جەیمز هانکینز
و/ عەبدولخالق یەعقووبی
جەیمز هانکینز، مێژوونووسی فەلسەفە، گرنگیی فەلسەفەی ڕێنێسانس لە زیندووکردنەوەی بیرۆکە کلاسیکییەکان و دروستکردنی پردێک لەنێوان نەریتی کۆن و مۆدێرنیتەدا دەبینێت. ئەو پێی وایە فەلسەفەی ڕێنێسانس لەڕێگەی بەرەوپێشبردنی مرۆڤدۆستی و گرنگیدان بە جیهانی زەمینی، پاشخانی پێویستی بۆ شۆڕشی زانستی و پێشکەوتنە فیکرییەکانی سەدەکانی دواتر دابین کرد و بەگشتی قۆناغێکی گرنگی گواستنەوە بوو لە بیری سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ جیهانی مۆدێرن. جەیمز پێی وایە فەیلەسوفەکانی سەردەمی ڕێنێسانس بە لێکۆڵینەوە و زیندووکردنەوەی دەقە کۆنەکانی یۆنانی و ڕۆمانی، زانست و فەلسەفەیان هێنایەوە ئارا کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەراوێز خرابوون و لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی خۆیاندا تێکەڵیان کرد. هەروەها، قوتابخانەی هیومانیزم، کە لە سەردەمی ڕێنێسانسدا گەشەی کرد، جەختی لەسەر توانایی و شوێنی مرۆڤ لە جیهاندا دەکردەوە و سەرنجی لە ژیانی دوای مردنەوە بەرەو ژیانی دونیایی دەگۆڕی. ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گۆڕینی تێڕوانینەکان سەبارەت بە پەروەردە و زانست. جەیمز هانکینز پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بە پەروەردەکردنی ڕۆحی پرسین و گومانکردن و جەختکردنەوە لەسەر عەقڵ و ئەزموون، فەلسەفەی ڕێنێسانس ڕێگەی بۆ بیرۆکە جیاواز و تازەکان خۆش کرد کە دواجار شۆڕشی زانستی و سەردەمی ڕۆشنگەریی لێ کەوتەوە. بەگشتی، هانکینز فەلسەفەی ڕێنێسانس وەک قۆناغێکی گواستنەوە لەنێوان فەلسەفەی سەدەی ناوەڕاست و مۆدێرن دەبینێت کە بە تێکەڵکردنی بیرۆکە کۆنەکان لەگەڵ داهێنانی نوێ ڕێگایەکی تازەی بەڕووی ئاوەزمەندی و هزری فەلسەفیدا کردۆتەوە.
-وەرگێڕ-
لە دەیەی ١٩٣٠ەوە، کاتێک مێژووی فیکری وەک بوارێکی جیاوازی لێکۆڵینەوە سەری هەڵدا، هەمیشە سەرسامی قۆناغی ڕینێسانس بووە. مێژوونووسانی هزر بەدوای دۆزینەوەی ئەو شێوازە قووڵ و زۆر جار ناوشیارانەی بیرکردندا دەگەڕێن کە چۆن تاکەکان لە سروشت و کۆمەڵگا تێدەگەن و لەتەکیدا هەڵسوکەوت دەکەن. ئەوان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن دابونەریتە فیکرییەکان لە چوارچێوەی زمانەوانی و کولتوورگەلی گۆڕاودا جێدەگرن. لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بە تیشک خستنە سەر مێژووی لقە زانستییەکان، ڕاهێنانە فیکرییەکان، و پڕاکتیکەکان. لەسەرووی هەموویانەوە، ئەوان گرنگی بەو پرسە دەدەن بۆچی گرووپە گەورەکانی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات بیروباوەڕەکانیان دەگۆڕن.
بەم پێیە، ئاسانە بزانرێت بۆچی ڕێنسانس سەرنجی مێژوونووسانی هزر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ڕێنسانس قۆناغێک بوو کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ڕووی دا لە چەندین جۆری باوەڕدا، لەوانە ئایینی، زانستی، سیاسی، مێژوویی و مرۆڤناسی. مەسیحییەت پارچەپارچە بوو و دەوڵەتە سەربەخۆکان سەریان هەڵدا. کڵێسای کاسۆلیکی زۆربەی دەسەڵاتی خۆی لەدەست دا و کڵێسا و تەریقەتە پرۆتستانتە نوێیەکان دەرکەوتن. ناکۆکی و شەڕە ئایینییەکان بوونە هۆی یەکەمین دەربڕینە وریاکەرەوەکان بۆ پێویستیی لێبوردەیی و ئازادیی ڕادەربڕین. ئامانج و کردارە پەروەردەییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات. هیومانیستەکان (مرۆڤگەراکان) بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی کولتووری سکۆلاستیک (زانستی) سەریان هەڵدا. کولتووری مەسیحی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە هەڵوێستی خۆیدا بەرامبەر بە کولتوری بتپەرستیی سەردەمی یۆنانی-ڕۆمانی هێنایە ئاراوە. کۆماریخوازی و ڕەهاگەرایی (absolutism) لەنێو نەریتگەلی جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسیدا ڕەنگیان دایەوە. گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی تێڕوانین و شیکردنەوەی ئەوروپییەکان لە سروشتی مرۆڤ و گەردوون و پێڤاژۆی (پرۆسەی) سروشتیدا ڕووی دا. زانست کەمتر بایەخی بە بیرکردنەوە لە سروشت دەدا و زیاتر مەیلی بۆ کۆنترۆڵکردنی بوو. جیهانێکی نوێ دۆزرایەوە کە پڕ بوو لە کۆمەڵگەکان، ڕووەک و ئاژەڵانێک کە بەتەواوی بۆ نەریتە زانستییەکانی ڕۆژئاوا نامۆ و نەناسراو بوون. داهێنانی چاپ – شۆڕشی زانیاریی سەدەی پازدەهەم – لەبنەڕەتەوە ئەو بارودۆخانەی گۆڕی کە کرێکارانی زانست (knowledge-workers) تێیدا کاریان دەکرد؛ ئەمەش دەرفەتی بۆ کۆکردنەوە، پۆلێنکردن، و شیکاریی زانیاریی بە شێوازێک و لەسەر ئاستێک کە پێشتر خەیاڵیش بۆی نەدەچوو، ڕەخساند. بڕە زۆرەکەی زانیاریی نوێ و جۆراوجۆریی بۆچوونە پێشکەش کراوەکان، ناکۆکییە ئایینییەکانی ئەو کاتە، و بێ گومان کاریگەریی سەرنجڕاکێشی بیرمەندانی کۆن وەک سیسیرۆ و سێکستوس ئێمپیریکوس، بەناچاری بوونە هۆی ژیانەوەی گومانگەرایی (skepticism) و ئیمانگەرایی ((fideism و هاوکات، سەرنجێکی نوێ بۆ ڕێڤاژۆ (میتۆد) و متمانەپێکراویی زانین. بۆیە سەیر نییە کە مێژوونووسی هزری سەردەمی ڕینێسانس وەک کارگەیەکی (ورکشۆپێکی) نایاب و تژی لە سەرچاوە بۆ پەرەپێدانی پیشەکەی دەبینێت.
هەمان شت بۆ فەیلەسوفان و مێژوونووسانی فەلسەفە ڕاست نییە. بۆ فەیلەسوفان، قۆناغی ڕینێسانس زۆر جار وەک دۆڵێک لە نێوان دوو گرددا دەرکەوتووە. لەسەر یەکێک لە گردەکان فەیلەسوفە سکۆلاستییە گەورەکان دانیشتوون – ئەکویناس، سکۆتەس، ئۆکهام – کە بنیاتنەرانی سیستمی گەورە و شیکەرەوەی بلیمەتانەی زمان، لۆژیک، و مێتافیزیکن. لەسەر گردەکەی تر، سیستەمداڕێژەرە گەورەکانی سەدەی حەڤدەهەم، دیکارت، هۆبز، لایبنیز و سپینۆزا هەن، ئەو پیاوانەی کە بە شێوەیەکی گونجاو دەکرێت وەک کەسانی سەر بە جیهانی بیری نوێ وەسف بکرێن. لەنێوانیاندا زەلکاوێک هەیە کە دانیشتووانی بریتین لەوانەی کە تەنیا دەردەکەون وەک لاساییکەرەوەی فەیلەسوفە سکۆلاستییە گەورەکان، لەلایەن ئەخلاقگەرایانی قسەزل و ئەدیبانەوە، لەلایەن فیلۆلۆژیستەکان و کۆکەرەوەکانەوە، لەلایەن جادووگەرانی چاو پڕ لە سام و فەیلەسوفانی سروشت (Naturphilosophen)، کە ئەوەندەی توانایی بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی نوێیان هەبوو، هێندەش ناتوانا بوون لە بەرگریکردن لێیان. کوسانوس (Cusanus)، ماکیاڤێلی، ڕەنگە ڤالا (Valla)، بە بیرمەندی گەورە دادەنرێن، هەرچەندە بە شێوازی زۆر جیاواز، بەڵام بەزەحمەت بەشی ئەوە دەکەن ئەم قۆناغە لە ناوبانگەکەی، واتە بیابانی فەلسەفی، ڕزگار بکەن. کاری کوسانوس زیاتر پەیوەندی بە خواناسییەوە هەیە وەک لە فەلسەفە؛ ماکیاڤێلی زیاتر زانایەکی سیاسییە وەک لە فەیلەسوفێکی سیاسی؛ کاری فەلسەفیی سەرەکیی ڤالا تەنها بە زمانی لاتینی بەردەستە و لە هەموو حاڵەتێکدا لە چوارچێوەی نەناسراوی فیلۆلۆژیای کلاسیکیدا جێگیر بووە. سەیر نییە ئەو فەیلەسوفانەی بایەخ بە مێژووی لقە زانستییەکەیان دەدەن، حەزیان لێیە بە ئاسانی لە گردێکەوە بۆ گردەکەی تر باز بدەن نەک بەناو زەلکاوەکانی خوارەوەدا تێپەڕن. سەیر نییە کە کۆرسەکانی فەلسەفەی ڕێنسانس لە بەشەکانی فەلسەفەدا هێشتا کەم و دەگمەنن.
