12/07/2026
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "ئیمپرالیزمی ئیسلامی- مێژوویەک" بە قەڵەمی ئەفرایم کارش

فاروق ڕەفیق

سکۆڵەری بواری فەلسەفە

 

ئەم خوێندنەوەیە پێشکەشە بەو ئافرەتە ئێزیدییانەی کە لاقە کران لەلایەن جیهادییەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام.

ئەمە کارەساتێکە کە فیکری و مەعریفی نییە: ئایا نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆن کەسی، یەک توێژەری نەبێت بتوانێت لەسەر ئیسلام قسان بکات؟ ئەمڕۆکە لەناو نووسینی کوردی و ناوەندی کولتووری و ئەکادیمیدا، یەک توێژەر نییە شایستەی ئەوە بێت مەشقی فیکری و مەعریفی دابنێت لەسەر کایەکانی ئایینەکان و بەتایبەت ئیسلام؛ یەک توێژەر کە لەبەر دەستی چەند پسپۆڕێکی شارەزای ئیسلامدا پەروەردە بووبێت و ئێستا بتوانێت شتێکی مانادار و گرنگ لە ڕووی فیکری و مەعریفی بڵێت و بنووسێت، کە زادەی تێڕامان و بیرکردنەوەیەکی ڕەسەن بێت.

ڕۆژنامەنووس هەیە لەسەر ئیسلام قسە دەکات، بەڵام کاشکی هەر بێدەنگ باما، چونکە شتگەلێکی تەنک و بێمانا، تا ڕادەیەکیش هەرزەکارانە دەربارەی ئیسلام دەڵێت کە زۆرتر بۆ ڕازیکردنی گاڕانی ئیسلامییەکانە. هێندەی بۆ کۆکردنەوەی حەشامات و بە زمانێکی پەخشان و شیعر دەدوێ، هێندە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی جیدیی کەسێکی خوێنەوار و بیرکەرەوە نییە. ئەم ڕۆژنامەنووسە هیچ ئاگایەکی لەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەی کە لەسەر ئیسلام بە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی تر هەیە، نییە. نووسینەکانیشی لەسەر ئیسلام خاڵییە لە بیرکردنەوە و تێڕامانی ئاوەزمەندانە و خاڵییە لە شیکردنەوە. ئاخر چۆن کەسێک دەتوانێ قسە لەسەر ئیسلام بکات لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، تەنیا، بۆ نموونە، ڕۆبێرت سپێنسەر نەناسێت کە خاوەنی بیست و حەوت کتێبە لەسەر ئیسلام، لەوانە تەنیا بۆ نموونە:


The Critical Quran

هەروەها ئیبن وەڕاقی نەخوێندبێتەوە کە خاوەنی دەیان کتێبە لەسەر ئیسلام؛ یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی بریتییە لە "من بۆ موسڵمان نیم؟"

لێرەدا بە چەند سەرنجێک کتێبێکی گرنگ هەڵدەدەینەوە کە پەیامەکەی لە ناونیشانەکەیدا بەرجەستە بووە، ئەویش کتێبی "ئیمپریالیزمی ئیسلامی – مێژوویەک"، لە نووسینی ئەفرایم کارش. پێش گوتنی هەر شتێک، دەخوازم بڵێم لە دیدی منەوە، "ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی" ڕاستترە، چونکە عەرەبایەتی (عرووبە) و ئیسلام یەک شتن؛ ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی تۆتالیتاری (شمولی) هەڵگری پرۆژەیەکی عەرەبییە بۆ پەرەسەندن و داگیرکاری و بۆ کۆڵۆنیالکردنی جیهان تا ئەو شوێنەی دەتوانێت. کە داگیرکردنی نیشتمانی کوردەکان و داگیرکردنی سایکۆلۆژیای مرۆیی کوردی و مەسخکردنی، بە شێوەیەکی ترسناک، بەشێک بووە لەم پرۆژە ئیمپریالیستییە. سەرەتا با لە ناونیشانی چەند چاپتەرێکی کتێبەکە بڕوانین و چەند نموونەیەک ئاماژە پێ بدەین لە 13 چاپتەر‌، کە لەڕێگای ئەم نموونانەوە لە خودی ڕاز و نیازی نووسەرەکە دەگەین:

  1. پێغەمبەرێکی جەنگاوەر
  2. سەرهەڵدان و کەوتنی یەکەم ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی
  3. باشترین کاتەکان و خراپترین کاتەکان
  4. ماڵی ئیسلام و ماڵی جەنگ
  5. دوایین ئیمپراتۆرییەتی مەزنی ئیسلام
  6. باجی ئیمپراتۆرییەت
  7. خراپ بەڕێوەبردنی یارییەکە
  8. سەرهەڵدانی خەونی ئیمپریالییانەی عەرەب
  9. قەیسەرێک (سێزەری عەرەب)
  10. ....
  11. ....

ڕاستییە مێژووییەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و بگرە خودی سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامییەکان، لەوانە خودی دەقی قورئان، ئەوە دەسەلمێنن کە ئیسلام لە جەوهەردا، لە ناوەڕۆکدا و لە مەغزادا عەرەبی و ئیمپریالیستییە. زۆرێک لە پیاوانی ئایینی ئیسلام و چالاکوانەکان، کادیرەکانی کەڵت، جەماعەتە ئایینییە داخراوەکان، کە بەهەڵە بە حزبی ئیسلامی ناوزەدیان دەکەن، ئەمڕۆکە دەیانەوێت ئەو شتەی پێی دەڵێن شەریعەتی ئیسلامی بەسەر جیهاندا بسەپێنن، کە شەریعەتی ئیسلامی کۆمەڵێک کۆدە، زۆرێکی لە تەڵموودەوە وەرگیراوە؛ بەشێکیشی لە ئاداب و ڕەسم و ڕسووماتی بتپەرستەکانی عەرەب لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە وەرگیراوە. لەگەڵ کاریگەریی ئایینی زەردەشتی و ئایینی کریستیانییەت (مەسیحییەت)، ئەو کۆدانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاوەز و لۆژیک و بیرکردنەوە و تێڕامان و دونیابینیی زانست و کایەی مەعریفی و وانەکانی مێژوو یان ئەزموونی گەلان، یان حیکمەتی مرۆڤایەتی نییە؛ ئەوەی کە هەیە جگە لە ئیلاهییاتی یەهوود، بەتایبەت لە تەڵموود، ئیتر ڕیشەیەکی ئیلاهیاتیی نییە، بەڵام ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە دەربڕی کولتوورێکی داخراوی دواکەوتووی کۆمەڵگەیەکی نامەدەنی و ناشارستانییە و، لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا، شەریعەت پەیوەندییەکی بە دنیای فەلسەفی و زانستی و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاکار و ئەخلاق و بیرکردنەوەوە نییە؛ سەپاندنیشی بەسەر کۆمەڵگەکاندا یەک مانای هەیە: ستەمکاری و ستەمکاریی ئایینی، یاخود ڕاستترە بڵێین: کەڵکەڵەی ئیمپریالیستی و کەڵکەڵەی داگیرکاری. ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی چەپەکاندا بەربڵاوە، بەتایبەت ئەدەبیاتی پۆستکۆڵۆنیالیزم و مارکسیزم، ئەوە هەڵەیە، ئەو "ڕا" نادروستە کە گوایە ڕۆژئاوا خاکی عەرەب و موسڵمانەکانی داگیر کردووە و ڕۆژئاوا هێزێکی ئیمپریالیستییە، کەچی ئەوەی کە دروستە و ڕاستە بگوترێت ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بیست و سێ دەوڵەتی بۆ عەرەب دروست کردووە و خودی عەرەب خۆی هێزێکی ئیمپریالیستییە لە مێژووی هەزار و چوارسەد ساڵەکەی ڕابردوودا؛ عەرەب هێزێکی کۆڵۆنیالیستییە و دەیان وڵات و کیشوەری داگیر کردووە.

