانی بودجەیی لەگەڵ بەغدا و ناکۆکییە حزبییەکانەوە تا هەڕەشە دەرەکییەکان، چالاکییە کولتوورییەکانی سنووردار کردووە، بەڵام ڕۆڵی حاکمانی کورد (وەک پاڵپشتی پڕۆژەی "Visit Kurdistan" و دیپلۆماسیی کولتووری و چالاکییە فەرمییەکان) و ڕۆشنبیران (لە توێژینەوە و پێکهێنانی فێستیڤاڵ و کۆنگرەکان) نیشان دەدەن کە دەکرێت ئەم ئاستەنگییانە بگۆڕدرێن بە دەرفەتی ستراتیژی بۆ پتەوکردنی ناسنامەی پان-کوردی. چالاکییە کولتوورییەکانی وەک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی و دهۆک، پێشانگای کتێبی هەولێر و پێشنیاری کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەسەر کەسایەتییە ئەدەبی و مێژووییەکان وەک ئەحمەدی خانی، سەلاحەددینی ئەییووبی، مەستوورەی ئەردەڵان، شەرەفخان بەدلیسی و هتد، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پتەوکردنی هۆشیاری نەتەوەیی و ناساندنی کورد بە جیهان و هەروەها کاریگەرییەکی قووڵیان هەیە لەسەر کوردەکانی تورکیا، ئێران، سووریا و دیاسپۆرا. دەرفەتەکانی دیجیتاڵیزەکردنی ئەرشیڤە کولتوورییەکان، پەرەپێدانی گەشتیاریی کولتووری وەک سەرچاوەیەکی ئابووری بەردەوام و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی وەک ئەکادیمیای کوردی، ڕێگایەکی زانستییانە و مۆدێرن پێشکەش دەکەن بۆ گونجاندن لەگەڵ واقیعی گلۆبەلایزەیشن و سەردەمی تەکنۆلۆژیا لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆ و پتەوکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی. ئەم توێژینەوەیە، بە پشتبەستن بە ڕامانەی (تیۆریی) ناسیۆنالیزمی کولتووری و نموونەی سەرکەوتووی نەتەوە بچووکەکان، پێشنیار دەکات کە بە یەکڕیزیی سیاسیی ناوخۆیی، بەشداری چالاکانەی ئافرەتان و گەل و دیاسپۆرا، دامەزراندنی ئەکادیمیای کوردی و پلانی ستراتیژی پان-کوردی و جێبەجێکردنی پلانی نەتەوەیی درێژخایەن، حاکمان و ڕۆشنبیرانی کورد دەتوانن ڕێنێسانسی کوردی بگۆڕن بە پرۆسەیەکی نیشتمانیی بەردەوام و کاریگەر بە ناوەندایەتیی هەرێم، لەسەر تەواوی چوارپارچەی کوردستان. بەم شێوەیە، قەیرانەکان دەبنە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بووژانەوەی کولتووری کوردی، کە هەرێمی کوردستان دەکاتە سەنتەری یەکگرتوویی نەتەوەیی و نموونەیەکی جیهانی بۆ نەتەوە بچووکەکان، کە لە نێوان ئاستەنگییەکاندا ناسنامەیان پتەو دەکەن.

وشەی سەرەکی: ڕێنێسانسی کوردی، قەیرانی سیاسی-ئابووری، حاکمانی کورد، ڕۆشنبیرانی کورد، چالاکییە کولتوورییەکان، دیجیتاڵیزەکردن، یەکڕیزیی نەتەوەیی، پلانی ستراتیژی کولتووری.

 

دەستپێک 

پێویستییەکی ستراتیژی بۆ ڕێنێسانسێکی پان-کوردی

لە سەردەمی گلۆبەلایزەیشن و قەیرانە جیهانییەکاندا، بووژانەوە و ڕێنێسانسی کولتووریی نەتەوەکان نەک تەنها پاراستنی کەلەپوورە، بەڵکوو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ پتەوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی. ڕێنێسانسی کوردی لە هەرێمی کوردستان، وەک پرۆسەیەکی نوێبوونەوەی زمانەوانی، ئەدەبی، کولتووری، هونەری و مێژوویی، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی سەردەمی نوێ بۆ کورد، کە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ زایینی سەری هەڵداوە و بووەتە بنەمای سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی ناسیۆنالیزمی کولتووری لە نەتەوە بچووکەکانی وەک بەلتیک یان کاتالۆنیا نییە، بەڵکوو ئامرازێکی زانستیانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاسیمیلاسیۆن و دروستکردنی مۆدێلێکی گەشەی بەردەوام و پتەوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، گەشەی ئابووری و یەکگرتوویی. ئەم پرۆسەیە، بەپێی ڕامانەی (تیۆریی) داهاتووی ناسیۆنالیزمی گەلان، دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی هەبێت لەسەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێم - کە زۆرینەی دانیشتووانی نەتەوەی کورد پێکدەهێنن - و هەرێم بکاتە سەنتەری یەکگرتوویی پان-کوردی.

لەم چوارچێوەیەدا، قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان - لە قەیرانی ئابووری و بودجەییەوە تا ناکۆکییە سیاسییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکان و دەرەکییەکان - نەک ڕێگر، بەڵکوو دەرفەتێکن بۆ نوێکردنەوەی کولتوور بە شێوەیەکی مۆدێرن و کاریگەر، کە کوردەکانی تورکیا، ئێران، سووریا و دیاسپۆراش تێیدا بەشدار بن. حاکمانی کورد بە دیپلۆماسیی نەرم و پاڵپشتیی دامەزراوەیی و دارایی و، ڕۆشنبیران بە توێژینەوەی زانستیانە و چالاکییە ئەکادیمییەکان، دەتوانن ئەم قەیرانانە بگۆڕن بە هێزێکی پێشەنگ بۆ بووژانەوەی کولتووریی پان-کوردی. ئەم توێژینەوەیە، بە پشتبەستن بە تیۆرییە ئەکادیمییەکان و نموونەی ڕاستەقینەی چالاکییەکان، پێشنیاری ستراتیژی دەدات کە دەتوانێت ببێتە ڕێنیشاندەرێک بۆ دەوڵەتمەندارانی کورد و ڕۆشنبیران بۆ پلاندانانی ئایندەیەکی کولتووریی یەکگرتوو و پتەو.

 

 پرسیارە سەرەکییەکان بریتیین لە؛

- چۆن حاکمان و ڕۆشنبیران دەتوانن چالاکییە کولتووری و مێژووییەکان بەکاربهێنن بۆ گۆڕینی قەیران بە دەرفەت؟ 

- چ پلانێکی نەتەوەیی پێویستە بۆ گەیشتن بە ڕێنێسانسێکی بەردەوام؟ 

 

چوارچێوەی تیۆریک و مێژوویی ڕێنێسانسی کوردی؛ 

لە ناسیۆنالیزمی کولتوورییەوە بۆ مۆدێلی مۆدێرن و یەکگرتوویی نیشتمانی

لە تیۆریی ناسیۆنالیزمی کولتووریدا، کولتوور وەک "کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی" دەبینرێت کە ناسنامەی نەتەوەیی دروست دەکات و دەتوانێت سنوورە سیاسییەکان ببڕێت. لە کوردستان، ئەم تیۆرییە لە سەدەکانی بەر لە سەدەی نۆزدەیەم بە سەرهەڵدانی میرنشینەکانی کورد؛ وەک بابان، سۆران، ئەردەڵان، برادۆست، بەدلیس و هتد دەستی پێکرد، کە بوونە سەنتەری ئەدەبی و کولتووری، لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک ئەحمەدی خانی، شەرەفخانی بەدلیسی، نالی، سالم، مەستوورە و زۆر کەسانی تر. لەنێوان ئەو کەسانەدا ئەحمەدی خانی "مەم و زین"ی وەک یەکەمین پەرتووکی نەتەوەیی کوردی نووسی. بەڵام قۆناخی مۆدێرنی ئەم بووژانەوە و ڕێنێسانسە دوای ساڵی ١٩٩١ زایینی بوو، کاتێک هەرێمی کوردستان دامەزرا و زمانی کوردی بوو بە فەرمی، کە بووە بنەمای پاراستنی ناسنامە لەبەرانبەر ئاسیمیلاسیۆن و هەروەها بوو بە مۆدێلی ئۆتۆنۆمی و کاریگەریی هەبوو لەسەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

کاریگەرییەکانی ئەم بووژانەوە و ڕێنێسانسە لە هەرێمی کوردستان لەسەر کوردەکانی دەرەوە قووڵ و بەرفەراوانە و ئیستا زۆرتر لە پێش بەرچاو دەکەوێت؛ 

- لە ڕۆژئاوا کورد داواکاری مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرە و هەوڵ دەدات بۆ دروستکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆم، بە نموونەی هەرێمی کوردستان.

- لە باکوور و ڕۆژهەڵات هۆشیاری بەرانبەر ئاسیمیلاسیۆن زیادی کردووە و بنچینەکانی ناسیونالیزمی کوردی و پان-کوردیی پتەوتر کردووە. 

- لە دیاسپۆرا ناسنامەیەکی نیشتمانی و یکگرتویی پێک هێناوە. 

- لەنێو هەموو کوردانی جیهاندا، گرنگیدان و هەستی شانازی بە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی کورد و پێویستی دامەزراندنی یەک وڵات، بە ناوی کوردستان، زیادی کردووە.

حاکمان و کاربەدەستان و ڕۆشنبیرانی کورد دەتوانن ئەم کاریگەرییانە لە کوردەکانی دەرەوەی هەرێم بەرچاوی خۆ بخەن و بۆ پتەوکردنی ڕێنێسانسێکی بەربڵاو لە هەرێم بەکاری بهێنن. 

ڕۆڵی حاکمانی کورد لە پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە لەم پرۆسەیەدا بنەڕەتییە. خێزانی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو بازووی سەرەکی لە سیاسەتمەدارانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، بە یاسا و دامەزراوەیی، پاڵپشتیان کردووە بۆ پەرەپێدانی زمان و کولتوور، وەک دامەزراندنی زانکۆکان بە زمانی کوردی و پشتگیریی میدیای کوردی. ڕۆشنبیرانیش، لە زانکۆکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هتد، توێژینەوەیان لەسەر زمانەوانی، ئەدەب و مێژوو کردووە، کە بووەتە بنەمای بووژانەوەی ئەدەبیی نوێ. ئافرەتان، بە تیۆری و ئەدەبی فێمینیستی، ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە نوێکردنەوەی کولتوور بە شێوەیەکی بەربڵاو. بەرزبوونەوەی بەشداریی ژنان بۆ ئاستی پارێزگاری هەڵەبجە، نوێنەری پەرلەمان و بەرپرسی دەستە و ئۆرگانە جیاجیاکانی هەرێم، بەڵێنی بەشداری زیاتریان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەدات. ئەمەش وای کردووە کوردستان ببێتە یەکێک لە خاڵە پێشەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم چوارچێوەیە نیشان دەدات ڕێنێسانسی کوردی نەک تەنها پاراستنە، بەڵکوو ستراتیژییەکە بۆ گەشەی نەتەوەیی لە سەردەمی نوێدا. 

 

قەیرانەکان وەک ئاستەنگی ستراتیژی

قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پێشکەوتن و بەڕێوەبردنی ڕێنێسانسێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخوازانەی سنووردار کردووە، بەڵام دەرفەتی یەکگرتوویی لەگەڵ کوردانی دەرەوەی وڵاتیشی ڕەخساندووە. قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠١٤ زایینی و ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧زایینی، بوونەتە ئاستەنگییەکی جددی بۆ بووژانەوەی کولتووری و ڕێنێسانسی کوردی. یەکێک لە ئاستەنگە توند و مەترسیدارەکانی بووژانەوە و ڕێنێسانس لە کوردستان، کێشەکانی نائەمنی و هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکانە کە سەرنجی سەرکردەکان و بودجەی گشتی حکوومەتی هەرێمی بۆ کارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوخۆ و ناوچەکە ڕاکێشاوە. هەڕەشەکانی داعش و هێزە سەربازییەکانی پەیوەست بە وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە عێراقییەکان و دەرئەنجامەکانی کێبڕکێی سەربازیی ئێران، ئیسرائیل و تورکیا لە کوردستان، گرنگترین هۆکارن، کە پێشکەوتن و ڕێنێسانسی ئابووری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کوردستان ڕووبەڕووی کێشە دەکەنەوە. هەڕەشە ئەمنییەکانی دراوسێکان - هێرشی تورکیا بۆ سەر PKK و فشارەکانی ئێران و بۆردومان و هێرشی سەربازی لەلایەن هەردوولا، بۆ سەر خاکی کوردستان - سەرنجی حکوومەتی بۆ لایەنی ئەمنی بردووە و لە پرسگەلی پەیوەندیدار بە کولتوور دووری خستووەتەوە. گرفتێکی تر، کێبڕکێی حزبی و ناکۆکیی توندی ناوخۆیی لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکاندایە، کە لەمپەڕێکی جیددییە لەبەردەم پێشکەوتن و ڕێنسانسی کورد و کوردستاندا. ڕکابەری و ناکۆکیی حزبی لەم چەند ساڵەدا زیانێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و چەندین جار پەرلەمانی کوردستان داخراوە. هەروەها دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٤ زایینی کە دواکەوتنی دامەزراندنی حکومەتی نوێی لێ کەوتەوە، یەکڕیزیی سیاسی لاواز کردووە و کاریگەریی لەسەر پلانە کولتوورییەکان هەبووە. قەیرانی ئابووری، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و کەمکردنەوەی بودجەی فیدراڵی، بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە و کەمبوونەوەی تەرخانکردن بۆ کولتوور کە ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی گەشەی خێرای ڕێنێسانس لە کوردستان. 

لە کێشەکانی دیکە، گلۆبەلایزەیشن و میدیای بیانییە کە مەترسی ئاسیمیلاسیۆن زیاد دەکەن. ئەمەش مەترسی ئەوەی هەیە زمان و کولتووری کوردی لەنێوان لاواندا لاواز بکات. ئەم قەیرانانە، بەپێی ڕامانەی (تیۆریی) بەرخۆدانی کولتووری، دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوونی بووژانەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی ستراتیژی نەسڕدرێنەوە. بەڵام ئەم ئاستەنگییانە دەرفەتیش دروست دەکەن بۆ نوێکردنەوەی کولتوور بە شێوەیەکی مۆدێرن - وەک گەشتیاریی کولتووری و دیجیتاڵی – و دەتوانن ببنە هۆی پاڵپشتیی زیاتر بۆ دیاسپۆرا و کوردەکانی دەرەوە، بۆ پاراستنی ناسنامە کوردی و هەستی ناسیۆنالیزم و شانازیی نەتەوەیی.

 

دەرفەتەکان؛

 

  • ڕۆڵی حاکمان لە گۆڕینی قەیران بە دەرفەت

 

دەسەڵاتداران و دەوڵەتمەدارانی پارتی دیموکرات، یەکێتیی نیشتمانی و لایەنە چالاکەکانی دیکە، دەتوانن بە پشتیوانی زیاتری خۆیان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت لە گۆڕینی قەیران بە دەرفەت. هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی دراوسێکانییەوە، هیچ ڕێگەیەکی تری نییە جگە لە یەکخستنی گروپە ناوخۆییەکان و هاوڕێیەتیکردنی سیاسەتە جیهانییە مۆدێرنەکان لە گەشەکردن و پێشکەوتندا. ھەرێمی کوردستان دەشێت بتوانێت سوود لە لاوازی دراوسێکانی وەربگرێت و خۆی بکاتە ناوەندی گەشەپێدان و ئاسایشی ناوچەکە. پەیوەندیی دەرەکی بەردەوام لەگەڵ دراوسێکان، ئەوروپا، ئەمریکا و تەنانەت چین و ڕووسیاش، لەسەر بنەمای گرنگیدان بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ناوچەییەکان، ئەمە مومکین دەکات و زەمینەیەکی باشتر بۆ بووژانەوە و ڕێنێسانس لە هەرێم دابین دەکات. کردنەوە و دەستپێکردنی کاری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان - کە گەورەترین باڵیۆزخانەی  ئامریکا لە جیهاندایە - بنەمای فراوانکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە دەستدرێژی دراوسێکان و تەنانەت حکوومەتی عێراق لە کاروباری کورددا دابین دەکات.

دەتوانین ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک گرنگترین ئەرکەکانی دەوڵەتمەدارانی کورد بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ڕێنێسانس لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەستنیشان بکەین:

 دیپلۆماسیی نەرم و پاڵپشتی پان-کوردی، تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ سیستەمی پەروەردەی زمانی کوردی، ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ کەسایەتییە دیارەکانی کورد، پاڵپشتیکردنی لە کاناڵی تەلەفزیۆن و تۆڕە مەجازییەکان بۆ فراوانکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پشتیوانیی هەمەلایەنە بۆ بەرفراوانی و دەوڵەمەندیی زمانەوانی، ئایینی، ڕێوڕەسم و کولتووری کوردستان و هەوڵدان بۆ تۆمارکردنیان لەسەر ئاستی جیهانی، هەوڵی بەرفراوان و ڕاستەقینە بۆ فراوانکردنی دیموکراسی و بەشداریی ژنان و سەرجەم گروپە چالاکەکان لە هەیکەلی حکوومەتدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر زانست و شایستەیی، هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوتر لە دیپلۆماسیی جیهانی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بگێڕێت و باشتر تواناکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بە جیهان بناسێنرێت.

پاڵپشتی فەرمی لە چالاکییەکانی وەک فێستیڤاڵی نەورۆز، پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر و سلێمانی و زاخۆ، پڕۆژەی "Visit Kurdistan" ، فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی و خەڵاتی نێودەوڵەتی فێلمی دهۆک، نیشان دەدات کە حاکمان دەتوانن بودجەی سنووردار بەکاربهێنن بۆ پتەوکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی. بەڵام، پێویستە ئەم پاڵپشتییە فراوانتر بکرێت بە پلانی درێژخایەن بۆ دیجیتاڵیزەکردن و کۆنگرەی نێودەوڵەتی، کە دەتوانێت هەرێم بکاتە سەنتەری توێژینەوەی کوردی لە جیهاندا. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها ئابووری پتەو دەکات، بەڵکوو کولتووری کوردی بە جیهان دەناسێنێت.

 

  • ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە چالاکییە کولتووری و مێژووییەکان

 

ڕۆشنبیران، وەک توێژەرانی زانکۆکان و نووسەران، مامۆستاکان و شاعیران، پێشەنگی بوژانەوەی ئەدەبی و مێژوویی گەلی کوردن. چالاکییەکانی وەک کۆنفرانسی توێژینەوەی کوردی لە ٢٠٢٥زایینی و فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نیشان دەدەن کە ڕۆشنبیران دەتوانن کولتوور بەکاربهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران. بێ گومان پێویستە دان بەوەدا بنێین کە تا ئەمڕۆش ڕۆشنبیرانی کورد هەنگاوی باشیان ناوە بە ئاراستەی بەستنی کۆنفرانس، فێستیڤاڵ، کۆنگرە، جەژن و ئاهەنگەکانی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، کە پێویستە بە پاڵپشتی و بەهێزی زیاتر درێژەیان پێبدرێت. لەنێو ئەو چالاکییانەدا دەکرێ ئەم نموونانەی خوارەوە بهێنرێنەوە کە قووڵایی ڕێنێسانسی کورد لە ناوچەکە و لە نێو گەلی کورددا دەردەخەن:

كونفرانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەی زمانی کوردی، کونفرانسی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردان، خەڵاتی نێودەوڵەتی کتێبی کوردی، فستیواڵی نێودەوڵەتی فێلمی دهۆک و سڵێمانی، فێستیڤاڵی فۆلکلۆری نێودەوڵەتی، پیشانگای کتێبی کوردی لە هەوڵێر، خەڵاتی قەڵاتی هەولێر، خەڵاتی قەڵەمی هەژار، خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی، خەڵاتی ئەدەبیی کاڵ، فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، فێستیڤاڵی هەڵپەرکێ، فێستیڤاڵی سیاچەمانەی هەورامان، فێستیڤاڵی هۆرەی خانقین، فێستیڤاڵی بەیت و حەیران و دەیان خەڵات و کونفرانس و فێستیڤاڵی دیکە کە بە بوونیان کولتوور و ئەدەبی کورد و کوردوستان پتەوتر و ئەستۆرتر دەبێت.

 پێشنیاری دروستکردنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی و خەڵاتی ساڵانە لەسەر کەسایەتییەکان وەک ئەحمەدی خانی (بۆ ئەدەبی نەتەوەیی)، سەلاحەددینی ئەییووبی (بۆ ناساندنی جیهانی)، شەرەفخانی بەدلیسی (بۆ مێژوونووسان)، مەستوورەی ئەردەڵان (بۆ ڕۆڵی ئافرەتان) و هتد، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی زانستیانە بۆ نووسینەوەی مێژوو و پتەوکردنی هۆشیاریی پان-کوردی. بەشداریکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری، لە شێرناخی بۆتان و ئامادەبوونی چالاکانەی بەرپرسانی دیکەی حزبی لەم جۆرە ئاهەنگ و فێستیڤاڵانەدا نیشانەیەکی ڕوونی پشتیوانیی سیاسییە کوردەکانە بۆ ئەو جۆرە چالاکییە کولتوورییە کە بەڕوونی هەرێمی کردووە بە ناوەندی گەشە و ڕێنێسانسی کورد.

هەروەها دامەزراندنی ئەکادیمیای کوردی و ناوەندی دیجیتاڵی پاراستنی کەلەپۆر، پێشنیاری ڕاستەقینەیە بۆ ڕۆشنبیران، کە دەتوانێت لەگەڵ دیاسپۆرا هاوکاری بکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری کوردی لە جیهان. 

 

کۆتایی بابەت

پلانی ستراتیژی بۆ ئایندەیەکی کولتووری پتەو

ڕێنێسانسی کوردی دەتوانێت بە ڕۆڵی یەکگرتووی حاکمان و ڕۆشنبیران، لە قەیرانەکان وەک دەرفەتی مێژوویی سوود وەربگرێت. پێویستە پلانێکی نەتەوەیی درێژخایەن دروست بکرێت کە یەکڕیزیی سیاسی، بودجەی تایبەت بۆ کولتوور، دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی وەک ئەکادیمیای کوردی و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەسەر کەسایەتییە مێژووییەکانی تێیدا بێت. بە بەشداری ئافرەتان، گەل و دیاسپۆرا، ئەم پلانە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بکاتە نموونەیەکی جیهانی بۆ گەشەی کولتووری لەنێو قەیرانەکاندا. حاکمان و ڕۆشنبیران دەتوانن ئەم پرۆسەیە بگۆڕن بە هێزێکی ستراتیژی بۆ ئایندەیەکی پتەو و سەربەخۆی کوردی. 



سەرچاوەکان:

  • Anderson, B. (1983). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. Verso.
  • Bengio, O. (2014). The Kurds of Iraq: Building a State Within a State. Lynne Rienner Publishers.
  • Dirik, D. (2018). "Building Free Women: Jineoloji and the Kurdish Women's Freedom Movement".
  • McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. I.B. Tauris.
  • Phillips, D. L. (2015). The Kurdish Spring: A New Map of the Middle East. Transaction Publishers.
  • Vali, A. (2003). Essays on the Origins of Kurdish Nationalism. Mazda Publishers.
ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X