بەشێک لە هۆکاری جیاوازیی زۆری نێوان مێژوونووسانی فیکری و فەیلەسوفان لەو بایەخەی کە بۆ هزری ڕینێسانس دایدەنێن، لەو بەکارهێنانانەدا چڕ دەبێتەوە کە هەر کۆمەڵگەیەکی ئەکادیمی لە بیرمەندانی ڕابردووی وەردەگرێت. ئەوەی مێژوونووسانی فیکری بەگشتی لە ڕابردوودا بەدوایدا دەگەڕێن، شتە نامۆ و سەیرەکانە، چونکە ئەم گوتارانە باشترین بەڵگەن بۆ تێگەیشتن لە شێوازە هزرییە نامۆکان. ئەوەی فەیلەسوفان لە ڕابردوو دەیانەوێت (بە قسەی ڕیچارد ڕۆرتی) "هاوبەشانی گفتوگۆ"ن. لەسۆنگەی هەڵوێستە پێناسەکراوە ئاشکراکان، ئەوان کەسانی بەناوبانگی ڕابردوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بزانن چ ڕووناکییەک دەتوانن بخەنە سەر کێشەکانی بوارەکەی خۆیان. ڕەنگە هیوایان بە وردکردنەوەی پۆلێنکردنەکانیان بۆ پێگە بەردەستەکان یان باشترکردنی پێگە هەنووکەییەکان هەبێت، بەڵام لەبنەڕەتدا بەدوای ئەو بیرمەندانەدا دەگەڕێن کە شێوازی بیریان (forma mentis) هاوشێوەی هی خۆیانە. فەیلەسوفانێک کە حەزیان لە پرسی عەقڵ-جەستەیە، دەتوانن (یان وایان پێ باشە) لەگەڵ دیکارت و هۆبز گفتوگۆ بکەن. بەڵام ناتوانن لە فەیلەسوفانێک وەک فیچینۆ (Ficino) یان پاتریزی (Patrizi) تێبگەن کە پێیان وابوو کارلێکەکانی عەقڵ-جەستە لەلایەن ڕۆحی مادیی ناسک (spiritus) ەوە نێوەندگیری دەکرێت – "شتێکی سێیەم" کە گالێن (Galen) بە دڵنیاییەکی زۆرەوە وەسفی کردبوو بەڵام ناتوانرێت بە ئامێرە زانستییە مۆدێرنەکانەوە بدۆزرێتەوە. خراپتر لەوەش، لە پشت بیرۆکەی ڕۆح، دەروونناسەیەکی سێکوچکەیی هەیە کە لە ئۆگۆستینەوە (Augustine) وەرگیراوە و وادیارە توخمێکی پێشینەیی (a priori) دۆگمای ئایینی دەهێنێتە ئاراوە. تیۆریی گلاندە سنۆبەرییەکەی (pineal gland) دیکارت، هەرچەندە لە ڕووی فەلسەفی یان زانستییەوە سەرکەوتوو نەبێت، لانیکەم وادیارە پەیوەندییەکی بە پێکهاتەی مۆدێرنی پرسی عەقڵ-جەستەوە هەبێت. لەبنەڕەتدا، شیاوی ڕەتکردنەوەیە و بۆ باوەڕپێکراویی خۆی پشت بە دەسەڵات یان کاریکاتێرە مێتافیزیکییە مەسیحییەکان نابەستێت. هەمان شت ناتوانرێت بۆ ڕۆحی فیچینۆ، "ئەو گرێ ناسکەی کە مرۆڤمان بۆ دروست دەکات"، بگوترێت، کە ئەوەندە ناسکە کە تەنانەت لەژێر مایکرۆسکۆپی لەیزەریشدا نابینرێت.
وەک مێژوونووسێکی فیکری، دەکرێت تێبینیی ئەوە بکرێت کە عەقڵانییەتی دەرەوەیی فەیلەسوفان وەک دیکارت تەنیا دەرەکییە و لێکۆڵینەوەی مێژوویی زیاتر لەسەر دیکارت، پشت بەستنی نەوتراو بە سەرچاوە نەریتییەکان - لەوانە ئۆگۆستین - و تۆڕێکی تەواو لە گریمانە تیۆلۆژییەکان ئاشکرا دەکات کە ئارگومێنتی فەلسەفی لە جێگەی خۆی دەهێڵنەوە. هەروەها دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە "ناوە بەناوبانگەکانی ڕابردوو" بە هۆکارێکەوە بەناوبانگن و، بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانەش پەیوەندی بە پلەبەندیی دامەزراوەکان و نەتەوەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازەکانی شوێنکەوتن و گواستنەوەوە هەیە. بەڵام، ئەمە کاریگەری لەسەر پرسی سەرەکی نییە، کە فەیلەسوفانی مۆدێرن ناتوانن لەگەڵ فەیلەسوفانی ڕابردوو گفتوگۆ بکەن مەگەر هەندێک گریمانەی هاوبەشیان لەسەر وتاری فەلسەفەیی هەبێت. پابەندبوونی بنەڕەتی فەلسەفەی ئەکادیمی مۆدێرن بە میتۆدۆلۆژیایەک، شێوازێکی تایبەتی ئارگومێنتکردنە و، ئەو شێوازە ئەو ئارگومێنتانە ڕەت دەکاتەوە کە بەهاکانیان پشت بە دۆگما ئایینییەکان، سەرچاوە بێپرسیارەکان، گریمانە مێتافیزیکییە نەپشکنراوەکان، یان زانستە تێپەڕیوەکان دەبەستن. بەم پێوەرە، دیکارت و هۆبز هێشتا بە فەیلەسوفانی مۆدێرن دادەنرێن و فیچینۆ و پاتریزی نا.
بێ گومان دەکرێت خودی شێوازی ئارگومێنتی فەلسەفیی مۆدێرن ڕەخنەی مێژوویی لێ بگیرێت و پیشان بدرێت کە ئەوەی ئەمڕۆ بە "عەقڵانی" دادەنرێت، خودی خۆی بە مێژوویی مەرجدار کراوە. فەیلەسوفانی بەناوبانگ وەک میشێل فۆکۆ، ڕیچارد ڕۆرتی، ئالاسدایر ماکئینتایر، و ستیڤن توڵمین بەم شێوەیە سەرقاڵی شوێنەوارناسیی عەقڵی مۆدێرن بوون. ئەمە زیاتر نزیکمان دەکاتەوە لە ئارگومێنتێک بۆ سوودبەخشیی خوێندنی فەلسەفەی ڕینێسانس بۆ فەیلەسوفان. کەم فەیلەسوفێک نکۆڵی لەوە دەکات کە فەلسەفەی مۆدێرن سوود وەردەگرێت لە وشیاریی بەرامبەر گریمانە بنچینەییەکانی کارەکەی. بەدڵنیاییەوە، ئەم ڕاستییەی کە شێوازێکی تایبەتی عەقڵانییەت لە ساتێکی مێژوویی تایبەتدا دەردەکەوێت، بەتەنیا ئەوە ناگەیەنێت کە هەڵەیە، هەروەک چۆن جیهانگیری [و پەسندکردنی گشتیی] باوەڕێک ئەوە ناگەیەنێت کە ڕاستە. بەڵام دەبێت ئاشکرا بێت ڕێگەیەکی بەسوود بۆ تێگەیشتن لە شێوازەکانی عەقڵانییەتی مۆدێرن، خوێندنیانە (وەک ئەرستۆ دەڵێت) لە پێڤاژۆی (پڕۆسەی) گەشەکردنیاندا. ئەمە بە واتای (وەک ئێرنست کاسیرەر و ڕیچارد پۆپکین پێشتر بینیبوویان) خوێندنی ڕینێسانس و بەتایبەتی بیرۆکەکانێتی لەبارەی عەقڵانییەت و میتۆدەوە. خاڵە گەورەترەکە ئەوەیە ئەگەر خوێندنی فەلسەفەی ڕینێسانس بڕیار بێت سوود بە فەیلەسوفانی مۆدێرن بگەیەنێت، ئەوا دەبێت ئەوان – واتە، ئێمە – بە ڕێز و خۆ بەزلنەزانییەوە لێی نزیک ببینەوە، وەک چۆن هەمیشە دەبێت لە ڕابردوو نزیک ببینەوە. گەڕان تەنیا بەدوای هاوبەشێکدا کە بتوانێت بەشداری لە گفتوگۆ مۆدێرنەکاندا بکات، و فەرامۆشکردنی ئەوانەی بە زمانە فەلسەفییەکانی تر قسە دەکەن، بە ناچاری سنووردارکردنی گفتوگۆیە. ئەمە فەلسەفە دەکاتە مونۆلۆگێکی ناتەبا لەگەڵ کات (anachronistic)؛ ئێمە تەنیا لەگەڵ خۆماندا قسە دەکەین. هەروەها ڕابردوو چەواشە دەکات؛ دۆزینەوەی ڤیتگنشتاین (Wittgenstein) لە ڤالا (Valla)دا، بازدانێکی نالۆژیکییە (mutate non mutanda). بەڵام بە نزیکبوونەوەی دروست، بە ئارامگرتن و تێگەیشتنی مێژوویی، ڕینێسانس دەتوانێت وانەی تایبەت پێشکەش بکات. کاتێک سەرنج دەدەینە دۆخی مێژوویی فەلسەفەی ڕینێسانس و ئەوەی فەیلەسوفانی ڕینێسانس خۆیان هیوایان پێ بوو بەدەستی بهێنن، ڕەنگە تەنانەت ئامادە بین کە چەندین لێکچوونی تایبەت لە نێوان ئەو قۆناغە و قۆناغی ئێمەدا قبوڵ بکەین. ڕەنگە تەنانەت فەیلەسوفانی ڕینێسانس وەک کەسانێک ببینین کە بە ڕێگایەکدا ڕۆیشتوون کە خۆمان ئێستا پێیدا تێدەپەڕین و، دەتوانن تا ڕادەیەک وەک ڕێبەرێک لە وڵاتێکی نەناسراودا کار بکەن.
بەڵام فەیلەسوفانی ڕینێسانس سەرقاڵی چی بوون و ئامانج و دەستکەوتەکانیان چۆن ڕەنگە پەیوەندییان بە فەلسەفەی هاوچەرخەوە هەبێت؟ ئاشکراترین ڕاستی دەربارەی فەیلەسوفانی ڕینێسانس ئەوەیە کە باشترینیان – هیومانیستەکان (humanists)، سکۆلاستییەکان (scholastics) و "فەیلەسوفانی نوێ" بە هەمان شێوە – سوور بوون لەسەر ئەوەی کە لە سنووری تەسکی کتێبە خوێندنگەییەکانی ئەرستۆیی پەسەندکراو، کە خۆراکی فەلسەفەی سکۆڵاستیکی سەدەی سیانزەهەم و سەرەتای چواردەهەمیان دابین دەکرد، دەربچن. فەیلەسوفانی زانکۆیی، بە هاندانی هیومانیستەکان، هەوڵیان دا کوالیتیی خوێندنی خۆیان بە فێربوونی زمانی یۆنانی، باشترکردنی کوالیتیی وەرگێڕانەکان و بەدەستهێنانی زانیارییەکی تەواوتر لەبارەی نەریتی تەفسیری کۆن، موسڵمانان، جولەکە و مەسیحییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە زیاد بکەن. سەرەڕای هەندێک ناکۆکیی گەورە، زۆربەی سکۆڵاستیکەکان کاتێک کاری لێکۆڵینەوەیان لەسەر شرۆڤەکارانی ئەرستۆیی لە نەریتە ئایینییەکانی تردا دەکرد، بە شێوەیەکی بەرچاو بێلایەن بوون. ئەمە پێشتر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕاست بوو و لە ڕینێسانسدا زیاتر ڕاست بوو. لە دەرەوەی زانکۆکاندا، هیومانیستەکان بە شێوەیەکی چالاکانە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی میراتی فەلسەفە و تیۆلۆژیای بتپەرستیی کۆن بوون، هەروەها پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئەفلاتوونگەرایی، گومانگەرایی، ئاپیکۆرگەرایی و ستۆیزمی (Stoicism) کۆن وەک جێگرەوە فەلسەفییەکان. فەیلەسوفە نوێیەکانی وەک مارسیلیۆ فیچینۆ، پیکۆ دێلا میراندۆلا و فرانچێسکۆ پاتریزی لە هەوڵدا بوون بۆ گەڕاندنەوەی ئەوەی کە ئەوان بە حیکمەتی تیۆسۆفیکی میسری کۆن، ئێران، یۆنان و ئیسرائیلیان دەزانی. لە جیهانی نوێ و ڕۆژهەڵاتی دووردا، بانگەشەکارانی کاسۆلیکی کە لە پۆلەکانی فەلسەفەی ئەوروپیدا پەروەردە کرابوون، سەرقاڵی خوێندنی ئایین و فەلسەفەی گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای لاتین، ژاپۆن، چین و ئاسیای باشوور بوون. زۆربەیان فێربوون کە بۆ گۆڕینی کەسانی تر بۆ باوەڕەکەی خۆیان، تەنانەت بە پشتیوانیی شمشێریش، پێویستییان بە جۆرێک لە گۆڕانکاری لە باوەڕەکەی خۆیاندا هەیە. لە هەموو شوێنێکدا جۆرێک لە ناڕەزایی قووڵ لەمەڕ سەرچاوە بەردەستەکانی ژیانی فیکری ئەوروپا و بڕیارێکی پتەو بۆ بەدەستهێنانی حیکمەت و زانستی کەلتوور و ئایینەکانی تر هەست پێدەکرا.
لێشاوی سەرلێشێوێنەری ئارگومێنتی نوێ، دەقە نوێیەکان و بۆچوونە نوێیەکان، کە کاریگەرییان لەسۆنگەی چاپخانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بووبوو، پێویستیی پێداچوونەوەی ڕادیکاڵیان لەبابەت مەسیحییەت و واتای مەسیحیبوون هێنایە ئاراوە. مەسیحییەت وەک نەریتێکی ژینراو و هەروەها وەک نەریتێکی دەقی، بێ گومان هەر لە سەرەتاکانی خۆیەوە دووبارە تەفسیر کرابوو، بەڵام بڕە زۆرەکەی دەقە نا-مەسیحییە نوێیەکان، کە گەڕاندنەوەیان هاوکات بوو لەگەڵ کەمبوونەوەی دەسەڵاتی کڵێسای کاسۆلیکی، فشارێکی ناوازەی خستە سەر پێکهاتە دۆگماتیکەکانی پشتیوانی ناسنامەی مەسیحی. فەیلەسوفان لە یارمەتیدانی کۆمەڵگەی مەسیحی بۆ گەشەکردن بەرەو خودناسینەوەی نوێ پێشەنگ بوون. زۆربەیان هەڵوێستی پارێزگارانە یان سازشکارانەیان وەرگرت، بەڵام زۆریش هەبوون کە بەدوای بەکارهێنانی تیۆلۆژیای فەلسەفیی کۆن یان زانستی نوێدا دەگەڕان بۆ دروستکردنی چاکسازییەکی تەواو و تەنانەت یاخیبوون لە دۆگما و دەسەڵاتە نەریتییەکان. هەندێکی تر وەک کوسانوس (Cusanus)، فیچینۆ (Ficino) و جۆڤانی پیکۆ دێلا میراندۆلا (Giovanni Pico della Mirandola) بەدوای شارستانیکردنی مەسیحییەتی تاکڕەودا (exclusivist) دەگەڕان بە کردنەوەی بەڕووی حیکمەتی نەریتە ئایینییەکانی تردا؛ هەندێکی تر، وەک سێباستیان کاستێلیۆ Sebastian Castellio)) و مۆنتێن (Montaigne)، چەمکگەلێکی نوێی لێبوردەییان بۆ فرەچەشنیی ئایینی و کولتووری پێشخست. ئێراسموس (Erasmus) گومانی خستە سەر ئایدیاڵی خاچپەرستی و هیومانیستەکانی تر هەڵوێستی ئاشتەوایی و ڕێژەییان هەڵبژارد تەنانەت بەرامبەر تورکەکانیش، کە گەورەترین هەڕەشەی دەرەکی بوون بۆ کۆمەڵگە ڕۆژئاوایییەکان لە سەردەمی ڕێنسانسدا. ئەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لەم قۆناغەدا ڕێچکەی کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی نەگرت، تا ڕادەیەکی زۆر قەرزاری پابەندبوونی فەیلەسوفانی ڕینێسانسە بە گەڕان و بەرگریکردن لە ڕاستی، لە هەر کوێیەک کە بدۆزرێتەوە، تەنانەت گەر بە نرخی ژیان و ناوبانگی خۆشیان کۆتایی پێ هاتبا.
ئەمە لەڕاستیدا، یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی فەیلەسوفانی ڕینێسانس: ڕادەی بەشداریکردنیان لە کاروباری جیهان و گڕوتین و ئارەزوویان بۆ چاکسازی. بزووتنەوەی هیومانیستی (مرۆڤدۆستی) بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی ئەخلاقی بەدەست هێنا کاتێک پێترارک (Petrarch) ئامانجی پەروەردەکردنی ڕەوشت و ڕەوانبێژیی پێ بەخشی. هیومانیستەکان بنچینەییانە پابەند بوون بەوەی کە نیشتمانپەروەری، وریایی و فەزیلەتی شارستانییەکانی چینی دەسەڵاتدار بە پێشکەشکردنی وێنەی ئایدیاڵی پاڵەوانان و حەکیمانی کۆن بەوان پەرە پێبدەن. بەم کارە، ئەوان جارێکی تر هەڵوێستە تاکڕەوەکانی جیهانی مەسیحییان بەرانبەر بە کولتوورێکی تر، لەم حاڵەتەدا کولتووری یۆنانی-ڕۆمانی کۆن، گۆڕی. هەر بۆیەش ئەوان ڕوونی و قەناعەتیان بە پێشینە دانا و گاڵتەیان بە گفتوگۆ تەکنیکی و پسپۆڕییەکان دەکرد. تۆماس مۆر (Thomas More)، بیرمەندێکی تری هیومانیست (مرۆڤدۆست) بوو کە نەریتی ئەدەبیاتی یوتۆپیی دەست پێکرد، کە بوو بە ئامرازێکی بەهێز بۆ ڕەخنە و چاکسازیی کۆمەڵایەتی. بەڵام فەیلەسوفانی سکۆڵاستیکیش دەیانتوانی لە جیهانی دەوروبەریاندا بەشدار بن. بە درێژایی ڕینێسانس و دواتریش، هەردوو بەرەی پسپۆڕانی هیومانیست و سکۆڵاستیک، باوەڕێکی پتەویان هەبوو، هەرچەندە ڕەنگە نادروست، بەوەی کە خولەکانی وانەگوتنەوەی گشتی لەسەر دەقگەلێک وەک "دەربارەی ئەرکەکان"ی سیسیرۆ و "ئەخلاق"ی ئەرستۆ دەتوانن گۆڕانکاریی ئەرێیی (پۆزەتیڤ) لە شار و ناوچەکانی ئەوروپادا دروست بکەن. فەیلەسوفانی سکۆڵاستیک لە نەریتی ئیسپانیدا سوودیان لەو ڕێزە زۆرەی خۆیان وەرگرت بۆ داڕشتنی چوارچێوە ئەخلاقییەکان بە ئامانجی سنووردارکردنی سەربازیگەریی ئیسپانیا و داگیرکاریی کۆلۆنیالی. ئەوان نەریتی سەدەکانی ناوەڕاستیان بۆ بەکارهێنانی فەلسەفەی ئەخلاق لە ژیانی ئابووریدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان کرد. فەیلەسوفە نوێیەکانی وەک کوسانوس و بێساریۆن (Bessarion) چالاکانە بەشدار بوون لە بەدەستهێنانی ئاشتی لەنێوان کڵێسا مەسیحییە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواییەکان و لە ڕێکخستنی بەرگری لە جیهانی مەسیحییەت بەرانبەر هەڕەشەی تورکەکان. فیچینۆ وەک ڕێبەری ڕۆحی بۆ چەندین نەوەی پاتریکەکانی فلۆرەنس کاری دەکرد. کامپانێلا (Campanella) هەوڵی دا کۆمەڵگەیەکی یوتۆپیی لە باشووری ئیتاڵیا دابمەزرێنێت و لە زیندانەوە بەرگرییەکی بوێرانەی لە گالیلۆ و ئازادیی فەلسەفاندن (libertas philosophandi) نووسی. چاکسازیی پەروەردەیی حەزی هەمیشەیی نزیکەی هەموو فەیلەسوفانی ڕینێسانس بوو. گاڵتەجاڕی دەبێت ئەگەر بانگەشە بکەین کە هەموو چالاکییە سیاسی، پەروەردەیی و کولتوورییەکانی بیرمەندانی ڕینێسانس ئەمڕۆش شایانی ستایشن، بەڵام ڕاستیی بەشداریکردنیان لە کاروباری جیهان و ئارەزوویان بۆ بەکارهێنانی زانین و تێڕوانینی فەلسەفییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانەکەیاندا گومانی لەسەر نییە.
بە هەمان شێوە، بایەخدانی فەیلەسوفانی ڕینێسانس بە مێژوو و سروشتی بوارەکەی خۆیان جێگەی سەرنج و داهێنەرانە بوو. لە قۆناغێکدا کە چەندان سیستەم و بیرۆکەی فەلسەفیی نوێ پێشنیار دەکران، سروشتی بوو فەیلەسوفان حەزیان لە کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی زانیاری دەربارەی مێژووی فەلسەفە بێت. نیوەی دووەمی سەدەی شانزەهەم شایەتی شۆڕشێکی بەرچاو لەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بوو. مێژووە کۆنەکانی فەلسەفە دۆزرانەوە و نوێیەکان نووسران؛ پارچە دەقە ونبووەکانی فەلسەفی کۆکرانەوە و ڕێکخران. دەقەکان بە ستانداردی بەرزتر دەستکاری دەکران و کۆمەڵێک وەرگێڕانی نوێ و وردتر بەردەست خران. لەنێوان "فەلسەفە نوێیەکانی" کۆتایی ڕێنسانسدا دەبێت ئەو فەلسەفانە هەژمار بکرێن کە تازە لە جیهانی کۆنەوە دۆزرابوونەوە، فەلسەفانێک کە پێکهاتە ڕێکخراوەکانیان تەنها ئەو کاتە شیاوی تێگەیشتن بوون. ئەگەر پرسیار بکرێت، وەک زۆر جار دەکرێت، کە گەورە فەیلەسوفانی بەرهەمهێنراوی ڕینێسانس کێن، وەڵامێکی تەواو دەبێت ئەرستۆ، ئەفلاتوون، پلوتینوس (Plotinus)، سێکستوس ئێمپیریکوس (Sextus Empiricus) و مارکوس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius))، لەناو ئەوانی تردا بگرێتەوە.
جگە لە گەڕاندنەوەی میراتی فەلسەفیی سەردەمی کۆن، فەیلەسوفانی ڕینێسانس هەوڵیان دا تێڕوانینێکی فراوانتر سەبارەت بە چالاکیی فەلسەفی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەدەست بهێنن. نەیارانی سکۆڵاستیک، چیرۆکی نوێیان دەربارەی مێژووی فەلسەفە گێڕایەوە بۆ ئەوەی مۆدێلی ئەرستۆیی گەشەپێدانی فەلسەفیی یۆنانی، کە بەپێی ئەوە فەلسەفەی سەرەتا لە سیستەمی ئەرستۆیدا گەیشتبووە لوتکە و بەهۆی ئەوەوە لەناو چووبوو، بەگومان لێی بڕوانن. لەبەرانبەر، ئەم گێڕانەوە خۆپەرستانەیەدا، فیچینۆ چیرۆکێکی نوێی خستە ڕوو، دەربارەی ئەوەی کە چۆن حیکمەتێکی خوداییی کۆنی قووڵ لەلایەن سەرهەڵدانی فەلسەفەیەکی کەمتر ڕۆحی، واتە فەلسەفەی ئەرستۆ، گیراوە، کە بەناچاری بووە هۆی جیاکردنەوەی خواپەرستی و فەلسەفە. بەڵام پێشبینیی دەکرد کە قۆناغێکی نوێ لە ڕێگادایە کە تێیدا ژیانەوەی ئەفلاتوونگەرایی (Platonism)، فەلسەفە و ئایین دووبارە یەکدەخاتەوە. جۆڤانی پیکۆ دێلا میراندۆلا (Giovanni Pico della Mirandola) وەڵامێکی تری بۆ ئەرستۆییەکان هەبوو: بۆچوونی ئەو کە زیاتر پلوتینی بوو، ئەوە بوو کە حیکمەتێکی خودایی یەکگرتوو و یەکپارچە هەیە بۆ هەموو کات و شوێنێک کە لە هەموو کات و شوێنێکدا بۆ عەقڵی مرۆڤی ئاگادار لە خودایەتیی خۆی بەردەستە. لە کۆتاییدا، فەیلەسوفانی وەک برونۆ(Bruno) ، کامپانێلا (Campanella)، بەیکن (Bacon)، و دیکارت – بە شێوازی زۆر جیاواز – دیدگای درەوشاوەی پێشکەوتنە نوێ و بێوێنەکانیان لە فەلسەفەدا، و تێپەڕاندنی کۆنەکانیان پێشکەش کرد.
فەیلەسوفان هەروەها بایەخێکی زۆریان بەو پرسیارە دا کە فەلسەفە بۆچییە و چ پەیوەندییەکی بە ئایینەوە هەیە. ئەگەر ئۆگۆستین (Augustine) لە کتێبی "دەربارەی ئایینی ڕاستەقینە"دا مەسیحییەتی وەک جۆرێکی نوێی ژیانی فەلسەفی زانی کە بە خێرایی پێویستی بە لقە ڕۆحییەکانی فەلسەفەی بتپەرستی لە جێگەی خۆیدا دەکرد، ئەگەر تۆماس ئەکوئیناس (Thomas Aquinas) و خواناسەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەگشتی ئاستی فەلسەفەیان وەک خزمەتکاری تیۆلۆژیا (خواناسی) دابەزاند، ئەوا فەیلەسوفان لە نیوەی دووەمی سەدەی سیانزەهەم بەدواوە ئەم ئەگەرەیان خستە ڕوو کە فەلسەفە دەتوانێت سەربەخۆیی کۆنی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و شێوازی تایبەتی خۆی لەمەڕ بەختەوەریی ئەم جیهانە پێشکەش بکات. هەندێک هیوایان دەخواست کە ئایینی عەقڵانیی فەیلەسوفان، تەنانەت لە کۆتاییدا بتوانێت جێگەی ئایینی دۆگماتیستەکان بگرێتەوە. ئەم تێڕوانینە لە فەلسەفە بوو کە دواجار جۆردانۆ برونۆی (Giordano Bruno) لە ساڵی ١٦٠٠دا بەرەو سزای سووتاندن برد.
بەرەنگاربوونەوەی هیومانیزم (مرۆڤدۆستی) لەگەڵ سکۆڵاستیکدا، تێگەیشتنێکی تری فەلسەفەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، واتە تێگەیشتنێکی سیسیرۆیی یان کوینتیلیانی (Quintilianic) کە تێیدا فەلسەفە بە یەکێک لە چەندین زانستی شارستانی دادەنرا، کە ئاراستەی ژیانی چالاک و ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی کۆمار (respublica) کرابوو. لە لایەکی ترەوە، پرۆتێستانتیزم هێرشی کردە سەر نەریتی خواناسیی فەلسەفی و ئایدیاڵی فەلسەفەی وەک خۆ-بەڕێوەبردن (self-mastery)، وەک ڕێگایەکی سەربەخۆ بۆ بەختەوەری، لاواز کرد. فەیلەسوفانی تر، کە بەهۆی چەوساندنەوەوە خۆیان حەشاردابوو، بە نهێنی بیرۆکەی فەلسەفەیان وەک حیکمەتێکی نهێنی (esoteric wisdom) پەرەپێدا، جادووێکی فێرکراو کە دەستی ڕادەگەیاندە هێزە شاراوەکانی سروشت و ڕۆحی مرۆڤ. لە کۆتاییدا، دابەشبوونی ئەوروپا بۆ دوو بەرەی ئایینیی نەیار، گۆڕانکاریی فەلسەفەی خێراتر کرد بە ئاراستەی تەنیا کۆمەڵێک بیروباوەڕ یان کۆمەڵێک هەڵوێست و، ڕۆڵی کۆنی خۆی وەک شێوازێکی ژیان لاواز کرد.
بەکورتی، فەلسەفەی ڕینێسانس زۆر هاوشێوەی فەلسەفەی سەردەمی ئێمە هەیە. لە سەردەمی ئێمەشدا، شایەتی پچڕان و قەیرانی نەریتە دەسەڵاتخوازەکان، فرەیییەکی نوێی بۆچوونە فەلسەفییەکان، شۆڕشێکی زانیاریی نیگەرانیکەر و ئارەزووی گەرموگوڕ بۆ تێکەڵکردنی ئەدەبیاتی حیکمەتی نەریتە نا-ڕۆژئاواییەکان لە گفتوگۆی فەلسەفیدا بووین. ئێمەش فەیلەسوفمان هەیە کە دوژمنی سیستەم و سەلماندنی وردن و گومان لە ئەگەری بەڵگەهێنانەوەی یەکلاییکەرەوە دەکەن، فەیلەسوفانێک کە حەز دەکەن فەلسەفە ببێتە جۆرێک لە چارەسەری دەروونی یان گفتوگۆیەکی شارستانی یان جۆرێک لە قەناعەتپێکردن و ڕۆشنبیرکردن. ئێمەش گومانگەر و باوەڕگەراکانمان هەیە؛ ئێمەش ئەوانەمان هەیە کە لە ڕابردووی فەلسەفەدا بەدوای دیدگای جێگرەوەی ژیانی فەلسەفیدا دەگەڕێن. ئێمەش فەیلەسوفانمان هەیە کە بە توندی پابەندن بە چەندین هەڵوێست لەسەر پەیوەندیی دروستی نێوان باوەڕ و عەقڵ. ئێمەش فەیلەسوفانێکمان هەیە نیازیان وایە کاریگەری لەسەر گفتوگۆ گشتییەکان دابنێن و ژیانی گشتی پێکبهێنن. ئەگەر فەلسەفەی ڕینێسانس بەڵێنی سوودی خێرای هەندێک قۆناغی تر لە مێژووی هزریدا نادات، ئەگەر هەمیشە ئەو ئارگومێنت و تێڕوانینە ئامادانە پێشکەش ناکات کە لە گفتوگۆ ئەکادیمییە هەنووکەییەکاندا بەسوود بن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە پێشکەش دەکات کە ڕەنگە ئاشکراترین تێڕوانین بێت لە هەموویان – تێڕوانینێک کە لە سەیرکردنی ئاوێنەوە بەدەست دێت.
سەرچاوە
Hankins, J. (Ed.). (2007). The Cambridge companion to Renaissance philosophy. Cambridge University Press. Pp. 338-345
Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved