12/07/2026
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "فەلسەفە و ژیار لە سەدەکانی ناوەڕاستدا"

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: عەبدولخالق یەعقووبی

 توێژەری بواری هزر و ئەدەب

 

فەلسەفەی سکۆلاستیک  (Scholasticism) ڕەوتێکی فەلسەفی-لاهووتییە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە ئەوروپای مەسیحیدا، سەری هەڵدا و ئامانجی بریتی بوو لە هاوسەنگکردنی باوەڕی ئایینی لەگەڵ عەقڵ و بەڵگەی فەلسەفی. ئەم قوتابخانەیە لە سەدەی ٩ تا سەدەی ١٧ی زایینی خایاند و گەشەسەندنی هەرە گەورەی لە سەدەکانی ١٢ و ١٣دا بوو. کتێبی "فەلسەفە و ژیار لە سەدەکانی ناوەڕاستدا" نووسینی مۆریس دی ئۆلف، پڕۆفیسۆری فەلسەفە لە زانستگەی لۆڤان و هارڤارد، ئەندامی ئەکادیمیاکانی بروکسل و مەدرید، کتێبێکە تێیدا نووسەر هەوڵی داوە لە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەدەکانی ناوەڕاست تاوتوێ بکات و نیشان بدات کە چۆن تێڕوانینی ئەم قۆناغە پەیوەندییەکی نزیکی بە ژیاری (شارستانییەتی) ڕۆژاواوە هەیە. ناوبراو لەنێوان فەلسەفەکاندا، فەلسەفەی سکۆلاستیکی (فەلسەفەی قوتابخانەیی یان مەدرەسی) کە فەلسەفەی باڵادەست بووە، خستووەتە ڕوو و پەیوەندییەکەیی لەگەڵ ئیلاهیاتدا خستووەتە ژێر تیشکی سەرنجەوە، هەروەها کاریگەریی ئیلاهیات و فەلسەفە لەسەر یەکتر و کاریگەریی فەلسەفەی لەسەر ڕەهەندەکانی تری ژیار وەک هونەر و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان شرۆڤە کردووە. 

ئامانجی نووسەر لەم کتێبەدا ئەوەیە کە لە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەدەکانی ناوەڕاست تاوتوێ بکات و نیشان بدات کە چۆن تێڕوانینی ئەم قۆناغە، کە میتافیزیکی لەخۆ گرتووە، پەیوەندییەکی نزیکی بە ژیاری ڕۆژاواوە هەیە. ئەو گۆشەنیگایەی نووسەر لەم کتێبەدا بەکاری دەهێنێت، ڕەهەندەکانی پەیوەندیی نێوان فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاستە، کە لەڕاستیدا فەلسەفە لەگەڵ فاکتەرەکانی تری ژیاردا وەک ئایین، هونەر، زانستەکان، سیاسەت و جڤاک وەک یەک کۆمەڵەی لێکتەنراو لەبەرچاو دەگرێت و ڕەنگدانەوەی ژیار لە فەلسەفەی سەدەکانی دوازدە و سێزەدا شی دەکاتەوە. لەنێوان فەلسەفەکاندا، فەلسەفەی سکۆلاستیک کە فەلسەفەی باڵادەست بووە، باس کراوە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئیلاهیاتدا جێگەی سەرنج بووە. کاریگەریی ئیلاهیات و فەلسەفە لەسەر یەکتر و کاریگەری فەلسەفە لەسەر ڕەهەندەکانی تری ژیار، وەک هونەر و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە جێگەی بایەخی نووسەر. نووسەر لەنێوان دۆکتۆرینەکانی (کۆمەڵە بیروباوەڕ) فەلسەفەی سکۆلاستیکدا، سێ دۆکتۆرینی خستووەتەڕوو کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ژیارەوە هەیە: فەلسەفەی عەقڵانی، میتافیزیک، و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی کە پەیوەندیی بە ژیانی سیاسی و ئایینییەوە هەیە. هەروەها چەمکی پێشکەوتنی مرۆیی لەم ڕێگایەدا خراوەتە ڕوو و هەندێک لە بۆچوونە دژەکانی سکۆلاستیک بە مەبەستی بەراوردکردن هێنراونەتەوە. نووسەر بانگەشەی ئەوە ناکات لەم کتێبەدا هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکانی خستووەتە ڕوو، بەڵکوو هەوڵی داوە ڕێبازێکی نوێ بێنێتە ئاراوە. لەم نووسینەدا، خوێندنەوەیەک بۆ کتێبەکە لەسەر بنەمای پێکهاتەی بەشەکانی کتێبەکە پێشکەش دەکەین.

 

بەشی یەکەم: پێشەکی

نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەلسەفە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەو ڕێگایانەی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەدەکانی ناوەڕاست بەکارهێنراون و، گرنگیی سەدەکانی دوازدە و سێزدەی زایینی لە ژیاری سەدەکانی ناوەڕاستدا تاوتوێ دەکات. نووسەر پێی وایە لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کەمتر بایەخ بە بارودۆخی مێژوویی ئەم سەدانە دراوە. نووسەر لەم بارەیەوە دەنووسێت: "لە توێژینەوەی ئێمەدا سەبارەت بە فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست، ناکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمە، ناسینێکی دروستمان لەسەر فەیلەسوفانێک وەک ئەنسلم (Anselm) و تۆماس ئەکویناس ( Thomas Aquinas) دەست بکەوێت." بە بڕوای نووسەر، نابێت زۆر تیشک بخرێتە سەر کەسایەتییەکان بە جیا، بەڵکوو دەبێت ڕۆحی فەلسەفیی ئەو سەردەمە و تێگەیشتنی ئەوان لە ژیان و ڕاستی تاوتوێ بکرێت (ل ٤). بۆ تێگەیشتن لە ژیاری سەدەکانی ناوەڕاست، دەبێت ئەمە قبوڵ بکرێت کە ژیاری ئەم سەردەمە وەک سەردەمی ئێمە نییە و فاکتەرەکانی، واتایەکی جیاوازیان هەیە و بۆ مرۆڤەکانی سەردەمێکی جیاواز دروست کراوە. جگە لەوەش، بۆ تێگەیشتن لەم ژیارە دەبێت بەبێ ناوبژیوانی لە چۆنیەتیی بیرکردنەوەیان بڕوانین و سەیری فاکتەرەکان و پێکهاتەی ناوخۆییان بکەین.

هەروەها، دەبێت هەندێک فاکتەر وەک کۆمەڵەیەکی یەکپارچە تاوتوێ بکرێن و نابێت دامەزراوەکانی ئەو سەردەمە بە سەردەمی ئەمڕۆ بەراورد بکەین؛ چونکە ئەم بەراوردکردنە بێمانا دەبێت (ل ٧). بە بڕوای نووسەر، ئەگەر بمانەوێت لە ژیاری سەدەکانی ناوەڕاست تێبگەین، دەبێت ئاماژە بە پێوەرێکی جێگیر بکەین و ئەویش شەرەف و بەهای سروشتی (چییەتیی) مرۆڤە (Human Nature). سروشتی مرۆڤ سەرەڕای گۆڕانکارییە مێژووییەکان، ناچارەکی جێگیر دەمێنێتەوە و، ئەمەش یەکێک بووە لە دۆکتۆرینە باوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست. ژیاری سەدەی سێزدەهەم یەکێکە لەو ژیارانەی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی گەشەسەندن؛ چونکە ئیلهامە تایبەتەکانی مرۆڤ لەو سەردەمەدا خۆیان دەرخستووە. لە ستایشکردن یان سەرزەنشتکردنی فاکتەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا، بارودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست بە بارودۆخی زانینی خۆمان بەراورد ناکەین، بەڵکوو ئەم فاکتەرانە بە شەرەف و سروشتی مرۆڤ دەپێوین (ل ١٠-١١).

لێکۆڵینەوە و ناسینی سەدەکانی دوازدە و سێزدە لەبەر ئەوە پێویستە کە ئەم دوو سەدەیە لەڕاستیدا دڵی سەدەکانی ناوەڕاستن. نووسەری کتێبەکە لێکۆڵینەوەکانی خۆی بەم دوو سەدەیە سنووردار دەکات؛ چونکە لەم قۆناغەدا ژیاری سەدەکانی ناوەڕاست شێوەیەکی دیاریکراو بە خۆیەوە دەگرێت. بە بڕوای نووسەر، سێ هۆکار لە داڕشتنی ژیاری سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕۆڵیان هەیە: میراتی بەدەستهاتوو لە جیهانی کۆن، کاردانەوەی کارایی و ناچالاکیی نەتەوە نوێیەکان (سێڵت و تیوتۆنی)، و ڕێنمایی ڕێپیشاندەرانەی مەسیحییەت. سەدەی سێزدەهەم، بەهاری ژیاری سەدەکانی ناوەڕاستە و هەموو دەرکەوتنە باڵاکانی ڕۆحی مرۆڤ کە ژیار پێکدەهێنێت و پێشکەوتنی دیاری دەکات، لەوانەش ئابووری، سیاسەت، خێزان و کۆمەڵ لەم قۆناغەدا ئاشکرا دەبن. لەنێوان ئەم هۆکارانەدا، سەرەتا دامەزراوە سیاسییەکان گەشە دەکەن، لە کاتێکدا فەلسەفە لە هەموویان درەنگتر دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن و تەواوبوونی خۆی (ل ١٣). دووەمین هۆکار کە نووسەر تیشک دەخاتە سەر سەدەکانی دوازدە و سێزدە، بیچمگرتنی فەزای فەلسەفەی ڕۆژاوا لەم قۆناغەدایە. هەموو مێژوونووسان فەرەنسا بە پێشەنگی ئەم قۆناغە دەزانن و، لە فەرەنسا بوو کە بیرۆکەی فیۆداڵی بیچمی گرت و هەروەها ڕێبازی بێندیکتی (Benedict) جوامێریی (Chivalry) ڕیفۆرمەکانی ئایینی و ڕەببانی، هونەری گۆتیک و ڕۆمانی هەموویان بەرهەمی ئەو کەشوهەوایە بوون کە لە فەرەنسادا باڵادەست بوو. سەدەی سێزدەهەم شایەتی داڕشتنی نەتەوە گەورەکانی ئەوروپا بوو. لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سەدەیە جیهانگەری (Cosmopolitan) و یەکێتی و یەکپارچەیی بوو. هەرچەندە لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە سەدەی دوازدەهەم گرنگیی زۆری هەیە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە سەدەی سێزدەهەم گرنگییەکی زیاتری هەیە؛ چونکە هەمیشە ژیار خێراتر لە فەلسەفە گەشە دەکات و فەلسەفە بەرهەمی ژیارە (ل ١٤-١٥). لە سەدەی دوازدەهەمدا، کەنیسەکان وردە وردە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا کاریگەر بوون. داب و نەریتەکانی فیۆداڵیزم و جوامێری وەک تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە بڵاو بوونەوە. لە ژیاری سەدەی سێزدەهەمدا، حکوومەتی پاشایەتیی فیۆداڵی هەموو ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی کە بۆ ژیانی نەتەوەیی پێویستن لەخۆ دەگرێت. خۆشگوزەرانیی ماددی زیاد دەکات و پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان گەشە دەکات. ئایینیش لە یەکێتی و یەکپارچەییدا ڕۆڵێکی زیاتر پەیدا دەکات و دەچێتە ناو هەموو ڕۆحییەتەکان و ژیانی گشتیی ئەو سەردەمەوە. سیستەم و بیرۆکە فەلسەفییەکان بەلێشاو دەردەکەون و لەنێوان ئەم سیستەمانەدا، فەلسەفەی سکۆلاستیک لەگەڵ ئەم سەردەمەدا خۆ دەگونجێنێت. بە سێ هۆکار ئەم فەلسەفەیە جێگەی سەرنجە: یەکەم ئەوەی ئەم فەلسەفەیە ڕەهەندی پەیوەندیی هەیە کە لەگەڵ چالاکییەکانی تردا هاوسەنگە و یەکتر دەخوێننەوە، دووەم ئەوەی کە زۆرێک لە بنەماکانی کاریگەریی بیرۆکە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستیان تێدایە و سێیەم ئەوەی فەلسەفەی سکۆلاستیک فەلسەفەی ئەو کەسانەیە لە پێشەنگی بزووتنەوەی کولتووریی سەدەی سێزدەهەمدا بوون. نووسەر لە بەشەکانی دواتری کتێبەکەیدا سەرقاڵی سەلماندنی ئەم خاڵانە دەبێت (ل ١٨).

 

بەشی دووەم: تاوتوێکردنی ژیار لە سەدەی دوازدەهەمدا

لەم بەشەدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر ئەوروپای فیۆداڵی و کاریگەرییەکانی مەسیحییەتی کاسۆلیکی و هەروەها بەها و شەرەفی تاکەکەسی، شێوازە هونەرییە نوێیەکان و کاریگەرییەکانی فەرەنسا لەسەر سەدەی دوازدەهەم تاوتوێ دەکات. بە بڕوای نووسەر، بۆ تێگەیشتن لە ڕەنگدانەوەی ژیاری سەدەی دوازدەهەم لە فەلسەفەکەیدا، دەبێت سەرنجێکی گشتی بەو توخمانە بدرێت کە پەیوەندییان بە ژیانی هزرییەوە هەیە، وەک دامەزراوە سیاسییەکان، ئایدیالە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، ستانداردەکانی هونەر و بیروباوەڕی ئایینی. فیۆداڵیزم لەو سەردەمەدا باو بوو. بارۆنەکان، دوکەکان و لۆردەکان لە قەڵاکانی خۆیاندا دەژیان و کەم تا زۆر مافی موڵکایەتیی خۆیان هەبوو. ئەوان بەپێی ئەو گرێبەستە ئازادەی کە لەنێوانیاندا هەبوو دەژیان. لە سەدەی سێزدەهەمدا، ئاراستەیەک بەرەو ناوەندگەرایی (Centralization) هاتە ئاراوە و دواتر بەهێزتر بوو. ئینگلتەرا و فەرەنسا بەرەو چڕکردنەوەی دەسەڵات هەنگاویان نا، بەڵام ئەڵمانیا وردە وردە ڕەهەندێکی زیاتر فیۆداڵیی دروست کرد. حکوومەتی پاشایەتی و فیۆداڵیزم لە فەرەنسا و ئینگلتەرادا هاوشێوە بوون. ئیسپانیا لەژێر کاریگەریی ڕۆژاوا و ژیاری عەرەبیدا بوو، بەتایبەتی باشووری ئیسپانیا لەژێر کاریگەریی ژیاری عەرەبیدا بوو و ڕۆڵی خۆی لە بزووتنەوەی فەلسەفی سەدەی سێزدەهەمدا بینی. 

کەواتە، تایبەتمەندیی سەرەکیی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم قۆناغەدا فیۆداڵیزم بووە. فەرەنسا خاڵی دەستپێکی فیۆداڵیزم بوو و ئینگلتەرا و بەشێک لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و هەموو ئەوروپای ڕۆژاوا لەژێر کاریگەریی فیۆداڵیزمدا بوون (ل ٢١-٢٣). کەنیسەی کاسۆلیک پەیوەندییەکی نزیکی بە سیستەمی فیۆداڵەوە هەبوو. سەدەی دوازدەهەم سەردەمی زێڕینی کەنیسەکانە. کەنیسەی کلوونی و سیتوکس کە دوو لقی گرنگی بیروباوەڕی بێندیکت بوون، لە سەرانسەری فەرەنسا و ئەوروپا بڵاو بوونەوە (ل ٢٤). سامانە زۆرەکەی کلوونی بووە هۆی داڕمان و پاشان سیتوکس بڵاو بووەوە. ئەوان هەوڵیان دەدا سیستەمی کۆیلایەتی هەڵوەشێننەوە. نووسەر ئاماژە بە ڕۆڵی قەشەکان و پاپاکان دەدات و پێی وایە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی پاپا ناتوانین لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەوروپا تێبگەین. پاپا دوای ڕزگاربوونی لە دەستی ئیمپراتۆری ئەڵمانی، بوو بە هێزێکی ڕۆحی لە جیهاندا و لە ماوەی سەدەی دوازدەدا حکوومەتێکی خودایی و ئایینی خەریک بوو بیچمی دەگرت کە لە سەدەی دواتردا گەیشتە لووتکە. پاپاکان کاریگەریی سیاسی بەهێزیان لەسەر پاشاکانی مەسیحیی ئەو سەردەمە هەبوو (ل ٣٣). لەژێر کاریگەریی کلوونی، هەستە فیۆداڵییەکان ڕەنگ و شێوازێکی مەسیحییان بە خۆیانەوە گرت و، هەروەها لە سەدەی دوازدەدا بوو کە شێوازێکی نوێی هونەر دروست بوو و کەنیسەکان بە شێوازی ڕۆمانی دروست کران. ئەم تەلارسازییە شێوازێکی یەکگرتوو و یەکشێوەی نەبوو و ئامرازگەلی ڕازاندنەوەی تێدا بەکار دەهات. لە سەدەکانی دوازدە و سێزدەدا فەرەنسا چاو و مێشکی ئەوروپا بوو. مێژوونووسی ئەڵمانی لامپرێخت باڵادەستیی بیرۆکە فەرەنسییەکان لە ئەڵمانیادا پشتڕاست دەکاتەوە. ڕاهیبەکانی کلوونی شێوازی تەلارسازیی کلوونییان هێنایە ڕاین و ڕاهیبەکانی سیتوکسیش تەلارسازیی شێوازی گۆتیکیان هێنا. کەواتە، بە بڕوای نووسەر لە سەدەی دوازدەدا بەردی بناغە دادەنرێت و هێزە گەورەکان بیچم دەگرن، بەڵام هێشتا چالاکییەکانی ئەم هێزانە یەکناگرنەوە و ڕۆحی ناوچەیی کە فەرەنسا، ئینگلتەرا و وڵاتانی تری بە ناوچە فیۆداڵییە بچووکەکان دابەش دەکرد و لە کارە هونەرییەکانیشدا دیار بوو، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینیی ئەو سەردەمەدا باڵادەست بوو (ل ٣٨).

 

بەشی سێیەم: ڕەنگدانەوەی ژیار لە فەلسەفەدا

لەم بەشەدا، نووسەر بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەنگدانەوەی ژیار لە فەلسەفەدا، تیشک دەخاتە سەر دۆخی قوتابخانەکانی فەلسەفە، هاتنی بیانییەکان بۆ قوتابخانەکانی فەرەنسا و هەروەها جیاوازیی نێوان فەلسەفە و هونەرە ئازادەکان و ئیلاهیات و، نیشان دەدات کە بیرۆکەی فیۆداڵیی بەهای تاکەکەسی لەگەڵ دۆکتۆرینی فەلسەفیی ڕەسەنایەتیی تاکەکەسیدا گونجاوە. لە سەدەکانی دوازدە و سێزدەدا، حکوومەت کۆنترۆڵی لەسەر پەروەردە نەبوو، بۆیە قوتابخانەی سەربەخۆی زۆر لە دەوروبەری کەنیسە و پەرستگاکان دروست بوون. هەر قوتابخانەیەک هەوڵی دەدا بە زیادکردنی ئازادی و ڕاکێشانی مامۆستای ناسراو، سەروەریی خۆی بەسەر قوتابخانەکانی تردا بسەپێنێت. لەنێوان مامۆستا بەناوبانگەکانی سەدەی دوازدەهەمدا دەتوانین ناوی ئەنسلم، ئابالرد و هۆگۆ بهێنین. لە سەردەمی ئابالرددا، هاتنی قوتابخانە فەرەنسییەکان لەلایەن بیانییەکانەوە گەیشتبووە لووتکە. هاتنی خوێندکارانی ئینگلیزیش زیادی کرد؛ چونکە هیچ سەنتەرێکی فێرکردن لە بەریتانیا نەبوو (ل ٤٠-٤١). کەسانی ئایینیی ئەڵمانیاش چوونە قوتابخانە فەرەنسییەکان. ئیتاڵیاش پیاوانێکی ناردە فەرەنسا. قوتابخانە فەرەنسییەکان بەپێی ناوبانگ و ناوداربوونی مامۆستاکانیان پۆلێن دەکران. ناوبانگی ئابار لە قوتابخانەکانی کاسیدراڵ و سانت جینیڤیۆ زۆر مامۆستا و خوێندکاری ڕاکێشایە پاریس. خۆجێییبوونی ئەم قوتابخانانە نەبووە ڕێگر لە یەکگرتن و یەکپارچەیی لە شێوازی وانەوتنەوەیاندا و ئەم یەکڕەوتییە، زەمینەی بۆ بڵاوبوونەوەی وانەوتنەوەی فەلسەفە لە زانستگەکاندا خۆش کرد. خۆجێییبوون (Localism) و ناوەندگەرایی هەردووکیان پێکەوە تێکەڵ بوون و وایان کرد فێربوون و وانەوتنەوە تەنها تایبەت بە چینێکی کۆمەڵایەتی، واتە پیاوانی ئایینی بێت. زمانی لاتین یەکگرتوویی و یەکپارچەیی لەنێوان مامۆستایانی ڕۆژاوادا دروست کرد، بەڵام کۆچی خوێندکاران و زانایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە بووە هۆی داهێنان لە شێوازی پرۆگرام و وشەسازی (ل ٤٥-٤٦).

مژاری دووهەم کە نووسەر سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ژیار لە فەلسەفەدا دەیورووژێنێت، پەیوەندیی بە سنووردارکردنی بوارەکانی نێوان زانستەکانەوە هەیە. لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرۆگرامەکانی خوێندن پێک هاتبوون لە تەوەرەیەکی سێ قۆڵی (دیالێکتیک، ڕێزمان و ڕەوانبێژی) و تەوەرەیەکی چوار قۆڵی (مۆسیقا، ئەندازە، بیرکاری و فەلەکناسی)، بەڵام ئەم جۆرە پرۆگرامە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سنووردار دادەنرا، بۆیە فەلسەفە پێگەیەکی تایبەتی لە دەرەوەی هونەرە جوانەکاندا پەیدا کرد و ئیلاهیاتیش بووە خاڵی سەرنج. دەوترێت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا فەلسەفە بەهەڵە لەگەڵ دیالێکتیکدا تێکەڵ دەکرێت، بەڵام کەسانێک وەک ئەنسلم نەک تەنها دیالێکتیکیان خوێندووە، بەڵکوو پێگەیەکی سەربەخۆیان بۆ فەلسەفە دروست کردووە (ل ٤٦-٤٧). لە کۆتاییەکانی سەدەی یازدەهەمدا، فەلسەفە پێشکەوتنی بەخۆوە بینی و لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەهەمدا کۆمەڵێک دۆکتۆرینی هەبوو. فەلسەفە کاریگەریی لەسەر هونەرە جوانەکانیش دانا. لە سەدەی دوازدەهەمدا، هونەرە جوانەکان و ئیلاهیات لە فەلسەفە جیا کرانەوە و سنوورەکانیان ڕوون کرایەوە. دۆکتۆرینە فەلسەفییەکان لە هەوڵەکانی سەدەی دوازدەهەمەوە سەریان هەڵدا. لە تاوتوێکردنی ڕەنگدانەوەی ژیار لە فەلسەفەدا دەگەینە خاڵی سێیەم کە هماهەنگییەک لەنێوان تێگەیشتنی فیۆداڵییەت لە بەهای کەسی و دۆکتۆرینی فەلسەفیی ڕەسەنایەتیی تاکدا هەیە.

 

بەشی چوارەم: هەستانەوەی گەورەی فەلسەفە لە سەدەی سێزدەهەمدا

لەم بەشەدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی گەشەسەندنی فەلسەفە لە سەدەی سێزدەهەمدا کە بریتیین لە: دەرکەوتنی زانستگەی پاریس و ئۆکسفۆرد، بوونی دوو ڕێبازی گەورەی مەزهەبی (دۆمینیکان و فرانسیسکان) و وەرگێڕان و چاپکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کارە فەلسەفییە گەورەکان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون. هەروەها نووسەر ئەم ئەنجامە گشتییە دەخاتە ڕوو کە لەنێوان سیستەمە فەلسەفییەکاندا، فەلسەفەی سکۆلاستیک فەلسەفەی باڵادەستە. لەم بەشەدا باس لە پۆلێنکردنی گشتگیری زانستەکان دەکرێت. یەکەم هۆکاری پێشکەوتنی بیری فەلسەفی لە ئەوروپای ڕۆژاوا ئەوە بوو کە بیرمەندانی سەدەی دوازدەهەم بزووتنەوەیەکی سەرەتاییان دەست پێ کرد و ڕۆڵی ئەوان لە ڕێڤاژۆناسی (میتۆدۆلۆژی) و دیاریکردنی سنوورەکانی هەر زانستێکدا بەتەواوی دیارە. سێ هۆکاری دەرەکیی پێشکەوتنی بیری فەلسەفی بریتیین لە: دروستبوونی زانستگەی پاریس، بوونی دوو ڕێبازی ئایینیی گەورە، چاپکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کارە فەلسەفییە گەورەکان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە وەرگیراون. لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەهەمدا، قوتابخانەکان بەسەر سێ گرووپ دابەش دەبوون: قوتابخانەکانی کەنیسەی نوتردام، قوتابخانەکانی سەینت ڤیکتۆر و قوتابخانەکانی کەنیسەی جینیڤیۆ (ل ٦٥-٦٦). دوو تایبەتمەندیی دیاریی هەموو زانستگەکان ڕۆحی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان و بڵاوبوونەوەی پەروەردە بوو. گەشەی قوتابخانە فەلسەفی و ئیلاهیاتییەکانی پاریس بە دروستبوونی دوو ڕێبازی مەزهەبیی دۆمینیکان و فرانسیسکان و کاریگەرییان لەسەر زانستگە خێراتر بوو و بە داڕمانی ڕێبازی ڕەبەنایەتیی بێندیکت، ئەم دوو ڕێبازە برەویان سەند و باو بوون. ئەم دوو ڕێبازە لە هەموو بوارەکاندا ڕکەبەرییان دەکرد، بەڵام لە بواری فەلسەفە و ئیلاهیاتدا ڕکەبەرییەکەیان زۆر توند و سەرکوتکەرانە بوو (ل ٧٤-٧٥).

سێیەمین باسێکی دیکە کە دەبێت بایەخی پێ بدرێت، بوونی دەقە فەلسەفییە نوێیەکانە، لەوانە نامیلکەکانی میتافیزیک، فیزیک و نامیلکەی ڕۆح-ی ئەریستۆ کە لە یۆنان و ئیسپانیاوە هێنران. هەروەها، بەرهەمە نوێ ئەفلاتوونییەکان و لێکدانەوە عەرەبییەکان کە گەیشتنە دەستی مامۆستایانی فەرەنسا و، بەرهەمە عەرەبی و جوولەکەکان کە بنچینەیان فارابی بوو و هاتنە ناو گۆڕەپانەکە. لە کۆتاییەکانی سەدەی سێزدەهەمدا بوو کە ڕۆژاوا توانی بەتەواوی ئەم گەنجینە بیانییانە شرۆڤە بکات و ئەو پاشاگەردانییە سەرەتاییەی کە لە بواری وەرگێڕان و لێکدانەوەیدا هەبوو، ڕێکوپێک بکات (ل ٧٨-٧٩).
دوو ڕاستیی زەقوزۆپ کە زاڵن بەسەر هەموو بیری سەدەی سێزدەهەمدا بریتین لە فەلسەفەی سکۆلاستیک لە ئەوروپای ڕۆژاوا و پۆلێنکردنی کاریگەری زانستە مرۆییەکانە. بیرۆکەی دژ بە فەلسەفەی سکۆلاستیک هەبوون، لەوانە ماتریالیزم، نوێ ئەفلاتوونیزم و ئاڤێرۆیزم (Averroism). بۆ نموونە، ئاڤێرۆیزم ڕەسەنایەتیی تاکەکەسیی بیرکردنەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت هەموو کەسێک بە ئامرازی یەک ڕۆحی یەکگرتوو بیر دەکاتەوە (ل ٨٣). سەبارەت بە پۆلێنکردنی زانستەکان، کە دووەمین ئەنجامی ژیانی فیکریی سەدەی سێزدەهەمە، ئەم باسە لە ئارادا بوو کە دوو زانست دەتوانن مامەڵە لەگەڵ یەک ماددەدا بکەن، بەڵام گۆشەنیگا جیاوازە و بەم یاسایە، دەکرێت جیاوازیی نێوان زانستەکان ڕێک بخرێت. هەروەها زانستە تایبەتمەندەکان و زانستە گشتییەکان بەم یاسایە دەکرێت بخرێنە ڕوو. فەلسەفە وەک زانستێک بەدوای ناسینی گشتیی شتەکاندا دەگەڕێت. سەدەی سێزدە ئێمە بەرەو گرنگیی گشتێتی کە هی فەلسەفەیە ڕێنمایی دەکات. پۆلێنکردنی زانستەکان پەیوەندییەکی پتەوی بە ژیارەوە هەیە.

 

بەشی پێنجەم: ئاراستەکانی یەکخستن (Unifying) و گشتگیری (Cosmopolitan)

لەم بەشەدا، نووسەر باسی یاسای کورتبڕی و سیستەمی زەوی-تەوەری (Geocentric) و چەمکی مرۆڤ-تەوەری (Anthropocentric) دەکات و کۆمەڵگای مرۆیی لە فۆڕمە ڕامانە (تیۆری) و کردەکانیدا (پراکتیکییەکانیدا) تاوتوێ دەکات. دوو ئەنجامی گرنگی هۆکارە جیاوازەکانی گەشەسەندنی فەلسەفە لە سەدەی سێزدەهەمدا بریتین لە: پۆلێنکردنی زانست و سیستەمی بیرکردنەوەی باڵادەست، واتە سکۆلاستیک. تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی لەم دوو حاڵەتەدا، ئاراستەبوون بەرەو یەکێتی و جێگیرییە و، هەمووان بەدوای هارمۆنییەکی گشتیدا دەگەڕێن. لە فەرەنسادا، فیۆداڵیزمی ناوخۆیی لاواز بوو و ناوەندگەرایی شاهانەیی زیاد بوو. دوو جۆر حکوومەت لە ڕۆژاوادا دروست بوو: یەکێکیان دابەشکردنی سەربەخۆیی سیاسی بەسەر بەشەکانی ئیمپراتۆریەتی فیۆداڵدا و ئەوی دیکەیان دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئەڵمانی (ل ١٠٢). هەموو ژیارەکان خوازیاری جیهانیبوون، یەکێتی و دروستکردنی سیستەم بوون. ئەم ئارەزووی سیستەماتیزەکردن و ڕێکخستنە، لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی زیادەڕۆیی. بۆ خەڵکی ئەو سەردەمە، زەوی-تەوەریی جیهان و مرۆڤ حوکمڕانی جیهان بوون و، مانگ و هەسارەکان جێگیر دادەنران (ل ١١١). لەو سەردەمەدا، ئەوان بەدوای کۆمارێکی مەسیحیدا دەگەڕان کە هەموو مرۆڤایەتی بگرێتەوە. بۆ یاسادانەران (Legist) و شەرعزانان (Canonist)، کۆمەڵی مرۆیی وەک کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو دادەنرا کە تێیدا ڕێکخستن لە سەرانسەریدا بوونی هەیە. شەرعزانان باوەڕیان بە ڕامانەی (تیۆریی) دەسەڵاتی ڕەهای پاپا هەبوو و یاسادانەران باوەڕیان بە پاشایەتییەکی جیهانی لەژێر ناوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی پیرۆزدا هەبوو (ل ١١٩-١٢٠). سەدەی سێزدەهەم خۆی بە ئارام و جێگیر دەزانی و هەموو زانستەکانی پۆلێن کردبوو و، ئەوان (شەرعزانان) پێیان وابوو هەموو پرسەکانی فەلسەفەیان چارەسەر کردووە و هونەر بە هەموو جوانییەکەیەوە لە کەنیسەدا خۆی دەرخستووە. ئەم هەستە ڕەزامەندییە بڵاو بووەوە و سەدان ساڵ بەردەوام بوو. باسێکی دیکە جیهانشموولی و گشتگیرییە (Cosmopolitan)؛ واتە ئارەزووی ئەوەی هەموو شتەکان بە پێوەری جیهانی هەڵسەنگێنرێن و ئەم ئارەزووەش، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی بەرفراوان و قبوڵکردنی فەلسەفەیەکی باڵادەستە، واتە فەلسەفەی سکۆلاستیک. لە سەدەی سێزدەهەمدا، لە فەلسەفە و ئیلاهیاتدا یەکێتی و یەکگرتوویی بێوێنە هەبوو. هەروەها لە دامەزراوە سیاسییەکانیشدا جۆرێک لە یەکپارچەیی لەئارادا بوو.

 

بەشی شەشەم: گەشبینی (Optimism) و ناتاکەکەسێتی (Impersonality)

لەبەر ئەوەی فەلسەفەی گەشبینی یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی هەموو ژیارێک، لەم بەشەدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر گەشبینی لە فەلسەفە، ئایین و هونەردا و تایبەتمەندیی ناتاکەکەسێتی (Impersonality) و مێژووی فەلسەفە تاوتوێ دەکات. متمانە بە توانستە مرۆییەکان مەرجی جێبەجێکردنی کرداریی ئایدیاڵەکانە. فەلسەفەی گەشبینی بە واتای متمانە بە هێزی بەڵگەهێنانەوە و ئارامی و لەسەرخۆیی لە کاری فیکریدا دێت (ل ١٣٥). فەلسەفەی سکۆلاستیک پێی وایە بەختەوەری، تەواوترین قۆناغی گەشەسەندنی کەسایەتیی مرۆڤە و ئەم بیرۆکەیەی هەیە کە تەنانەت خراپترین کەسەکانیش مەیلیان بۆ چاکە هەیە. ئایدیالیزمی مەسیحی، واتە هیوای بەختەوەری لە داهاتوودا، دنەدەرێکی دیکەیە کە دیدگای فەلسەفەی گەشبینی هان دەدات (ل ١٣٦-١٣٧). تایبەتمەندییەکی دیکە کە پەیوەندی بە فەلسەفەی گەشبینییەوە هەیە، تایبەتمەندی ناتاکەکەسێتی و نەبوونی ڕەسەنایەتیی زەین و هەستە. ناتاکەکەسێتیی ئەم فەلسەفەیە لەم ڕاستییەدا ئاشکرا دەبێت کە ئەوانەی دروستیان کردووە هیچ شتێکیان لە ژیانی سۆزداری و ناوەوەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە. فەلسەفەی سکۆلاستیک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی بوو و تاکەکان زیاتر هەمان دۆکتۆرینەکانیان پەرە پێ دەدا و هیچ شتێکیان بۆ زیاد نەدەکرد (ل ١٤٢-١٤٣).

ڕاستی (هەقیقەت) بابەتێکی هەمیشەییە و بێ گومان دەرەتانی بۆ پێشکەوتن لە زانست و گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا هەیە، بەڵام بنەماکان بەبێ گۆڕان دەمێننەوە، وەک سروشتی مرۆڤ. تایبەتمەندیی ناتاکەکەسێتی لە سیستەمی گۆتیکدا دەبینرێت کە لە هەموو ڕەهەندەکانیدا لە فەلسەفەی سکۆلاستیک دەچێت و، هەر تاکێک بە شێوازی خۆی لێکی دەداتەوە و لەڕاستیدا هی کەس نییە (ل ١٥-١٤٦).

 

بەشی حەوتەم: فەلسەفەی سکۆلاستیک و ڕۆحی ئایینی

لەم بەشەدا، نووسەر پێناسەی فەلسەفەی سکۆلاستیک وەک فەلسەفەیەکی ئایینی دەکات و جیاوازیی نێوان فەلسەفە و ئیلاهیات و کاریگەرییەکانی فەلسەفە لەسەر بوارەکانی دیکە تاوتوێ دەکات. هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە فەلسەفەی سکۆلاستیکی ڕۆژاوا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەژێر کاریگەری و خزمەتکار و شوێنکەوتووی ئیلاهیاتی کاسۆلیکی بووە. فەلسەفەی سکۆلاستیک فەلسەفەیەکە لە خزمەتی دۆکتۆرینێکدایە کە لەلایەن کەنیسەوە دروست کراوە. بە بڕوای نووسەر، ئەمە پێناسەیەکی ورد و تەواو نییە و دەبێت دۆخی مێژوویی لەبەرچاو بگیرێت و فەلسەفە و ئیلاهیات، هەردووکیان تاوتوێ بکرێن. لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەهەمەوە، فەلسەفە لەڕاستیدا زانستێکی سەربەخۆ و جیا بوو لە ئیلاهیات. مامۆستایانی فەلسەفە و ئیلاهیاتیش لە یەکتر سەربەخۆ و جیا بوون و، ئەم سەربەخۆییەش بە هۆی جیاوازیی دیدگای فەلسەفە و ئیلاهیاتەوە بوو کە لەسەر بابەتەکان هەیانبوو (ل ١٥١). فەلسەفە و ئیلاهیات لەڕووی ئامانج، پێڤاژۆ (پرۆسە) و ڕێگاکانەوە جیاوازن. فەلسەفە و ئیلاهیات هەردووکیان بەشێکی گرنگی ژیارن کە لەژێر کاریگەریی ڕۆحی ئایینیدان. زۆرێک لە سیاسەتمەداران وەک سەینت لویس لە فەرەنسا و ئێدواردی یەکەمی ئینگلتەرا کەنیسە بە بناغە و بنچینەیەکی پێویستی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەزانن (ل ١٥٨). 

دەکرێت پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئیلاهیات لە سێ گرووپدا ڕوون بکرێتەوە: گرووپی یەکەم لە پێشینەی کۆمەڵایەتیی ئیلاهیزانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و، فەلسەفە جۆرێکە لە ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی ئیلاهیات. مامۆستایانی کۆلێژی ئیلاهیات بەسەر مامۆستایانی تردا باڵادەستن (ل ١٥٩). دووەمین گرووپی پەیوەندییەکان، لە کاریگەریی فەلسەفەوە بۆ ناو ئیلاهیاتی بیرمەندانە (Speculative Theology) و بەرگریکردنی بەڵگەدارانە (Apologetic) بۆ مەسیحییەت بووە کە تەنها کاریگەریی لەسەر ئیلاهیات هەبووە و کاریگەریی لەسەر فەلسەفە نەبووە. ئەم ڕێگایە، کە زۆر جێگەی بایەخی مامۆستایانی پاریس بووە، دیالێکتیکە لە ئیلاهیاتدا، بۆ ئەوەی بیروباوەڕە کاسۆلیکییەکان بەڵگەدار و لۆژیکی دەربخەن (ل ١٦٢). گرووپی سێیەمی پەیوەندییەکان، لەنێوان فەلسەفە و ئیلاهیاتدا نییە، بەڵکوو لەنێوان فەیلەسوفەکان و ئامانجی کۆتایی خوێندنەکانیانە، کە هەمان بەختەوەرییە. فەلسەفەی سکۆلاستیک ئەم ئەنجامەی بەدەست هێنا کە دۆکتۆرینی فەلسەفی ناتوانێت دۆکتۆرینی ئیلاهیاتی پێشێل بکات، بۆیە ڕێگەیان پێ نادرێت ئەم کارە بکەن. ئەگەر ئێمە قبوڵ بکەین کە دۆکتۆرینی ئیلاهیاتی ڕاستەقینە (واقیعی) و ڕاستە (هەقیقییە) و دۆکتۆرینەکانی تر ناتوانن پێشێلی بکەن و ڕەتی بکەنەوە، ئەوا سرووش [و ئیلهامە] ئایینییەکان کاریگەری لەسەر هەموو چالاکییەکانی تر کە ژیار پێکدەهێنن، دادەنێن (ل ١٦٨).

 

بەشی هەشتەم: فەلسەفەی عەقڵانی (عەقڵگەرایی) لە ئایدیۆلۆژیادا

لە نێو دۆکتۆرینەکانی سکۆلاستیکدا سێ بابەت کە پەیوەندییەکی نزیکیان بە ژیارەوە هەیە، دەورووژێنرێن کە یەکەمینیان فەلسەفەی عەقڵانییە. هیچ فەلسەفەیەک عەقڵانیتر لە سکۆلاستیکی سەدەکانی ناوەڕاست نییە. لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە، عەقڵگەرایی سکۆلاستیک شێوەیەکی ڕوون و شەفافی ئایدیاڵیزمە و فەیلەسوفانی سەدەکانی ناوەڕاست دەخاتە ناو خێزانی ئەفلاتوون و کانت-لایبنیز. لە دیدگای سکۆلاستیکەوە، وەرگرتنی بیرۆکە ڕووت و ڕەهاکان (موجەڕەد)، یاسای عەقڵە. ناسینی ڕەهاگەرایانە (ئەبستراکت) لەڕووی قەبارە و بڕەوە جیاواز نییە لە تێگەیشتنی هەستەکی، بەڵکوو لەڕووی جۆرەوە جیاوازە و ناسینی ڕەهاگەرایانە لە تێگەیشتنی هەستەکی باڵاترە. ڕەهاگەرێتی لەڕاستیدا یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مرۆڤ (ل ١٨١). 

عەقڵ و بەڵگەهێنانەوە چرای ڕێنماییکەرمانن و، ئێمە زۆرجار مەیلمان بۆ شتێک هەیە کە بە گونجاو دەردەکەوێت. هەروەک چۆن عەقڵ بیرۆکە ڕووت و ڕەهاکان لە ڕاستی وەردەگرێت، چاکەش دەدرکێنێت و وەری دەگرێت. عەقڵ ڕووبەڕووی دوو بڕیارداندا دەبێتەوە؛ بۆ نموونە، بۆ من باشە گەشت بکەم یان نەکەم. لەژێر کاریگەریی ویژداندایە کە عەقڵی کرداری بڕیاری خۆی دەدات و هەر لەژێر کاریگەریی ئەودایە کە چالاکییەکی تایبەت، بە باشتر دیاری دەکرێت. لە کاتی هەڵبژاردندا، بیرکردنەوە دەوەستێت و جێگەی خۆی دەدات بە بڕیار. ئازادی لە ویژداندادایە، بەڵام ڕەگوڕیشەی لە بڕیارداندایە. کردارێکی ئازادانە، کردارێکی بیرکراوەیە. لە دیدگای سکۆلاستیکەوە، زۆر جار ئێمە بڕیاری عەقڵانی نادەین و پێویستیشمان پێی نییە.

داماڵین (Abstraction) [لە عەرەبی تەجەڕود و لە فارسی ئینتیزاع-ی پێ دەڵێن] چالاکیی سەرەکیی عەقڵ و ئاوەزە و، ئەم داماڵینە، نامادیبوونی ڕۆح، یەکێتیی ڕۆح و جەستە، زیندووبوونەوە و هەستانەوە و یەکگرتنەوەی ڕۆح و جەستە دەسەلمێنێت. ڕامانە (تیۆرییە) زانستییەکانیش بەبێ عەقڵگەرایی و داماڵین و گشتگیرکردن قابیلی تێگەیشتن نین. باڵادەستیی عەقڵ و ئاوەز لە بواری میتافیزیکیشدا بوونی هەیە کە ڕێکخستنی بنەڕەتیی شتەکان تەتەڵە دەکات و هەروەها نەگۆڕیی یاسای ئەخلاقی و سروشت پاساو دەداتەوە. لە ڕامانەی (تیۆریی) حکوومەتیشدا عەقڵ و ئاوەز ڕۆڵ دەبینن؛ لەم ڕامانەیەدا سیستەمی هەڵبژاردن قابیلی پاساودانە، چونکە لەگەڵ بەڵگەی عەقڵیدا گونجاوە. عەقڵگەرایی لە ڕوونکردنەوەی ڕێوڕەسم و هێما ئایینییەکانیشدا دەبینرێت. کۆمەڵگای ئەو سەردەمە عەقڵانییە؛ بەم واتایە کە هەموو ئەو سەردەمە بەدوای ڕێکخستندان و ڕێکخستنیش، وەک تۆماس ئەکویناس دەڵێت، دەستێوەردان و ڕۆڵی عەقڵ و ئاوەز نیشان دەدات؛ چونکە تەنها بیر و عەقڵ دەتوانن ڕێکخەر[ی چەمک و شت و کاروبارەکان] بن (ل ١٩٢-١٩٣).

 

بەشی نۆیەم: چەمکی فرەژمارەیی (پلۆرالیستیی) جیهان

دۆکتۆرینێکی دیکەی فەلسەفەی سکۆلاستیک کە پەیوەندی بە ژیارەوە هەیە، میتافیزیکە. نووسەر لەم بەشەدا باس لە پێناسەی میتافیزیک و ڕەهەندە جێگیر و گۆڕاوەکانی ڕاستی [Reality] (ڕەسەنایەتیی بوون) دەکات و بابەتگەلێک وەک هێز (Potency) و کردار (Act)، جەوهەر (Substance) و عەرەز (Accident)، پرسی تاکایەتی، کەسایەتیی مرۆڤ و بوونی خودا تاوتوێ دەکات. بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی جیهان لە دیدگای سکۆلاستیکەوە، دەچینە ناو بواری میتافیزیک. لێکۆڵینەوەی میتافیزیکی، پشت بە ناسینی داماڵدراوی (موجەڕەدی) بوونەوەرەکان و تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بەوان دەبەستێت. بۆ ڕەسەنایەتیی بوون یان ڕاستی دوو لایەن لەبەرچاو دەگیرێت: یەکێکیان لایەنی جێگیر و ئەوی دیکەیان لایەنی گۆڕاو (ل ١٩٤).

هەر مرۆڤێک، ئاژەڵێک یان هەر گەردیلەیەک بە شێوەیەکی بنەڕەتی بوونی هەیە و خاوەنی تاکێتییەکی بێکەموکوڕییە و، ئەمە دۆکتۆرینی سەرەکی میتافیزیکە و لە سەدەی دوازدەهەمەوە بە میرات ماوەتەوە. سکۆلاستیک خاوەنی فەلسەفەیەکی فرەیی (پلۆرالیستی) و دژ بە تاکگەرایی و یەکگرتووییە و دژ بەو بیرۆکەیەیە کە دەڵێت هەموو ڕاستییەکان لە یەک ڕاستیدا تواونەتەوە. جەوهەری مرۆڤ، کەسایەتییەکەیەتی کە جێگیر دەمێنێتەوە، بەڵام ڕەفتارەکان دەگۆڕێن و، تاک سەربەخۆ لەم ڕەفتار و گۆڕانکارییانە دەمێنێتەوە. لە دیدگای سکۆلاستیکەوە، جەوهەر و عەرەز، کە لەلایەن ئەریستۆوە خراونەتە ڕوو، لەڕاستیدا یەکن؛ واتە هەمان بوونی ڕاستەقینە و واقیعی. بۆیە بۆ نموونە، جەوهەری دارێک کە بناغەی تاکێتییەکەی پێکدەهێنێت، ئەم تاکێتییە لەسەر هەموو تایبەتمەندییە عەرەزییەکان ڕەنگ دەداتەوە کە هی تاکێتیی ڕاستەقینە و واقیعییەکەیەتی. بەگشتی، جەوهەر و عەرەز لە یەک بووندا جێبەجێ دەبن و بوونی دارەکە جێگیر و بێجووڵە دادەنرێت.

وێنەیەکی ئەوتۆ ڕێتێچوو نییە؛ چونکە هیچ شتێک بێجووڵە نییە و ڕەسەنایەتیی بوون لە گۆڕان و گەشەسەندندایە. لە تاوتوێکردنی دیدگای ستاتیکی (جێگیر)دا، دەبێت دیدگای گۆڕاویش لەبەرچاو بگیرێت. ڕامانەی (تیۆری) هێزەکی (بالقوە) و کردەکیبوون (بالفعل)، پێکهاتەی میتافیزیک پێکدەهێنێت. ئەم ڕامانەیە لە ئەریستۆوە وەرگیراوە، بەڵام فراوانتر کراوە. گۆڕانی جووڵە لە دۆخی "ئەلف"ەوە بۆ "با"، توانایی گۆڕان بۆ دۆخی "با" نیشان دەدات. پەیوەندیی هێز و کردە لە ڕاستی و قووڵایی ئەودا دەچەسپێت و، ئەمەش بە باشی چەمکی میتافیزیک لە دیدگای سکۆلاستیکەوە ڕوون دەکاتەوە.
تۆماس و سکۆلاستیک دەڵێن: "جگە لە عەرەز کە دەگۆڕێت، جەوهەریش لەنێو گەردەلوولی گۆڕاندایە." داربەڕوو دەمرێت و لە شیکردنەوەیدا ماددەی کیمیایی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنرێت. کاتێک ماددەیەک دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی تر، هەر یەکەیان تایبەتمەندییەکی تەواو جیاوازیان هەیە. ماددەکان لەڕووی جۆرەوە ناگۆڕێن، بەڵکوو لەڕووی بڕ و قەبارەوە دەگۆڕێن. ڕامانەی (تیۆریی) ماددە و فۆڕم لەڕاستیدا هەمان ڕامانەی هێز و کردەیە. هەر مرۆڤێک شێوە و فۆڕمی تایبەت بە خۆی هەیە؛ واتە شێوەیەک کە ناتوانرێت بگۆڕێت بۆ شتێکی تر. هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە گەشەسەندن و کامڵبوونی بوونەوەرێکەوە هەیە، پەیوەندی بە شێوە یان فۆڕمەوە هەیە و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە حاڵەتی کامڵنەبوون یان کەموکورتییەوە هەیە، پەیوەندی بە ماکەوە (Matter) هەیە. بۆیە لە ڕوانگەی سکۆلاستیکەوە، ماک و سروشتی سەرەتایی شتێک بە شێوەیەکی هێزەکی، کۆمەڵێک شێوە و فۆڕمی تێدایە کە دەبێت خۆی لە ڕەوتی بەکردەکی بوونیدا گۆڕانکاریی تێدا بکات (ل ٢٠٦-٢٠٨).

چۆن تاکە جیاوازەکان لە یەک جۆر و بە یەک گەشەسەندنی سروشتی بوونیان هەیە؟ تۆماس ئاماژە بەوە دەکات کە بەبێ گشتگیرکردن و فراوانکردن ناتوانرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە. بوونی تاکە زۆرەکان (Individuation) لە یەک جۆردا، لەگەڵ ڕەسەنایەتیی تاکدا یان تاکایەتی (Individuality) جیاوازن. هەر بوونەوەرێک خاوەنی ڕەسەنایەتییەکی تاکە. فەلسەفەی سکۆلاستیک زیاتر لە هەر فەلسەفەیەکی دیکە تیشکی خستووەتە سەر دۆکتۆرینی کەسایەتی. یەکێتیی ڕۆح و جەستە بە شێوەیەکە ڕۆح لە هەموو چالاکییەکاندا پێویستی بە یارمەتیی جەستە هەیە. ڕۆح وەک شلەیەکە کە بەپێی قەبارەی دەفرەکە جیاوازە. لە فەلسەفەی سکۆلاستیک، لەڕاستیدا، جەستەی مرۆڤ کە بەرهەمی لەدایکبوونی مرۆڤە و بنەمای تاکایەتی پێکدەهێنێت، هۆکاری فرەیی تاکەکان ڕوون دەکاتەوە. هەرچەندە ڕۆحی ئەخلاقی و مەعنەوی بەرهەمی لەدایکبوون نییە، بەڵام دایک و باوک وەک سەرچاوەکانی پێدانی جەستە بە منداڵ، بەرپرسیارێتیی جێگیرکردنی هێزە مرۆییەکانیان لەسەرە (ل ١١١). سروشت کۆمەڵێک فاکتەری کاریگەر و کۆمەڵێک گۆڕانکارییە، وەک یاسای پاراستنی وزە و یاسای ڕاکێشان. دەستپێکی ڕەها تەنها لە بارودۆخێکدا و تەنها لەلایەن بوونێکەوە دەکرێت ڕوو بدات کە نەگۆڕ بێت و، ئەویش بوونی خودایە. ئەگەر نا، پرۆسەی هۆکارێتی بێکۆتایی دەبێت. ئەگەر خاڵێکی وەستان لە زنجیرەی هۆکارێتیدا نەبێت، گۆڕانکاریش بوونی نابێت. فەلسەفەی سکۆلاستیک، بوونی خودا بە مەرجێکی پێویست دەزانێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەسەنایەتیی بوون (واقیع). بەپێی بۆچوونی تۆماس، خودا بوونێکی ڕەهایە. هەموو بوونەوەرەکان بڕێک لە بوون وەردەگرن کە بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی توانستیان، بڕەکەی زیاد دەکات (ل ٢١٧).

 

بەشی دەیەم: تاکایەتی و چالاکیی کۆمەڵایەتی

لەم بەشەدا، نووسەر فەلسەفەی کۆمەڵایەتی، کە یەکێکی دیکە لە دۆکتۆرینەکانی سکۆلاستیکە و پەیوەندی بە ژیارەوە هەیە، دەخاتە ڕوو و هەروەها باس لە بنەمای بوونی گرووپ بۆ ئەندامان دەکات و ژێرخانی ئەخلاقییەکەی ڕوون دەکاتەوە و گرووپ بە جەستە بەراورد دەکات. فەلسەفەی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە دواچینەکانی بینای سکۆلاستیک. دۆکتۆرینە نوێیەکان کە بۆ فەلسەفە زیاد دەکرێن، نابێت دۆکتۆرینەکانی پێشوو بشێوێنن؛ بەپێچەوانەوە، دەبێت لەگەڵ دۆکتۆرینەکانی پێشوودا گونجاو بن بۆ ئەوەی کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو دروست بکەن. تایبەتمەندیی ڕێکخراو (سیستەماتیک)ی فەلسەفەی کۆمەڵایەتیی سکۆلاستیک لە بەرهەمەکانی تۆماس-دا زۆر دیارە. ئەو یەکەم کەسە لەسۆنگەی بەکارهێنانی بابەتە نوێیەکان، دۆکتۆرینێکی دروست کرد (ل ٢٢٥). لێرەدا نووسەر باس لەم بنەمایە دەکات کە هەر حکوومەتێک بۆ خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان بوونی هەیە و پێچەوانەکەی ڕاست نییە؛ واتە هاووڵاتییان لەپێناو خۆشگوزەرانیی حکوومەتدا نین. ئەم بنەمایە پەیوەندی بە هەموو سیستەمی فەلسەفەی سکۆلاستیکەوە هەیە و لەسەر بنەما ئەخلاقی و میتافیزیکییەکان دامەزراوە، کەواتە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لەسەر دوو بنەمای دووانە، واتە بنەمای ئەخلاقی و میتافیزیکی دامەزراوە.

بۆچی حکوومەتێک دەبێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کار بکات؟ ئەخلاقی سکۆلاستیک دەڵێت، لەبەر ئەوەی هەموو مرۆڤێک بەهایەکی پیرۆز و تاکایەتییەکی پێشێلنەکراوی هەیە. هەر تاکێک لە ژیاندا بەدوای ئامانجێکەوەیە و، ئامانجیش بریتییە لە تەواوکردنی تاکایەتی. ئامانجی مرۆڤ هەمان بەختەوەرییە کە هەر کەسێک بەدوایدا دەگەڕێت (ل ٢٢٣). مرۆڤەکان ئازادن بەدوای ئامانجی کۆتایی ژیانی خۆیاندا بگەڕێن و، بەختەوەری ئەوەندە تاکە کە چاکەی کەسێکی دیکە تێکەڵی نابێت. ئێستا ئەمە بۆ دابینکردنی ئامانجەکە بەس نییە و پشتگیریی ئەخلاقی و ئاراستەی تاکەکەسی پێویستە. تۆماس دەڵێت: "مرۆڤ سرووشتێکی هەیە کە بۆ ژیان لە کۆمەڵدا دروست کراوە؛ چونکە ئەو پێویستی بە کۆمەڵێک شتە بۆ ژیانی خۆی کە بە تەنیا ناتوانێت دابینیان بکات." (ل ٢٢٤-٢٢٥).

فەیلەسوفانی سەدەی سێزدەهەم لەگەڵ ئەریستۆ و ئەگوستیندا هاوڕان ئەمە پێویستییەکی سروشتییە کە مرۆڤ لە کۆمەڵدا بژی. بەپێی بۆچوونی تۆماس و دانتێ، حکوومەتی پاشایەتی باشتر دەتوانێت ئاسایش و ژیانی ماددی و ڕۆحی دابین بکات. تۆماس دەڵێت: "ئامانجی گرووپ، ناچارەکی هەمان ئامانجی هەموو تاکێکی ئەندامی گرووپەکەیە." بەپێی بۆچوونی ئەریستۆ، کۆمەڵ یان حکوومەت غایە یان ئامانجە، لە کاتێکدا فەلسەفەی سکۆلاستیک، حکوومەت بە شوێنکەوتووی چاکەی تاکەکان دەزانێت. لە دیدگای ئەریستۆوە، ئەرکی گرنگ ئەوەیە هاووڵاتییەکی باش بیت. لە دیدگای فەلسەفەی سکۆلاستیکەوە، ئامانج ئەوەیە بەهای مرۆڤایەتی بە ژیان بدەیت و مرۆڤێکی باش بیت و، حکوومەت دەبێت یارمەتیدەری ئەمە بێت (ل ٢٢٧-٢٢٨). میتافیزیک دەڵێت: لەبەر ئەوەی کەسایەتیی مرۆڤ ڕاستییەکی سروشتی و ڕاستەقینەیە، هەر گرووپێک هەرچییەک بێت، بوونەکەی پەیوەندیی بە تاکەکانییەوە هەیە. ئەم دۆکتۆرینە زیاتر جێگەی بایەخی یاساناسان و شەرعزانانە نەک فەیلەسوفان. نووسەر بە شێوەیەکی کەسی هاوڕایە کە کۆمەڵگا بەبێ هاووڵاتییانی بوونێکی ڕاستەقینە و واقیعی نییە. (ل ٢٣١-٢٣٢) لە دیدگای فەلسەفەی سکۆلاستیکەوە، جیهان خاوەنی تایبەتمەندیی فرەییە و، تەنها بوونێک کە ڕاستەقینە و ڕەسەنە تاکەکانن. تۆماس دەڵێت: گرووپ تەنها خاوەنی یەکێتیی ڕەوتە (دەرەوەیی). جیاوازییەک هەیە لەنێوان یەکێتیی ناوخۆیی کە هی خودی تاکە مرۆڤەکەیە و یەکێتیی دەرەکی کە بەرهەمی پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیی نێوان تاکە جیاوازەکانە. تۆماس دەڵێت: "یاسا دەبێت زۆر شت لەبەرچاو بگرێت، وەک تاکەکان، کارەکان و کات." لەبەر ئەوەی کۆمەڵ لە تاکە جیاوازەکان پێک هاتووە، دەبێت چالاکیی جۆراوجۆر دابین بکرێن. لە ڕوانگەی فەلسەفەی میتافیزیکەوە، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان یەکێتیی گرووپێک کە بەلەمێک ڕادەکێشن و یەکێتیی خێزانێک. تەنها جیاوازی، باسی باشبوونی چالاکییە پێشکەشکراوەکانە. کارکردنی دروست پەیوەندی بە هەمەڕەنگی و هەمەجۆریی کارکردنەکانەوە هەیە (ل ٢٣٦).

لە دیدگای تۆماس و سکۆلاستیکەوە، ژیانی گرووپی دەتوانێت واتایەکی بگۆڕ و دینامیکی دەستەبەر بکات و، ئەوەش پشت بە هاوبەشیکردنی چالاکییەکان دەبەستێت بۆ خۆشگوزەرانیی هەمووان. سەرەڕای هەبوونی سروشت و ماهییەتێکی مرۆیی هاوشێوە، تاکەکان خاوەنی جۆراوجۆریی توانست، لێهاتوویی و چالاکین. ئەمە یاسای میتافیزیکە کە بەسەر گرووپی کۆمەڵایەتیدا زاڵە. بەراوردکردنی کۆمەڵ بە جەستەی مرۆڤ، بەراوردێکی باو بوو لەو سەردەمەدا. ئەم ڕامانە (تیۆرییە) ئۆرگانییە دژ بە بەهرەی فەلسەفەی سکۆلاستیکە و لەگەڵ دۆکتۆرینی شەرعیی سەدەی سێزدەهەمدا نایەتەوە و وەک تراویلکەیەکی فریودەر لەقەڵەم دراوە. ئەوە دۆکتۆرینی میتافیزیکە کە دەتوانرێت بە بەردی بناغەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتیی سەدەی سێزدەهەم بێتە هەژمار. لەسەر ئەم ژێرخانە، ئەخلاق ڕاوەستاوە. بۆیە ئەگەر زیان بەم دۆکتۆرینە بگات، ئەخلاق دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە و بەدوای ئەوەدا لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا ئاریشە دروست دەبێت و، ئەم وابەستەیی نزیکەی نێوان دۆکتۆرینەکان نیشانەی یەکگرتوویی سیستەمی سکۆلاستیکە (ل ٢٤٠).

 

بەشی یازدەهەم: ڕامانەی (تیۆری) وڵات یان حکوومەت  (State)

نووسەر لەم بەشەدا تیشک دەخاتە سەر بابەتی دابەشکردنی دەسەڵات لەلایەن خوداوەندەوە، ئەخلاقی حوکمڕانان، باشترین شێوەی حکوومەت لە دیدگای تۆماسەوە و پێویستیی یاسادانان و، بەراوردی دەکات بە حکوومەتەکانی ئەوروپا لە سەدەی سێزدەهەمدا، نەتەوە هاوچەرخەکان و ڕامانەکانی (تیۆرییەکانی) سەدەکانی پێشوو. وڵات یان حکوومەت بۆ چاکەی تاکەکان بوونی هەیە نەک بەپێچەوانەوە. هیچ ژیانێکی کۆمەڵایەتی بوونی نییە، مەگەر دەسەڵاتێک هەبێت کە ئەندامانی خۆی ناچار بکات پابەندی پەیڕەویکردنی لەو دەسەڵاتە بن. پرسیارەکە ئەوەیە دەسەڵات هی کێیە؟ فەیلەسوفانی سەدەی سێزدەهەم دەڵێن سەرلەبەری دەسەڵات بۆ خودایە، بۆیە دەبێت ڕاسپاردنی دەسەڵات لەلایەن خوداوە بێتە ئارا. حوکمڕانەکان وەک نوێنەر دەسەڵات بەڕێوە دەبەن (ل ٢٤١-٢٤٢). دەسەڵات و حوکمڕانی (Sovereignty) ڕۆڵ و ئەرکێکە دەبێت بۆ خۆشگوزەرانی بەکار بهێنرێت. بەپێی بۆچوونی تۆماس ئەکویناس، شازادەکان لەلایەن خوداوەندەوە دەسەڵاتیان پێدراوە، بەڵام ئەوان بۆ خۆشگوزەرانیی هەمووان کار دەکەن. لە حکوومەتی خودایی پاپادا، پاپا خزمەتکاری بەندەکانی خودایە و، حکوومەت بۆ خۆشگوزەرانیی ئەوان ڕاسپێردراوە (ل ٢٤٣). دەوڵەت بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی سێ قۆڵی لە کاروباری ژیانی خەڵکدا: یەکەم، ئاسوودەیی و بەختەوەریی گشتی لەڕێگەی پاراستنی ئاشتی؛ دووەم، پاراستنی ئەم دۆخە؛ و سێیەم، کارکردن بۆ پێشکەوتن و چاککردنی کەموکورتییەکان. هەر ڕەفتارێکی باش کە تاک ئەنجامی دەدات، دەتوانێت بۆ کۆمەڵ سوودبەخش بێت. دەوڵەتیش دەبێت هاووڵاتییان هان بدات ژیانێکی ئەخلاقییان هەبێت (ل ٢٤٥).

بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسیی تۆماس دەبێت دوو بابەت جیا بکرێنەوە: یەکێکیان باسی پێگەی دەسەڵات و حوکمڕانی لە هەر وڵاتێکدا و ئەوی دیکە ئەوەی کە کێ گونجاوترین و شیاوترین کەسە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات. لە هەر حکوومەتێکدا دەسەڵات لە کۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێت و هی خەڵکە. دۆکتۆرینی دەسەڵاتی خەڵک، باسێکی نوێ نییە و لەگەڵ فەلسەفەی سکۆلاستیکدا گونجاوە کە دەڵێت تاکەکان، تەنها ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانن و حکوومەت لە دەرەوەی ئەوان بوونی نییە و، ئەم باسە کۆمەڵایەتییە پەیوەستە بە میتافیزیکەوە. خەڵک دەکرێت دەسەڵات بە حوکمڕانێک ببەخشن و، حوکمڕانیش دەسەڵاتەکە بۆ خەڵک بەکار بهێنێت. کەواتە، دەسەڵات لە خوداوە بۆ خەڵک و لە خەڵکیشەوە بۆ حوکمڕان دەگوازرێتەوە. بنەمای سەدەکانی ناوەڕاست واتە بەدەستهێنانی دەسەڵات لەڕێگەی گرێبەستەوە، گونجاندنێکی شایستەی ستایشی هەیە لەگەڵ دۆکتۆرینی میتافیزیک کە دەڵێت، تاک سروشت و زاتێکی ڕاستەقینەی هەیە (ل ٢٥٠-٢٥١). ئەم بنەمایە هەروەها لەگەڵ کۆمەڵی فیۆداڵ و حکوومەتی پاشایەتی فیۆداڵیدا، کە لەسەر پەیمان و گرێبەست دامەزراوە، گونجاوە. بەپێی بۆچوونی تۆماس، لە پاشایەتیدا، دەسەڵات چڕکراوەتەوە و نەبوونی پەرشوبڵاوی، کارایی زیاتر دەکات. بەڵام ئەو دەڵێت ئەوە بارودۆخە دیاریی دەکات کام شێوەی حکوومەت، واتە پاشایەتی، ئەرستۆکراسی یان کۆماری گونجاوە. تۆماس خۆی تێکەڵەیەک لەم فۆڕمانەی حکوومەتی پێ باشترە. لەبەر ئەوەی دەوڵەت دەبێت لە بەرژەوەندیی خەڵک کار بکات و، حوکمڕان دەبێت ئاوەزمەند و خاوەن ئەخلاق بێت. هەروەک چۆن تۆماس لە ڕاڤەی خۆیدا دەربارەی سیاسەتی ئەریستۆ دەنووسێت: هەڵبژاردن کارێکی عەقڵانی و لۆژیکییە و هەڵبژاردنی شیاوترین کەس لێرەدایە دێتە گۆڕێ.

تۆماس مەرجێک دادەنێت و دەڵێت، دەبێت خەڵک ڕاهێنانی سیاسییان پێ بکرێت و، ئەو جۆرە خەڵکەش دەبێت مافی هەڵبژاردنی حکوومەتی هەبێت. مافی دەنگدان دەبێت بە قازانجی گشتی بێت و، ئەگەر مافی دەنگدان بۆ خودی خەڵک زیانبەخش بێت، جێبەجێکردنی دەبێت دوا بخرێت. چۆن دەسەڵاتی حوکمڕان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات؟ بەپێی فەیلەسوفانی سکۆلاستیک، دانان و دەرکردنی یاساکان بۆ ئەم کارە پێویستە. ڕامانەی (تیۆری) یاسا مرۆییەکان و سیستەمی یاساکان بەپێی بۆچوونی سکۆلاستیک پێک دێن لە دەروونناسی، ئەخلاق و میتافیزیک و، ئەمانەش بەشێکن لە کۆمەڵەیەکی سەرەکی کە پێی دەوترێت سیستەمی یاساکان. یاسا مرۆییەکان دوو ڕەهەندی جەماوەری و ژیارییان هەیە. یاساکان لە یاسایەکی سروشتی و زاتییەوە سەرچاوە دەگرن. یاسای سروشتی لەڕاستیدا کۆمەڵێک ڕێسایە کە لەسەر گەشەسەندنی بنەڕەتیی مرۆڤ دامەزراوە و ناگۆڕێت؛ چونکە پەیوەندییەکی دوو لایەنە لەنێوان زاتی خوداوەند و بوونەوەرەکانی ئەودا هەیە. یاسای مرۆیی نابێت یاسای سروشتی و زاتی پێشێل بکات کە لەم یاسایانەدا هەر تاکێک خاوەنی ئەرک و مافێکە کە لە هەموو سەردەمەکاندا بۆ هەموو مرۆڤەکان یەکە؛ وەک یاسای سروشتیی مرۆڤ کە دەڵێت، خراپەکار دەبێت سزا بدرێت، بەڵام ئەوەی کە سزاکە چۆن بێت، دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵی لۆژیکی مرۆڤ (ل ٢٥٨-٢٥٩). دۆکتۆرینی تۆماس بۆ وڵاتان و حکوومەتەکان بەکار دێت، نەک بۆ نەتەوەکان. بێ گومان خۆشەویستیی نیشتمان لە سیستەمی ئەخلاقیی تۆماسدا جێگە و پێگەی خۆی هەیە. نەتەوەکانی ئەوروپا بە پێناسەی ئەمڕۆ لە سەدەی سێزدەهەمدا بەم چەشنە نەبوون. کەواتە سێ سیستەمی یاسادانان، واتە فیۆداڵی، شارستانی و یاسای شەرع یان کەنیسەیی خاڵی هاوبەشی گرنگیان هەیە، لەوانە سەرچاوەی خودایی دەسەڵات، پابەندبوونی پادشا بە یاسا، پادشا خزمەتکاری دادپەروەری، دەستێوەردانی کۆمەڵ لە دابەشکردنی دەسەڵات و بەشداریکردنی خەڵک لە حکومەتدا (ل ٢٦٢).

 

بەشی دوانزەهەم: چەمکی پێشکەوتنی مرۆیی

لەم بەشەدا، نووسەر قسە لەسەر چەمکەکانی جێگیر و گۆڕاو و چەمکی پێشکەوتن لە زانست، ڕەوشت، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شارستانیدا دەکات. ئایا لە فەلسەفەی سکۆلاستیکدا شوێنێک بۆ ڕامانەی (تیۆریی) پێشکەوتن یان ئەگەری گۆڕانکاری بەرەو دۆخێکی باشتر هەیە؟ وەک پێشتر بینیومانە، چەمک و تێگەیشتنێکی جێگیر لە جیهان لەئارادا هەیە. سروشتی مرۆیی نەگۆڕە و جۆرە سروشتییەکانیش جێگیرن. بەگشتی، بنەما و پێوەرەکان جێگیر و ناچارین، وەک بنەمای ناکۆکی (تناقض) و بنەمای هۆکارێتی (علیت) کە لە بنەما ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییە پێویست و جێگیرەکانن. لەلایەکی ترەوە، جیهان گۆڕانکاریشی تێدایە و سکۆلاستیک پرسی گۆڕانکاری تاوتوێ دەکات. بنەمای "هێز" و "کارایی" لە هەر بوونەوەرێکی گۆڕاودا یارمەتیی چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەدات. گۆڕانکاری لە جیهانی میتافیزیکیدا بوونی هەیە، بەڵام خودی گۆڕانکاریش پابەندی بنەمایەک دەبێت و لەژێر دەسەڵاتی هۆکارێکی کۆتایی (غایی)دایە. لە بابەتی گەشەسەندندا (تەکامول)، میتافیزیکی چالاکانەی سکۆلاستیک، نە گۆڕینی جۆرێک بۆ جۆرێکی تر قبوڵ دەکات، نە لێی پاشگەز دەبێتەوە. سروشتی مرۆیی لە هەموو مرۆڤەکاندا یەکێک و جێگیرە، بەڵام توانستەکان، کە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی چالاکییەکانن، لەڕووی هێز و کاراییەوە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازن. بیرکردنەوە و ویستی مرۆڤ کەم یان زۆر چالاک و پڕ وزەیە و بە پەروەردە گەشە دەکات و، گەشەسەندنی بێسنوورە. هەروەها دووبارەبوونەوەی چالاکییەکان (خوو یان عادەت) گۆڕانکاری هەمیشەیی دروست دەکات، بۆیە شوێنێک بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری بەرەو دۆخێکی باشتر لەگۆرێدا هەیە و زانست گەنجینەیەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەلایەن نەوەکانی داهاتووەوە [پێی] زیاد دەکرێت.

لە بواری ڕەوشت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا، باسی گۆڕانکاری بەرەو دۆخێکی باشتر لەئارادا هەیە.  بەپێی بارودۆخەکان، شێوازی جۆراوجۆر لەگۆڕێدا دەبن کە تێیدا ڕەنگە بنەمایەک پێشێل بکرێت. ویستی مرۆڤ بۆ چاکە لە قووڵایی سروشتی مرۆیدا هەیە، بەڵام دەکرێت بەرەو داڕمان بڕوات، بەڵام هێشتا بەتەواوی لەناو نەچووە و تەنانەت لە خراپترین مرۆڤەکانیشدا، سروشت و چاکەی مرۆیی بەباشی دەمێنێتەوە (ل ٢٧٥). سەبارەت بە یاسا کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانین بڵێین ئەوان زیاتر لەژێر کاریگەریی بارودۆخەکانن وەک لە یاساکانی ڕەوشتی تاکەکەسی. بۆیە پێشکەوتن لە یاسا مرۆییەکاندا بابەتێکی ڕێتێچووە. وەک تۆماس ئەکویناس دەڵێت: "دوو هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە یاسا مرۆییەکاندا هەن: یەکێکیان پرسی عەقڵ و بەڵگەیە و ئەوی تریان مرۆڤە کە چالاکییەکان و ڕەفتارەکانی بە یاسا ڕێک دەخرێت." بەپێی بارودۆخە گۆڕاوەکانی مرۆڤ، یاساکانیش دەگۆڕێن. ئەم ڕامانەیەی (تیۆرییەی) تۆماس ڕێگە بۆ پێشکەوتن لە یاسا مرۆییەکان و پێشکەوتنی حکوومەت یان دەوڵەت دەکاتەوە. حکوومەت دەبێت هەموو ئەو شتانە دابین بکات کە یارمەتیی گەشەسەندنی توانایی جەستەیی، هۆشەکی، ڕەوشت و بارودۆخی بەرهەمهێنان و کار دەدەن (ل ٢٧١).

کەواتە، هاوشێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەگشتی ژیار، مرۆڤ توانستی پێشکەوتنی هەیە؛ چونکە ئەوە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤە کە هەمیشە توانایی گەشەسەندنی هەیە. جێگیربوونی سروشت و ماهییەت، توانایی گەشەسەندنی بەهرەکان و خۆگونجاندنی ژیانی کۆمەڵایەتی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و پێداویستییەکان، لەو بنەمایانەن کە سکۆلاستیک کێشەی پێشکەوتنی پێ چارەسەر دەکات (ل ٢٧٢).

 

بەشی سێزدەهەم: فەلسەفە و کەشوهەوای نەتەوەیی لە سەدەی سێزدەهەمدا

لەم بەشەدا، نووسەر ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی سکۆلاستیک لەسەر ڕەفتار و سروشتی ئەو کەسانەدا پیشان دەدات کە پەرەیان پێداوە و سێ دۆکتۆرینی سەرەکی شی دەکاتەوە: بەهای تاکەکەسی، عەقڵانییەت و میانڕەوی، و ئاڤێرۆیزمی لاتینی؛ هەروەها دۆکتۆرینە دژەکانی سکۆلاستیکیش، وەک ناڕوونی و یەکێتیی بوون دەخاتە ڕوو. نووسەر ئەم باسە دەورووژێنێت کە فەلسەفەی سکۆلاستیک بەرهەمی بیرۆکەکانی نیۆ-لاتین و ئەنگلۆ-سێلتیکە. فەلسەفەی سکۆلاستیک فەلسەفەی زاڵی سەدەی سێزدەهەم بوو. ئەم فەلسەفەیە شوێن ڕەوتێکی گشتیی ژیاری ڕۆژاوا دەکەوێت و لە سەدەکانی دوازدەهەم و سێزدەهەمدا بەهێزتر بوو؛ واتە کاتێک پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی شێوەی فیۆداڵی وەردەگرێت. ئەم سیستەمە فەلسەفییە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی یەکپارچەگرتنەوەیە و کاریگەرییەکەی گشتگیر و جیهانییە و ئاراستە ئایینی و گەشبینەکانی وای لێدەکات لەگەڵ تەواوی ژیاردا بگونجێت. فەلسەفەی سکۆلاستیک گۆشکراوی نەژادگەلی ڕۆژاوایە. خەڵکی ڕۆژاوا کێشە و بابەتەکانی جیهانی ڕۆژهەڵات و یۆنان دووبارە بەرهەم دەهێننەوە، بەڵام چارەکانیان لە چوارچێوەیەکی بیری نوێدا دەگونجێنن. فەلسەفەی سکۆلاستیک سێ دۆکتۆرینی سەرەکیی جێبەجێ کرد کە بوونە ڕێبازێکی باو بۆ کێشەکان و چارەیان. یەکەم دۆکتۆرین، بەهای تاک یان تاکەکەسە وەک تاقە ڕاستیی مرۆیی. فەلسەفەی سکۆلاستیک، کە چەمکێکی فرەیی (پلۆرالیستی) لە جیهانە، هەر تاکێک بە بریکارێکی سەربەخۆ دەزانێت و، ئەم دۆکتۆرینە کە تاک ڕاستییەکی ناوەکی هەیە، سەرچاوەی ئەریستۆیی هەیە (ل ٢٧٦-٢٧٧).

فەلسەفەی سکۆلاستیک بازی بەسەر سنوورەکانی فەلسەفەی ئەریستۆ داوە و ڕێگەی زیاتری بڕیوە. هەرچەندە ئەریستۆ گوتی، تاکەکان بە سروشت جیاوازن، بەڵام کۆیلایەتیی بە سروشتی دەزانی، لە کاتێکدا فەلسەفەی سکۆلاستیک کۆیلایەتی بە گرێبەستێکی مرۆیی لەقەڵەم دا. هەرچەندە بەهاپێدانی زۆر بە تاکایەتی لەگەڵ ئیلهامە قووڵەکانی ژیاری سەدەکانی ناوەڕاستدا گونجاو نەبوو، بەڵام بیرۆکەکانی ڕۆژاوا تەنیا ئەو شتانەیان وەرگرت کە گونجاو بوون بۆیان. دووەم دۆکتۆرین کە بیر و ڕۆحی فەلسەفیی تێدایە، ئاوەزمەندی یان عەقڵانییەت و یاسای بەڵگەهێنانەوە و لۆژیکە. باڵادەستیی عەقڵ لە هەموو چالاکییە مرۆییەکاندا لە بۆچوونەکانی تۆماس و دانس، کە فەیلەسوفانی سەر بە ڕێبازی سکۆلاستیکن، بە ڕادەیەکی کەمتر دەبینرێت. جگە لە تاکگەرایی و ڕەسەنایەتیی تاکەکەس، تایبەتمەندییەکی گرنگی تر هەیە کە ڕۆڵی هەبووە لە دروستبوونی فەلسەفەی سکۆلاستیکدا و ئەویش میانڕەوییە (Moderation). میانڕەوی لەڕاستیدا تێکەڵەیەکی هاوسەنگە لە ناتورالیزمی ئەریستۆیی و ئایدیاڵیزمی ئەفلاتۆنی، بۆیە ئەو هاوسەنگییەی لە هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا دەردەکەوێت، خۆی لە فەلسەفەی زاڵدا نیشان دەدات. عەقڵانییەتی سکۆلاستیک شێوەیەکی مامناوەندی ئایدیاڵیزمە. ئەم میانڕەوییە لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیشدا دەبینرێت. دەسەڵات لە وڵاتدا هەم هی خەڵکە، هەمیش هی ئەو کەسانەیە کە دەسەڵاتەکە بە نوێنەرایەتیی خەڵک وەردەگرن. بۆیە سکۆلاستیک خۆی لە زیادەڕۆیی و کەمتەرخەمی بەدوور دەگرێت. ڕەسەنایەتیی تاک، ڕەسەنایەتیی بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی هاوسەنگی و میانڕەوی، ئەمانە سێ تایبەتمەندیی فەلسەفەی سکۆلاستیکن کە لەگەڵ ژیاری ڕۆژاوا لە سەدەی سێزدەهەمدا گونجاون (ل٢٨٠).

ئەم ژیارە زۆرتر لە هەموو شتێک باندۆری (کاریگەریی) فەرەنسای لەسەرە.  هەموو ئەو مامۆستایانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لە گەشەپێدانی فەلسەفەی سکۆلاستیکدا، پەروەردە و گۆشکراوی فەرەنسا بوونە. ئەڵمانییەکان ڕۆڵێکی کەمیان لە فەلسەفەی سەدەی سێزدەهەمدا هەبوو. ئەڵمانییەکان کەسانی دیاریان لە بواری ژیاردا پێگەیاند، بەڵام فەلسەفەکەیان فەلسەفەی سکۆلاستیک نەبووە. جگە لە فەلسەفەی سکۆلاستیک، دوو ڕەوتی سەرەکیی هزری هەبوون: ئاڤێرۆیزمی لاتینی و نیۆئەفلاتۆنیزم کە وردە وردە سەری هەڵدا، بەڵام گەشەی کرد. جیاوازیی نێوان ئاڤێرۆیزم و فەلسەفەی سکۆلاستیک وەک جیاوازیی کەنیسەی گۆتیک و مزگەوتی عەرەبەکان وایە. ئاڤێرۆیزم دوو دۆکتۆرینی سەرەکیی هەیە کە فەلسەفەی سکۆلاستیک لەگەڵیاندا ناکۆکە: یەکێکیان ڕۆحێکی یەکگرتووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ئەوی تریان ڕامانەی ڕاستیی (هەقیقەتی) دووانەیە. ئەم جۆرە دۆکتۆرینە لەگەڵ لایەنە تاکەکەسییەکانی بیرکردنەوە و ئەزموونە ئایینییەکان و لەگەڵ نەمریی تاکەکەسی لە ناکۆکیدایە. بەپێی ڕامانەی (تیۆریی) ڕاستیی دووانە، ڕەنگە دۆکتۆرینێک لەڕووی فەلسەفییەوە ڕاست بێت، بەڵام لەڕووی لاهووتییەوە هەڵە بێت و بە پێچەوانەشەوە. دۆکتۆرینی لۆژیک و لاهووت لەگەڵ ڕامانەی ڕاستیی دووانە و لەگەڵ ئەسڵی دژگری-شدا (تناقض) لە ناکۆکیدایە. نیۆئەفلاتۆنیزم توانی ئەڵمانییەکان هەڵفریوێنێت (بەتایبەت لە سەدەکانی چواردەهەم و پازدەهەمدا) و لە نیوەی دووەمی سەدەی سێزدەهەمدا، هەندێک لە فەیلەسوفانی ئەڵمانی ڕوویان کردە نیۆئەفلاتۆنیزم (ل٢٨١).

ئێکارت و فرایبێرگ لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەم گرووپە فەلسەفییەن کە زاڵن بەسەر نیۆلاتین و ئەنگلۆسێڵتسدا.  بیرکردنەوەی ئەم دوو بیرمەندە جیاوازە لە ئاراستەی هزریی نیۆلاتینەکان و ئەنگلۆسێڵتس. یەکەم تایبەتمەندییان ناڕوونی لە بیرکردنەوە و نادروستی لە زمان و وشەکاندایە. هەرچەندە ئێکارت وشەکانی فەلسەفەی سکۆلاستیک بەکار دەهێنێت، بەڵام بیرمەندێکە بیرۆکەکانی ناڕوونن و، ئەوان لەگەڵ نیۆئەفلاتۆنییەکان و ڕامانە (تیۆرییە) ناڕوونەکان و بەراوردکارییە چەواشەکارەکاندا ناکۆکن. دووهەم تایبەتمەندی کە تێیدا فەلسەفەی ئەڵمانەکان لەگەڵ فەلسەفەی سکۆلاستیکدا ناکۆکە، یەکێتیی بوونە کە تێیدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان خودا و مرۆڤدا نامێنێت. ئێکارت باسی تەسەوفێک دەکات تێیدا ڕۆح جۆرە یەکێتییەک لەگەڵ خودا دروست دەکات و، فرایبێرگ دژی یەکێتی بوون قەڵەم هەڵدەسووڕێنێت. ئەو ئیلهام لە نیۆئەفلاتۆنییەکان وەردەگرێت (ل ٢٩٢-٢٩٣). سێهەم تایبەتمەندی ئەوەیە کە فەلسەفەی ئەڵمانەکان هاوسەنگی و هاوئاستیی تێدا نییە. بە پێچەوانەوە، فەلسەفەی سکۆلاستیک بە ڕاستی (هەقیقەت) دەست پێدەکات و بە چاودێریکردن و شایەتیدانی ویژدانەوە بەردەوام دەبێت تا بتوانێت نەخشە گشتییەکانی جێبەجێکردنی یاساکان و بنەماکان بدۆزێتەوە، بەڵام نیۆئەفلاتۆنی ئەڵمان بە بیرۆکەی خودا دەست پێدەکات و هەنگاو بە هەنگاو بەدوای دەرکەوتنەکانیدا دەچێت (ل ٢٩٥). لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی سکۆلاستیک، بیرۆکە ڕوونەکان، دەربڕینی دروست، تێکەڵکردنی فێرکاری و ئەزموونە کە لەلایەن نیۆئەفلاتۆنی و ئەنگلۆسێڵتسەوە شی کرایەوە، بەڵام نیۆئەفلاتۆنی ئەڵمانی خاوەنی تایبەتمەندیی جیاوازن، وەک باوەڕ بە یەکێتی و تاکێتیی خودا، یەکێتیی بوون و ناڕوونی (ل ٢٩٦).

 

بەشی چواردەهەم: بەشی کۆتایی

لەم بەشەدا، نووسەر تاوتوێی کاریگەریی سیستەمە فەلسەفییەکانی سەدەی سێزدەهەم لەسەر بیرکردنەوەکانی داهاتووی ڕۆژاوا دەکات و بەهای پەروەردەیی سکۆلاستیک (فەلسەفەی مەدرەسی) بۆ مێژووی فەلسەفەی نوێ شی دەکاتەوە. بیرۆکە یەکگرتووەکانی سەدەی سێزدەهەم تا ناوەڕاستی سەدەی چواردەهەم لەناو چوون. زانستگەی پاریس تایبەتمەندییە جیهانییەکانی خۆی وەک ناوەندێکی فێربوون و پەروەردە لەدەست دا و تەنها بوو بە دامەزراوەیەکی نەتەوەیی. جگە لەوەش، دەسەڵاتی پاپاکان لە بواری سیاسەتدا لاواز بوو، بەڵام سیستەمە فەلسەفییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست باندۆری خۆیان لەسەر بیرکردنەوەکانی ڕۆژاوا جێ هێشتووە. جیاوازیی فەیلەسوفانی نیۆئەفلاتۆنی و ئەنگلۆسێڵتیک لەلایەکەوە و فەیلەسوفانی گرووپی ئەڵمانی لەلایەکی ترەوە لە سەدەی سێزدەهەمدا مایەوە. دیکارت و لۆک زۆر قەرزارباری فەلسەفەی سکۆلاستیکن و ئەڵمانەکانیش ئێکارت بە یەکەم فەیلەسوف لە ڕەوتی بیرکردنەوەی خۆیاندا دەزانن، بۆیە ئەم پرسە بۆچوونی نووسەر پشتڕاست دەکاتەوە کە سەدەی سێزدەهەم، سەدەی بڵاوبوونەوەی ژیری و بلیمەتیی ئەوروپاییە (ل ٢٩٧).

هەر وەک چۆن خوێندنی تەلارسازی و پەیکەرسازیی سەدەکانی ناوەڕاست و نیگارکێشانی ڕێنسانس کاریگەرییان هەبووە لەسەر داڕشتنی بیرکردنەوەی تەلارسازان و نیگارکێشانی داهاتوومان و، هەر وەک چۆن خوێندنی یۆنانی-لاتینی مەرجێکی پێشوەختی پێویستە بۆ کولتووری ئەدەبیی ئێمە، خوێندنی فەلسەفەی نوێ نەک تەنها دەبێت پشت بە فەلسەفەی یۆنانی ببەستێت، بەڵکوو دەبێت پشت بە چەمکەکانی جیهان و ژیان ببەستێت کە ڕۆحی فیکریی پێشینانی ئێمەیان پێکهێناوە. خوێندن و فەلسەفەی ئەوان قۆناغێکی پێویستە لە پەروەردەی فەلسەفیماندا و، ئێمە دەبێت بەڕاستی بەناو فەلسەفەی سکۆلاستیکی سەدەکانی ناوەڕاستدا تێپەڕین، ئەگەر بمانەوێت ڕەخنەی لێ بگرین و سنوورەکانی ببەزێنین (ل ٢٩٩).



سەرچاوەکان

Maurice De Wulf, Philosophy and Civilization in the Middle Ages, Oxford University Press, 1922.

آینەی پژوهش، سال بیست و پنجم، شمارە سوم، مرداد و شهریور ١٣٩٣، گزارش کتاب "فلسفە و تمدن در قرون وسطی"، ترجمە و تلخیص مجتبی پاشا،  صص ٧١-٨٠

ئاوەز ژۆرناڵ بڵاوكراوەیەكی گشتییە بە زمانی كوردی دەردەچێت، بنکەکەی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئارەزووی ڕووماڵکردنی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، مێژوو و بابەت و ڕووداوەکانی دیکەی هەیە، دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ دەریدەكات .
+964(0) 750 928 83 85

Copyright ©2024 awezjournal.com. All rights reserved


X