بە مانایەکی دیکە، دەیان میللەتی جیهانی جینۆساید کردووە، وەک جووەکان، کوردەکان، ئاشوورییەکان، ئەمازیغییەکان، قیبتییەکان، هیندییەکان، فارسەکان، فینیقییەکان، مەسیحییەکان، سریانییەکان، ئیسپانییەکان، پرتوگالییەکان، هتد. چەندین نەتەوەی مەحف کردۆتەوە، واتە قاتووقڕی کردوون و ئاسەواریانی نەهێشتووە لەسەر زەوی. عەرەب و دینەکەی هێزێکی داگیرکەری ئیمپریالیستییان پێک هێناوە، لە ماوەی چواردە سەدەی ڕابردوودا؛ ئێستاش لەڕێگەی ئیخوان و بزووتنەوە ئیسلامییەکان و جیهادییەکان و گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی دیکە، سەرقاڵی زیندووکردنەوەی ئیمپریالیزمی عەرەبی ئیسلامین و خەون بە داگیرکردنی هەموو جیهانەوە دەبینن، لەوانە وڵاتە ئەوروپییەکان. ئامانج و ستراتیژیی ئیخوان و جووڵانەوە ئیسلامییەکان هیچ نییە جگە لە داگیرکاری و سەرێگاخستنی پرۆژەی ئیمپریالیستیی عەرەبی-ئیسلامی، لەوانە ئیسلامییەکانی کوردستان کە مووچەخۆری (مورتەزەقەی) ئیمپریالیستی عەرەبین لەسەر خاکی کوردان و سەرقاڵی بەعەرەبکردنەوەی کوردن. جگە لەم ئەرک و وەزیفەیە، هیچ پەیامێکی دیکەیان نییە، بەڵام مەخابن میدیای گەمژەی کوردی، کە چەپەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، لەم ڕاستییە تێناگەن یان خۆی لێ دەبوێرن!

لێرەدا پێش ئەوەی ئاماژە بەم کتێبە گرنگە بکەم، دەبێت تەقویم و ڕۆژژمێرێکی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی بخەینە ڕوو.

ساڵژمێری سەرەتاکانی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی یان پرۆژەی داگیرکارییەکانی عەرەب بۆ جیهان

٦٣٠   دوو ساڵ یان ساڵێک پێش مردنی محەمەد، ئەو جیهادەی خستە سەر ڕێگا کە تێیدا سی هەزار جیهادیی ڕێکخست دژ بە مەسیحییەکانی بێزەنتییەکان (لێرەدا جیهاد یەک مانای هەیە، ئەویش تیرۆری موقەددەس). هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە، تا ئێستا جیهاد هیچ نییە، جگە لە تیرۆری موقەددەس، جگە لە تیرۆر و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن.

٦٣٢-٦٣٤ لەژێر حوکمڕانیی ئەبوبەکردا، موسڵمانە جیهادییەکان (هەمیشە لەگەڵ ئیسلامدا دەبێت و جەوهەری ئیسلام هیچ نییە جگە لە جیهاد و کوشتن لەپێناوی -وەک دەڵێن- خوادا) هەستان بە داگیرکردنەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی کە پێشتر داگیریان کردبوو. ئەو هۆزانە دەبوو جارێکی دیکە وەفادارییان بۆ ئیسلام و دەسەڵاتی توندڕۆیان بۆ ستەمکاریی عەرەبی یان باڵادەستیی عەرەبی ڕابگەیەنن. واتە، هەر لە سەرەتاوە ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیایەکی عەرەبی-ئیسلامی-تۆتالیتاری خۆی بەیان کرد. بۆ نموونە، کاتێک مەککە داگیر دەکرێت، لە کاتێکدا لە مەککەدا هەزاران خوداوەند دەپەرستران و هەزاران بت هەبوون، ئەم دینە دێت و یەک بت کە ناوی "اللە"ـیە، دیاری دەکات و گشت خوداکانی دیکە تێکدەشکێنێت (بڕوانە بەرنامەکانی حامید عەبدولسەمەد، سندووقی ئیسلام).

فاشیزمی عەرەبی-ئیسلامی، وەک حامید عەبدولسەمەد دەڵێت، لەم دروشمەوە دەست پێدەکات: "لا اِلهَ إِلّا اللّٰه"، چونکە گشت خوداکانی دیکەی وەلا ناوە و بە ناوی خودایەکەوە قسان دەکات. ئەو شتانە دەڵێت کە تەنیا لە تەوراتدا دراونەتە پاڵ خودایەک، کە جەبار و قەهار و ... بکوژ و فێڵباز و ماکر و تووڕەیە و هتد؛ لەو غەزەب و سیفەتانە کە هی مرۆڤن، هی ستەمکارێکن، نەک پەرەستگاری، نەک خالقی گەردوون. بەڵام ئەم دونیایە ترسناکەی "اللە" کە ئەمڕۆکە ناوی دەهێنرێت، ترس و تۆقاندن و لەرزین و ملکەچی دروست دەکات، ئەم هەڵبژاردنە مەبەستدار بوو؛ ئەم سیمبولەی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و تۆقاندن بە ناوی خوداوەندەوە. کەواتە، ئایینەکان هەر لە چرکەساتەکانی یەکەمەوە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی تیرۆر بوون. یەکەم جار لەڕێگەی ناوی خودایەکەوە کە تایبەتە و ناوی "اللە"ـیە، دواجار یەکەم ڕێگای جیهاد تۆقاندنە بەهۆی بوونی دۆزەخێکەوە، جەهەنەمێکەوە کە زادەی خەیاڵێکی نەخۆشە و وەزیفەی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و کۆنترۆڵکردنە. بەڵام لە هەمان کاتدا، نیشانەیەکی مەترسیداری ئەو خودایە پڕ لە غەزەبەیە کە تەنیا لەڕێگەی ئاگر و ئاسن و جیهاد و کوشتن و بڕین و سەربڕین قسان دەکات و هەڕەشە دەکات و دەدوێ.

٦٣٣  جیهادییەکان بە ڕابەرایەتیی خالیدی کوڕی وەلید کە قەساب و مرۆڤکوژێکی گەورەی عەرەب بوو (محەمەد دەیزانی کە مرۆڤکوژە و لەگەڵ ئەمەشدا ناوی نا "شمشێری اللە")، شاری ئەلیس  (Ullais) یان داگیر کرد، کە کەوتبووە سەر ڕووباری فورات و بە دەست ساسانییەکانەوە بوو. خالید سەری هەزاران مەسیحیی بڕی کە مەزەندە دەکرێت بە حەفتا هەزار کەس، کە ئەمە جینۆسایدە بە مانای وشە؛ خالید سەری هەزاران کەسی بڕی و تووڕی هەڵدان، کە دواجار بە گوتەی تەبەری (٣٥-٢٠٣٤/ ١١:٢٤) ناو زەویی کرد بە کاناڵی خوێن.

٦٣٤   لە شەڕی یەرمووک لە سووریا، جیهادییە عەرەبییەکان (ئیسلامییەکان) شکستیان بە بێزەنتییەکان هێنا. لە ئەدەبیاتی جیهادییەکاندا ئەمڕۆ، لەوانە ئیخوان و گرووپی تیرۆریستیی حەماس و ئیرهابییەکانی دیکە، دروشمێک کە وەک مۆتۆ لەو دیو کار دەکات، بەبەردەوامی دووپات و سەدپاتە دەکرێتەوە، وتەیەکی خالیدی کوڕی وەلیدە کە گوتوویەتی: "شەڕکەرەکانی [ئێمە] مەرگیان خۆش دەوێت، زیاتر لەوەی کە دوژمنەکانی [ئێمە] ژیانیان خۆش دەوێت." (ئەمڕۆ تیرۆریستەکانی حەماس کە کۆمەڵێک بناژۆخوازی توندوتیژگەرای دوور لە پێوانە مرۆییەکانن، هەمان دروشم دووبارە دەکەنەوە).

٦٣٣   جیهادییەکان عێراق داگیر دەکەن لە شەڕی قادسییەدا.

٦٣٤ بۆ ٦٤٤ حکوومەتی عمەری کوڕی خەتتاب دەست پێەدکات کە بەتایبەت تودنوتیژ بوو. لە سەردەمی ئەودا، داگیرکارییەکان زۆر بوون. ٦٣٥ دیمەشق دەگرێت، کە شارێکی ڕۆمانی-بێزەنتی بوو و ناوەندێکی ژیاری و کولتووری بوو. بە داگیرکردنی لەلایەن بەربەرییەکانەوە خامۆش بوو.

٦٣٦   بێزەنتییەکان لە شەڕی یەرمووکدا تێکدەشکێن.

لە ٦٣٨   جیهادییە عەرەبەکان جورسەلیم، کە شارێکی جووەکان و ئەو کاتە تەمەنی دوو هەزار ساڵ بوو، داگیر دەکەن. بگرە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە موڵکی خۆیانە و تا ئێستاش بە کەڵەگەییانە دژ بە جووەکان سەرقاڵی ئەو بانگەشە بێبنەما و بێبناغەیەن.

٦٣٩-٦٤٢   جیهادییەکان میسریان داگیر کرد.

٦٤١   جیهادییە عەرەبەکان سووریا و فەڵەستینیان بەتەواوی داگیر کرد.

٦٤٣ بۆ ٧٠٧ جیهادییەکان باکووری ئەفریقایان داگیر کرد.

٦٤٤   خەلیفەی جیهادییەکان، عومەر، تیرۆر کرا، عوسمان بە خەلیفەی سێیەمی جیهادییەکان دانرا.

٦٤٤-٦٥٠ جیهادییەکان قوبرسیان داگیر کرد لەپاڵ ترابلوس. شوێنەکانی دیکەی باکووری ئەفریقا و ئەفغانستان و سندیان داگیر کرد و خستیانە ژێر قەڵەمڕەوی جیهادییەکانەوە.

٦٥٦  خەلیفە عوسمان تیرۆر کرا و، عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب بە خەلیفەی جیهادییەکان دانرا.

٦٥٥  شەڕی حوشتر ڕووی دا، کە تێیدا عائیشەی خێزانی محەمەد دژ بە عەلی ڕاپەڕی، کە بۆچی حەقی عوسمانی نەستەندووە.

٦٥٧  شەڕی سەفین لەنێوان عەلی و والی جورسەلیم ڕووی دا.

٦٦١  تیرۆرکردنی عەلی.

٦٦١-٦٨٠ موعاوییە خەلافەتی ئەمەویی دامەزراند و پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەی بردەوە دیمەشق.

٦٧٣-٦٧٨ عەرەبە جیهادییەکان گەمارۆی پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتییان دا، قوستەنتینییە (کۆنستانتینۆپڵ).

٦٨٠   کوشتنی حوسەین و یارانی لە کەربەلا- عێراق.

لە ٦٩١  لە جورسەلیم، گومەزی بەرد (Dome of the Rock) تەواو بوو.
Dome of the Rock
کە لەسەر پەرستگای جووەکانەوە دروست کراوە وەک تەحەدایەک بۆ جووەکان. ژێر ئەم گومەزە هەر هەمووی ئاسەواری سێ هەزار ساڵی مێژوویی جووەکانە، لەوانە

 شاری داوود.
ئەم گومەزە و ئەم مزگەوتە دەلالەتێکی ئاشکرای ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامییە.

٧٠٥  عەبدولمەلیک حوکمڕانیی ئەمەویی توند کردەوە.

٧١٠-٧١٣ جیهادییە عەرەبەکان دۆڵی ئیندۆسیایان داگیر کرد، کە ئەفغانستان و پاکستانی ئێستا و بەشێک لە کشمیر دەگرێتەوە.

٧١١-٧١٣ عەرەبە جیهادییەکان ئیسپانیایان داگیر کرد و مەملەکەتی ئەندەلوسیایان دامەزراند.

٧٣٢   عەرەبە جیهادییەکان لە شەڕی پواتییە  (Poitiers)، کە شارێکی فەڕەنسییە، لەلایەن فرانکەکانەوە ڕاگیران و نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن.

٧٤٩   عەباسییەکان کوفەیان داگیر کرد و کۆتاییان بە ئەمەوییەکان هێنا.

٧٥٨   ئیمارەتی قورتوبەی ئیسپانیا لە خەلافەتی عەباسی جیا بووەوە.

٧٦٢   بەغدا دروست کرا.

٧٨٩  سەرهەڵدانی میر ئیدریس لە مۆراکۆ (مەغریب)، دامەزراندنی فاس. تیرۆرکردنی کریستۆفۆرس، ئەو موسڵمانەی کە بووە مەسیحی.

٨٠٧   هاروون ڕەشید فەرمانی بە خاپوورکردنی ئەو پەرستگا و کڵێسایانە دەرکرد، لەپاڵ کڵێسای مەریەمی مەجدەلانی لە جورسەلیم، هەموویان خاپوور کران.

٨٠٩   عەرەبە جیهادییەکان شاری ساردینای ئیتالیایان داگیر کرد.

٨١٣   جیهادییەکان کەوتنە قاتوقڕکردنی مەسیحییەکان لە فەلەستین. ئەوەی کە مایەوە، شاربەدەریان کردن.

٨٥٠   خەلیفەی جیهادییەکان، موتەوەکیل، فەرمانی دەرکرد کە گشت پەرستگا و کڵێساکانی قەڵەمڕەوی خەلافەتەکە، شوێنی پەرستنی ناموسڵمانەکان، جووەکان، و مەسیحییەکان و ئایین و مەزهەبەکانی دیکە، خاپوور بکەن.

٨٦٩-٨٨٣ ڕاپەڕینی کۆیلە ڕەشپێستەکان لە عێراق.
٩٠٩ سەرهەڵدانی خەلافەتی فاتیمییەکان لە تونس.
٩٣٧ کڵێسای قیامە (Resurrection) لەلایەن جیهادییەکانەوە سووتێنرا و بە دەیان کڵێسای دیکە خاپوور کران.
٩٦٦ خۆپێشاندان و ڕاپەڕین دژ بە مەسیحییەکان لە جورسەلیم.
٩٦٩ فاتیمییەکان (جیهادییەکان) میسریان داگیرکرد و قاهیرەیان دروست کرد.
٩٧٠ سەلجوقییەکان لە ڕۆژهەڵات هاتنە سەر خاکە داگیرکراوەکانی جیهادییەکان.
٩٧٣ فاتیمییەکان ئیسرائیل و سووریایان داگیر کرد.
١٠٠٣ ڕاوەدوونانی مەسیحییەکان. کڵێسای فوستات لە میسر خاپوور کرا.
١٠٠٩ کڵێسای قیامە خاپوور کرا.
١٠١٢ سەرەتای ستەمکاری و زوڵمی ئەلحەکیم دژ بە جووەکان و مەسیحییەکان.
١٠٥٥ توغرولی سەلجوقی بەغدادی داگیر کرد و سەڵتەنەتی سەلجوقیی دامەزراند.
١٠٥٥ تاڵانکردنی کڵێسای قیامە.
١٠٧١ جیهادییە سەلجوقییەکان بەشی زۆری ئەنادۆڵیان داگیر کرد، کە خاکی کورد و ئەرمەن بوو.
پێش داگیرکردن و هاتنی جیهادییەکان، تورکیای ئێستا خاکی یۆنانییەکان و ئەرمەن و کورد بووە. لە دوای ١٠٧١، دواجار عوسمانییەکان لە ئاسیای بچووکەوە هاتن و داگیر و خاپووریان کرد.
١٠٧١ تورکەکان، واتە جیهادییەکان، فەڵەستینیان داگیر کرد.
١٠٩٠ جیهادییەکان، لەم حاڵەتەدا موڕابیتەکان، ئەندەلوسیایان داگیر کرد.
١٠٩٤ ئیمپراتۆری بێزەنتی داوای لە مەملەکەتی مەسیحییەکان کرد کە کۆمەکی بکەن دژ بە داگیرکاریی جیهادییەکان (سەلجوقییەکان).
١٠٩٥ پاپا ئۆربانی دووەم بانگەشەی بۆ خاچپەرستی کرد. قودس لە ١٠٩٩دا ڕزگار کرا؛ کەواتە، ئەوەی کە شەڕی نێوان خاچپەرستەکان و جیهادییەکانی خستە سەر مێژوو، شەڕوشۆڕ و داگیرکاریی جیهادییەکان بوو دژ بە مەسیحییەکان و مەملەکەتی مەسیحی، نەک بەپێچەوانەوە.

لەدوای ئەو مێژووەوە جیهاد بەردەوامە، داگیرکاری بەردەوامە. تا ئەمڕۆ لەو ٩٠٠ ساڵەدا خاپوورکردن و کوشتن و بڕین و جینۆسایدی دیکە دژ بە مەسیحییەکان و جووەکان و ئەرمەنەکان و کوردەکان و درووزەکان و هیندییەکان و بودییەکان و قیبتییەکان و ئەمازیغییەکان و ڕۆژئاواییەکان خراونەتە سەر ڕێگا. ئەوەی ئێمە لێرەدا وەک نموونە باسمان کرد، مشتێکە لە خەروارێک. تاوانەکانی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی، ئێستاش بەهۆی ئەو تاوانانە لەلایەن ئیسلامخوازان و فاشیزمی ئیسلامییەوە درێژەی هەیە و، ئەمجارە خودی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە مانای وشە لەژێر هەڕەشەی کەوتندایە لەلایەن فاشیزمی ئیسلامی و چەپەکانەوە، واتە مارکسییەکان کە لەگەڵیان چوونەتە هاوپەیمانییەتێکی دۆزەخییەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر، سەیری ئەم دوو سەرچاوە گرنگە بکەن:
Andrews, Waraq, Ed. (2008). The Legacy of Jihad: Islamic Holy War and the Fate of Non-Muslims. Boston: Prometheus Books.

ناوی کتێبەکە بە کوردی:

میراتی جیهاد: جەنگی موقەدەسی ئیسلامی جیهادی و چارەنووسی ناموسڵمانەکان . 

 

Spencer, Robert. (2018). The History of Jihad: From Muhammad to ISIS. New York: Bombardier Books.

 

ناوی کتێبەکە بە کوردی:

مێژووی جیهاد لە محەممەدەوە بۆ داعش 

 

داگیرکاریی عەرەبی-ئیسلامی کە غارەت و داگیرکردن و بەکۆیلەکردن و سەرکوتکردن و سەرێگاخستنی قەسابخانە و جینۆسایدە (لەوانە بە جینۆسایدکردنی جووەکان (بەنی قورەیزە) و مەسیحییەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی دەست پێدەکات)، هەر هەمووی ئاماژەن و پاڵنەرن بۆ پەیداکردنی هەژموون و پاوانخوازیی عەرەبی، کە هەر هەمووی لەلایەن ئیلاهییاتێکی زۆر شەڕانگێزەوە بەهانەسازیی بۆ کراوە و، تا ئێستا ئەو ئیلاهییاتە شەڕانگێزە بەهانەسازی بۆ هەژموونی گوتاری عەرەبی-ئیسلامی دەکات.

ئیمپراتۆرییەتی عەرەبی-ئیسلامی دروست کرا لە ڕێگای داگیرکارییەکی دوژمنکارانەی پڕ لە خوێن و کوشتن و بڕینێکی هەمەلایەنەی بێوێنە لە مێژوودا، لە ڕێگای ڕاوەدوونان (مۆڵاقەکردن)، و کوشتنی دیل و بەسەباکردنی هەزاران ئافرەتی فارس و کورد و ئێزیدی و بێزەنتی و ئەمازیغی و مەسیحی و ئیسپانی و جوو و هیندی و بوودی و ئەفغانی و ئەوروپی، یان هەر ئافرەتێکی دیکە کە ئەو بەربەریانە دەستیان پێی گەیشتبێت لەپێناو دامەزراندنی ئیمپریالیستی عەرەبی و ئیسلامیدا، کە ئەم پاڵنەرە تا ئەم چرکەساتە بەردەوامە. بەتایبەت ئێمەی کورد ئەزموونێکی ترسناکمان لەگەڵ هەمان جینۆساید هەیە، ئەویش جینۆسایدی ئێزیدییەکانە کە ڕۆشنبیرانی کورد ناپاکانە و نابەرپرسیارانە ئەستۆی ئیسلامییەکانیان لێ پاک کردەوە، کە ئەمە گەورەترین ناپاکی و کەوتنی ئەوان بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم لایەنەی ڕووداوەکانی مێژوو، واتە داگیرکاری و بڵاوکردنەوەی تیرۆر و لاقەکردنی ژنان و کوشتن و بڕینی نەتەوە ناموسڵمانەکان و بڵاوکردنەوەی ئیسلام بەهۆی شمشێر و خوێن، پەردەپۆش کراوە، شاردراوەتەوە و بگرە جوان کراوە (گوایە لەسەر داوای ئەو نەتەوانە، عەرەبە جیهادییە سەرکوتکەر و بەربەرییەکان هاتوون ناوچەکانیان داگیر کردووە). لە ئێستادا، ئەم درۆیە لە ناوەندی کوردیدا برەوی پێ دەدرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەفسانەی "ئیسلامی کوردییەوە" کە کەس نازانێت ئیسلامی کوردی چییە یان وەک دەڵێن "ئیسلامی دایکم"!

لە کاتێکدا کە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا، لە دەرەوەی ئەم کتێبە، ئیمپریالیزمی ئیسلامی و کارەکانی سپێنسەر و ئیبن وەڕاق و چەند سکۆلەرێکی دیکە، هەرچی پەیوەندی بە لیبراڵە ترسنۆکەکانەوە هەبێت، ئەم مێژووە بە تەواوی شێوێنراوە و وەلا نراوە. تا ئیمپریالیزمی فاشیزم و ستەمکاریی عەرەبی-ئیسلامی وەلا دەندرێت، لە جیاتی ئەمە، داستانێک، چیڕۆکێک، حیکایەتێک بە کۆمەکی چەپەکان، لیبراڵەکان، مارکسییەکان بەرەوپێش دەبرێت کە گوایە موسڵمانەکان و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان قوربانیی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی یان داگیرکاریی ئیسرائیلن (ئەمە لە کاتێکدایە کە جوولەکە قوربانیی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمی عەرەبییە). ئەم خوێندنەوە نادروستە-ئایدیۆلۆژییە، بەرهەمی چەپ و مارکسییەکان و ناسیۆنالیزمی عەرەبییە. ناسیۆنالیزمی عەرەبی ئایدیۆلۆژیایەکی دژە جوو، دژە کورد، دژە کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دژە ڕۆژئاوا و لە هەمووی ترسناکتر دژە ئاوەز و ئاوەزمەندی و گشت بەها ڕۆژئاواییەکانە.

ئێمە لەم کتێبەدا (ئیمپریالیزمی ئیسلامی) و دەیان کتێبی دیکە و دۆکیومێنتی دیکەی مێژووییەوە کە لەبەردەستدان، فێر دەبین بزانین کە ئیسلام (وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی شمولی، نەک وەک ئایینێک یان بوخچەیەک لە دید و تێڕوانینی ڕۆحانی بۆ جیهان) وەک بیروڕایەکی ڕۆحانی دەستی پێنەکردووە. بگرە گەر ڕۆحانییەتی هیندی و بوودی و زەردەشت و مەسیحی و جوو نەبوونایە، بیابانێکی بێڕەهەند دەبوو لە ڕووی ڕۆحانییەتەوە  (spirituality).

ئیسلام دەست پێدەکات وەک جووڵانەوەیەکی لەبنەمادا سیاسی-کۆمەڵایەتی کە چاو لە جیهادکردن و لە دواجاریشدا دامەزراندنی حوکمڕانییەکی تیۆکراسی دەبڕێت. لەبەر ڕۆشنایی شەریعەتی ئیسلامیدا، شەریعەتی ئیسلامی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی بتپەرستە، لە دەرەوەی ژیار و شارستانییەت و ئاوەزمەندی. شەریعەتی دینێکی ئەوتۆ شمولییە، سەراپاگیرە؛ لە چوونە ئاودەستەوە دەست پێدەکات و تاکوو نیکاح و لاقەکردنی ئاژەڵان و بەچەبازیکردن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی بەربەریی کۆمەڵە خەڵکێکی دابڕاوە لە ئاوەز و لە شارستانییەت و لە ئادابی شار و لە مەدەنییەت.

ڕۆڵی محەمەد (کە ناوی خۆی نییە و ئەم ناوە ناوێکی مەسیحییە؛ ئەوەش کەڵتی سەرەتایی ئیسلامی دەکاتە کەڵتێکی مەسیحی و یەهوودیی تەواو. گەر بێت و مەسیحییەت و یەهوودییەت لە ئیسلام دەربهێنین، ئیتر هیچ شتێک لە ئیسلامدا نامێنێتەوە. کەواتە، ئیسلام کەڵتێکی یەهوودی، مەسیحی، عەرەبییە بە پلەی ئیمتیاز).

دواجار، وێنەی بەهەشتیش لەم بەناو ئایدیۆلۆژیایەدا دەکێشرێت وەک شوێنێک بۆ ڕابواردنی سێکسی بۆ بڕوادارە جیهادییەکان. هەر جیهادییەک حەفتا و دوو حۆری بەردەکەوێت؛ هەر لە چرکەی یەکەمەوە خودای گەورە (اللە)، خالقی ئەم گەردوونە، سەرقاڵی نیکاحە و بۆ هەر جیهادییەک حەفتا و دوو حۆری داناوە کە هەر هەموو پاکیزە، واتە کچن. لەپاڵ خێمەکەشیانەوە ژمارەیەک پەرستاری داناوە کە دوای ئەوەی ئاغای جیهادی ئەو حۆرییە دەکاتە ژن، ئەو پەرستارانە "بەکارەیان"، پەردەی کچێنییان جارێکی دیکە بۆ دەدوورنەوە، بۆ ئەوەی ئاغای عەرەبی جیهادیی پیاوکوژ چێژی سێکسی زیاتر ببینێت. ئەم پرۆسەیە (پێڤاژۆیە) هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت. وەک دەڵێن، هەر نیکاحێک ٧٢ ساڵ دەخایەنێت. ئێستا بپرسین، بێڕێزی هەیە لەمە گەورەتر بە پەروەردگارێک کە ئەم گەردوونەی دروست کردووە، کە گەردوون لە هەزاران هەزاران گەلەستێرە و ملیۆنەها ئەستێرە و کەواکب دروست بووبێت، لەلایەن پەروەردگارێکەوە کە لێرەدا سەرقاڵی کاری چێژبەخشین بە جیهادییەکی پیاوکوژە؟ بێڕێزی هەیە لەمە گەورەتر لە مێژوودا بە زاتی ئیلاهی!؟
من لێرەدا ئیتر کەڕ و لاڵم لەبەردەم ئەم بێحورمەتییەی کە بە خودا کراوە و دەکرێت، لەگەڵ ئەو بێحورمەتییەی بە خودی مرۆڤ کراوە و دەکرێت لەم ئایینەدا. من مێژووی ئایینەکانم خوێندووەتەوە؛ تا ئێستاش لەم بێڕێزییە گەورەتر بە زاتی ئیلاهی، بە پەروەردگار کە خالقی گەردوونە، نەبینیوە. گەیشتمە ئەو قەناعەتەی خودی ئەم وێژمانی (دیسکۆرسی) عەرەبی-ئیسلامییە خۆی گەورەترین بێڕێزییە بە هێزی ئیلاهی، بۆ ئەوەی ڕێز بۆ خوداوەند بگەڕێنینەوە، دەبێت گوتارەکانی ئایینێکی ئەوتۆ ڕەخنەگرانە شی بکەینەوە و بیخوێنینەوە.

لە ئیسلامدا، محەمەد دوو ڕۆڵی لەهەمان کاتیدا بینیوە: ڕۆڵی ئایینی (وەک پێغەمبەرێک) و ڕۆڵی ڕابەرێکی سیاسی، کە ئەوەی دواییان زیاتر وەزیفەی سیاسییەکەیەتی. لەبنەڕەتیشدا، ئەو هەر ئەو وەزیفەیەی هەبووە، واتە ڕۆحانیبوونی ئەو هەزاران فرسەخ لە ژیان و ئەزموون و کارکردی ئەو دوورە، بەتایبەت ژیانی سێکسیی ئەو، ژیانی ڕۆحانیی ئەو نییە.

محەمەد، پێغەمبەر، ویستوویەتی کە هۆزێک دابمەزرێنێت و ببێتە سەرۆک هۆزێکی عەرەبی. بگرە، جەماعەتێک یان گرووپێکی سەعلوگ (؟)، ئەویش بەهۆی غیابی کەسانی دیکەوە. کەواتە، ڕۆڵی محەمەد (گەر ئەم کەسایەتییە بوونی هەبووبێت!) وەک ڕابەرایەتیی سیاسی، نەک وەک بەناو پێغەمبەر، ڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو مەبەست بووە (لەو دونیابینیی ئیمپریالیستی-عەرەبی و ئیسلامییەدا). مەبەستی سەرەکیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاری و سەرتاسەری بووە، کە شەریعەتێکی هەبێت (کە کۆمەڵێک کۆدی بەربەری و هەمەجی گرووپەکانی پێشووترە و زادەی عەقڵ و تێڕامان نین) ڕێنمایی بکات.

ئەم بەناو شەریعەتە ترسناکترین کۆدەکانی حوکمڕانی و حوکمکردنی کۆمەڵگایەکە کە بە پلەیەک ترسناکە کە ئاوەز لە بەردەمیدا هەرس دەهێنێت، چونکە بەتەواوی دژە عەقڵە، دژە فکرە، دژە لۆژیکە، و دژە ژیانە. هەر لە سەرەتاوە، کۆمەڵگای عەرەبی-ئیسلامی لە مەدینە، کە ناوەکەی پێچەوانەی پڕاکتیزەکردنی موسڵمان و عەرەبە موسڵمانەکانە، چونکە مەدینە پێش ئەوەی جیهادییەکان بۆی بچن، ناوی یەسرب بوو. تێیدا مەسیحییەکان و جولەکەکان و بتپەرستەکان و ئایینزاکانی دیکەی تێدابوو. جۆرە هەمەڕەنگێک و فرەییەکی بیروبۆچوونی ئایینی و مەزهەبیی تێدابوو. بە زمانی ئەمڕۆ، فۆرمێک لە دیموکراسییەت و ئازادیی دەربڕینی تێدابوو، کە محەممەد و جیهادییەکان دەچن بۆ ئەوەی ئەو هەمەچەشنەییە خاپوور بکەن. ئەو لەو شارەدا یەک بەرگرییەک و یەک دونیابینی و یەک ئایین و یەک مەزهەب و کۆمەڵێک سرووت بەسەر ئایینێکدا دەسەپێنێت.

بە مانایەکی دیکە، شارستانییەتی یەسرب لە شار دەخەن، لەوەی دەخەن کە شار بێت و دەیکەنە سەربازگە. ئەو عەرەبانە هیچ شارێکیان دروست نەکردووە. ئەو شارانەشی کە داگیریان کردوون، کردوویانەتە سەربازگە، شوێنێک بۆ وەڵاخەکانیان، بۆ ئەو هەمەجیانەی کە سەرقاڵی نیکاح بوون. عەرەبی موجاهید تەنیا چاوی لە نیکاح بڕیوە، نەک مەدەنییەت، نەک پرەنسیپ، نەک ئەخلاق، نەک عەقڵ، نەک ویژدان، و نەک دادپەروەری.

هەر لە سەرەتاوە، کۆمەڵە عەرەبە جیهادییەکان لە مەدینە شتێک دادەمەزرێنن بەناوی "The Constitution of Medina"  واتە "دەستووری مەدینە"، کە لەڕاستیدا نە دەستوورە و نە پەیمانی کۆمەڵایەتییە و نە یاسایە، بەڵکوو ڕێککەوتنێکی زارەکییە کە هەر زۆر زوو تێک دەشکێندرێت و تێدەپەڕێندرێت و هیچ گرنگییەکی مێژوویی یان فیکری یان یاسایی یان دەستووریی نییە. جیهادییەکان و ئەپۆلۆجیستەکان و ئەوانەی سەرقاڵی عوزرخوازی هێنانەوە بۆ ئیسلامن، واتە پینەچییەکانی لەچەشنی هەڵەدنی و کاروانی و سدیق، ئەوانەی سەرقاڵی پینەکردنی تاوانەکانی عەرەبە جیهادییەکانن، چونکە خۆیان هۆشیاری و ئاوەزی خۆیان فڕێداوە و تەسلیمی ئەم وەزیفە پڕ لە شەرمەزارییە بوون. بەڵکوو ئەم بەناو دەستوورە هیچ نییە و هیچ نەبووە جگە لە دروستکردنی زەمینەیەکی سیاسی بۆ ئەجێندایەکی سیاسیی ئیسلامی سەراپاگیر، بۆ داگیرکاریی ئیسلامی عەرەبی نەک پێکەوەژیان یان دروستکردنی هەلومەرجێک کە گرووپە جیاوازەکان بتوانن لەژێر سیاسەتی هەلومەرجێکی سیاسی-ئایینیدا بژین یان کۆببنەوە.

هەر لەم نێوەندەدا ئەوەی کە هارمۆنییەکەی تێکداوە و ئازادییە فیکری و ڕۆحییەکەی بەسەریەکدا شێواندووە، بریتییە لە چەمکی جیهاد وەک ئەوەی لە ئیسلامدا هەیە و ناوەندییە. ئیفرایم کارش لە کتێبەکەیدا "ئیمپریالیزمی ئیسلامی" ئەوە دەردەخات و ڕوونی دەکاتەوە کە هەندێک موسڵمانی عوزرخواز و توێژەری خۆرئاوایی، کە سەرقاڵی بەهانەهێنانن بۆ ئیسلام و داکۆکی لە هەموو کردارەکانی ئیسلام دەکەن، وا جیهاد ڕاڤە دەکەن کە گوایە ململانێیەکی ڕۆحییە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە جیهاد یەک مانای هەبووە و هەیەتی. جیهاد کرۆکی ئیسلام و کرۆکی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامییە. جیهاد بریتییە لە عەقیدەی قیتالی، بریتییە لە ڕاگەیاندنی جەنگ و شەڕ دژ بە گشت جیهان، گشت ئایینەکان و مەزهەبەکانی دیکە لەپێناو دامەزراندنی هەژموونی ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی عەرەبی. جیهاد بریتییە لە کۆدی سەرەکیی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی کە یەک مانای سەرەکیی هەیە، ئەویش داگیرکاری و تاڵانکردن و چەوساندنەوەی ئەوانی دیکە، داگیرکردنی وڵاتان و نیشتمانی ئەوانی دیکە و، بەکۆیلەکردنی هەر کەسێک کە عەرەب نییە، کردنیان بە کۆیلەی عەرەب و بە خزمەتکار و نۆکەر و کۆیلە بۆ ئەم سەروەرە بەربەرییە کە ناوی عەرەبە. ئەمانە مانای جیهادن.

لەبنەڕەتدا و لەو مێژووەدا (کە لە ژمارەی داهاتووی "ئاوەز"دا کتێبێکی گرنگ لەم بارەوە دەخوێنینەوە)، داگیرکارییەکانی عەرەب دوای مەرگی ڕابەری سیاسی کە محەمەدە (محەمەد سیاسی بوو بە پلەی ئیمتیاز) بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای نوێی (عەرەبی-ئیسلامی وەک دونیابینییەتی عەرەبایەتی) بوو کە دواجار دەبێتە کرۆکی ئیمپریالیزمی عەرەبی-ئیسلامی، هەر لە خەلافەتی ڕاشیدینەوە کە بریتییە لەسەر ڕێگاخستنی کەمپینێکی توندوتیژی و دوژمنکارییەکان لەپێناو دەسەڵاتێکی بەربڵاوی ئیسلامی پڕ لەو داگیرکاری و دوژمنکارییە دژ بە دەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی.

داگیرکارییەکانی دوای مەرگی محەمەد بە هیچ شێوەیەک داکۆکیکارانە نەبوون، بەڵکوو دوژمنکارانە بوون، داگیرکارانە بوون، ئیمپریالیستیانە بوون، کۆلۆنیالیستیانە بوون. هەر لەبنەڕەتەوە ئیستعمار لە ئیسلامەوە دێت. ئیسلام لەبنەڕەتدا ئیستعمارێکی عەرەبیی ترسناک بووە کە بەربەرانە هاتووە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی داگیر کردووە، کە خاکی نەتەوەکانی دیکە بووە. ئیسلام بە بەرگی ئایدیۆلۆژیانەی دونیابینییەکی ئیمپریالیستی عەرەبییە کە هەر لەبنەڕەتەوە بۆ داگیرکردن و تاڵانکردن و داگیرکاری دامەزراوە و داهێنراوە. هەموو کتێبی پیرۆز و دەقی حەدیسەکانیان بەڵگەی ئەم دونیابینییەن.

خولەفای ڕاشیدین هێرشی دوژمنکارانەیان ڕێکخست بۆ چەسپاندن و بڵاوکردنەوەی حوکمڕانیی عەرەبی-ئیسلامی، سەرەتا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دواجار بۆ هیندستان و ئێران و میسر و شوێنەکانی دیکە لەوانە باکووری ئەفریقیا و بەشێک لە ئەوروپا. ئەم داگیرکارییانە داکۆکیکارانە نەبوون، ئەمە درۆیەکی گەورەیە، بەڵکوو دوژمنکارانە، داگیرکارانە، هێرشبەرانە و بە مەبەستی تاڵانکردن و داگیرکاری و وێرانکاری بوون.

 

ئیسلام هیچ کاتێک، جگە لە شمشێر، بە هیچ شتێکی دیکە بڵاو نەبووەتەوە. ئیسلام و شمشێر و جیهاد و داگیرکاری چوارینەیەکی لێکدانەبڕاون تا ئەمڕۆ و تا ئەم چرکە ساتە.

خەلافەتی ئەمەوی (٦٦١ - ٧٥٠ ز)

ئەم پاڵنەرە ئیمپریالیستییە بەدەستوور کرا و ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەی دروست کرد. ئەمەوییەکان نەک تەنیا ئەفکاری عەرەبی-ئیسلامییان بڵاو کردەوە، بەڵکوو دامەزراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیشیان دروست کرد. لێرەدا کارش (نووسەری ئەم کتێبی بەرباسی ئێمە) دەڵێت کە ئەمەوییەکان جزیە  (Jizya)یان سەپاند. جزیە جۆرە باجێکی تایبەت بوو بۆ سەر مەسیحی و جوولەکەکان، کە باجی ئەوەیان دەدا کە نەبوونەتە موسڵمان، واتە باجی ڕیسوایی. لێرەدا ئەم باجە ڕەنگدانەوەی سووککردن و ئازاردان و ستەمکارییە، کە خودی باجەکە بە مەبەستی گەیاندنی ئەم مانایە داهێنراوە. بەڵام لەیادمان بێت، لە سەپاندنی ئەم باجەدا، ئامانج و مەبەست بریتیی بوو لە سەپاندنی ئایدیای سەروەریی موسڵمانەکان و سووکوسەلیمی مەسیحی و جوولەکەکان.

 

خەلافەتی عەباسی (٧٥٠ - ١٢٥٨)

ئەم خەلافەتە درێژەی دا بە تموحە ئیمپریالیستییەکانی عەرەب. لێرەدا کارش، نووسەری کتێبەکە، پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی گوایە عەباسییەکان گرنگییان داوە بە کولتوور و فەرهەنگ و زانست و پزیشکی و حیکمەت لە بەغداوە. هەر ئەوان "خانەی حیکمەت"یان دامەزراند و گرنگییان بە فەلسەفە و وەرگێڕانی فەلسەفەی یۆنانی دا. دیارە ئەو قۆناغە قۆناغێکی زێڕینە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هێشتا کێشەدارە. ئەوە جگە لەوەی کە ئەو قۆناغە بەردەوامیی خۆی وەرنەگرت و لە شوێنێکدا تووشی نوشوستی بوو؛ نوشوستییەکی گەورەی شارستانی!

 

ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (١٢٩٩ - ١٩٢٢)

نوێنەرایەتیی ئیمپریالیزمێکی تەواو عەیاری ئیسلام دەکات. سەرەتا وەک دەوڵەتۆچکەیەکی ئەنادۆڵ دەست پێ دەکات. عوسمانییەکان بەرفراوان دەبن و بەرەو ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا هەڵدەستن بە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتێکی فرەئەتنیکی کە گوایە حوکمی دەکات بەناوی پرەنسیپەکانی ئیسلام (؟)

کارش لە کتێبەکەیدا وا وەسفی داگیرکردنی ئیستانبوڵ لە ساڵی ١٤٥٣دا دەکات وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ناوچەکە و لە مێژووی ئیسلامدا. بەتایبەتی داگیرکردنی پایتەختی بێزەنتی کۆتاییهێنان بوو بە شارستانییەتێکی یەک هەزار ساڵی کە لە شوێنیدا هیچ بینا نەکرا، کەلاوەیەک مایەوە کە ناوی تورکیایە. تورکیا نە شارستانییەتە و نە کولتوورە و نە نەریتە (تڕادسیۆنە)، تەنیا و تەنیا بۆشاییەکی ڕۆحیی گەورەیە کە ژاوەژاوێک دەیەوێت پڕی بکاتەوە کە ناتوانێت.

لە کاتێکدا کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩٢٢دا سەرەتایەکی مێژوویی بوو بۆ کۆتاییهاتنی خەلافەتی ئیسلامی، بەڵام خەون و دیدگا بۆ ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی لەسەر ئاستی جیهان کۆتایی نەهات. بگرە، بزووتنەوە ئیسلامییە فاشیستەکان لێرەوە سەریان هەڵدا و بۆ هەمان ئامانج و ستراتیژی کاریان کرد؛ لەوانە ئیخوان موسلیمین، قاعیدە، داعش، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی، و بزووتنەوەکانی مەلا کرێکار و مەلا هەڵۆ. ئەمانە خەون بە فاشیزمی ئیسلامییەوە دەبینن و دەیانەوێت ببنە سووتەمەنیی ئەو بزووتنەوەیە. دەیانەوێت ببنە بەشێک لەم جیهانە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای جیهادی ئیسلامی لەپێناو بڵاوکردنەوەی فاشیزمی ئیسلامی. ئیسلامییەکان لە کوردستان ئەمڕۆ هوشیارن و کێشەیان نییە. ئەوەی کێشەی هەیە، غەفڵەت و دەبەنگیی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە ناحاڵین و تێناگەن چی دەگوزەرێت!

قاعیدە و داعش هەڵگری فاشیزمی ئیسلامین کە بە فەرمی بانگەشە بۆ جیهاد و خەلافەت دەکەن. لە کاتێکدا داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕاگەیاند. ئەو خەلافەتە بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی خەلافەتی ئیسلامی، لە محەمەدەوە تا بەغدادی. واتە ئەوەی داعش لە عێراق و سووریا کردی، بەشێکی دانەبڕاوە لە ڕەوتی مێژوویی ئیسلام، لە جیهادی ئیسلامی، لە خەلافەتی ئیسلامی و لە حوکمڕانیی ئیسلامی. گەر سبەینێ مێژووی خەلافەتی ئیسلامی بنووسرێتەوە، بە ناچاری و بە زەرورەت دەبێت حوکمڕانیی داعش وەک خەلافەتێکی ئیسلامی یان بەشێکی جەوهەری لە حوکمڕانیی ئیسلامی دابنرێت. ئەوەی دەڵێت داعش ئیسلامی نییە، یەک دوو نووسەری کورد تەشویقی ئەم قسە پڕوپووچانەیان کردووە و خۆیان لەو هەموو بەرپرسیارێتییە دزیوەتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەوان نووسەری سەر بە حیزبی دەسەڵاتن و کادری سۆشیال دیموکرات بوون.

 

چەمکی ماڵی ئیسلام و ماڵی جەنگ

چوارچێوەی کۆلۆنیالیزم و دابەشکردنی جیهان، وەک ئەوەی کە تەنیا لە ئیسلامدا هەیە، دابەشکردنێکی فاشیستیانەی ترسناک و پڕخوێنە لەنێوان:

  • ماڵی ئیسلام (Dar al-Islam)
  • ماڵی جەنگ (Dar al-Harb)

ئەمە شتێکی زۆر گرنگ دەربارەی ئیسلام ڕوون دەکاتەوە، ئەویش زەینێتی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستی عەرەبی-ئیسلامییە بە پلەی ئیمتیاز.

ئەم دابەشکردنە ئیلاهییە (Theological) جۆرێک لە حوکمڕانیی ئیسلامی بەسەر خاک و جوگرافیای ناموسوڵمانەکاندا دەسەپێنێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەمە لەڕێگەی جیهادەوە جێبەجێ دەکرێت، کە جیهاد تەنها عەقیدەیەکی شەڕکەرانە (قیتالی)یە و هیچی دیکە نییە. لەبەرانبەردا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکان وەک حەماس، یەکگرتوو، حیزبوڵڵا، و داعش وا وێنا دەکرێن کە پەرچەکردارن دژ بە ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا، کە چاپەمەنییەکانی ئەوروپا بەم کارە هەڵدەستن.

ئەم دابەشکردنەی نێوان ماڵی ئیسلام و ماڵی جەنگ، لەبنەڕەتدا دابەشکردنێکی فاشیستیانە و بەربەرییانەیە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕووی نەداوە کە مرۆڤەکان و جوگرافیای کۆمەڵگەکان بەم شێوەیە دابەش بکرێن. گوتاری عەرەبی-ئیسلامی لەم دابەشکردنەدا هەموو سنوورەکانی عەقڵ، ئەخلاق، مەدەنییەت، یاسا و ئیتیکی بڕیوە. بە کارێک هەستاوە کە هیچ ئایدیا، دونیا بینی، قوتابخانەیەکی فکری، ئایینزا، ئایین یان ئایدیۆلۆژیایەک جورئەتی نەکردووە ئەو وێنەیە بکێشێت، ئەو سنوورە دیاری بکات، ئەو جوگرافیایە لەسەر نەخشە دیاری بکات. هیچ ئەندازیارێک جورئەتی نەکردووە ئەم نەخشەیە بکێشێت، هێڵکاری دیاری بکات و بڵێت: "ئەمە... ئەمەیە!"

ئەی چۆنە ئێستا ئەم جوگرافیایە دیاری دەکرێت؟ یاخود چۆن دیاری دەکرێت؟ لە دوایین پێناسەدا، ئیمپریالیزمی ئیسلامی تەنها بریتی نییە لە دیاردەیەکی مێژوویی، بەڵکو بریتییە لە هێزێکی کارا لەناو فەزای جیۆپۆلیتیکدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەکاتێکدا ئیسرائیل ناوزەد دەکرێت بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر، بەڵگەکان ئاماژە بە ئیسلام دەدەن وەک هێزێکی ئیمپریالیستی لە مێژوودا. هێز و ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی-عەرەبی لەڕێگەی داگیرکردن و داگیرکارییەوە ناسراوەتەوە. ئێستا ئێمە چاومان کراوەتەوە و دەبێت ئەو سەرچاوانە بخوێنینەوە کە پەلمان دەگرن بەرەو ڕاستییە مێژووییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە دژ بە پڕوپاگەندە، ستەمکاری و دۆگمای ئایینی بوەستین، لەپێناو خۆڕزگارکردن و ئازادبووندا.

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X