توێژەر و نووسەر
لەباتی پێشەکی
سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێکی پڕکاریگەر و چارەنووسساز و گشتگیری وەک ڕێنێسانس، بەستێن و سەبەب و گرنگتر لەوەش، ئاکام و ئەنجامی تایبەت بە خۆی هەبووە و هەیە و جیا لەوەش، ئەم چەشنە ڕووداوانە، سەرەڕای ئەوەی کاریگەریی بەرچاوی عالەمی و گشتگیری هەبووە و بە جۆرێک خەڵکی گۆی زەوی سەرقاڵی خۆی کردووە و تەنانەت ژیان و فەرهەنگ و ئایین و هەڵسووکەوتیشیانی تووشی گۆڕانی سەیروسەمەرە کردووە. بەس وادیارە، ئاخێزگەی سەرهەڵدانی ڕووداوەکە هەمیشە قسەی یەکەمی کردووە و دەیکات و بە واتایەک بڕاوەی یەکەم بووە و یەکەم دەمێنێتەوە و وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی بەشی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی کە لەم ماوەیەدا بەردەوام هەر خەریکی لاساییکردنەوە بووە، جیا لە چەندین دەستکەوتی بەرچاو، هەمیشە تووشی سەرلێشێوان و سەرگەردانی و تەنانەت پاشاگەردانی و قەیران بووە.
لێرەوە پرسیار ئەوەیە بۆ ئەم چەشنە ڕووداوانە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتر لە کوردستان ڕوو نادات، یان لانیکەم ئەنجامی وەک ئەوەی ڕۆژئاوای نابێت و گرنگتر ئەوەش بۆ ئەم چەشنە ڕووداوانە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی لە کوردستان دووپات نابنەوە؟
لە وەڵامی ئەم چەشنە پرسیارانەدا، دەکرێت ئاماژە بە هۆکار و سەبەبی زۆری وەک نەبوونی دەوڵەت، بە هەڵپەسێردراوی مانەوەی پرسی نەتەوەسازی، هەڵکەوتەی جوگرافی، پرسی فەرهەنگ و ئایین و مێژوو و هەروەها نەبوونی زانست و ئیرادە بکرێت، بەڵام پێدەچێت ڕێبازی «مێژووگەرایی نوێ»، وەڵامێکی تاڕادەیەکی بەرچاو گونجاوتر و ڕێکوپێکتری لەم ئاراستەیەدا و بەتایبەتی بۆ پرسیاری «لە ڕۆژهەڵات یان کوردستان بۆ ئەم چەشنە ڕووداوانە دووپات نابنەوە یان ئەنجامی وەک ڕۆژئاوایان نابێت؟» هەبێت.
ڕێبازی «مێژووگەرایی نوێ» بڕوای بە مێژوومەندیی ڕامانە (ڕامانەی) و ڕووداوەکان هەیە، واتە لە ڕوانگەی ئەم ڕێبازەوە هەر چەمک و ڕامانە و ڕووداوێکی سیاسی و بەتایبەتی فەرهەنگیی وەک ڕێنێسانس، لەپڕا ڕوو نادات و ڕووینەداوە، بەڵکوو لە ڕەوتێکی مێژوویدا ڕوویداوە و دەرکەوتووە و لەم ڕووەوە مێژوومەندە و بە واتایەک مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، کەواتە ئەم چەشنە ڕووداوانە بەرهەمی دیار و نادیاری ڕەوتێکی مێژوویی کۆمەڵگەیەکە و، دووپاتکردنەوە و دووپاتبوونی لە کۆمەڵگەیەکی دیکەی وەک ڕۆژهەڵات گەر نامومکین نەبێت، ئەوەتا بەتەواوەتی ئەستەم دەنوێنێت.
کەواتە لەم ڕوانگەیەوە، سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێکی فەرهەنگی و سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، تایبەت بە کەشوهەوای فەرهەنگی و مێژوویی ئەو کۆمەڵگەیەیە، بۆیە ناکرێت تووشی ئەو هەڵەیە ببین کە وا تێبگەین دەکرێت بە سانایی و ساکاری لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا و لەوانەی کوردستان، ئەو ڕامانەیە وەک خۆی دابەزێنرێت، یان ئەو ڕووداوە سەرهەڵبدات و بخوڵقێنرێت و یان ئەوەی دووپات بکرێتەوە.
بۆ وێنە، چەمک و دەستەواژەی وەک ئازادی، فەزای گشتی، دادگەری، دەسەڵاتی یاسا و دیموکراسی و هەروەها ڕووداوی وەک مۆدێرنیتە، پۆستمۆدێرنیتە، پرۆتێستانتیزم، ڕۆشنگەری و بەتایبەتی ڕێنسانس، بەرهەمی مێژوویی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایین و دابەزاندنیان لە شوێن و وڵاتانی دیکە، نەک تەنیا ئەستەم، بەڵکوو لە زۆر ڕەهەندەوە نامومکین دەنوێنێت و لەم ڕووەوە هەوڵ بۆ لاساییکردنەوەی دەق بە دەقی ئەم چەمک و ڕووداو و ڕامانانە (تیۆرییانە)، جگە لە شپرزەترکردنی فەزای نووسین و ملکەچیی فەرهەنگی و قبووڵکردنی هەژمۆنیی بەردەوامی ڕۆژئاوا، کەمترین دەستکەوتی لێ ناکەوێتەوە (میلانی، ١٣٨٧: ١١-١٨).
لەم ڕووەوە پێدەچێت باشترین ڕێگەچارە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە شپرزەی کەوا فەزای زانستی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و تەنانەت سیاسیی ئێمەی تەنیوەتەوە و تووشی قەیرانی کردووین، باشتر وایە لەباتی لەبەرکردن و سەپاندنی بەردەوامی ڕامانەی ڕۆژئاوایی و هەروەها هەوڵ بۆ دووپاتکردنەوەی ڕووداوی لەم چەشنە، بە کەڵکوەرگرتن لە میتۆدۆلۆژیی ڕۆژئاوایی لەڕێگەی خوێندنەوەی دەق و هەناوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بیر لە ڕامانەدانانی (تیۆریدانانی) خۆماڵی بکرێتەوە و لەباتی تەماشاکردنی کۆمەڵگە لە دەرەوە و خوێندنەوەی سەقەتیان بە یارمەتی ڕامانەی ڕۆژئاوایی، لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردییەوە لەگەڵ کۆمەڵگە و دەقە کوردییەکان گفتوگۆ ساز بکرێت و ئەولەوییەت بە ڕامانەدانان لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بدرێت و بە واتایەک بیر لە ڕووداوی خۆماڵی بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی، هەڵبەتە بە ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسی و فەرهەنگی و مێژوویی، بکرێتەوە. لەم ئاراستەیەدا، دیسانەوە ئەو پرسیارە بەرجەستە دەبێتەوە: ئایا دەکرێت لە کوردستان و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان باس لە ڕێنسانس بکرێت؟
پێش ئەوەی بچینە سەر وەختی ئەو پرسیارە جەوهەرییەی واتە ئایا دەکرێت لە کوردستاندا باس لە ڕێنسانس بکرێت و ئایا هەر لەبنەڕەتەوە کوردستانی ئێستا و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە ڕێنسانس هەیە؟ هەست دەکرێت باشتر ئەوە بێت سەرەتا و هەڵبەتە بە ڕەچاوکردنی وانەکانی ڕێبازی مێژووگەرایی نوێ، ئاوڕێک لە ڕووداوی ڕێنسانس لە ڕۆژئاوا و بەتایبەتی وڵاتی ئیتاڵیا بدرێتەوە و ئینجا وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.
ڕێنێسانس لە ڕۆژئاوادا
ڕێنسانس یان ژیاندنەوە لەبنەڕەتدا، بزووتنەوەیەکی گەورەی فەرهەنگی بوو کە وەک شۆڕشێکی زانستی و هاوکات چاکسازیی ئایینی و هەروەها پێشکەوتنی هونەری لە ئەورووپادا دەستی پێ کرد و بوو بە بەشێک لە مێژووی ئەم بەشە لە دنیا و لەم ئاراستەیەدا، وەک سەردەمی نێوان سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی مۆدێرنی ڕۆژئاوا پێناسە دەکرێت.
ئەم وشەیە واتە وشەی ڕێنسانس لە زمانی فەڕەنسییەوە وەرگیراوە و بە واتای لەدایکبوونەوە یان ژیاندنەوە دێت. ئەوانەی ڕێنێسانسیان خوڵقاند، پێیان وابوو سەردەمەکەیان هیچ پێوەندییەکی دوور و نزیکی بە «سەدەکانی ناوەڕاست»ـەوە نەماوە، بەڵکوو زیاتر لەگەڵ یۆنانی کەونارا و ڕۆما پێوەندی و نزیکایەتی هەیە، چونکە بە بۆچوونی ئەوان تەنیا لە دنیای کەونارای یۆنان، بایەخدان بە مرۆڤ و بە واتایەک مرۆڤ-تەوەری و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ بەدی دەکرا و لەو سەردەمەدا سەرکەوتنی گەورەی لەم بوارەدا ئەزموون کردبوو. لەڕاستیدا، لایەنگرانی ڕێنسانس پێیان وابوو سەرکەوتن و پێشکەوتنی گەورە، تەنیا لەڕێگەی ژیانەوەی فەرهەنگی یۆنان و ڕۆما و هەروەها دەربازبوون لە دەسەڵاتی کڵێسا و وانەکانی دەکرێت.
لەم ڕووەوە، پێدەچێت ژیانەوە و گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی یۆنان و ڕۆمای کەونارا، لەپاڵ چاکسازیی ئایینی و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی نائایینی و نەتەوەیی لەلایەن شازادەکانی دژە دەسەڵاتی کڵێسا، گرنگیدان بە بازرگانیی عالەمی و ڕێگەخۆشکردن بۆ پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دنیا، لە ڕیزی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمەی ڕۆژئاوا بن کە لە ئەساسدا سەردەمی ڕزگاربوونی ڕۆژئاوا لە دەسەڵاتی پڕ لە جەهالەتی ئەو سەردەمەی کڵێسا بوو.
دیارە ڕێنسانس وەک دیاردەیەکی فەرهەنگی، خاوەن هزر و ئەندیشەی تایبەت بە خۆی بووە. ئەم هزر و ئەندیشەیە لەسەر سێ بنەمای فەلسەفە و بەتایبەتی گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی ئەفلاتوونی، هیومانیزم و چاکسازیی ئایینی یان پرۆتێستانتیزم دانراوە و، لەم بارەوە دەکرێت بانگەشەی ئەوەش بکرێت ئەساسەن ڕێنسانس بەرهەمی گرنگیدان بە فەلسەفەی ئەفلاتوونی و چاکسازیی ئایینی و هەروەها گەڕانەوە بۆ هیومانیزمی یۆنانی کەونارا بوو کە دەستکەوت و ئەنجامی سەیر و پڕبایەخی لێ کەوتووە. وەک نموونە لەم قۆناغەدا، مرۆڤی ڕۆژئاوایی ئیتر وازی لە کڵێسا-تەوەری و لێکدانەوەکانی بۆ مرۆڤ و دنیا هێنا و لەباتی گرنگیدان بە کڵێسا، مرۆڤ-تەوەری لە پێوەندی بە ئایین و هونەر و ئەدەب و مەعریفە گرتەبەر و لەم ڕووەوە بیرمەندانی ئەم سەردەمە هەوڵی سەرەکییان ئەوە بوو ئیتر دنیا لە دەرەوەی دۆگما سەپێنراوەکانی کڵێسای کاسۆلیکی لێک بدەنەوە (ئیلخانی، هەمان: ٥٦٣) کە ئاکامی بەرچاوی ئەم دنیابینییە نوێیە، ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کۆت و بەندەکانی حوکمڕانیی کڵێسا و هەروەها گەشەکردن و گەشەسەندنی تاکگەرایی لە فەرهەنگی سیاسی و کولتووریدا بوو (ڕاسڵ، ١٣٧٣: ٦٨٣/٢).
جیا لەمەش، ڕێنێسانس شایستەیی گەورەی هەبوو، وەک نموونە لەو سەردەمەوە تا ئێستا ناوبانگی خۆی لە بواری تەلارسازی و نیگارکێشی و شیعردا پاراستووە، کەسایەتیی گەورەی وەک لیۆناردۆ داڤینچی و میشێل ئەنجێلۆ و ماکیاڤێلی بەرهەم هێنا، مرۆڤە خوێندەوارەکانی لە کۆت و بەندەکانی فەرهەنگی سەدەی ناوەڕاست ڕزگار کرد و زانایانی لە کاتێکدا کە هێشتا کۆیلە و گیرۆدەی دنیای کۆن بوون، ئاگاداری ئەم خاڵە گرنگە کردەوە کە سەرچاوە بەناوبانگەکان (وەک ئەفلاتوون و ئەرستۆ و...) بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەموو بابەتێک هەیە (ڕاسڵ، هەمان: ٦٨٢) و لەم ڕووەوە باشترە لەباتی ڕاڤەی کڵێسا، ئاوڕێک لە بۆچوونەکانی فەیلەسووفانی کۆنی یۆنان وەک ئەفلاتوون بدرێتەوە.
بەگشتی ڕێنسانس بە زیندووکردنەوەی زانست و هۆشیاریی یۆنان، ژینگەیەکی فیکریی وای خوڵقاند کە دەکرا جارێکی دیکە ڕکابەریی دەستکەوتەکانی یۆنانییەکان بکرێتەوە و لەم ڕووەوە زانایی تاکەکەسی تا ئاستێکی سەیروسەمەرە و بەوپەڕی ئازادییەوە گەشەی کرد و ئەمە خۆی لە خۆیدا دواتر بەستێنی بۆ ڕۆشنگەری و دەرەنجام مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی ساز کرد.
ئەوەش لەبیر نەکرێت ڕێنسانس بۆ یەکەمجار لە ئیتاڵیا ڕووی دا و لێرەوە پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە ڕێنسانس بۆ لەم وڵاتە ڕووی دا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە ئاماژە بە مێژووی کۆنی ئیتاڵیا و هەروەها ئەو دۆخە بدرێت کە سەبەبی سەرهەڵدانی ڕێنسانس بوو. لەم بارەوە گەر ئاوڕ لە مێژووی ئیتاڵیای پێش سەرهەڵدانی ڕێنسانس بدرێت، دەکرێت باس لە زۆر بابەت بکرێت و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، بەڵام بەگشتی و بەپێی توانایی و زەرفییەتی ئەم وتارە، دەکرێت ئاماژە بە چەندین تایبەتمەندی بکرێت وەک: سەرهەڵدان و پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆیی نێوان شازادە و میرەکانی ئیتاڵیا بۆ ماوەی نزیکەی یەک سەدە، پارچەپارچەبوونی وڵات، مەترسیی ڕوولەئاوابوونی یەکجاریی وڵات، پەراوێزخستنی پرسی پەروەردە و زانست، پەرەسەندنی ئاکاری خراپی وەک باجسەندنی بێبنەمای هەڕەمەکی، زیادبوونی توندوتیژی، ڕێککەوتنی ژێربەژێری شازادەکان بەمەبەستی لێدانی یەکدی، کزبوونی وانەکانی ئەخلاق و ئینسانییەت، بێنرخبوونی مرۆڤ و زاڵبوونی وانەکانی کڵێسا و بەتایبەت بێبایەخیی زانست و پەراوێزخستنی زانایان و فەیلەسووفان؛ ئەمانە وەک گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئیتاڵیای پێش ڕێنسانس دادەنرێن کە بە دڵنیاییەوە لە سەرهەڵدانی ڕەوتی گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی ئینسان-تەوەریی یۆنانی کەونارا و چاکسازیی ئایینی و هەروەها هەوڵ بۆ یەکپارچەیی دەسەڵاتی سیاسیی ئیتاڵیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئاژاوەی ناوخۆیی و بایەخدان بە ئینسان، ڕۆڵی بەرچاو و چارەنووسسازیان هەبووە. کەواتە، دۆخی شپرز و بەپارچەکراو و پڕ لە ئاژاوە و شەڕی ناوخۆیی ئیتاڵیا لە ڕووی سیاسییەوە و بەپەراوێزخستنی ئینسان و زانست لە ڕووی فەرهەنگییەوە، لە سەرهەڵدانی ڕووداوی ڕێنێسانس وەک ڕووداوێکی فەرهەنگی و سیاسیی مێژوومەند، کاریگەریی بەرچاو و تەنانەت سەرەکیی هەبووە.
بەم وەسفەوە، پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئێستای کوردستان و تەنانەت مێژووی هاوچەرخی کوردستان، ئایا پێویست بە ژیانەوە لە ڕەنگ و قەبارەی ڕێنسانس هەیە؟ ئایا ئەساسەن ڕووداوی وا لە کوردستاندا ئەگەری ڕوودانی هەیە و گرنگتر ئەوەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی ڕووناکبیران و بیرمەندانی کوردستان لە ئێستادا و بە نیسبەتی ڕووداوێکی وەک ڕێنسانس بە مەبەستی چاکسازی و ژیاندنەوەی چییە؟
ژیاندنەوەی کوردی
بە ڕەچاوکردنەوەی وانەکانی ڕێبازی مێژووگەرایی نوێ، دیار و ڕوونە دووپاتکردنەوەی ڕێنسانس و تەنانەت چاوەڕێکردنی ڕووداوێکی ڕێک هاوشێوەی ڕێنێسانس، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هیچ شوێنێکی دنیادا ئەگەری نییە. لێرەوە پرسیار ئەوەیە گەر ئەگەری نییە و نامومکینە، ئیتر بۆ دەبێت باس لەم بابەتە و بابەتی وا لە کوردستاندا و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بکرێت؟
وەک ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەم پرسیارە، دەکرێت باس لەم ئەگەرەش بکرێت: ڕاستە نەک تەنیا دووپاتبوونەوەی ڕێنێسانس لە کوردستاندا نامومکینە، بەڵکوو تەنانەت ناکرێت چاوەڕێی دەقاودەقی ئەنجامی ئەم ڕووداوە لە ناوچەکانی دیکە و بەتایبەتی کوردستانیش بکرێت. وەک نموونە باسکردن لە گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی یۆنانی کەونارا و هەروەها چاکسازیی ئایینی لە شێوەی ڕێنێسانس لە وڵاتانی موسڵمان و بە کوردستانیشەوە، واقیعگەرایانە نییە، بەڵام دەکرێت وەک سەرچەشن باس لە پلانی چاکسازی بکرێت و ئەویش بەپێی واقیع و مێژووی کوردستان بێت کە ئاکامی گۆڕانکاری و چاکسازیی بەرچاو و کاریگەر بێت لە کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و لە ژێر ناونیشانی وەک "ژیاندنەوەی کوردی".
کەواتە چاوەڕێکردنی ڕێنسانس لە چەشنی ڕۆژئاوا و ئیتاڵیا نەک ئەستەم بەڵکوو نامومکینە، بەڵام لە هەمان کاتدا، باسکردن لە ڕووداوێکی چاکسازیخوازانە و لەژێر ناونیشانی وەک ژیاندنەوە و هەر ناونیشانێکی دیکە کە پەیوەندیی بە واقیع و مێژووی کوردستان و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، پێدەچێت تا ڕادەیەک مەنتێقی بێت. لەم ڕووەوە پرسیار ئەوەیە: بۆ دەبێت لە ئێستادا بیر لە گۆڕانکاری و چاکسازیی کوردستان بکرێت و ئەساسەن بۆ ژیانەوەی کوردستان پێویستە؟ و لەم ژیانەوەدا ئایا دەبێت وەک ڕێنسانس، کۆمەڵگەی کوردیش بۆ «فەرهەنگی پێشوو» بگەڕێتەوە و ئەساسەن ئەوەی پێشوو کامەیە کە دەبێت بۆی بگەڕێنەوە؟
پێدەچێت بۆ گەیشتن بەم پرسیارە جەوهەرییە، دەبێت لە چەندین ئاراستەوە دەست پێ بکرێت: یەکەم ئەوەی بۆ دەبێت چاکسازی بکرێت؟ دووەم، ئایا ئەساسەن دەکرێت بۆ سەردەمێک لە مێژووی کوردستان بگەڕێنەوە؟ گەر دەکرێت ئەو سەردەمە کامەیە و تایبەتمەندییەکانی چین؟ و کۆتا پرسیاریش ئەوەیە کە دەبێت لە چییەوە دەست پێ بکرێت؟
یەکەم: بۆ دەبێت بیر لە ژیانەوەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت؟
با لە سەرەتاوە هیچ وەهمێکمان نەبێت لە بینینی ئەو هەلومەرجە نە ناسروشتییەوە نە نالۆژیکی و نە نوێ، ئەم حاڵەتە لە لایەکەوە ڕیشەکەی وا لە مێژوودا و لە لایەکی دیکەوە درێژکراوەیە... لە حوکمکردنێکی تێکشکاوی نامەدەنییانە... (فاروق ڕەفیق، ٢٠٠٨: ١٧٠/٢).
دۆخی سیاسی و فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم سی و پێنج ساڵەی حوکمڕانیی خۆماڵیدا، سەرەڕای ژمارەیەک دەستکەوتی بەرچاو و شیاوی شانازی، بەڵام وادیارە هێشتا لە ئاستی خواست و چاوەڕوانیی خەڵکدا نییە و لەم بارەوە بەردەوام ڕەخنە و گازندە و هەندێ جاریش ئیهانە، لەلایەن بیرمەندان، خوێندکاران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت خەڵکی ئاسایی و تەنانەت ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەداران ئاراستەی دەسەڵات و دۆخی سیاسی و فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەم بۆنەیەوە ڕەنگبێ نالۆژیکی نەبێت گەر بانگەشەی ئەوەش بکرێت: خەڵکی هەرێم نەک تەنیا لە دۆخی سیاسی و فەرهەنگیی ئێستای نیشتمانەکەیان ناڕازی و توڕەن، بەڵکوو هەندێ جاریش هەست دەکرێت خەڵک لە چاکسازی و باشبوون و باشترکردن بەتەواوەتی بێهیوا و بێئەمەل بوون و هەر بەم بۆنەیەوە جۆرێک لە کەمترخەمی و دڵساردی لە گفتی ڕۆژانەی خەڵکدا دەبیسترێت و بەدی دەکرێت.
ڕەنگبێ لەم بارەوە هەق بە خەڵکی ناڕازی بێت، چونکە وادیارە دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دەستکەوتی بەرچاو و بوونی هەوڵی بنەڕەتی بۆ جێخستن و سەقامگیرکردنی سیستەمی حوکمڕانیی سەردەمیانە لەلایەن هەندێ کەس و هێزەوە، هێشتا لە ئاست مێژووی یەک سەدە قوربانی و ماڵوێرانی و دەربەدەریدا نییە. جیا لەمەش، هەست دەکرێت لە ئێستادا ئیتر هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەلومەرجێکدایە دەکرێت وەک «سەرهەڵدانی هاوکاتی قەیرانەکان» یان هەمان «پێکەوەسەرهەڵدانی قەیرانەکان» پێناسە بکرێت و بناسرێت.
واتە لە ئێستادا ئیتر هەرێمی کوردستان نەک تووشی یەک قەیران، بەڵکوو هاوکات تووشی زنجیرەیەک قەیرانی مەترسیدار بووەتەوە کە هەریەکەیان دەتوانێت نەک تەنیا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە لێواری ترازان و ڕووخان نزیک بکاتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگەی تا ڕادەیەک شپرزەی هەرێمی کوردستان لە لێواری ترازان نزیک بکاتەوە. وەک نموونە، دەکرێت ئاماژە بە قەیرانی مووچە، قەیرانی ڕەوایی و شەرعییەت، قەیرانی سەرهەڵدانی مافیای سەیروسەمەرەی ئابووری، قەیرانی گەندەڵی، قەیرانی کەمتەرخەمی، قەیرانی بێهوایی و دڵساردی و کارامەنەبوونی گوتاری زانست و بەتایبەتی قەیرانی متمانە بکرێت.
وەک پەردەهەڵدانەوە لە بەشێک لەم قەیرانگەلە، دەکرێت ئاماژە بە پرسی چارەنووسسازی «بەرژەوەندیی گشتی» بکرێت. وەک دیار و ڕوونە پاش نزیکەی چل ساڵ لە حوکمڕانیی کوردی، هێشتا ئەم پرسە واتە پرسی «بەرژەوەندیی گشتی»، نەک تەنیا پێناسە نەکراوە، نەک تەنیا هێڵە سوورەکانی دیاری نەکراوە، تەنانەت وا هەست دەکرێت بەتەواوەتی پشتگوێ خراوە و گەریش جارجار لەلایەن هەندێ سەرکردەوە ئاماژەی پێ دەکرێت، بە ئاسانی لەلایەن هێزی دیکەوە پێشێل دەکرێت. ئەمەش وای کردووە لە هەرێمی کوردستاندا بە ئاسانی هەموو شتێک ڕوو بدات، هەموو شتێک جێبەجێ بکرێت، هەموو شتێک ئاسایی بنوێنێت و زۆر شتی پیرۆزیش سووکایەتیی پێ بکرێت و تەنانەت پێشێلکردن و بڕینی هێڵی سوور، زۆر جاریش وەک تۆڵەسەندنەوە و خستنی بەرانبەرەکە و بە واتایەک دەستکەوت و شانازی باس بکرێت و چەپڵەی بۆ لێ بدرێت.
ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان وای کردووە ئیتر گوتاری «غروور و عیناد» لەلایەکەوە و گوتاری «بێمنەتی و بێباکی» لەلایەکی دیکەوە، ببێتە بەشێک لە فەرهەنگی زاڵی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سیاسەتی سەرەکیی زۆربەی حزبەکان. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگەی بۆ دیاردەی ناحەزی «ڕێککەوتنی ژێربەژێر و ملکەچی» لەبەرانبەر نەیارانی کورد خۆش کردووە و لە ئێستادا بەداخەوە ئیتر ئەم دیاردە ناحەز و دزێوە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە فەرهەنگی سیاسیی هەرێمی کوردستان. هەر ئەمە وای کردووە پێگەی هێمای نیشتمانی وەک خاک، خەبات، پێشمەرگە، دەوڵەتی کوردی، ئاڵای کوردستان و کیانی کوردی و هەروەها پرسی بەرژەوەندیی گشتی، پشتگوێ و پەراوێز بخرێن و ئەم دیاردە ناحەز و دزێو و پڕ لە سووکایەتی و خیانەتەی «ڕێککەوتنی ژێربەژێر و ملکەچی» وەک دیپلۆماسی بناسرێت و هەندێ جاریش شانازیی پێوە بکرێت.
کەواتە، لە ئێستادا ئەوەی لە هەرێم و سیاسەتی دەرەوەی هەرێم دیار و بەرجەستەیە، ئەو ڕاستییە تاڵ و ناحەزەیە: حزبەکان لە سیاسەتکردن بەرانبەر یەکتردا، لە دوو بژاردەی «غروور و عیناد» کەڵک وەردەگرن. هەر ئەمەش وای کردووە کابینە بە ئاسانی پێک نەیەت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەمزووانە ڕێک نەخرێت، ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بەیاسایی و کاری پێ نەکرێت، پەرلەمان بە ئاسانی پەک بخرێت و بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێم بە ئاسانی بخرێتە پەراوێزەوە. خراپتریش ئەوەی بەهۆی بوونی پارەی زەبەلاحی نەوتی قاچاق و باج و هەروەها داهاتە سنوورییەکان و هاوکات غیابی کۆمەڵگەی مەدەنی و دادگای بێلایەن، حزب ئیتر لەبەرانبەر خەڵکیشدا بێمنەت و بێباک بێت، کەواتە ئیتر لە پاڵ گوتاری عیناد و غروور، گوتاری «بێمنەتی و بێباکی»ـش لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا ببێتە جەمسەرێکی دیکەی فەرهەنگی سیاسی، ئەویش لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرهەق بە خەڵکی کوردستان.
ئاساییە لەم حاڵەتەدا واتە حاڵەتی بێباکی و بێمنەتی، ئیتر ژمارەیەکی بەرچاو لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە کەیف و حەزی خۆیان هەڵسوکەوت و تەراتێن بکەن، بە ناوی سیاسەتکردن و خزمەتەوە سەرقاڵی تاڵانکردن و سووکایەتیکردن بن و لەبەرانبەریشدا کەمترین منەتیان بە خەڵکەوە نەبێت. مەترسیدارتر ئەوەی لەبەرانبەر گۆڕانکارییەکانی دنیا و ناوچەکە و تەنانەت مەترسیی هاتنەوەی دەسەڵاتی ناوەندیش بۆ کوردستان، لەوپەڕی بێباکیدابن. ئەمە خۆی لە خۆیدا جیا لەوەی پرسی ڕەوایی دەسەڵاتی تووشی کێشە و قەیران کردووە، متمانەی خەڵکی هەرێمی بۆ دەسەڵات و تەنانەت خەباتی کوردی کز و لاواز کردووە و خراپتر و ناحەزتر لە هەمووشی، ئەم حاڵەتە ئیتر ئینسانی کوردی پەراوێز و تەنانەت فەرامۆش کردووە.
لەم بارەوە و لە درێژەی ئەم حاڵەتە ناخۆش و ناپەسەندەدا، دەکرێت باس لەو ڕاستییە تاڵەش بکرێت: دەمێک ساڵە گوتاری زاڵ و سەقەتی گەر نەڵێین سەرجەم حزبی کوردی ئەوا بەشی بەرچاوی حزبی کوردی، لەڕێگەی بەدوژمنکردنی بەرانبەرەکەیدا و هەروەها پەخشان و تەخشانی ناڕەوا، سەرقاڵی دروستکردنی ئینسانی حزبی لەباتی ئینسانی کورد بووە. هەربۆیە، لەم هەلومەرجەدا نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە هەر چوار بەشی کوردستان بەدەگمەن ئینسانی کورد دەبینرێت، بەدەگمەن سیاسەتمەداری کورد دەبینرێت، بەڵام لەبەرانبەردا بە زۆری و زەبەلاحی ئینسانی حزبی دەبینرێت، لایەنگری گیانفیدای حزبی دەبینرێت. هەر ئەمەش وای کردووە لە کوردستان، ئینسانی حزبی و پێشمەرگەی حزبی ئامادە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی نەک بەرانبەرە کوردەکەی، بەڵکوو خاکی کوردستانیش هەرزانفرۆش بکات و لەگەڵ نەیاری کورد بۆ لێدانی بەرانبەرەکەی ڕێککەوتنی ژێربەژێر بکات، ملکەچی بنوێنێت و لە هەمان کاتدا وەک شانازی و سەرکەوتن بە خەڵکی ناهومێدی کوردستانیش بیفرۆشێتەوە.
دیارە لەم حاڵەتەدا، ئاساییە ئیتر خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەرێم بەتایبەتی، نەک تەنیا ئینتیمای بۆ خاک و نیشتمان و ئاڵای کوردستان و تەنانەت خەباتی ڕابردوو کز و لاواز بێتەوە، بەڵکوو زۆر جاریش هەست بە ماندوویەتی و بێزاری بکات و ئیتر تەنیا ڕانت و پارە و پلە وەک براوە سەیر و خوێندنەوەی بۆ بکات.
ئەوەش لەبیر نەکرێت، ئەم دیاردەیە لە ناکاو و لەپڕا سەری هەڵنەداوە، بەڵکوو مێژوومەندە و بە واتایەک بەرهەمی ڕەوتێکی مێژوویی تایبەت بە بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی و فەرهەنگیی کوردستانە کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی خەبات و بەتایبەتی حوکمڕانیی کوردی سەری هەڵداوە و پەرەی سەندووە و بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە فەرهەنگی سیاسیی کوردی.
لەم ئاراستەیەدا گەر بێت و بیر لە چارەسەرکردنی عالەمانە و سەردەمیانەی ئەم قەیرانانە و بەتایبەتی قەیرانی فەرهەنگی سیاسیی کوردی نەکرێتەوە، بەدڵنیاییەوە نەک تەنیا کیانی هەرێمی کوردستان بەڵکوو سەرجەمی خەون و خەباتی کوردی بەرەو لێواری لێکترازان و ئاوابوون نزیک دەکاتەوە و بەمزوویانەش گەر نەیکاتەوە، بەردەوام دڵەراوکێ، ملکەچی، چەندپارچەبوون، مەترسیی ڕووخان و مەترسیی ڕێککەوتنی ژێربەژێری بەرانبەرەکەی بەرۆکی بەرنادات و دیارە ئەم حاڵەتە، پێش بە ئیدارەدان و حوکمڕانییەکی تەندروست و سەردەمیانە دەگرێت.
کۆی ئەو حوکم و قسانەی سەرەوە لە پاڵ لێکدانەوەی دۆخەکە و هاوکات ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە خێرا و سەیروسەمەرەکانی ناوچەکە و تەنانەت دنیاش، بەرەو ئەو دیعایە سادە و لە هەمان کاتدا ئازاربەخشەمان هان دەدات کە ئاخێزگە و سەبەب و هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە شپرز و پڕ لە قەیرانە، پێدەچێت هێشتا پلان و ڕەوتی «بەنەتەوەبوون» و «بەنەتەوەکردن»ـی کورد و بەتایبەتی بە «کۆمەڵگەکردنی کوردستان» بێت کە نەک تەنیا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە بە سەقەتی کراوە و لەم بارەوە ناسروشتی دەنوێنێت. بۆیە لە ئێستادا «ژیاندنەوەی کوردی»، واتە بەتەواوکردن و سروشتیکردنی ڕەوتی بەکۆمەڵگەکردنی کوردستان و هەروەها بەنەتەوەبوونی مەدەنییانەی کورد، دەکرێت وەک ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە بە ڕەنگ و بەرامەی ڕێنسانس سەیر بکرێت کە کورد و بەتایبەتی چینی بیرمەند و خوێندەواری کورد چاوەڕوانی دەکات.
هەر لەم بارەوە واتە ئاماژەدان بە بەها و پێگەی «ژیاندنەوەی کوردی»، وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕستەیەی «ئالەن بدیۆ»، هەست دەکرێت ڕوونکەرەوە بێت. بدیۆ لەو باوەڕەدایە دانیشتووانی یەک وڵات لە دوو حاڵەتدا دەبنە خەڵک یان هەمان نەتەوە و کۆمەڵگە: یەکەم ئەوەی توانای ئەوەیان هەبێت دەوڵەتێک لە ئاراستەی خەون و ئاواتەکانیان بەدی بهێنن و دایمەزرێنن؛ دووەم ئەوەی هاوکات بتوانن بەئاسانی ئەو دەوڵەتەی کەوا دژی ئاوات و بەرژەوەندی و ویستەکانیانە لەناو ببەن (عەزیمی، فەخرەدین، ١٣٩٩: ١٥٥).
لەم ڕووەوە، پێدەچێت «ژیاندنەوەی کوردی» یان هەمان بەنەتەوەبوون و بەکۆمەڵگەبوونی کوردستان و بە وتەی «بدیۆ»، بە خەڵکبوونی دانیشتووانی کوردستان، تەنیا ڕازی سەرەکیی مانەوەی کورد و گەیشتن بە ئاواتی ئیدارەدانێکی تەندروست و دادگەرانەیە، تەنیا ڕێگەی بەنیشتمانکردنی کوردستان بۆ هەمووانە، تەنیا کارتی هەستکردن بە بوون و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسانی کوردە کە دەکرێت وەک مەزنترین و کاریگەرترین و لە هەمان کاتدا چارەنووسسازترین ڕووداوی چاکسازی و شۆڕشی فەرهەنگی سەیر و بەرجەستە بکرێت.
گەڕانەوە بۆ چی و بۆ کوێ
پاش ئەوەی دەرکەوت و تا ڕادەیەک ڕوون کرایەوە کە هەلومەرج و بارودۆخی ئێستای سیاسی و فەرهەنگیی کوردستان و بەتایبەتی هەرێم، چاکسازی و ژیاندنەوەی خێرای لەسەر بنەمای عەقڵانییەت و ئاوەزمەندی - بە ڕەنگ و بەرامەی ڕێنسانس - دەوێت، دیسانەوە ئەم پرسیارەش دێتە ئاراوە: ئایا دەکرێت لێرەش وەک ڕۆژئاوا و بەتایبەتی وڵاتی ئیتاڵیا بیر لە گەڕانەوە بۆ ڕابردووی پڕ شکۆی عەقڵانییەتی سەدەکانی پێشووی مێژووی کوردستان بکرێتەوە؟ ئایا ئەساسەن شتێک بە ناوی سەردەمی زێڕین و ئینسان-تەوەری وەک یۆنانی کەونارا لە مێژووی کوردستان و تەنانەت مێژووی ناوچەکەدا بوونی هەیە کە کورد بۆی بگەڕێتەوە؟ ئایا لە ئێستادا و لەم هەلومەرجەدا ئیمکانی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئەویش بە شێوەی ئیتاڵییەکان هەیە و گرنگتر لە هەمووشی چۆن دەبێت کورد بۆ ڕابردوو بگەڕێتەوە و ئایا ئەساسەن ئاسایی و سروشتییە وەک پلان و پڕۆژە سەیر لە ژیاندنەوەی کوردی و ڕێگەکانی ژیاندنەوە بکرێتەوە؟
پێشتر و بە ڕەچاوکردنی وانەکانی ڕێبازی مێژووگەرایی نوێ، باس لەوە کرا جیا لەوەی دووپاتبوونەوەی ڕووداوی وەک ڕێنسانس لێرەدا ئەستەم و نامومکینە و ئەساسەن بەستێنی وەک هزر و فەلسەفەی یۆنانی کەونارا لە مێژووی کوردستاندا و ناوچەکەدا لە ئارادا نییە و، جیا لەوەش سەرەڕای بوونی هەندێ تایبەتمەندی دۆخ و هەلومەرجی ئێستای کوردستان لە شێوەی ئیتاڵیای ئەو سەردەمە وەک پارچەپارچەبوونی کورد و غیابی یەکڕیزی و یەکدەنگی، دەبێت ئەم بڕیارە بەرجەستە بکرێتەوە: بڕیار نییە دەقاودەق لاسایی لە ڕێنسانس بکرێتەوە و گەریش بڕیار بێت، ئەوەتا قەت ئیمکانی نییە و بەم بۆنەیەوە تەنیا دەکرێت بیر لە ڕووداوێک بە ڕەنگ و بەرامەی ڕێنێسانس - واتە ڕووداوێکی فەرهەنگی کە چاکسازیی فەرهەنگی و سیاسیی چارەنووسساز لە مێژووی کوردستاندا بەدوای خۆیدا بهێنێت - لە کوردستان و بەتایبەتی لە هەرێم بکرێتەوە.
هەڵبەت هەر لەم ئاراستەیەشدا، بە ڕەچاوکردنی مێژووی کوردستان، وەک بیرکردنەوە لە سەرچەشن و نموونە، دەکرێت یاد لە سەردەمێکی زێڕینی فەرهەنگی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان واتە سەردەمی سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی مونەوەرانی کورد بکرێتەوە کە دەکرێت سەرەڕای ناکامی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، وەک سەردەمێکی زێڕین و پڕشکۆ لە مێژووی ئەندیشەی کوردستان سەیر بکرێت. لەم سەردەمەدا کە بە سەرهەڵدانی حاجی قادری کۆیی و یەکەم نەسڵی مونەوەرانی کورد و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان و دواتر کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقیی کوردستان دەست پێ دەکات و تا سەرەتای دامەزراندنی یەکەم حزبی کوردی درێژە دەکێشێت، نەتەوە-تەوەری و بەواتاییەک هەوڵ بۆ بەنەتەوەکردن و بەنەتەوەبوونی کورد و هەروەها بەکۆمەڵگەکردنی کوردستان لەپاڵ خزمەتی خۆبەخشانە و بێ چاوەڕوانی بە ئەندیشە و فەرهەنگی کوردی، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم سەردەمەیە. لەم ڕووەوە دەکرێت باس لە گەڕاندنەوە بۆ سەردەمی نەتەوە-تەوەری و ژیانەوەی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی وەک سەرچەشن و نموونەی پڕ لە شکۆی مێژووی کوردستان لە ڕووداو و بەرنامەی چاکسازیخوازانەی «ژیاندنەوەی کوردی»دا بکرێت.
بەم وەسفەوە دەکرێت لەم بەشەدا و لە پرسیاری «گەڕانەوە بۆ چی و بۆ کوێ»، ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بدرێت:
یەکەم: ئەوەی بڕیار نییە لە «ژیاندنەوەی کوردی»دا لاسایی تەواو لە ڕێنێسانس و بەتایبەتی بیر لە گەڕاندنەوە بۆ فەرهەنگی مرۆڤ-تەوەریی یۆنان و ڕۆمای کۆن بکرێتەوە کە بە دڵنیاییەوە ناکرێت، بەڵکوو دەکرێت وەک سەرچەشن ئاماژە بەو سەردەمە زێڕینەی نەتەوەسازی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمی کوردستان بدرێت کە سەردەمی نەتەوە-تەوەری و هەوڵ بۆ نەتەوەسازی و بەنەتەوەکردن بوو. لە ئێستادا گەر تا ڕادەیەک ئەستەم بێت بەڵام بە دڵنیاییەوە نامومکین نییە ئەو سەردەمە وەک نموونە و سەرچەشن لەبەرچاو بگیرێت.
دووەم: هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، پێدەچێت ئاخێزگە و سەبەبی سەرەکیی ئەم دۆخە شپرزەی کوردستان و بەتایبەتی هەرێم، غیاب و بە سەقەتی مانەوەی پرسی بەنەتەوەبوون و بەکۆمەڵگەبوونی کوردستان بێت. لەم ڕووەوە دەکرێت باس لە گەڕانەوە بۆ نەتەوەسازی و بەکۆمەڵگەکردنی هەرێم وەک گرنگترین و پڕبایەخترین تەوەری بەرنامە و ڕووداوی ژیاندنەوەی کوردستان بکرێت. کەواتە، باشتر و ئاوەزمەندانەتر ئەوەیە هەڵمەتی «ژیاندنەوەی کوردی» لەم پرسەوە دەست پێ بکرێت و ئەم پرسە بە ناوەند بکرێت و هەوڵ بدرێت لەپێناو دەربازبوون لەم هەلومەرجە و هەروەها هەنگاوهەڵگرتن بەرەو ئاسانەی گۆڕانکاری و چاکسازی، «ژیاندنەوەی کورد» ببێتە گوتاری زاڵی کوردستان و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.
کەواتە، لە ئێستادا کە هەرێم پێویستی بە چاکسازی و ڕووداوی وەک ڕێنێسانس - نەک دەقاودەق وەک خودی ڕێنسانسی ڕۆژاوایی - هەیە، باشتر ئەوەیە باس لە ڕێنسانسی کوردی بەپێی واقیع و مێژووی کوردستان بکرێت و لەم ئاراستەیەدا بە ڕەچاوکردنی بارودۆخ و هەلومەرجی هەرێم، باشتر و گونجاوتر ئەوەیە هەڵمەتی چاکسازی لە ژێر ناونیشانی «ژیاندنەوەی کوردی» بە مەبەستی کامڵکردن و تەواوکردنی ڕەوتی بەنەتەوەکردن و بەکۆمەڵگەکردنی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکرێت. لەم بارەشەوە گەر باس لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی کوردستان واتە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم وەک نموونە و سەرچەشن بکرێت، بە دڵنیاییەوە خۆماڵییانە و گونجاوتر دەبێت.
لە هەڵمەتی «ژیاندنەوەی کوردی»دا، دەبێت هەوڵ بدرێت لە بازنەی بەنەتەوەکردن و بەکۆمەڵگەکردنی کوردستان، ئەم وڵاتە وەک نیشتمانی هەمووان وەسف بکرێت، وەک نیشتمانی هەمووانی لێ بکرێت، هەوڵ بدرێت هەمووان نیشتمانیان خۆش بوێت، نیشتمانیش هەمووانی خۆش بوێت و ئامێز و سامان و ئازاری بۆ هەمووان بێت و گرنگتر ئەوەش هەمووان هەست بە ژیانی سەرفرازانە لەم نیشتمانەدا بکەن و ئازادانە و سەربەرزانە بیر لە ژیان و خۆشگوزەرانی و پڕ لە کەرامەت و پڕ شکۆی نەوەکانی داهاتوو بکرێتەوە.
لە هەڵمەتی «ژیاندنەوەی کوردی»دا هەوڵ بدرێت نیشتمان و سامانی نیشتمان بۆ سەرجەمی دانیشتووانی بێت، پاراستن و ڕێزگرتن و ئیدارەدانی ئەرکی سەرجەم دانیشتووانی بێت. لەم نیشتمانە دەبێت هەمووان دەرک بە ئازار و شادیی سەرجەم دانیشتووانی بکەن، ئازاریان بە ئازاری خۆیان و شادمانییان بە شادمانیی خۆیان بزانن، بە سەرهەڵدان و سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی هەموویان هەست بە شانازی و سەرفرازی بکەن و، ئیزن نەدرێت هیچ کەس بیر لە کەمترین دەستێوەردان و تێکدان و ڕەشنواندنی بکاتەوە. هەوڵ بدرێت سەرجەمی دانیشتووانی ئەم نیشتمانە بە شێوازێک لە دیاریکردنی شێوەی حوکمڕانی و نووسینی دەستوور و سەرجەم بنەماکانی خۆیان بە بەشدار و بەرپرسیار بزانن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان هیچ دانیشتوویەکی ئەم نیشتمانە بیر لە کەمترین بێدەنگی و کەمتەرخەمی نەکاتەوە.
لەم حاڵەت و کاتەدا ئیتر هەست دەکرێت کۆمەڵگەی کوردستان لەدایک بووە، هەست دەکرێت کۆمەڵگەی کوردستان بوونی هەیە، مرۆڤی کورد هەست دەکات لە کۆمەڵگەیەکی سەرفراز و پڕ لە کەرامەت دەژیت. بەدڵنیاییەوە لەم حاڵەتەدا کەس ئیتر ناتوانێت نیشتمان بە تەنیا ماف و سامان و کێڵگەی خۆی بزانێت، ناتوانێت بە کەیف و حەزی خۆی تەراتێن بکات، ئیتر لەم حاڵەتەدا کەس ناتوانێت خەڵکی دیکەی ئەم نیشتمانە ئازار بدات، سووکایەتیی پێ بکات، پەراوێزی بخات، بیر لە ستەمکاری و بەکوێلەکردنی خەڵکی ئەم نیشتمانە بکاتەوە و گرنگتر ئەوەش هیچ هێزێکی بیانی ناتوانێت بیر لە دەستێوەردان و تێکدان بکاتەوە. دیارە لەم حاڵەتەدا ئیتر سەرجەمی دانیشتووانی هەرێم بە هەر عەشیرەت و قەوم و ئایین و ئایینزایەکەوە دەبن بە خەڵک و نەتەوەی کوردستان و لەم ڕێگەیەشەوە کۆمەڵگەی کوردستانی پێک دێت و سەقامگیر دەبێت، لەم کاتەدا ئیتر کۆمەڵگە بەکۆدەنگی و بەردەوامی بیر لە گەشەسەندن و پێشکەوتن و مانەوەی سەرفرازانە دەکاتەوە.
ئەوەش لەبیر نەکرێت لەم حاڵەتەدا ئیتر کۆمەڵگەی کوردستان بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە سەیری کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دیکە دەکاتەوە، چونکە سووکایەتی و بێڕێزی لە هیچ کەس و نەتەوەیەک قبووڵ ناکات، لەبەرانبەریشدا بێڕێزی و سووکایەتیش بە کەس ناکات و لەوەش تێدەگات کاتێک دەتوانێت باس لە ئینسانبوونی خۆی بکاتەوە و هەستی پێ بکات کەوا بیر لە کەمترین سووکایەتی بە کەسانی سەر بە نەتەوە یان قەوم و عەشیرەت و ئایینی دیکە نەکات و بە واتایەک بیر لە داماڵینی ئینسانییەتی هیچ کەس و قەومێکی دیکە نەکاتەوە. بەدڵنیاییەوە، لەم حاڵەتەدا، کۆمەڵگەی کوردستان دەگاتە ئەو دەرک و فامەی گەر کەسێک یان نەتەوەیەک، تایبەتمەندییە ئینسانییەکانی کەسانی دیکە لەبەرچاو نەگرێت یان لە ڕێزدانان بۆیان کەمتەرخەمی بنوێنێت، ئەوەتا دواکەوتوویی مەدەنی و ناشیاویی فەرهەنگیی خۆی پیشان دەدات (عەزیمی، ١٣٩٩: ٥٠).
ئەم ڕستانەی سەرەوە، سەرەتا لە دروشم و شیعر دەچن، بەڵام گەر بێت و هەڵمەتی ژیاندنەوەی کوردستان لەپێناو بەنەتەوەبوونی مەدەنییانە و بەکۆمەڵگاکردنی ئینسانی و سەردەمیانەی کوردستان دەست پێ بکات و پەرە بستێنێت و ببێت بە گوتاری زاڵی هەرێم، ئەو دەم هەمووان تێدەگەن ئیتر ئەمە خەون و دروشم نییە، بەڵکوو ژیاندنەوەی ڕاستەقینەیە، تێدەگەن گەر ئەستەم بووە بەس نامومکین نەبووە.
لەم حاڵەتەدا ئیتر خەڵکی هەرێم دەتوانێت هەست بە ژیاندنەوەی کەرامەتی ئینسانیی خۆی بکات، دەتوانێت پێش بە تاڵان و تەراتێن و تەنانەت هەر ستەمکارییەک بگرێت، دەتوانێت بە ویست و ئیرادەی بەرزی ئینسانیی خۆی بیر لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تەندروست و مەدەنییانە بکاتەوە، دەتوانێت هەست بە بوونی سەرفرازانەی خۆی بکاتەوە.
لەم ڕووەوە، ژیاندنەوەی کوردستان ویست و ئیرادەی دەوێت، بەرنامەی دەوێت، زانستی کارامەی دەوێت، بەس هەر دەبێت ڕۆژێک بیر لەم ژیاندنەوەیە بکرێتەوە، دەبێت ڕۆژێک هەڵمەتی ژیاندنەوە دەست پێ بکات، دەبێت ڕۆژێک چاوەڕێی ڕوودانی ژیاندنەوە بکرێت. چ باشتر لە ئێستادا کە دۆخی هەرێم و ناوچەکە و تەنانەت دنیا، چاکسازی و گۆڕانکاریی کاریگەر و بەرچاوی دەوێت، ژیاندنەوەی کوردی لەلایەن بیرمەندان و ڕۆشنبیران و میدیاکارانەوە دەست پێ بکات. دەستپێکی ژیاندنەوەی کوردستان پێدەچێت گەر لە سەرەتادا سەخڵەت و ئەستەم بێت بەڵام نامومکین نەبێت. بۆ سەرەتا هەست دەکرێت چەند خاڵ و تایبەتمەندی وەک: خۆشەویستیی ڕاستەقینەی نیشتمان و سەرجەم دانیشتووانی کوردستان، بیرکردنەوە لە سازکردنی نیشتمانێک بۆ هەمووان، بیرکردنەوە لە ژیانێکی سەرفرازانە بۆ هەمووان، بیرکردنەوە لە ژیانەوەی کەرامەتی سەرجەم دانیشتووانی کوردستان؛ بۆ سەرەتا و دەستپێکی ژیاندنەوەی کوردی کاریگەریی خۆی هەبێت و بەواتاییەک وەک دەستپێکی ژیاندنەوە بکرێت سەیر و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لە کۆتاییشدا دەمێنێتەوە ئاماژە بەو بابەتە گرنگەش لە پرسی ژیانەوەی کوردی بدرێت، ئەوەی کە ئەم ڕەوتە یان ڕووداوە فەرهەنگییە دەبێت چۆن دەست پێ بکات، دەبێت لە کوێ و چ کاتێکەوە دەست پێ بکات. جگە لە پێشکەشکردنی چەندین پێشنیاری سەرەتایی وەک ئەوەی ئاماژەی پێ درا، لە توانایی ئەم وتارەدا نییە و بە دڵنیاییەوە باسکردنی بەردەوام و زانستی کارامەی لە ڕەهەندە جیاجیاکانەوە دەوێت، لە هەمان کاتیشدا پێدەچێت ئیتر کات و دەرفەتی ئەوە هاتووە لە شوێنێکەوە دەستی پێ بکرێت.
پاشنووسەکان:
١) Renaissance
٢) مێژوومەندی «Historicity» واتە بڕوابوون بەوەی کە هەر دیاردەیەک لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا کە بەستێن و جوگرافیای دیاریکراویشی هەیە ڕوو دەدات و گرنگتر لەوەی زەمەنی سەرهەڵدانی و گەشەسەندنی دیاردەیەکەش ڕوون و دیارە. هزر و ئەندیشە دیاردەیە، دیاردە فیکرییەکانیش دیاردەی کۆمەڵایەتین، دیاردەی کۆمەڵایەتیش دیاردەی مێژوویین. هیچ شتێکی فیکری و هزری جگە لە هەناوی کۆمەڵگە و مێژوودا ڕوو نادات و بە واتاییەک سەر هەڵنادات. (حەنەفی، ١٣٧٥: ٣٨)
بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە مێژوومەندی بڕوانە:
حەنەفی، حەسەن (١٣٧٥) ترجمە محمد مهدی خلجی، فصلنامە نقد و نظر، سال سوم، شمارە ١ (پیاپی ٩)، ص: ٣٧-٥٧.
٣) بۆ ئاگاداری لە ڕوانگەی ڕێبازی مێژووگەرایی نوێ بڕوانە:
میلانی، عەباس (١٣٨٧) تجدد و تجددستیزی در ایران، تهران، اختران.
Montrose, Louis A. professing the Renaissance: The poetics and Politics of Culture, in The New Historicism, Ed.by H. Aram Veser. New York, 1989.pp15-37
Greenblatt, Stephen, and Catherine Gallagher (2000). Practicing New Historicism. USA: The University of Chicago Press.
Hamilton, Paul (1996). Historicism. London: Routledge.
٤) سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست (Middle Ages) لە مێژووی ڕۆژئاوادا جێگەیەکی تایبەت و گرنگی هەیە و لە ئەساسدا درێژترین قۆناغی مێژووی ئەم ناوچەیەی جیهانە. تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم قۆناغە تێکەڵبوونی ئایین و سەروەربوونی ئیمانە بەسەر فام و عەقڵ و تێگەیشتندا. قۆناغی دوای سەدەکانی ناوەڕاست بەزۆری بە ڕێنێسانس (Renaissance) و قۆناغی پێش ئەویش بە سەردەمی تاریکی و جەهالەت (Dark Ages) ناودەبرێت. لە ڕوانگەی قۆناغبەندیی سەردەمە مێژووییەکانی ڕۆژئاوا، سەردەمی پێش ئەم قۆناغەش وەک سەردەمی سەدەکانی سەرەتای ئایینی مەسیحییەت و پێش ئەویش سەردەمی ڕۆما و یۆنانی کەونارایە. (دامپی یێر، ١٣٨٤: ٨٤).
بۆ ئەم بابەتە واتە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست (Middle Ages) بڕوانە:
دامپی یێر، ویلیام سیسیل (١٣٨٤) تاریخ علم، ترجمە عبدالحسین آذرنگ، تهران، سمت.
Colish, Marcia L. (1997). Medieval Foundations of the Western Intellectual Tradition 400–1400. New Haven, CT: Yale University Press.
G. R. EVANS, philosophy and theology in the Middle Ages, Routledge, 1993, first published, page 3-4.
٥) لە ڕووی سیاسییەوە، لەم سەردەمەدا پاشا و میرەکان خۆیان زیاتر لە سیستەمی کڵێسا سەربەخۆ کرد بە جۆرێک کە لە سەردەمی چاکسازیی ئایینیدا هەندێکیان بە ئاشکرا پشتیوانیی ئەم بزووتنەوەیەیان دەکرد و دژی پاپا و کڵێسای کاسۆلیکی وەستانەوە و دواجار کڵێسایان بەجێ هێشت؛ شتێک کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بیری لێ نەدەکرایەوە. (ئیلخانی، ١٣٨٢: ٥٦٠).
٦) لە ڕووی ئابوورییەوە بازرگانەکان بەو قازانجە بەرچاوەی کە لە ئاڵوگۆڕی کاڵاکان بەدەستیان دەهێنا، سەربەخۆیی کۆمەڵایەتیی زیاتریان بەدەستهێنا. گەشەسەندنی ئابووری و بازرگانی لە سەردەمی ڕێنێسانسدا پێویستی بەوە بوو کە ئابوورییەکی دراوی زاڵ لەبری ئابوورییەک کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا دامەزراوە هەبێت. هەر بەو هۆیەشەوە زیو و زێڕ لە ئەڵمانیا و ئەمریکاوە هاتە بازاڕەوە و زۆری نەخایاند بانک سەری هەڵدا. لە لایەکی دیکەوە بازرگانەکان بەهۆی زیادبوونی خواست و کەمیی کاڵاکانەوە گەشتیان بۆ سەرزەوییەکانی دیکە دەکرد و بەدوای ناوچەی نوێدا دەگەڕان (ڕێنداڵ، ١٣٧٦: ١٢٥-٦). و هەر لەم ئاراستەیەدا، ئەورووپییەکان لەڕێگەی سەفەر و ئاشنابوون بە شارستانییەتە دوورەکانەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دەقە یۆنانی و لاتینییەکان کرد و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، فێربوونی زمانی دیکە لە نێو بیرمەندانی ئەم سەردەمەدا گەشەی سەند (دامپی یێر، ١٣٨٤: ١٥٨-٩).
٧) لەم بارەوە وەک تایبەتمەندییەکی دیکەی سەردەمی ڕێنێسانس، دەکرێت ئاماژە بە زیادبوونی ژمارە و فرەچەشنیی ناوەندە پەروەردەییەکان و لەوانەش زانکۆ بکرێت. هەر لەم ماوەیەدا ناوەندگەلێک پێکهاتن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی کڵێسا بوون. لەم ناوەندانەدا تاکە ئامانج دۆزینەوەی حەقیقەت و بەدەستهێنانی زانست لەپێناوی خۆیدا بوو، نەک ڕاهێنانی چەند قەشەیەک و ئاشتکردنەوەی ئیمان لەگەڵ عەقڵدا. (ئیلخانی، ١٣٨٢: ٣٠٦-٧).
٨) ئەوەش لەبیر نەکرێت یەکێک لە ڕووداوە هەرە گرنگەکانی سەردەمی ڕێنێسانس داهێنانی چاپخانە بوو. بە داهێنانی ئەم ئامێرە لەلایەن گۆتێنبێرگەوە، کتێبەکان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و هەرزانتر خوێندنەوەیان بۆ هۆگران و لایەنگرانی زانست ئاسانتر کردبوو، هەر بەم بۆنەیەوە ژمارەی کەسانی خوێندەوار بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گەشەی کرد و ژنانیش زیاتر دەستیان بە کتێب گەیشت. (هێرش، ١٣٨٣: ١٢٦).
٩) دەستەواژەی هیومانیزم یان مرۆڤدۆستی، بۆ یەکەمجار لەلایەن مێژوونووسانی سەردەمی ڕێنێسانسەوە بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕامانەیی تایبەت بەکاریان هێناوە کە بەپێچەوانەی بێڕێزیکردن بە مرۆڤ و دنیا لەلایەن ڕاهیبەکانی سەدەی ناوەڕاستەوە، جەختیان لەسەر بەها مرۆییەکان دەکردەوە. مرۆڤدۆستانی سەردەمی ڕێنێسانس لەبری دونیایەک کە بەرهەمی گوناهی مرۆڤ بوو و دەبوو لەڕێگەی چلە و دوورکەوتنەوە لەم دنیا و هەموو ئەو شتانەی کە سەر بەم دنیایەن خۆیان ڕزگار بکەن، دنیایەکی دیکەیان ساز کرد و لەبری دۆگماتیزمی کڵێسا لێبوردەیی، و لەبری دۆگماتیزمی فەلسەفەی باوی کڵێسایی عەقڵانییەتیان لە پاڵ ئەدەب و هونەر و ئەخلاق پێشکەشی مرۆڤی ڕۆژئاوا کرد. هەروەها لە سەدەی ١٥ و ١٦ و لەبەرانبەر بە زانکۆکانی دۆگمی کڵێسا، بەرنامەیەکی پەروەردەیییان پێشکەش کرد کە بریتی بوو لە خوێندنی مۆرفۆلۆژی و سینتاکس (لەگەڵ ئەدەبی لاتینی و هەندێک جاریش یۆنانی)، ڕیتۆریک، شیعر و ئەخلاق. ئەم بەرنامەیە زیاتر لەسەر بنەمای بەرهەمی بیرمەندانی یۆنانی و لاتین و هەندێک جاریش هەندێک بیرمەندی ئازادئەندیشەی مەسیحی بوو کە وەک زانستە مرۆییەکان ناودەبرا. (ئیلخانی، هەمان: ٥٧١).
١٠) پرۆتێستانتیزم (Protestantism) واتە مەیل و حەز و بڕوامەندی بە ئایینی پرۆتێستانت (Protestant). لەم ڕووەوە ئایینی پرۆتێستانت ناوی یەکێک لە سێ مەزهەبە سەرەکیی مەسیحییەتە و هەڵبەتیش لەبنەڕەتدا بەرهەمی چاکسازیی ئایینی لە خودی مەسیحییەتدایە. چاکسازیی ئایینی گرنگترین بزووتنەوەی ئایینی لە سەردەمی ڕێنێسانسدا بوو. پێدەچێت گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی چاکسازی لەم قۆناغەدا ئەوە بووبێت کە بۆ زۆرێک لە ئەورووپییەکانی سەردەمی ڕێنێسانس ئیتر دەرکەوت پێکهاتەی کڵێسا چیتر نەیدەتوانی ویست و پێداویستییە ئایینییەکانیان بۆ دابین بکات. دۆگماتیزمی زیادەڕۆییانەی ئەوان و پێگەی ڕێکخراوێکی عەلمانی وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لە ژیانی دوای مردندا بۆ زۆرێک لە ڕۆژئاواییەکان جێگەی ڕەزامەندی نەبوون (مالێرب، ١٣٨١: ٩١-٢). و گرنگتر ئەوەی دنیاگەرایی و گەندەڵی و شەهوەتگەرایی قەشەکان هۆکاری دیکە بوون کە خەڵکیان بەرەو چاکسازیی ئایینی هاندا (دامپی یێر، هەمان: ١٧٠).
مارتن لوتێر یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کەوا لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنووسسازی هەبوو. ئەو ڕاستەوخۆ تەحەدای دەسەڵاتی کڵێسای کرد و لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی گشتیدا، (٩٥) خاڵی وەک تاوانی کڵێسا ئاراستەی خەڵک و قەشەکان کرد. یەکێک لە دیارترین ناڕەزایەتییەکان لەم بەڵگە (٩٥) خاڵییەدا کە پێی وابوو لە ئەساسدا سووکایەتیکردن و شێواندن و لاوازکردنی باوەڕی باوەڕمەندانە، پرسی کڕین و فرۆشتنی بەخشینی گوناه لەلایەن قەشەکانەوە بوو کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا باو کرابوو و لە هەمان کاتدا سەرچاوەی داهاتی کڵێسا بوو. هەر لەم بارەوە، لوتێر تەوبەی وەک پرسێکی باتنی و ویژدانی دەزانی کە بەبێ نێوەندگیریی کڵێسا و قەشەکان ڕوو دەدات. (ناس، ١٣٧٧: ٦٦٩-٦٧٠). لوتێر ئایینی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا نەهێشت و لەڕێگەی پێشنیارکردنی دروشمی «هەر کەس خۆی قەشەیەکە» بانگەشەی بۆ تاکگەرایی کرد و هەروەها بە دروشمی بەتایبەتیکردنی ئایین و سنووردارکردنی پانتاییەکەی لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خودا، بەستێنی بۆ سڕینەوەی ئایین لە فەزای گشتی ساز کرد و لەم بارەوە یەکێک لە دەرەنجامەکانی بزووتنەوەی چاکسازییەکەی، ململانێی نێوان گرووپە ئایینییەکان بوو کە بووە هۆی لەناوچوونی پیرۆزیی ئایین و ڕێگەی بۆ عەلمانییەت و سیکۆلاریزم خۆش کرد. (بەیات، ١٣٨١: ٣٣٣).
١١) شیاوی ئاماژەیە تاوەکوو ئێستاش لە ڕەوتی مێژوونووسیی کوردستاندا بە شێوازێکی زانستی سەبارەت بە چەمکی هاوچەرخ یان هەمان «Contemporary» و بە واتایەک مێژووی هاوچەرخی کوردستان نەکراوە یان گەر کراوە زۆر ئاڵۆزە و کەمترین پێناسە لەم سەردەمەدا نەکراوە. ئەساسەن هێشتا باس لەوە نەکراوە بۆچی و لەبەر چ سەبەب و بەڵگەیەک باس لەو سەردەمە وەک سەردەمی هاوچەرخ دەکرێت و ئەساسەن مێژووی هاوچەرخ یان مۆدێرنی کورد لە چ سات و کات و بە واتایەک لە ڕوودانی چ ڕووداوێکەوە دەست پێ دەکات کە ئەمانە بەشێک لە خەسارناسیی مێژوونووسیی کوردستانە کە نووسەری ئەم بابەتە لە چەندین کۆڕدا ئاماژەی پێ کردووە. بەگشتی سەرەڕای ئاڵۆزبوونی وشەی هاوچەرخ بۆ دیاریکردنی بەشێک لە مێژووی ئێستای کوردستان، نووسەر لەو بڕوایەدا مێژووی هاوچەرخی کوردستان بە هاتنی ئەندیشە و ئامرازی مۆدێرن و سەرهەڵدانی تازەگەری و ویست بۆ چاکسازی لە سەردەمی حاجی قادرەوە و بەتایبەتی ڕۆژنامەی کوردستان (١٨٩٨) واتە کۆتایی سەدەی نۆزدە دەست پێ دەکات، چونکە ڕووداوەکە واتە ڕووداوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تازەگەریی ڕۆژئاوایی یان هەمان مۆدێرنیتە، ئەوەندە کاریگەر و گشتگیرە کە سەرجەم ڕەهەندەکانی ژیانی ئینسانی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان دەخاتە بەردەم ئاسانەی سەردەم و دۆخێکی نوێ و هەر لەم بارەوە بۆ یەکەمجار، حاجی هەست بە پێویستیی نەتەوەسازی و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە و هەروەها تازەگەری و چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا دەکات و بە واتایەک مێژووی هاوچەرخی کوردستان دەست پێ دەکات.
١٢) ئەم دەستەواژەیەم لە کتێبی «ئێران لەسەر لێواری تێغ» لە نووسینی «محەممەدی فازڵی» وەرگرتووە. لەوێدا نووسەر سەبارەت بە پێناسەکردنی دۆخی قەیراناویی ئێران دەستەواژەی فارسیی «همآیندی بحرانها»ی هێناوە و بە مانای سەرهەڵدان و گردبوونەوەی سەرجەم قەیرانەکان «The coming together of crises» مانا دەدات. بڕوانە: فاضلی، محمد (١٤٠٠) ایران بر لبە تیغ، تهران، روزنە، چاپی هفتم.
١٣) لێرەدا مەبەست لە بەکۆمەڵگەکردنی کوردستان ئەوەیە کە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە بکرێت کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی یەکپارچە لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگییەوە پێک بنرێت کە سەرەڕای جیاوازییەکان هەست بە یەکجەستەبوون بکات و بە واتایەک هەموو ئەندامێکی ئەم کۆمەڵگەیە خۆی وەک بەشێکی دانەبڕاو و جیانەکراو لەم جەستەیە بزانێت. وەک نموونەی دیار و ساکار، کەسێک لە دهۆک خەمی هەورامان و هەڵەبجە و کەرکووک و گەرمیانی بێت و هەر بەڕاست و لە دڵەوە وەک بەشێک لە جەستەی خۆی سەیریان بکات و، بە پێچەوانەشەوە کەسێک لە هەورامان و گەرمیان و سلێمانی، بارزان و هەولێر و شەنگال و یارسان و شەبەک بە بەشێک لە خۆی بزانێت، بە بوونیان شانازی بکات، بە خەمیان هەست بە ئازار بکات، بە شادمانییان هەست بە شادی بکات. ناکرێت تۆ دانیشتووی هەولێر و دهۆک بیت حەز بە سەردانی شارەکانی تورکیا و عێراق و ڕۆژئاوا بکەیت و کەمترین حەز و مەیلت بۆ سلێمانی و هەورامان و هەڵەبجە نەبێت. ناکرێت تۆ دانیشتووی سلێمانی و گەرمیان و هەورامان بیت و سەردانی زۆرێک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژئاوات کردبێت، بەس نەزانی یارسان لە کوێن، شەبەک چییە، دهۆک و زاخۆت نەبینیبێت و کەمترین هەستت نەبێت بۆیان؛ لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگە دروست نابێت و باسکردن لە کۆمەڵگەی کوردی زۆرتر لە هەڵەیەکی زمانی و هەندێ جار خۆفێڵدان دەچێت.
سەرچاوەکان
کوردی:
ڕەفیق، فاروق (٢٠٠٨) غەمە جڤاتییەکان، بەرگی دووەم، سلێمانی، ڕەنج.
فارسی:
ایلخانی، محمد (١٣٨٢) تاریخ فلسفە در قرون وسطی و رنسانس، تهران، سمت.
بیات، عبدالرسول و جمعی از نویسندگان (١٣٨١)، فرهنگ واژەها، قم، اندیشە و فرهنگ دینی.
دامپی یر، ویلیام سیسیل (١٣٨٤) تاریخ علم، ترجمە عبدالحسین آذرنگ، تهران، سمت.
راسل، برتراند (١٣٧٣) تاریخ فلسفە غرب، ج دوم. ترجمە نجف دریابندری، تهران، کتاب پرواز.
رندال، هرمن (١٣٧٦) سیر تکامل عقل نوین، ج اول، ترجمە ابولقاسم پایندە، تهران، علمی و فرهنگی.
عظیمی، فخرالدین (١٣٩٩) هویت ایران، تهران، آگاە.
مالرب، میشل (١٣٨١) انسان و ادیان، ترجمە مهران توکلی، تهران، نی.
میلانی، عباس (١٣٨٧) تجدد و تجددستیزی در ایران، تهران، اختران.
ناس، جان (١٣٧٧) تاریخ جامع ادیان، ترجمە علی اصغر حکمت، تهران، علمی و فرهنگی.
هرش، ژان (١٣٨٣) شگفتی فلسفی، ترجمە عباس باقری، تهران، نی.
گۆڤارەکان:
حەنەفی، حەسەن (١٣٧٥) ترجمە محمد مهدی خلجی، فصلنامە نقد و نظر، سال سوم، شمارە ١ (پیاپی ٩)، ص: ٣٧-٥٧.
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved