د. لهۆن قادر عەبدولڕەحمان
دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی
پوختە
لەم توێژینەوەیەدا، وێڕای خستنەڕووی کرۆکی ڕێنێسانس و هەقیقەتی ڕێنێسانسی ئایینی لە ئەورووپا، گریمانە و هەوڵەکانی ڕیفۆڕم یان ڕۆشنگەریی ئایینی لە ئیسلامدا دەخەینە ڕوو. جگە لە بەراوردی ڕیفۆڕمی ئایینی لە ئەورووپا و لێرە بە ئامانجی پەیبردن بە گریمانەی ڕیفۆڕم و ڕۆشنگەری لە ئیسلامدا، پرسیارگەلی بونیادیش لەسەر ڕیفۆڕمی ئایینی لە چوارچێوەی ڕێنێسانسدا دەپرسین و تەتەڵەی ئەو دەنگۆیانە دەکەین کە لەنێو ئیسلامدا هەوڵیان داوە بۆ ڕیفۆڕم و بەمۆدێرنەکردنی ئایین. ئەگەرچی ئێمە گریمانەی ئەوەمان کردووە کە لە کوردستاندا ڕۆشنگەریی ئایینی بەگشتی و ئیسلامی نییە، بەڵام گریمانە و هەوڵەکانی ڕیفۆڕم لەلایەن کۆمەڵگە موسڵمانەکانی دەوروبەرمانەوە، لێرەش شوێنکەوتەی هەیە و کاریگەریی هەیە لەبەردەم سەرهەڵدانی فەلسەفە و لۆژیک و ئاوەزمەندیدا. میتۆدی توێژینەوەکەمان، شیکاریی وەسفی، ڕەخنەیی و بەراوردکارییە، تا بیسەلمێنین لەم ناوچەیە و لای ئێمەش وەک نەتەوەی ژێردەستەی ئەم ناوچەیە، ئایین تاکە هەژموونی هەیە و بەردەوام بە ڤێرژنی نوێ خۆی دەژێنێتەوە و ڕێگری سەرەکییە لەبەردەم ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریدا.
وشە کلیلییەکان: ڕێنێسانس، ڕیفۆڕم، ئایین، ڕۆشنگەری، نوێخوازیی ئایینی.
پێشەکی
کاتێک دێینە باسی ڕێنێسانس و نوێگەری لە ئیسلام و کۆمەڵگە موسڵمانەکان-جیهانی ئیسلامی، ئیتر تێکەڵکردنێک لەنێوان ڕێنێسانس و چاکسازی، ڕۆشنگەری، نوێگەری و بووژانەوە و بێداریدا دروست دەبێت کە دەرئەنجامی میتۆدیانە تێنەگەیشتنە لەم چەمکانە، یا نەخوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ناواقعییانە و نازانستییانەی خۆیانە، یاخود ئایدۆلۆژیانە و ڕەگەزپەرستانە دەستبردنە بۆ فیکر.
کۆی بابەتی چاکسازیی ئایینی پەیوەستە بە ئاشنایی جیهانی ئیسلام بە مۆدێرنە و پەرچەکردارە بەرامبەر هاتنەناوەوەی ڕۆشنگەری. مۆدێرنە بە ڕووە کۆمەڵناسییەکەیدا هەڵوەشانەوەیە؛ هەڵوەشانەوە و جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت لە یەکتری، ژیانی تایبەت و گشتی و زۆر بواری دیکەش. مۆدێرنە بەم مانایە پێویستیی ژیانی هەر کۆمەڵگەیەکە و لە هەر کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزیش کە دێتە ناوەوە ئاریشە دروست دەکات، چونکە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا خاوەن دەسەڵاتەکان نایانەوێت دەسەڵاتەکان دابەش و سنووردار ببێت.
ڕۆشنگەری تەڵەزگەی بۆ جیهانی نەریتی، لەوانەش ئیسلامی، دروست کردووە کە دەبێت وەڵامگۆ بێت. بەگشتیش دوو ڕەوتی دروست کردووە: ڕەوتی ڕیفۆڕم و لایەنگرانی بووژانەوە.
ڕیفۆڕمخوازان بەڕوونی دەڵێن مۆدێرنە باشە و پێویستە بسازێین لەگەڵی، بەڵام پێویست ناکات ئێمە لەگەڵ مۆدێرنە ڕۆژئاواشمان قبووڵ بێت و دەتوانین لەبەرانبەر شێوازی ژیانی ڕۆژئاوادا ژیان و ناسنامەی خۆمان بپارێزین، لە هەمان کاتدا مۆدێرنە قبووڵ بکەین.
لایەنگرانی بووژانەوە، ئەم دووانەیان پێکەوە ئاوێتە کردووە و دەڵێن مۆدێرنە و ڕۆژئاوا پێکەوەن و دوو ڕووی یەک دراون و هەردووکیان ڕەت دەکەنەوە، بەڵام خۆ دەبێت جێگرەوەیەکیان هەبێت، بۆیە گەڕانەوە تا سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکیان بۆ ماددە خامەکەی ئایین-بنەما سەرەکییەکانی ئایینی دێرین کرد و گوتیان هەر ئەو ئایینەی هەزار و چوارسەد ساڵەی پێشین وەڵامدەرەوەی هەموو پرسیارەکانی ئێمەیە. لە سەدەی بیست ئەم ڕەوتە پتر کۆنەخوازتر دەبێت و وەهابییەت و سەلەفییەت دێنێتە گۆڕێ.
لە هەناوی هەندێک لە ڕیفۆڕمخوازیشەوە دیدێکی نوێ هاتە دەرەوە کە بونیادنانەوە-سەرلەنوێ چاککردن و دروستکردنەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئاوات خواستنیان و خەونەکانیان بۆ پێشکەوتن، هەنگاو بە هەنگاو و پێ بە پێ هەنگاوهەڵگرتنیان لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا بەلاوە پەسەند نەبوو، بەڵکوو تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵ و بنەڕەتییانەییان بۆ ئایین بە پێویست دەزانی، لێرەوە لەنێو ڕیفۆڕمخوازیی ئایینیدا دوو ڕەوش سەریهەڵدا، ئەویش "باشکردن" و "بونیادنانەوە" بوو؛ گەیشتن بە ئاوەدانی و ئازادی بە کەمترین باجدان و گەڕانەوە بۆ مۆدێرنە، بەکورتی وەهمی ژیانی شایستە لە کولتووری ئایینیدا.
ڕێنێسانس
لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەیەمی زایینی، واتە دوای سەدەکانی ناوەڕاست و لە فلۆڕانسی ئیتاڵیا هەنگاوەکانی سەرەتای نا، بزاوتێکی ڕۆشنبیریی گرنگ بوو کە بووە زەمینە بۆ "شۆڕشی زانستی"، "ڕیفۆڕمی ئایینی"، "گەشە و پێشکەوتنی هونەر" لە سەرانسەری ئەورووپا. وەرچەرخانێکی سێسەد ساڵەیی بوو کە دواجار ڕۆشنگەری-مۆدێرنەی لێ کەوتەوە.
ڕێنێسانس، واتە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە. لەم قۆناغەدا جیهانبینیی مەسیحی گورزی گەورەی بەرکەوت، لەو ڕوانگەوە کە ئیتر فەلسەفە و زانست لە ئایین دوورکەوتنەوە؛ بە واتایەکی دیکە ئەقڵ و لۆژیک سەربەخۆ بوون لە ئایین.
بیریارانی ڕێنێسانس ڕایانگەیاند لەڕێی ئەقڵ بەکارهێنانەوە ناتوانین خوا بناسین و مرۆڤ تەنیا لە ڕێی "باوەڕ"ـەوە دەتوانێت بە خوا بگات. ئەمەش جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەتی لە یەکتری لێ کەوتەوە و هەرکام بەڕێی خۆیدا ڕۆیشت؛ لەلایەک دەرگا بە ڕووی ڕەوشی زانستیی نوێدا کرایەوە و لە لایەکی دیکەوە ئایین لەسەر بنەمای باوەڕ، گەرموگوڕییەکی پەیدا کرد.
لە سەردەمی ڕێنێسانسدا، مرۆڤسالارییەک کە لە سەدەکانی پێش سەدەکانی ناوەڕاستدا لە گۆڕێدا بوو، جارێکی دیکە هاتەوە گۆڕێ، واتە لەبری ئەوەی خەڵکی هەموو ڕەهەندەکانی ژیانیان لە دەلاقەی ئیلاهییەتەوە ببینن، دووبارە هەموو شتەکان گەڕانەوە بەر نرخاندنی مرۆڤبوون و خواسەنتەری لەسەرخۆ جێی لەق بوو بۆ مرۆڤسەنتەری.
فێربوونی زمانی یۆنانی (زمانی یۆنانی زمانی کتێبە فەلسەفییەکان و لاتینیش زمانی کڵێسا بوو) بووبووە خواستی خەڵکی و پەروەردە بە مۆدێلی ئەقڵانیی یۆنانیی دێرین لە گەشەکردندا بوو. لەو سەردەمەدا دەگوترا: "کە ئەسپ بەئەسپی لەدایک دەبێت، بەڵام مرۆڤ پێویستی بە پەروەردەیە تا ببێتە مرۆڤ".
لە سەردەمی ڕێنێسانسدا سێ دۆزینەوە بوونە داهێنانی مرۆڤ و بوونە بنەڕەت و زەمینە بۆ سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری. ئەم دۆزینەوانەش بریتی بوون لە: هێڵڕێکەر (Compass) یاخود ئەو ئامێرەی بە هەڵە پێی دەوترێت قیبلەنما (قیبلەنما تەنیا ئاراستەی قیبلەت دەداتێ)، هەروەها چەکی گەرم و داهێنانی ئامێری چاپ. بە کۆمەکی هێڵڕێکەر گەشتی کەشتیگەل و دۆزینەوەی سەرزەمینی نوێ سەریهەڵدا، چەکی گەرم و پێشکەوتوو ئەورووپای کردە زلهێز، دواجار داهێنانی چاپەمەنی گەیاندن و پەخشکردنی تێڕوانین و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی خێراتر کرد، دوای ئەوە خێراییی داهێنانەکانی مرۆڤ زیاتر و زیاتر بوون. لەڕاستیدا هەموو داهێنانەکانی مرۆڤ لە مۆدێرنەدا قەرزاری ئەو دەستپێکەی ڕێنێسانسن.
هاوکات گەورەبوونی شارەکان و دامەزراندنی سیستمی بانکی و گەشەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانیی ئازاد و دەرکەوتنی کاڵای نوێ، هەموو ئەمانە بوونە فاکتەری دەرکەوتنی چینی ناوەند. چینی ناوەند لەسەرخۆ توانی خۆی لە چنگی چینی فیۆدالیست و پیاوانی کڵێسا دەربهێنێت. ئابووریی مۆدێرن، پشتیوانی کار و توانای خەون و داهێنانەکان بوو، چونکە ئابووریی مۆدێرن تەنیا بۆ دەستخستنی نان نەبوو، بەڵکوو هاندەری خۆسەلماندن بوو، بۆیە لەدوای ژیانی شایستە بوون نەک تەنیا ژیان.
لەبارەی گرنگترین ئایدیاکانی سەردەمی ڕێنێسانس
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جەخت لە گوناهباریی سروشتی مرۆڤ دەکرایەوە، واتە مرۆڤ بە سروشتی خۆی گوناهبارە، بەڵام لە دیدی بیریارانی ڕێنێسانسدا، مرۆڤ نرخی لە مرۆڤبوونیدا بوو. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا خوا سەنتەری بیرکردنەوە و ئامانج بوو، بەڵام لە ڕێنێسانسدا مرۆڤ بووە ئامانج و سەنتەر. خاڵێکی دیکە، لە ڕێنێسانسدا پتر جەخت لە تاکێتیی مرۆڤ دەکرایەوە، بەو واتایەی کە لە ڕێنێسانسدا هەر تاکێک جیهان و ماف و ئەرکی خۆی هەبوو و بۆی و تێیدا دەژیا و گەشەی هەر لایەنێکی خودیانە، مایەی دەستخۆشی بوو.
لەسەردەمی ڕێنێسانسدا گرنگی و بایەخی مرۆڤ ڕووی لە جەستە نا لەبری ڕۆح، هەر لەو چوارچێوەیەدا زانایان کەوتنە توێکاریی جەستەی مرۆڤ. ئەم کارە بۆ پزیشکی و هونەریش بەسوود بوو، چونکە پاش هەزار ساڵ لە شەرمکردن لە جەستەی ڕووتی مرۆڤ، جارێکی دیکە مرۆڤ بە ڕووتی وێنە کێشرایەوە. دەتوانین بڵێین لەسەردەمی ڕێنێسانسدا چیتر جەستەی مرۆڤ مایەی شەرم نەبوو، وەک ئەوەی لە سەدەکانی هەژموونی مەسیحییەتدا بوو.
لە ڕێنێسانسدا چیتر مرۆڤ تەنیا بۆ پەرستشی خوا نەخولقابوو، چونکە پێیان وابوو هەر تاکێک سەربەخۆییی خۆی هەیە و مافی هەیە چۆن دەیەوێت ئاوا بژی، بەم جۆرە ئیتر مرۆڤ سنووردارکردنی تێپەڕاند.
مرۆییبوونی سەردەمی ڕێنێسانس جیاواز بوو لە هیی سەردەمی یۆنانیی دێرینیش، ئەمەی ڕێنێسانس لەدوای هاوسەنگی و خۆکۆنترۆڵکردن نەبوو، چونکە وەک ئەوە وابوو لە خەوێکی هەزار ساڵە ڕاپەڕیبن. لەم قۆناغەدا هەموو شتێک خێرا وەرچەرخا، لە: مۆسیقا، بیناسازی، هونەر و ئەدەب بەگشتی و زۆر بواری دیکەی ژیان. لە سەردەمی ڕێنێسانسدا چیتر مرۆڤەکان ژیانی سەرزەوییان بە نزم و بێنرخ و پێشەکییەک بۆ جیهانێکی باشتری ئەو دونیا سەیر نەدەکرد، دیدیان بۆ سروشت و بوون گۆڕا. هەندێک لە فەیلەسوفەکان گوتیان: "ئەگەر خوا بێکۆتایییە، لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە، کەواتە خوا لەنێو هەموو دروستکراوەکانیدا هەیە". بەپێچەوانەی سەدەکانی ناوەڕاست کە پێیان وابوو: "بەربەستێک لەنێوان خوا و سروشتدا هەیە کە تێناپەڕێنرێت". برۆنۆ کە فەیلەسوفێکی ڕێنێسانس بوو پێی وابوو خوا لە سروشتدا ئامادەییی هەیە و جیهانی بوونەوەرەکانیش ناکۆتایە، لەئەنجامی ئەم بیرکردنەوانەی لە ساڵی ١٦٠٠ز لە شاری ڕۆم، هەر بە زیندوویی سووتاندیان. ئاخر لە سەردەمی ڕێنێسانسدا تەریب بە بزاوتێکی هیومانیستی-مرۆیی، بزاوتێکی دژە هیومانیزمیش کەوتەکار.
بێ گومان مرۆڤەکان ڕێنێسانسیان خوڵقاند، نەک بەپێچەوانەوە، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفە و لۆژیک و ڕەوشگەلێک کە مرۆڤی ئەم سەردەمە کوێرانە دوای کەس نەدەکەوت، بەڵکوو مرۆڤ گەیشتە ئەوەی ڕەوشی زانستی بۆ تێگەیشتن لە سروشت بگرێتە بەر. باشترین ڕەوشیش ئەزموونکردن و بینینە لەڕێی هەستەکانەوە، چونکە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکان تەنیا لەڕێی تیۆری و ئاوەزاندنی تەنیاوە بەدی نایەت. بەپێچەوانەی سەدەکانی ناوەڕاستەوە کە تەنیا ئەقڵگەرایی بوو، ئەمان بۆ تێگەیشتن لە سروشت پێیان وابوو، دەبێت لەسەر بنەمای (بینین-واتە هەستەکان)، (ئەزموونکردن)، (تاقیکردنەوە) ئەنجام بدرێت؛ بە واتایەکی دیکە گرنگی و جەختیان لەسەر ڕەوشی ئەزموونگەری بوو. پێیان وابوو زانین و ئاگایی دەبێت لەسەر بنەمای ئەزموون بێت نەک لەسەر بنەمای نووسینگەلێکی کۆنی داڕزاو یان لەڕێی خەیاڵکردن. گالیلۆ دەیگوت: "هەڵیسەنگێنە، ئەوەی کە دەتوانیت هەڵیسەنگێنیت، ئەوەیشی کە ناتوانیت هەڵیسەنگێنیت، وای لێ بکە هەڵسەنگێندرێت". فرانسیس بیکۆنیش کە بە یەکێک لە فەیلەسوفەکانی زانست و مەعریفە ناوزەد دەکرێت، پێی وابوو "زانست و مەعریفە، واتە دەسەڵات"؛ دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر سروشتدا. هەر ئەم پێشەکییانە (ڕێنێسانس) بوو کە دەرگای بەڕووی مۆدێرنە و سەرجەم داهێنانەکانی دوای خۆیدا کردەوە.
وەک پێشتریش گوتمان، تەریب بە بیر و بیریاری ڕێنێسانس، خاوەن دەسەڵاتی فرەچەشن کەوتبوونە دژایەتیکردن، بەتایبەتی کەنیسە و پیاوانی ئایینی. کڵێسا بەو هەژموون و دەسەڵاتەی کە هەیبوو چەندین مرۆڤی ئازادیخوازی دادگایی کرد و سووتاندنی؛ نە لەبەر چییەتیی هەقیقەت، بەڵکوو کەنیسە دەیویست دەسەڵاتی بەردەوام بێت، لەوانەش سەرتۆپی ئەو دەسەڵاتانە، دەسەڵاتی مەعریفی بوو. بە نموونە تیۆریی بەتڵیمۆسیان لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا هێنابووەوە و سەرسەختانە دژایەتیی کۆپەرنیکۆسیان دەکرد، چونکە لەبنەڕەتەوە بەتڵیمۆس و دیدی ئایینیی مەسیحی دەبردە ژێر پرسیارەوە و ئەو هۆشیارییەی دروست کردبوو کە هەزار ساڵ، بەڵێ هەزار ساڵ بە لاڕێدا براون. لێرەوە کەنیسە کەوتە دادگاییکردنی گالیلۆ، سووتاندنی برۆنۆ، ئەوە لێگەڕێ کە خورافەی ئایینی گەیشتبووە فرۆشتنی بەخشینی خوا و بەدەستهێنانی بەهەشت.
ڕێنێسانس و ڕیفۆڕمی ئایینی
ڕێنێسانس بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان مرۆڤ و خودادا بێتە کایە. کاتێک زانست و فەلسەفە لە ئایین دوورکەوتنەوە، جۆرە ئایینێکی نوێ سەریهەڵدا، بە جۆرێک کە پەیوەندیی هەر تاکێک لەگەڵ خودا، لە پەیوەندیی هەر تاکێک بە کڵێساوە گرنگیی زیاتر بوو.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، دەقی سەرەکیی ئایین بریتی بوون لە دوعا و پاڕانەوەکان بە لاتینی، بەڵام کتێبی پیرۆز تەنیا قەشەکان دەیانتوانی بخوێننەوە و ڕاڤەی بکەن بۆ خەڵکی؛ کتێبی پیرۆز تەنیا بە زمانی لاتینی نووسرابوو، بەڵام لە سەردەمی ڕێنێسانسدا ئینجیل وەرگێڕدرایە سەر زمانە ناوچەییەکان و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر بزاوتی ڕیفۆڕمی ئایینی هەبوو.
ڕیفۆڕمخوازانی وەک مارتن لۆسەر، پەیوەندیی خۆیان بە کەنیسەوە پچڕاند، چونکە باوەڕیان وابوو مرۆڤ بۆ وەرگرتنی ڕێنماییی ئایینی پێویستی بە نێوەندگیری نییە و فرۆشتنی ڕێنماییی ئایینی زۆر بێمانایە، چونکە ناکرێت بەخششی خوایی بکڕدرێت و مامەڵەی پێوە بکرێت، هەربۆیە کڕینی ڕێنماییی ئایینی لە نیوەی دووەمی سەدەی شانزەیەم بەدواوە لە کڵێسای کاسۆلیکدا قەدەغە کرا.
مارتن لۆسەر، خۆی بەدوور گرت لە زۆربەی نەریت و حوکمە یەکلاکەرەوەکانی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاست و دەیویست بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای مەسیحییەت و دەیگوت تەنیا تێکست و دەقی باوەڕپێکراومان تێکستە نووسراوە پیرۆزە باوەڕپێکراوەکانە. هەروەک چۆن هیومانیستەکان دەیانویست بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکانی یۆنانیی دێرین بگەڕێنەوە، مارتن لۆسەریش دەیویست بۆ سەرچاوەی مەسیحییەت بگەڕێتەوە. کتێبی پیرۆزی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی و پێی وابوو هەر کەس دەبێت خۆی قەشەی خۆی بێت، دەیگوت ڕۆڵی قەشە تەنیا دەبێت لە بەڕێوەبردنی کڵێسا و مەراسیمە ئایینییەکان بێت، ئەگینا هیچ جیاوازییان لە خەڵکی ئاسایی نییە، هەروەها دەیگوت تەنیا شتێک دەبێتە مایەی ڕزگاریی مرۆڤ، باوەڕەکەیەتی، نەک بەشداری لە مەراسیم و کۆبوونەوە و بەجێگەیاندنی دابونەریتی ئایینی.
لێرەوەیە کە مارتن لۆسەر بە کەسایەتییەکی ڕێنێسانسی ئەژمار دەکرێت، چونکە لە ئاستی تاکگەراییدا، جەختی لە پەیوەندیی خودی و تاکی مرۆڤ دەکردەوە لەگەڵ خوادا. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە لۆسەر بەو مانایەی بۆ نموونە لای لیۆناردۆ داڤینشی هەیە، هیومانیست بووبێت. لە ڕاستیدا هیومانیستەکان جیاواز بوون لەگەڵ لۆسەر و پێیان وابوو تێگەیشتنی ئەو بۆ مرۆڤ نەگەتیڤە، چونکە مارتن باوەڕی وابوو مرۆڤ لە پاش هاتنەخوارەوە لە بەهەشتەوە بۆ سەر زەوی، تێوەگلاوە بە خراپەکارییەوە و تەنیا ڕەحمەتی خوا دەتوانێت ڕزگارکەری بێت.
چۆنیەتیی کەوتنەوەی ڕێنێسانس و چەمکی ڕیفۆڕم لە جیهانی ئیسلامیدا
نوێگەری لە فیکری ئایینیدا، یاخود ڕۆشنگەریی ئایینی، یەکێکە لەو ناو و ناونیشانانەی بە ڕێچکەگەلێکی بیرکردنەوەی ئایینی دەگوترێت کە لەناو موسڵماناندا سەریهەڵداوە. بەپێی جیاوازیی دید و قۆناغەکان ناوی تریشی لێ نراوە، لە نموونەی: بووژاندنەوەی ئایینی، چاکسازی یا ڕێنێسانسی ئایینی. هەندێک پێیان وایە ئەو ناوانە یەکن و هەندێکی دیکەش ڕایان وایە شێوازی دید و کاریان جیاوازە. هەرکام بێت، بەگشتی مێژووەکەی لەنێو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەد و پەنجا ساڵێک پێش ئێستا. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم ڕەوتە، چاکسازی و ڕیفۆڕمە لە ئایینی ئیسلامدا و سەرلەنوێ هێنانەوە و داڕشتنەوەیەتی بە جۆرێک لەگەڵ ڕۆشنگەری و ئەقڵانییەتی سەردەمدا کە زادەی ڕۆژئاوایە، بێتەوە.
کەسانی سەر بەم ڕەوتە، لە ئەنجامی دیدی جیاوازیان، هەر دەستە و تاقمێکیان ناونیشانێکی هەڵگرتووە. بۆ نموونە عەلی شەریعەتی لە دەستەواژەی "ڕۆشنبیری موسڵمان" سوودی وەردەگرت و خۆی و پەیڕەوانی بە ڕۆشنبیرانی موسڵمان ناوزەد دەکرد. دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، عەبدولکەریم سروش "ڕۆشنبیری ئایینی" بەکار دەهێنا، بەڵام لە میسر بە چاکسازی و نوێکردنەوە لای عەبدە و ڕەشید ڕەزا و شوێنکەوتووانی کەوتەوە کە ئەمانە تەنیا جیاوازیی ناوەکە نییە، بەڵکوو جیاوازییە لە خستنەڕووی بابەت و چارەسەریشدا، بەڵام خاڵی هاوبەشیش زۆرە. بنەڕەتی بیری ئەم ڕەوتە یان ڕۆشنبیرانی ئایینی، دەڵێن: ئەمەی بەناوی ئیسلامەوە بە ئێمە گەیشتووە، لە جیهانی نوێدا کێشەی زۆری هەیە، هەندێک ڕەهەندی ئایینەکەمان پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە تا لەگەڵ فیکری هاوچەرخدا بێتەوە.
موسڵمان کە دواکەوتوویی خۆی و پێشکەوتنی ڕۆژئاوای دەبینی، لەنێو ڕۆشنبیرانیدا ئەو پرسیارگەلە سەریهەڵدا کە هۆکارەکانی دواکەوتن و فاکتەری پێشکەوتن چییە.
هەندێکیان هێزی ڕۆژئاوایان لە تەکنەلۆژیای نوێی چەک و هێزی سەربازیدا دەبینییەوە و پێیان وابوو دەبێت سەرەتا ڕژێمە ئەڵقەلەگوێکانی ناوچەکە بۆ ڕۆژئاوا نەمێنن و دواتر دەسەڵاتێکی بەهێزی ئەوتۆ بێتە کایەوە کە توانای ململانێی لەگەڵ ڕۆژئاوای دژە ئیسلامدا هەبێت، لێرەوە ڕەوتی چەکداریی جیهادی ئیسلامی سەریهەڵدا.
دەستەیەکی دی، هۆکاری کێشەکانی جیهانی ئیسلامیان بۆ فاکتەری ناوخۆیی دەگێڕایەوە، نەک دەرەکی؛ بە واتای ئەوەی دواکەوتنی سیاسی و ئابووری و زەمینەکانی دیکەش دەرهاویشتەی کێشەیەکی بنەڕەتین، ئەویش چۆنیەتیی فیکر و بیرکردنەوەیە و بووەتە مایەی ئیفلیجبوونی داهێنان. بێ گومان لەبەر ئەوەی ئایین پێکهێنەرە و فۆرموولە دەداتە هەموو ڕەهەندەکانی بیرکردنەوە و کولتوور لەم ناوچەدا، کەواتە بێ چاکسازی لە ئاییندا ناتوانین دواکەوتنەکانمان قەرەبوو و سەروەریمان لە بوارەکانی دیکەی ژیاندا بەدەست بهێنینەوە و هەنگاوی یەکەم چاکسازیی ئایینی و ڕۆشنبیریی ئایینمان پێویستە.
لە بەرایی ئەو کەسانەی هەڵگری ئەم بیرکردنەوە بوون، جەمالەدینی ئەفغانی بوو کە ڕیشەی کێشەکانی جیهانی ئیسلامی بۆ نێوخۆی گێڕایەوە. دواتر موحەممەد عەبدەی میسری کە شتانێکی بۆ پێش خۆی زیاد کرد و هەردووکیان پێکەوە گۆڤاری (العروة الوثقی)یان دەرکرد، ئامانجیان یەکخستنی جیهانی ئیسلامی و دژایەتیی ئیستعمار بوو. دواتر هەر لە میسر ڕەشید ڕەزا و لایەنگرانی کە بە ڕەوتی چاکسازی و نوێگەری ناسرابوون، گۆڤاری (المنار)یان دەرکرد. ئەوەی شایەنی باسە، حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین لەو کەسانە بوو کە پێی کاریگەر بوو و دوای خۆی سەرپەرشتیی گۆڤارەکەی دەکرد.
بەگشتی ئەم ڕەوتە کە کێشەی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی بە فیکرەوە پەیوەست دەکردەوە، پاڵنەری سەرەکییان، تامی تاڵی شکست بوو لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا کە لەسەر بنەمای جیاوازیی ئایینی بە دوژمنی بەردەوامیان دەزانی.
لە جیهانی عەرەبی دەنگی ڕیفۆڕم سەریهەڵدا، بەدیاریکراوی لە میسر کە لانکەی سەرهەڵدانی ڕیفۆڕمی ئایینی بوو. ڕەنگە لە هۆکارەکانی ئەوە بێت، ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشی ناپلیۆن زووتر بەرکەوتەی هەبوو لەگەڵ ڕۆژئاوا و لەژێر هەژموونی عوسمانی دەرهێنرا.
وێڕای دەستپێک لەلایەن عەبدە، پاشان ڕەشید ڕەزا کە خوازیارێکی گێڕانەوەی دەسەڵات بوو لە عوسمانییەوە بۆ عەرەب و وەهابییەتی لێ کەوتەوە کە بووە بناغەی مۆدێلی ئایینیی وەهابی بۆ دەسەڵاتی نوێی دوورگەی عەرەبی و سەلەفییەتی لێ هاتە بەرهەم کە دروشمی گەڕانەوە بوو بۆ ئایینی پاک و بێگەرد و مەبەستیشی نەوەی یەکەمی ئیسلام و سەدەی یەکەمی کۆچی بوو. بە کورتی فۆرمێکی ئەم شۆکە شارستانییە و پێداچوونەوە فیکرییە، سەری لە سەلەفییەتی عەقیدەیی دەرچوو کە بووە مۆدێلی ئایینداری بۆ دوورگەی عەرەبی.
بەشێکیشی لە حەسەن بەنناوە حیزبی دەعەوی و سیاسیی لێ دروست بوو؛ سەرەتا بە بانگەواز و دواتر بووە حیزب و کۆتاجار لە ڕەحمیدا فیکری ئەوتۆ سەری دەرهێنا کە حوکمی جاهیلبوونی دەسەڵات و تەنانەت کۆمەڵگەش بدەن و لەو پێناوەدا دەست بدەنە چەک.
ئەگەر بگوزەرێین لەو هێڵەی سەرەوە کە وەک دەستە و تاقم دەرکەوتن و ئەمڕۆ لە هەموو کات ڕوونترە کۆمەڵگەیان تووشی چ دواکەوتن و قەیرانگەلێکی گەورەتر کرد، دەتوانین هەر لە میسر ناوی چەندین ڕیفۆڕمخواز بهێنین کە نووسینەکانیان بە نیازی ڕیفۆڕم بووە لە پێکهاتەی بیرکردنەوەی موسڵمان و ئایینی ئیسلامدا. دەتوانین چەند نموونەیەک بخەینەڕوو، لەوانە:
١- عەلی عەبدولرەزاق:
لە کتێبی (الاسلام و اصول الحکم)دا کە ساڵی ١٩٢٥ز بڵاو کرایەوە و هەرایەکی بەدوای خۆیدا هێنا، داوای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەتی کردبوو لە یەکتری.
٢- حەسەن حەنەفی:
گرنگترین کتێب و ئایدیاکانی لە بابەتی نەریت و نوێگەریدایە و ئامانجی سەرلەنوێ خوێندنەوەیە بۆ نەریتی ئیسلامی بە گیانی سەردەم لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا.
لە نموونەی کتێبەکانی وەک: (التراث و التجدید) بە بەشەکانییەوە وەک "من العقیدة الی الثورة" و "من النقل الی العقل"، (موسوعة الحضارة الاسلامیة)، (مقدمة في علم الاستغراب).
کرۆکی چارەسەری حەسەن حەنەفی، بریتییە لە: مرۆییانەکردنی دەقی ئایینی، تێپەڕاندنی: (لاساییکردنەوە و چاولێگەریی ڕۆژئاوا) و (شوێنکەوتنی پێشینان) و (دابڕان لە واقیع) تا فیکر ببێتە ئامرازی بەدیهێنەری ڕێنێسانس و گۆڕانکاری.
٣- نەسر حامید ئەبووزەید:
خاڵە سەرەکییەکانی نێو فکری ئەم ڕیفۆڕمخوازە، لە دەوری خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و هێرمۆنۆتیکییانەی دەقی ئایینی دەسوڕێتەوە، بەتایبەتی قورئان، کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین دەکاتەوە لە فیکری ئایینی کە کولتوور بەرهەمی هێناوە و ئەو تێگەیشتنە ڕەخنە دەکرێت نەک دەقی پیرۆز. پێی وایە ئەرکی ئایین هاندانی مرۆڤە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی شایستەتر نەک پاساو هێنانەوە بۆ چەقبەستوویی و دەسەڵات، بە بەکارهێنانی میتۆدی زانستیی هاوچەرخ و بەکارهێنانی زانستی زمانەوانیی هاوچەرخ و میتۆدەکانی، بۆ تێگەیشتن لە دەق و گوتار و دوورکەوتنەوە لە ڕاڤەی کۆن و سواو. کاریگەربوون بە موعتەزیلە کە مەرجەعیان ئەقڵانییەت بوو و هەروەها زمان و گوتاریان. لە گرنگترین کتێبەکانیشی، بریتین لە: "مفهوم النص" و "نقد الخطاب الدیني" کە مشتومڕی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
٤- ئەحمەد سوبحی مەنسوور:
ڕێبەری (أهل القرآن)، جەختی لەسەر ئەوەیە کە دەبێت قورئان تەنیا سەرچاوەی (تەشریع) بێت و نکوڵی لە سوننەت و حەدیس-فەرموودە و مێژوویەک دەکات کە لەگەڵ قورئان نایەتەوە و پێی وایە فتوحاتی ئیسلامی ئیستعمار-داگیرکاری بووە و گومانی لە هەندێک فەرزی ئایینی هەیە.
ژمارەیەک کتێبی هەیە، لەوانە زنجیرەی (أهل القرآن) و (المسکوت عنە).
لە باکووری ئەفریقا، بە دیاریکراوی مەغریب-مەراکش، دەتوانین ناوی جابری و تەها عەبدولڕەحمان بەرین:
١- موحەممەد عابید ئەلجابری:
بنەڕەتی فیکری جابری لە دەوری ڕەخنەکردنی ئەقڵی عەرەبی دەسوڕێتەوە. ئامانجی شیکاریی بونیادی ئەقڵی عەرەبییە لە پێناو تێپەڕاندنی کێشەی دواکەوتوویی، لە ڕێی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە بۆ نەریت و هەڵوەشاندنەوەی گوتاری هاوچەرخ. لە گرنگترین کتێبەکانی: (تکوین العقل العربي)، (بنییة العقل العربي)، (العقل السیاسي العربي)، ئەمە جگە لە کتێبەکانی: (نحن و التراث)، (الخطاب العربي المعاصر)، (العقل الأخلاقي العربي).
کرۆکی کتێبی یەکەمی، بانگەشەیە بۆ داڕشتنەوەی ئەقڵی عەرەبی لەسەر بنەماگەلێکی هاوچەرخ، بە شیکاریی ڕەخنەگرانە لە نەریت، لەبری مێگەلئاسا ڕۆیشتن لەگەڵی، بە جەختکردنەوە لە ئەقڵانییەتی ئیبن ڕوشد و ڕەخنەی ئیبن حەزم و خوێندنەوەی مێژووی ئیبن خەلدوون.
٢- تەها عەبدولڕەحمان:
بە پێویستی دەزانم کەمێک زیاتر لەبارەی ئەم نموونەوە بدوێم، چونکە ئەم خۆی بە دژی ڕیفۆڕم-نوێگەرەکان دەزانێت و پێی وایە لە نەریتدا فاکتەرەکانی داهێنان و پێشکەوتن هەیە:
تەها عەبدولڕەحمان باسی کێشەی چەقبەستووی ئەقڵی موسڵمان دەکات، بەڵام ڕیفۆڕمخوازەکان بە لاساییکردنەوە تاوانبار دەکات و بڕوای وایە: کەرەسەکانی داهێنان لە نەریتی ئێمەدا هەیە، تەنیا کەشفکردنی دەوێت، بەڵام ئەوە لایەنگرانی نوێگەری و ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوان کە بنەماکانی داهێنانیان لێ ون کردووین، ئەوانەی کە نکوڵی لە بۆماوە و نەریت دەکەن؛ مەبەستم ئەو نوێگەرانە نییە باوەڕیان بە پۆڵێنی نەریت و بۆماوە هەیە، بەجۆرێک ئەوەی بەسوودە بیپارێزین، چونکە ئەمانە ئەگەر نوێگەرییان نەکردبێت ئەوا بەڕێزەوە ڕوانیویانەتە نەریت.
تەها بەمجۆرە ڕەوشی خۆی دەخاتەڕوو: توێژینەوەم لەو تووڵ و کەرەسانە کرد کە ڕۆشنگەرەکان لەسەری ڕۆیشتبوون و بە پێویستم زانی ئامرازەکان بگۆڕم بە هیی دیکە، ئەو ئامراز و تووڵانەم بەکار هێنا کە پەیوەستە بە کولتوورمانەوە، بۆیە جیاوازیم کرد لەنێوان دوو میتۆدی (المنقولة) و (المأصولة). واتە باوەڕی بە دوو جۆر ڕۆشنگەری هەیە، یەکێکیان لاساییکردنەوە و گواستنەوەیە و ئەوی دییان ڕەسەنە و ڕیشەی لە نەریتدایە.
هەروەها پێی وایە: ڕۆشنگەرەکانی جیهانی ئیسلامی، نوێگەرییان بە مانا باوەکەی وەرگرتووە کە: وەدەستخستنی ئەو کەرەسانەیە مرۆڤ پێی پێشکەوتووە، ئەگەرنا لە سەدەی دوو یاخود سێی کۆچیدا نوێگەری-ڕۆشنگەری هەبووە. ئەم نوێگەرییەیش لە لایەن فەیلەسوفەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرا، بەڵام ئەم بابەتە ئەمڕۆ کۆمەڵێک بیریار نوێنەرایەتی دەکەن کە پێیان وایە پەییان بە شتانێک بردووە کە دەبێتە مایەی ڕێنێسانسی ئوممەتی ئیسلامی.
تەها عەبدولڕەحمان لەبارەی لەباربردنی داهێنانەوە، کە پێی وایە ڕیشەی لە نەریتماندا هەیە و ڕەوتی ڕیفۆڕم و ڕۆشنگەرخواز لەباری بردووە، دەڵێت: ئەم دوو گرووپە لە نوێگەر و ڕۆشنگەر هەستاون بە (إسقاط)-داگرتنی ئەم ئامراز و میتۆدانە بۆ سەر ڕۆشنبیریی عەرەبی و فیکر و بۆماوە-نەریتی عەرەبی. بەم کارەیان پچڕان و دابڕانێکیان دروست کردووە لەنێوان زانیارییەکان کە هەن لەسەر نەریت و بنەماکانی نەریتدا، واتە بنەما و بنەڕەتی کەلەپووریان گۆڕیوین بە بنەماگەلێکی دیکە کە گواستوویانەتەوە و لێرەدا ئێمە لەبەردەم ڕۆشنبیرییەکی پێکەوە ئاوێتەکراوداین، لە بەردەم ڕۆشنبیرییەکداین کە فاکتەرەکانی پەیوەست بە زمانەکەی پەک خراوە و فاکتەرە پێکهێنەرەکانی زەینی لە کار خراوە، بە جۆرێک فەیلەسوف یاخود بیریار بە زمانێک دەدوێت کە بیری پێ ناکاتەوە و بیر دەکاتەوە بەوەی کە قسەی پێ ناکات، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو زمانەی پێی دەدوێت؛ واتە ئەو کولتوورەی ئەم زمانەی هەڵگرتووە لەگەڵ ئەو فیکرەی ئەم زمانە دەیگوازێتەوە جیاوازە. بەم چەشنە دووفاقی دەردەکەوێت؛ بە واتایەکی دیکە زمانی لە دۆڵێکە و بیرکردنەوەشی لە دۆڵێکی دیکە، ئەمەش ئەگەر بەردەوام بێت هیچ داهێنانێک نایەتە دی. من چاکسازیم لەنێوان زمان و فیکردا کردووە و لە دوای فیکرێکم کە لەگەڵ زمانماندا بێتەوە تا بتوانین داهێنان بکەین. لەم قەناعەتەوەیە کە چەمکی (الفلسفة التداولیة)ی بەکار هێنا، واتە بیر بکەمەوە بەپێی زمانم و تەعبیر بکەم بە زمانم بەپێی فیکرم.
دواتر نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت: بۆ نموونە وشەی (الهویة) بە خراپی وەرگیراوە لە (Identity)ی فەرەنسی و ئینگلیزی، یەکەم واتە (وجود)ی تۆ، لە کاتێکدا وشە ئینگلیزی و فەرەنسییەکە بە مانای خودیێتی-زاتیێتی دێت، لەسەر بناغەی ئەم وەرگێڕانە خراپە ڕیفۆڕمخوازەکانمان دێن دەفەلسەفێنن و چەندین ئایدیای سەیر دێننە دەرەوە، بەڵام لە عەرەبیدا (الأنسان کائن موجود و یعرف بالوجود)، ئەگەر لەسەر ئەمە بووەستین ئەوا بە عەرەبی مافی چەمکەکەمان داوە، بەڵام (Identity) ئەو شتەیە جیات دەکاتەوە لەوی دیکە. لە عەرەبیدا (الهویة) جیاکردنەوەی مرۆڤە بەو بەهایانەی هەڵیدەگرێت و کارەکانی کە هەموو مرۆڤ تێیدا بەشدارە، لە کاتێکدا (Identity) جیاکردنەوەی مرۆڤێکە لەوی دیکە بە بوونی-قەوارەی.
بەگشتی کرۆکی بیری تەها عەبدولڕەحمان، بریتییە لەوەی ڕۆشنگەری داهێنانە، داهێنانیش لە نەریتماندا هەیە، بەڵام ڕۆشنگەرە لاساییکەرەوەکان بە داگرتن و سەپاندنی میتۆد و تووڵ و کەرەسەی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا سەریان لێ شێواندووین و بیرکردنەوەی ڕەسەنیان لەبار بردووین تا داهێنانی پێ بکەین.
لە نێو عەرەب زمانەکان بێینە دەرەوە، لە هیندستانی گەورە، دوو نموونە دەخەینە ڕوو:
١- موحەممەد ئیقبالی لاهووری:
نووسینەکانی ئیقبالی لاهووری کە بووە ئیلهامبەخشی بزاوتە ئیسلامی و سەربەخۆخوازەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی، لە کتێبی (خودی)دا باسی مرۆڤی کامڵ و توانا دەروونییەکانی هەر تاکێک و باوەڕ بە خۆبوون دەکات. لە کتێبی (احیای دین)دا، تیشکۆ دەخاتە سەر ناوەڕۆکی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر و ڕەخنە لە فیکری هێنراو لە دەرەوە و غەیرە ئیسلامی دەگرێت.
لە نووسینی (نقد غرب و شرق)دا، ڕەخنە لە مادیگەراییی ڕۆژئاوا و داڕمانی ڕۆژهەڵات دەگرێت و بانگەشە بۆ تێکۆشان دەکات. لە (ملت گرایی اسلامی) بیرۆکەی یەکێتیی موسڵمانان و ناسنامەی هاوبەشی ئیسلامی دەخاتەڕوو. لە (فەلسەفەی مێژوو)دا، دیدی بۆ بەرەو کەماڵچوونی مێژووی مرۆڤ و ڕۆڵی لە ئایندەسازیدا دەخاتەڕوو.
بەگشتی کتێبەکانی سەر بە ژانری شیعری و بە زمانەکانی ئوردوو و فارسی نووسراون، لەوانەش کتێبێکی هەیە کە بە زمانی ئینگلیزییە و پتر بۆ ئامانجەکەی ئێمە دەست دەدات، بە ناوی (The Reconstruction of Religious Thought in Islam) واتە "زیندووکردنەوەی فیکری ئایینیی ئیسلامی"، باس لە نوێگەری و ڕیفۆڕم دەکات لە بنەماکانی بیری ئایینیی ئیسلامی، لەوانە: بابەتی ئەزموونی ئایینی، مانای پاڕانەوە، وێناکردنی خوا، نەمریی نەفس، ڕۆحی شارستانییەتیی ئیسلامی، گریمانەی بەرەوپێشچوون لە پێکهاتەی ئاییندا.
٢- فەزڵ ڕەحمان:
ئەم نووسەرە پاکستانییە کە لایەنگری ڕۆشنگەریی ئایینیی ئیسلام بوو، کاری لەسەر:
نوێکردنەوەی ئایین: باوەڕی وابوو کە ئەحکامی ئیسلامی دەبێت لەگەڵ هەلومەرجی گونجاو بە کات و شوێنەکەی خوێندنەوەی نوێی بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت تا عەدالەت و عەقڵانییەتی ئایینی پارێزراو بێت، نەک ڕووکەشی دەقەکان وەربگیرێت.
ڕەخنەگرتن لە نەریتی ئیسلامی: جیای کردووە بۆ دوو بوار؛ وەحی و نەریتێکی مێژوویی کە لەژێر کاریگەریی بەستێنێکی تایبەتدایە و دەکرێت ڕەخنە بکرێت و ڕیفۆڕمی تێدا ئەنجام بدرێت. پێی وابوو پێویستە نوێگەریی موسڵمانان بە دوو جووڵە بێت، سەرەتا بۆ تێگەیشتن لە ئایین، دەبێت پەی بە ڕۆح و ئامانجی گشتیی قورئان بەرین، واتە لە دەقەوە بۆ ڕۆح-کرۆک؛ هەنگاوی دووەم بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە و پێداویستییەکانی سەردەم، حوکمەکان هەڵبگۆزین، واتە لە ڕۆحی ئایینەوە بۆ دەق.
چەقبوونی قورئان: قورئانی بە سەرچاوەی بنەڕەتی و بەرایی بۆ پەیبردن بە ئایین دەزانی و سوننەتی وەک دەرهاویشتەیەکی مێژوویی سەیر دەکرد. گرنگترین کتێبەکانی بریتین لە (ئیسلام و مۆدێرنە) و (وەحی-نیگا لە ئیسلامدا).
لە ناو فارسەکاندا، دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بکەین:
١- مەحموودی تاڵەقانی:
یەکێکە لە مەلا شیعەکانی ئێران کە لە سەردەمی خۆیدا پشتگیریی دکتۆر موسەددیقی کرد بۆ بەخۆماڵیکردنی نەوتی ئێران و پتر چالاکێکی سیاسی بوو، بەڵام لەڕووی فیکرییەوە وێڕای ئەوەی کاریگەر بوو بە جەمالەدینی ئەفغانی و عەبدە، دەستی دایە نووسینی تەفسیری قورئان و لەوێدا پێی وایە قورئان تەنیا سەرچاوەی ڕێنماییە بۆ هەموو سەردەمەکان و ئیسلامی بە ئیلهامبەخشی ڕێنێسانس دەزانی و پێی وابوو ئیسلام و دیموکراسییەت یەکن.
٢- عەلی شەریعەتی:
ڕەنگە شەریعەتی لەنێو فارس زمانەکاندا پتر لە ئەوانی دیکە بە ڕۆشنبیری ئایینی و هەڵگری فیکری نوێگەریی ئایینی بناسرێت. ئەمیش وەک زۆری دیکە کە هەڵگری دروشمی نوێگەری بوون بۆ ئیسلام و بە لایەنی کەمەوە فیکری ئایینی، لە کۆمەڵێک بەرهەمیدا دیدەکانی خۆی دەخاتەڕوو:
١- لە (کویر)دا کە بە مانای سەرگەردان و بیابان دێت، لە دوای ناسنامە و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆدێرنەدا دەگەڕێت.
٢- (فاطمە، فاطمە است)، لەم کتێبەدا خوێندنەوە دەکات بۆ کەسایەتیی فاتیمەی کچی پێغەمبەر، وەک نموونەیەک بۆ چاولێکردنی لەلایەن ژنی موسڵمانەوە.
٣- (حسین وارث آدم)، شیکاری بۆ ڕووداوی کەربەلا دەکات و بە نموونەیەکی دەزانێت بۆ دژایەتیی ستەم و سەرخستنی عەدالەت.
٤- (تشیع علوی و تشیع صفوی)، جیاوازی دەکات لە نێوان شیعە لە مۆدێلی عەلی و لەوەی سەفەوی، پێی وایە ئەمەی دووەم سەری بۆ خورافە کێشاوە.
٥- (بازگشت بە خویشتن)، بانگەشە بۆ پێداچوونەوە بە ناسنامەی ڕەسەنی ئێرانی-ئیسلامی، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا.
٦- (اسلام شناسی)، کۆمەڵە وانەیەک بوون لە حوسێنییەی ئیرشاد پێشکەش کرابوون، ئامانج لێی وێناکردنی ئیسلامێکی مۆدێرن بوو.
بێ گومان کتێب و دیدی دیکەشی هەن، لەوەی کە ئیسلامی نەوەی یەکەمی سەردەمی پێغەمبەر و سەحابەی بە (دوور) و موحەممەدیانە و ئێستایشی بە (نزیک) و بە لادەر ناوزەد کردووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە جەخت لە تێکۆشان لە پێناو خستنەڕووی ئایدۆلۆژیایەکی ڕزگارکەر دەکات، لەسەر بنەمای ئیسلام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیستعمار و ستەمکاری.
بێ گومان لە پاش ئینقیلابی ئێرانیش کەسانێکی دیکە هەن، لە نموونەی عەبدولکەریمی سروش و شەبەستەری...هتد، کە زۆرن و وا دەزانم دیدیان لەبەرچاوە لە کەناڵە جیاوازەکان و پێویست بە خستنەڕوو ناکات.
٣- مەهدی بازرگان:
بازرگان ئەگەرچی کەسێکی سیاسی بوو و مامۆستای زانکۆ و یەکەم سەرۆک وەزیرانی پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو، بەڵام گرنگی بە بواری فیکریش دەدا و چەند نووسینێکی هەیە:
(آخرت و خدا)، (پا بە پای وحی)، (تعریف حکومت از پایین)، (توسعە و تکامل)، (نقد و باز اندیشی دینی).
بازرگان لە دوو کتێبی یەکەمدا، هەوڵی ئەوەی دەدا ئایین لەگەڵ لۆژیکی زانستیی سەردەم بگونجێنێت. لە کتێبی کۆتاییدا کە باسی نوێگەری لە فیکری ئایینیدا دەکات، پتر ڕەخنە لە ڕێچکەی ئایینیی باو دەگرێت. بە کورتی، بازرگان لە دوای ئیسلامێکی ئێرانی بوو، بەجۆرێک لەگەڵ ڕەسەنایەتیی ئێران و ناسنامەی میللی و پێشکەوتنی مۆدێرندا بگونجێت. نوێگەریی ئایینیشی، هەوڵێک بوو لە پێناو بەمۆدێرنەکردنی ئایین تا بتوانێت ڕووبەڕووی ئاریشە و تەڵەزگەکانی سەردەم ببێتەوە.
ئەنجامگیرییەک لە بەراوردی ڕێنێسانس و ڕیفۆڕمی ئایینیی ئەورووپا و نوێگەری و ڕۆشنگەریی ئایینی لە ناو موسوڵماناندا:
سەرەتا پێویستە تێگەیشتنێکی هەڵە ڕاست بکەمەوە کە ڕەنگە مێژووی دووروودرێژی پتر لە سێسەد ساڵەی ڕێنێسانس لە ئەورووپا دروستی کردبێت، گوایە ڕیفۆڕمی ئایینی ڕێنێسانسی خوڵقاند و دواتر ڕۆشنگەری بە دوای خۆیدا هێنا، چونکە ڕۆشنگەرانی ئایینیی ناو کۆمەڵگەی موسڵمان تەنیا دەم لە نوێگەریی ئایینی دەدەن و وەک ئەوە دەیخەنە ڕوو کە ئەگەر ئایین نوێ بوویەوە ئیتر دەرگای ژیانی نوێ و باش بە ڕووی ئەم ناوچەیەدا دەکرێتەوە!
لەڕاستیدا وەک گوتوومانە و لێرەش جەختی لێ دەکەینەوە، گەڕانەوە بۆ ئەقڵانییەت و فەلسەفەی سەدەکانی پێش هەژموونی ئایین، واتە سەدەکانی ناوەڕاست، بنەمای ڕێنێسانس بوو، ئیتر کە ئەقڵانییەت دەرکەوت خورافە جێ پێی پێ لێژ دەبێت و ڕووت دەبێتەوە و ئیتر ئەوە ئایینە خێرا ڕیفۆڕم لە خۆیدا دروست دەکات لە پێناو مانەوە.
لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە ئەگەر سەیر بکەین، ڕیفۆڕمی مەسیحی و بەتایبەتی لۆسەر چەند چەمکێکی بەکار هێنا، کە لە ڕەوشی گشتیی ڕێنێسانسی ئەورووپادا هەڵگیرایەوە، وەک "خودییەتیی باوەڕ و ڕاڤەکردنی باوەڕ کە پەیوەندیی تاک و خودییە لەگەڵ خوا". لەڕاستیدا، ئەمە هەڵگیرایەوە و بووە پاڵپشت بۆ تاکگەرایی و ژیانی تایبەت و ئازادبوونی تاک لە بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و فیکریدا، کە بێ گومان لۆسەر و ڕیفۆڕمی ئایینی هیچکات ئامانجی ئەوە نەبووە.
دەتوانین نموونەی دیکەش لە چەشنی "کارکردن وەک فەزیڵەتێکی ئەخلاقی و پەرستش" باس بکەین، کە لۆسەر جەختی لێ دەکردەوە، چونکە چینی فیۆدالیست کە چینی باڵا بوون و کاریان نەدەکرد و کارکردن ئەرکی چینی خوارەوە بوو و فیۆدالیستەکان تەنیا ڕەنجی ئەوانیان دەخوارد، ببووە نەریت و وەک فەزیڵەتی بەرزی چینی سەرەوە سەیر دەکرا. ڕیفۆڕمی ئایینی پشتیوانیی مەعنەوی و ئەخلاقی لە کارکردن کرد و بە قەشەکانی ڕاگەیاند تەنیا بانگخوازی ئێوە کار نییە، کار و خزمەتی ڕۆژانەش لەنێو کۆمەڵگە پەرستشە، کارکردن لە دنیا و بوونی سەرمایە و کار خراپ و دژی ئایین نییە و دەوڵەمەندی دژە ئایین و هەژاریش پاکێتی نییە.
دەتوانین بڵێین ئەمە هاندان بوو بۆ دروستبوونی سەرمایەی تاک و دواجار سیستمی سەرمایەداری کە بەداخەوە لە کولتووری ئەم ناوچە بە ئایینی و مارکسییەوە دیدێکی ئێجگار ناشیرینیان بۆ سەرمایەداری دروست کردووە، کە ئەوە ڕیشەی لە سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحییەتدا هەیە، بەڵام هاندان بوو و هەڵگرتنەوەی گوزارشتێکی ئایینی بوو لەلایەن ئاوەز و ئاوەزمەندییەوە کە سەرەتاکەی لە یۆنانی دێرینەوە کەوتبووە سەرپێ و دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە تەنیا ئەقڵانییەتە دەتوانێت ئەو تێبینی و شیکاری و پەیوەستکردنەوەیە دروست بکات، ئاخر هیندستان زۆر پێشتر ماتماتیکی کەشف کردووە، میسر سەرچاوەی ئەستێرەناسی بووە، لەم ناوچانە و وەک دەوترێت لای حەمووڕابی یاسا دانراوە، بەڵام چونکە ئەقڵانییەت نەبووە، نە ماتماتیکەکەی هیند بووە میتۆدی خوێندنەوە بۆ یاساکانی سروشت، نە ئەستێرەناسییەکەی میسر گالیلۆ و کۆپەرنیک و شۆڕشی زانستیی دروست کرد و نە حەمووڕابی کولتووری پاراستنی کەرامەتی بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان هێنایە گۆڕێ.
دوای ئەم پێشەکییە، چەند خاڵێک دەخەمەڕوو بە ئامانجی تێگەیشتن لە پارادۆکس-بوونی ڕێنێسانسی ئایینی و بەگشتی ڕێنێسانس لەم ناوچەیە:
١- ئەگەرچی ڕەها نییە، بەڵام بەگشتی ڕۆشنبیری موسڵمان، وەک بەردەوامیی ململانێی نێوان ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی و ڕۆژئاوای مەسیحی سەیری مۆدێرنە دەکات و ڕۆشنگەریی ئەورووپا بە کۆتاییهێنان بە هەژموونی کەنیسە و وەگەڕخستنی ئەقڵ و گێڕانەوەی شکۆی مرۆڤ نازانێت، پێی وایە ئەمە هێرشی نوێی ڕۆژئاوای مەسیحییە، دوای جەنگی خاچپەرستان و ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی و ناویشی ناوە هێرش یان داگیرکاریی ڕۆشنبیری.
دەتوانین بڵێین لە ئەنجامی ئەم حوکمە پێشوەختە، زۆرێک لە ڕۆشنگەرانی ئایینی، ئایینیان وەک ئایدۆلۆژیا خستەڕوو و لەڕاستیدا کەوتنە ڕقبوونەوە لە هەر بیرکردنەوەیەک کە لە دەرەوەی سنووری خۆیان بێت و مۆدێرنەیان بۆ دژایەتیی مۆدێرنەی ڕۆژئاوا و دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ خوێندەوە، وەک ئەوەی تەها عەبدولڕەحمان دەڵێت: تووڵ و کەرەسەکانم خوێندەوە تا گوتاری دیکەی نەریتیی خۆمان دابهێنم!، هەروەک پێشتر غەزالی و ئیبن تەیمییە لۆژیکیان خوێندووە و لەبارەیەوە نووسیویانە و تەنانەت غەزالی بە فەرزی عەینی دەزانێت، بەڵام بۆ دژایەتیکردنی لۆژیک کە گوایە یۆنانیی بتپەرستانە و ئەرەستۆیانەیە! بە کورتی باوەڕیان بە کلتووری ئەقڵی مرۆڤ نییە.
٢- هەر ئەو خاڵە وای کردووە، جگە لەوەی بیرکردنەوەی ڕۆشنبیری نوێگەریی موسڵمان داخراوە بە ڕووی ناوچەکەی خۆیدا و بەڵکوو نرخی نییە بۆ کولتووری ئەوانی دیکە، لە نێو خۆشیدا یەکترخوێندنەوە نییە و هەمیشە لە سەرەتاوە دەدوێن و شتەکان دەڵێنەوە، وەک ئەوەی دەبینین زۆربەی پۆینتەکان لەنێو گشت ڕۆشنگەرەکاندا چەندبارەیە و کەسیان زیادکردنێکی نییە، لە کاتێکدا فەلسەفە و فیکر (تەراکم) کەڵەکەکردن و ڕەخنە و شیکاریی ئارگومێنتی پێشوو و زیادکردنە.
٣- دیدی ئایدۆلۆژی بۆ فیکر، پێمان دەڵێت: فەلسەفەی ئەم ناوچەیە بە چاولێگەریی کوێرانەی فەلسەفەی ئەورووپایی و کێشە و چەمکەکان و تیۆرییەکانی هێناوە بۆ ئێرە و خۆمانە نییە و بۆ نەریتی ئێمە دانەبەزیوە. گریمان ڕاستە، بەڵام کێ گوتوویەتی ئەو بیرکردنەوە بێنە بۆ ئێرە، گرنگ ئەوەیە خودی بیرکردنەوە لێرە بخەرە سەرپێ، چونکە بیرکردنەوە پەک خراوە و نەریت و ئایین پەکی خستووە.
٤- دەتوانین بڵێین: نوێگەری و ڕۆشنگەریی ئایینی هەر لە هەنگاوی سەرەتاوە نەزۆک بووە، چونکە زۆر سانایە تێبگەین کە فیکر ناکرێت سنووردار بکرێت لە چوارچێوەیەکدا کە پێشتر بۆی دیاری کراوە. ڕیفۆڕمخوازی ئایینی هەر بۆ خودی سەرچاوەکانی ئایین خۆی دەگەڕێتەوە و بەردەوام خەریکی هێنانەوەی بەڵگەیە بۆ شتێک کە ئیمانی پێیەتی، لە کاتێکدا ئیمان ئیمانە و بەڵگەی ناوێت و ئیمانی باش ئەوەیە کە بێ بەڵگەیە لە نەریتی ئایینیدا.
ڕیفۆڕمخوازی ئایینی دەیەوێت پێیەکی لەنێو هەقیقەتدا بێت بە پێناسەی باوەڕ، لە کاتێکیشدا دەیەوێت خۆی بکاتەوە بە ڕووی ژیانێکدا کە لەسەر بنەمای وەلاخستنی هەقیقەتی ئایینی هاتووەتە کایە.
زۆرێک لە ڕیفۆڕمخوازان لە دوای هەقیقەتن، بەڵام لە ئاییندا، بۆیە لەنێو هەقیقەت و گۆڕانکاریدا بەردەوام لە سەفاومەروادان. بیریاری ئایینی هەیە کە ئەکتیڤیستە و لە خەمی ئاییندایە و بۆی بیر دەکاتەوە، ئەوە جێی کێشە نییە، بەڵام کێشە لەوێدایە بیر بکەیتەوە کە چۆن ژیان ئاییندارانە بکەیت و بە گوزارەی ئێرە: ئەسلەمەی ژیان بکەیت.
٥- گرنگترین بنەمای باوەڕ و ئایینداری، باوەڕداربوونە بە خوا. لە ڕێنێسانسدا فشاری هیومانیزم، خوای بکوژ و ببڕ و نائەخلاقیی سەدەکانی ناوەڕاستی گۆڕی بە مرۆڤ و خوایەک کە باشبوونەکەی لە مرۆڤدۆستیدایە، هەر دەتوانین بڵێین خواسەنتەریی کردە مرۆڤسەنتەری، بەڵام لە جیهانی ئیسلامیدا، خوای باو تا هەنووکەش خوای ناو عەقیدەی ئەشعەرییە کە ئێجگار تووڕە و توندە و بەردەوام ناڕازییە لە مرۆڤی باوەڕداریش. ئەگەر بیرکردنەوە بووبێت لەم خوایە، ئەوا بۆ تێپەڕاندنی نەبووە، بۆیە ئیشق و خوا وەک مەعشووق هاتە دەر و بووە ئەڵتەرناتیڤ و جۆری دیدی بۆ خوا گۆڕی نەک لایدا. تەنانەت لە شیعری عیرفانیی شاعیرێکی وەک مەولانادا و لە چیرۆکە شیعری (مووسا و شوان)، خوای مووسا کە خاوەن شەریعەتێکی توندە باوە و زاڵە.
٦- پرسیارێکی گرنگ پەیوەست بە ڕیفۆڕمی ئایینی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا ئەوەیە: هەر بەڕاست فەزای فیکری و ڕۆشنبیریی ئەم ناوچانە ئازادیی فیکر و ڕادەربڕین هەڵدەگرێت؟! ئاخر بیرکردنەوە بێ ئازادی مەحاڵە. لە وڵاتانی ئیسلامی ئەوەی ڕایەکی هەبێت یا لە دەرەوەیە یاخود سزا دەدرێت. نەسر حامید ئەبووزەید، نموونە ساناکەیە کە دەزگای ئایینیی فەرمیی ئەزهەر حوکمی لە ئایین دەرچوونی بۆ دەرکرد و ژنەکەشیان بە حەرام زانی بۆی.
٧- ڕۆشنگەریی ئایینیی ئیسلامی پێیان وایە لە مەسیحییەتدا وتەبێژی فەرمیی ئایین بووە، بەڵام لە ئیسلامدا نییە و ئیسلام کاهینی نییە، بۆیە ڕۆشنگەریی ئیسلامی وەک ڕیفۆڕمی مەسیحی نییە.
لەڕاستیدا، ڕێنێسانس مەرجەعی مەعریفەی لە ئایین و کتێبی پیرۆزەوە گۆڕی بۆ ئەقڵ و بەڵگەهێنانەوەی لۆژیک و ئەقڵ، بەڵام ڕۆشنگەریی ئایینی داوای بەمەرجەعکردنی تەنیا کتێبی پیرۆز دەکات و پێی وایە کێشە لە نەریتدایە کە خوێندنەوەی دروستی بۆ ئایین نەبووە و لایان بڕاوەتەوە کە دەق لەگەڵ ئەقڵدا هیچ دژایەتییەکی نییە. هەر لەو ڕوانگەوە پێیان وایە هەر شتێک بەناوی ئایینەوە دەکرێت پێویستە لەگەڵ دەقی قورئاندا بێتەوە، لە کاتێکدا واقیع و مێژووش پێمان دەڵێت لە ئیبن ڕوشدەوە تا داعش خاوەنی بەڵگەی ڕوونی ئایەت بوون، ڕەنگە ئەوانەی داعش ڕوونتر بێت.
٨- موسڵمانی ڕۆشنگەرخواز، کێشەی لەگەڵ "زانست" و "تەکنەلۆژیا" وەک دوو دەرهاویشتەی مۆدێرنە نییە و گوایە لە کۆمەڵگەی خۆیدا پەرەی پێ دەدات. ئەگەرچی لەو دووانەشدا وانییە چونکە زانستیشی هەروەک تەکنیک وەرگرتووە نەک جیهانبینی، بەڵام بەریەککەوتنی سەرەکی لەسەر چییەتیی هەقیقەت هەیە، کە مۆدێرنە هەقیقەتی مرۆڤی ئاراستە کردووە بۆ کارکردن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی، بەڵام ئایین جەختی لەسەر ماف نییە، بەڵکوو مرۆڤ دروست کراوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی خوایی و لەو پێناوەدا گیانیشی هیچ نرخی نییە. دەتوانین بڵێین باسی مرۆڤانەبوون و ئەخلاقیبوون لە تێکستی ئایینیدا نییە.
٩- دەوترێت، ڕۆشنبیری ئایینی ئەقڵانییە و کەرەسەی دەستی ڕەخنەگرتنە، گریمان دروستە، بەڵام ڕەخنەی لە نەریت هەیە کە وەک سەرچاوە ئەسڵییەکە نییە! نەک لەسەر بنەمای ئەقڵی و لۆژیکی ڕەخنەی هەبێت و پێوەرەکەی ئاوەز بێت و چارەسەی نوێی بۆ کێشە هەنووکەییەکان هەبێت.
١٠- ڕۆشنبیرانی ئایینی ڕەخنەیان هەیە کە بیرکردنەوە لەوان دەسەنرێتەوە لە کاتێکدا، فەیلەسوفەکان تا مارکس، زاناکانیش تا ئاینشتاین و دواتر باوەڕیان بە خوا و ئایین هەبووە.
سەرەتا ئایینیش دەبێت بیرکەرەوەی هەبێت و کەس مافی ئەوەی نییە بیرکردنەوە لە کەس زەوت بکات، ئەو فەیلەسوف و زانایانەش بە مانای خۆیان ئاییندار بوون، نەک بەناوی خوا و ئایینەوە حوکم بکەن و بکوژن و ببڕن. گوتار و پڕۆژەیان ئایینی نەبووە. کەسێک بۆ خۆی باوەڕی هەیە، ئەوە جیایە باوەڕەکەی بکاتە پڕۆژە بۆ کۆمەڵگە. زاتییەتیی خۆی گشتی بکات.
لە کۆتاییدا و لە توێژینەوەیەکی کورتی لەم چەشنەدا هەموو گۆشەیەکی ئەم بابەتە ناخرێتەڕوو و مافی خۆی پێ نادرێت، بەڵام ڕاستیی بینراو ئەوەیە کە ڕۆشنفیکریی ئایینی نەشتەرگەرییەکی سەرنەکەوتووە کە ئامانج لێی پێکەوەهێنانەوەی دوو دژیەکە بە ئامانجی پاراستنی پێگە و هەژموون و بەرژەوەندیی دەستەیەک نەک ئایین وەک پێویستییەکی ڕۆحی، چونکە ئایین لەو بارەدا پۆلیس و ڕۆشنبیری ناوێت. ئەم ڕەوتە فیکرییە سەدوپەنجا ساڵەیە، باری ژیانی لەم ناوچەیە قورستر و تەڵەزگەی زیاتری لەسەر ئایینەکە هێنایە پێشێ. هەر بە نموونە، ئیقباڵی لاهووری لە نوێگەریی ئایینیی خۆیدا خورافەی هیندۆسی و ئیسلامیشی ڕەد دەکردەوە و خوازیاری داڕشتنەوەی کۆمەڵگە بوو لەسەر بنەمای نوێ، بەڵام سەری لە دابەشبوونی هیندستانەوە دەرکرد و پاکستانێکی داهێنا کە تاڵیبانی خوڵقاند، هیندستانیش کە ملی ڕێی چاکسازی نەگرتە بەر نموونەی دیموکراسیی ئەم بەری جیهانە.
بەگشتی، ڕۆشنگەریی ئایینی، توندڕەوی و سەلەفییەتی زیاتری لێکەوتەوە، ئەوە لێگەڕێ هەندێکی کەوتە دامی کاری دەزگا سیخوڕییەکانی ناوچەکە، بە نموونە بەڵگە هەیە کە ساواکی ئێران شەریعەتی بەکار هێنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەپەکان و توودە کە لەو کاتەدا زۆر لە گەشەی خێرادا بوون. لە میسریش، ئەنوەر سادات ئیخوان و چەپەکانی دابوو بەگژی یەکدا و خۆی حوکمی دەکرد.
دوا ئەگەر و گوتاری نوێخوازیی ئایینی ئەوەیە کە مرۆڤی مۆدێرنە وشک هەڵهاتووە لە مەعنەوییەت، ئایینی پێویستە تا تەریب بە ئەقڵ ببێتە خۆراکی گیان، یاخود دڵ.
ئیتر ئەمەش شێواندنە و مەعنەوییەت هەڵگرتنی پرسیاری جەوهەرییە کە کەسی فەیلەسوف پێشەنگی ئەم کارەیە و ئاییندار هیچ پرسیاری نییە، چونکە سەرجەم وەڵامەکانی لایە.
سەرچاوەکان
١- لاهوری، اقبال، (تجدید الفکر الدیني في الأسلام)، ترجمة: محمد یوسف عدس، القاهرة، دارالکتب المصري، ١٩٨٥م.
٢- بلقزیز، عبد الإلە (من الأصلاح الی النهضة)، مرکز دراسات الوحدة العربیة، ٢٠١٤م.
٣- بلقزیز، عبد الإلە (من النهضة الی الحداثة)، مرکز دراسات الوحدة العربیة، ٢٠١٤م.
٤- بن نبي، مالک (مشکلات الحضارة و شروط النهضة)، ترجمة: عبدالصبور شاهین و عمر کامل مسقاري، دار الکتب المصري و دار الکتب اللبناني، ٢٠١٢م.
٥- طرابیشی، جورج (من النهضة الی الردة، تمزقات الثقافة في عصر العولمة)، دار الساقي، ٢٠٠٠م.
٦- حنفي، حسن (التراث و التجدید، موقفنا من التراث القدیم)، الهمداوي، ٢٠١٩م.
٧- شریعتی، علی (کویر)، انتشارات مستقل، ١٣٣٤ش.
٨- شریعتی (أمت و إمامت)، انتشارات حسینییەی ارشاد، چاپ او ١٣٤٨ش.
٩- دوو بەرنامەی (نو اندیشي دینی)، حمید انتظام لە بەرنامەی (پرتو نور).
١٠- سێ بەرنامەی (پرگار) لە بی بی سی فارسی، لەبارەی (نو اندیشي دینی).
١١- پۆدکاستی (رنسانس) لە (کەناڵی آوای فلسفە).
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved